زیپکە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-18-23:39:00 - کۆدی بابەت: 1430
زیپکە

ناوه‌ڕۆك

زیپکە چییە؟

چەورییە ڕژێنەکانی ژێر پێست بەشێوەی سروشتی چەوری دەردەدەن کە لە ڕێگەی کونیلەکانی سەر پێستەوە دێنە دەرەوە ئەمەش دەبێتە هۆی بەچەوری مانەوەی ڕووخسار و پێست، بەڵام زیپکە حاڵەتێکی نەخوازراوی درێژخایەنی پێستە کاتێک دروست دەبێت کە خانە مردووەکانی پێست و چەوری پێست لەو کونیلانەی پێست کە شوێنی گەشەکردنی موو یان دەردانی چەورین کەڵەکەدەبن، نیشانەی ئەم حاڵەتەی پێست دەرکەوتنی زیپکەی سەرسپی و سەرڕەش یان زیپکەی ئاسایی، بوونی پێستێکی چەور و برینداربوونی پێستە، ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی بنچینەیی کار لەو شوێنانەی پێست دەکات کە ڕێژەیەکی زۆر لە چەورییە ڕژێنەکانیان تێدایە وەک ڕووخسار، بەشی سەرەوەی سنگ و پشت، ئەنجامی ئەم نیشانانە دەبێت بەهۆی بێزاری و کەمبوونەوە متمانە بەخۆبوون، هەستیاری پێست بۆ زیپکە لە ٨٠٪ حاڵەتەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری بۆ ماوەیی، هەروەها ڕۆڵی کاریگەری ژەمی ڕۆژانە و کێشانی جگەرە لەسەر زیپکە ناڕوونە، بەڵام پاکڕاگرتنی پێست و بەرنەکەوتنی تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر کاریگەری دەبێت لەسەر ڕێگریکردن لە زیپکە، لە هەردوو ڕەگەزدا هۆڕمۆنی ئیندرۆجین بەشێکە لە بنچینەی میکانیزمی پێست بەهۆی ئەوەی هۆکارە بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی چەوری پێست، هۆکارێکی تر گەشەکردنی بەکتریای بنتوێژی پێستە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە پێستدا بوونی هەیە.

جۆرەکانی پێست

پێستی ئاسایی (Normal skin)

پێستی ئاسایی بریتییە لەو جۆرەی پێست کە نە وشکە و نە چەورە، پێکهاتەیەکی ڕێک و مامناوەندی هەیە، هیچ کەم و کوڕی و ناتەواوییەکی نییە و پاکە، دەرکەوتنێکی ڕوونی هەیە، هەروەها پێویستی بە ئاگالێبوون و پاککردنەوەی تایبەتی نییە و چەند ڕۆتینێکی سادەی ڕۆژانە بەسە بۆ پاکبوونەوەی.

پێستی هەستیار (Sensitive skin)

ئەم جۆرەی پێست ئەگەری کاردانەوەی بۆ هەندێک ماددە هەیە کە پێستی ئاسایی نییەتی، پێستێکی ناسکە و بە شێوەیەکی ئاسایی تووشی گەرمی، توندی، سووربوونەوە و خوران دەبێت، هەروەها چینی پارێزەری بە ئاسانی لە دەست دەدات و ڕێگە دەدات بە بەکتریا و ماددەی دیکەی زیانبەخش تاکوو بە ئاسانی بچنە قوڵایی پێستەکەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە زیان و هەستیاری زیاتر دەبێت، پێستێکی نەرم و ناسکە و پێویستی بە ئاگاداری زیاترە بە بەراورد بە هەر جۆرێکی دیکەی پێست، چونکە پێویستە بپارێزرێت لە وشکبوونەوە و ترەکین و پێکهاتەی سەرەکی خۆی لە دەست نەدات.

پێستی وشک (Dry skin)

لە هەندێک حاڵەتدا پێستی وشک هۆکارەکەی دەرەکییە و بە هۆی کەش و هەوا و کەمی شێ لە هەوادا و بەکارھێنانی ئاوی گەرم پێست وشک دەبێتەوە، هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم دۆخەی پێست کاتییە، بەڵام لە هەندێک کەسدا ئەم دۆخەی پێست بۆ ماوەیەکی زۆری ژیانیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە، پێستی وشک بە هۆی ترەکینییەوە ئەگەری توشبوونی بە زیانەکانی بەکتریا زیاترە، کە ئەمەش لەوانەیە ببێت بە هۆی توشبوون بە کێشەی دیکەی پێستی وەک ئەگزیما، بەڵام ئەم کێشانە گشتگیر نین و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، نیشانە و دەرکەوتەکانی پێستی وشک دەگۆڕێت بەپێی گۆڕانی هۆکاری وشکیی پێستەکە وەک تەمەن یان حاڵەتی تەندروستی یان هەر هۆکارێکی دیکە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێستی وشک تووشی ترەکین و زبری دەبێت، هەروەها ڕەنگێکی زەردباوی هەیە و تووشی خوران و سووربوونەوە و پێست هەڵدان دەبێت.

پێستی چەور (Oily skin)

پێستی چەور کونیلەکانی گەورەن و شێدارە و ڕەونەقێکی تایبەتی هەیە، هۆکاری چەوری ئەم جۆرەی پێست دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی چەوری زۆر لەلایەن چەورییە ڕژێنەکانەوە و سەرچاوەی ئەم زۆر دەردانەی چەوری دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری بۆ ماوەیی یاخود هۆرمۆنی، زیاتر هەرزەکاران و کەسانی خوار تەمەن ٣٠ ساڵ خاوەنی ئەم جۆرە پێستەن، هەروەها ئەم جۆرەی پێست لە هەموو جۆرەکانی تر زیاتر ئەگەری زیپکەکردنی هەیە.

پێستی تێکەڵ (Combination skin)

بە پشت بەستن بە شوێنەکەی ئەم جۆرەی پێست ڕەوشتی چەور و وشکیشی هەیە، هەروەها بڵاوبوونەوەی چەورییە ڕژێن و ئارەقە ڕژێنەکانی لەسەر پێستی چونیەک نییە، ناوچەی تی کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (T- zone) و پێکدێت لە ناوچاوان و لووت و چەناگە، چەورترین ناوچەیە لەم جۆرە پێستانەدا، لە کاتێکدا کە پێستی سەرڕوومەتی ئاسایی یاخود وشکە.


هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە

بۆ ماوەیی

٨١٪ هۆکاری زیپکە بۆ ماوەییە، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بە دەست زیپکەوە دەناڵێنن کەسی نزیک و دەوروبەریان هەمان کێشەیان هەیە.

گۆڕانی هۆرمۆن

هۆڕمۆنی ئەندرۆجین لە کاتی گەیشتنە تەمەنی پێگەیشتنی کچان و کوڕاندا بە شێوەیەکی سروشتی زیاددەکات، ئەمەش وا لە چەورییە ڕژێنەکان دەکات کە چەوری پێستی زیاتر دەربدەن، هەروەها گۆڕانی هۆرمۆن لە ناوەڕاستی تەمەنی مرۆڤدا (٤٥ بۆ ٦٥ ساڵی) بە تایبەت لە ئافرەتاندا دیسان هۆکارە بۆ دەردانی زۆری چەوری پێست، دژەخۆری فیزیایی هەمیشە پێشنیار دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە پێستێکی هەستیارییان هەیە چونکە ئەم جۆرەی دژەخۆر ناچنە ناو پێستەوە و ناهێڵن پێست تیشکی خۆر بمژێت، بەڵام ئەم جۆرەی دژەخۆر تەنکە و چینێکی تەنکی سپی لەسەر پێست جێدەهێڵێت کە ئەمەش دەبێت بەهۆی گیرانی کونیلەکانی پێست، لە هەمان کاتدا دژەخۆری کیمیایی لەسەر ڕووخسار دەرناکەوێ و زۆر ڕوونە و بریقەی سروشتی دەدات بە پێست.

هەندێک جۆری دەرمان

هەندێک جۆری دەرمان جگە لە چارەسەر دەبن بەهۆی جێهێشتنی چەندین کاریگەری لاوەکی بەسەر جەستەی مرۆڤ، بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی کە کۆرتیکۆسترۆیید یان تێستێستیرۆن یان لیسیۆمیان تێدایە، لەوانەیە ببن بە هۆکاری دروست بوونی زیپکە.

ژەمی ڕۆژانە

توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنی خۆراکی پڕ کاربۆهیدراتی وەک نان و چپس بە ئەگەری زۆرەوە دەبێت بەهۆی خراپترکردنی دروست بوونی زیپکە.

پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی و خەفەت نابن بە هۆکاری دروست بوونی زیپکە، بەڵام ئەگەر زیپکە خۆی بوونی هەبێت لەسەر پێستت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە پەستانی دەروونی زیپکەکانت خراپتر دەکات.

بەرکەوتنی پێکهاتەی چەور و ڕۆناوی

بەکارهێنانی شێدارکەرەوە یاخود کرێمێک کە لەگەڵ ڕێژەی چەوری پێستت نەگونجێت، دەبێت بەهۆی زیاترکردنی زیپکە.

هەڵبژاردنی هەڵەی دژەخۆری گونجاو

ئەو کەسانەی کە پێستێکی زیپکاویان هەیە پێویستە دژەخۆرێک بکڕن کە کە لەسەری نوسرابێت (بێ چەوری) بە زمانی ئینگلیزی (oil-free) یان (non-comedogenic)، دژەخۆری قورس لەسەر پێست کە لێی نەنوسرابێت oil-free دەبێتە هۆی گرتنی کونیلەکانی پێست و دروستبوونی زیپکەی زیاتر لەسەر پێست، دژەخۆر دوو جۆری پێکهاتەی چالاکی تێدایە و بە پێی ئەم پێکهاتانە دوو جۆری هەیە، جۆری یەکەم پێکهاتەی کیمیاییە کە دەمژرێت بۆ ناو پێست و پێست دەپارێزێت دژی تیشکی زیانبەخشی سەروبنەوشەیی، جۆری دووەمیش پێکهاتەی فیزیایی (کە پێشی دەوترێت دژەخۆری کانزایی) کە ئەم جۆرەی دژەخۆر لەسەر ڕووکاری پێست دەنیشێت بۆ دروستکردنی چینێکی پارێزەر دژی خۆر، ئەگەر پێستت دوای بەکارهێنانی دژەخۆری فیزیایی توشی زیپکە کردنی زیاتر بوو، ئەوا پێویستە بەرهەمێک بەکاربهێنیت کە تەنک نەبێت لەسەر پێست، وەک ئەو دژەخۆرە کیمیاییانەی کە پێکهاتەی وەک ئاڤۆبێنزن (avobenzone)، ئۆکسی بێنزن (oxybenzone)، مێسۆکسایسینامەیت (methoxycinnamate) یان ئۆکتۆکڕیلین (octocrylene)ی تێدایە، هەروەها پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە دوای تەواوی بوونی ڕۆژەکە ڕووخسار بە تەواوی پاک بکرێتەوە و بشۆردرێت، چونکە دژەخۆر چەند باش و سوودبەخش بێت، مانەوەی لەسەر پێست دەبێت بەهۆی گرتنی کونیلەکانی پێست و دروستبوونی زیپکە ئەگەر شەو بە ڕووخسارەوە بمێنێتەوە.

چۆن ڕێگری بکرێت لە دروست بوونی زیپکە؟

وەک زۆر شتی دیکەی ژیانی مرۆڤ، زیپکە کۆنترۆڵ کردنی بە تەواوی لە دەستی مرۆڤدا نییە، بەڵام بەم چەند هۆکارە تا ڕاددەیەکی باش دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە دروست بوونی زیپکە:

  • هەرگیز بە میکیاجەوە مەخەوە.
  • شەوانە پێش خەوتن ڕووخسارت بە تەواوی پاک بکەوە و بیشۆ، هەروەها فڵچەی تایبەت بە میکیاجەکەت هەفتانە بشۆ، دووربە لە بەکارهێنانی فڵچە و میکیاجی کەسی دیکە.
  • زانیاری سەر ئەو میکیاج و پاککەرەوەی پێستانە بخوێنەوە کە دەیکڕیت، هەمیشە هەوڵبدە ئەو پێکهاتانە بکڕیت کە لەسەریان نوسراوە (بێ چەوری) بە زمانی ئینگلیزی (oil-free) یان (non-comedogenic)، چونکە ئەم جۆرانە نابنە هۆی گرتنی کونیلەکانی پێست.
  • دووربە لەو زەیتی قژ و ئەو بەرهەمانەی قژ کە ڕۆن و چەوری زۆریان تێدایە، چونکە چەورییەکەی دزە دەکات بۆ ناوچاوانت و دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی بەکتریا و چەوری لە کونیلەکانی پێستدا، بەرهەمەکانی تایبەت بە قژ بە دەست بدە لە قژت و  دووری بخەوە لە هێڵی نزیکی ناوچاوانت، دواتر پێستت بە پاککەرەوەی تایبەت بە پێست بسڕە تاکوو هەر بەشێکی پێستت چەوری بەرکەوتبێت لێی بێتەوە.
  • هەندێک جۆری پەڵە کە وەک جێی زیپکە دەردەکەون جۆرێکی هەوکردنن کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵەی ڕەنگدار لەسەر پێست بەهۆی زیانی زیپکە بۆ پێست یان دەستکاریکردنی زیپکەوە دروست دەبن، بۆ ڕێگریکردن لە تۆخبوونەوەی پەڵەی دوای زیپکە، ڕۆژانە خۆربێت یاخود باران دژەخۆری (+SPF 30) بەکاربهێنە.


سەرچاوەکان



6625 بینین