کونە ڕەشەکان - Black Holes

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-22-19:38:00 - کۆدی بابەت: 1486
کونە ڕەشەکان - Black Holes

ناوه‌ڕۆك

کونە ڕەشەکان Black.Holes

کونە ڕەشەکانی گەردوون چین؟ بۆچی هەموو تەنە نزیکەکان لە خۆیان هەڵدەلوشن؟

کونە ڕەشەکان نە ڕەشن نە کونن، کەواتە بۆ پێیان دەووترێت کونی ڕەش؟

کونە ڕەشەکان لە پاشماوەی هەندێک لە ئەستێرەکان دروست دەبن کاتێک تەمەنیان تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە، بە ووردی ئەو ئەستێرانەی کە زەبەلاحن بارستاییەکایان بە ڕادەیەکی دیاریکراو زۆرترە لە بارستایی خۆر، بە دیاردەی تەقینەوەی ئەستێرەکان لە کۆتایی تەمەنیان دەووترێت سوپەر نۆڤا، لە تەقینەوەکە توێکڵی دەرەوەی ئەستێرە تەمەن تەواو بووەکە دەتەقێتەوە و بە بۆشایی ئاسمان بڵاو دەبێتەوە و ناوکەکەی یان کرۆکەکەی ووردە ووردە بە هۆی هێزی کێشکردن بە قەبارە زۆر بچوک دەبێتەوە و دەبێتە کونێکی ڕەش.
ئەگەر ئەو ئەستێرەی تەمەنی تەواو دەبێت و دەتەقێتەوە گەورە و زەبەلاح بوو بە ووردی بڵێین بارستاییەکەی ٢٩ ئەوەندە یان زیاتر بوو لە بارستایی خۆر، ئەوا دوای تەقینەوەی ئەستێرەکە کرۆکەکەی دەبێتە کونێکی ڕەش Black.Holes لەم حاڵەتەشدا هەموو بارستەی کرۆکی ئەستێرەکە کە دەبێتە کونێکی ڕەش زۆر زۆر چڕ دەبێتەوە چونکە هەمان ئەو بارستەیە تیرەکەی دەبێتە چەند کیلۆمەترێک ، بۆ ئەوەی ڕوونی بکەمەوە چڕی کونێکی ڕەش چەندە تاوەکو ئێوە مەزەندەی بکەن دەڵێم: ئەگەر گۆی زەوی کە تیرەکەی ١٢،٧٤٠ کیلۆمەترە بە هەمان بارستایی خۆی (قورسایی خۆی) بچووک بکرێتەوە و بپەستێنرێت بەسەر یەکدا و هەموو گەردیلەکانی بەسەر یەکدا تێک بشکێنێت بۆ قەبارەی تۆپێكی پێ ئەوا چڕییەکەی ئەوەندەی چڕی کونێكی ڕەشێ لێدێت!

لەوانەیە بپرسن چۆن ماددە ئاوا دەپەستێنرێت بە ناو یەکدا؟ لە ڕاستیدا بۆ ئەو وەڵامە دەبێت سەرنج بدەینە چۆنیەتی شێوە و پێکهاتەی گەردیلە کە بچوکرین پێکهاتەی ماددەیە، لە ناوەڕاستی هەموو گەردیلەیەک ناووک هەیە کە لە پرۆتۆن و نیۆترۆن پێک دێت، بە دەوری ناوکیش ئەلیکترۆنەکان دەسوڕێنەوە، بەڵام ناووک و ئەلیکترۆن قەبارەیان زۆر زۆر بچوکە بە بەراورد بە قەبارەی گەردیلەکە، لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری قەبارەی گەردیلە لە بۆشایی پێک هاتووە. 

کاتێک کونی ڕەش دروست دەبێت گەردیلەکانی ماددەی ئەستێرەکە بە تەواوی بەسەر یەکدا تێک دەشکێن و بۆشاییان تێدا نامێنێت، واتە پڕۆتۆن و نیۆترۆن و ئەلیکترۆنی گەردیلەکان بە تەواوی تێکدەشکێن و بەیەکەوە دەنوسێنرێن و شیرازەی گەردیلەکان و ماددەکە بە تەواوی تێک دەچێت و دەبێتە شتێکی تر.

لەبەر ئەو چڕیە کە ئێجگار زۆرە، هێزی کێشکردنی کونەڕەشەکان ئەوەندە زۆرە تیشکیش لێیان دەرباز نابێت کە خێرای ٣٠٠ هەزار کیلۆمەترە لە یەک چرکە، واتە بە چاو نابینرێن و بە هیچ جۆرە ئامێرێکیش ناتوانرێت ڕاستەوخۆ چاودێرییان بکرێت.

هەر بارستەیەك لە گەردوون هێزی کێشکردنی خۆی هەیە و بە پێی بڕی بارستاییەکەی دەگۆڕێت، شتێک هەیە پێی دەووترێت خێرایی دەربازبوون Escape.velocity واتە کەمترین خێرایی هەر تەنێکی بچوک ئەگەر بیەوێت لە هێزی کێشکردنی تەنێکی تەنێکی گەورە ڕزگاری ببێت، با بۆ نمونە هێزی کێشکردنی زەوی وەربگرین، ئەگەر بەردێک هەڵدەین بۆ ئاسمان لەسەر ڕووی زەویەوە بەردەکە کەمێک بەرز دەبێتەوە و دوایی دەکەوێتە سەر ئەرز لەبەر ئەوەی زۆر بە خێرایی هەڵمان نەدا بۆ ئاسمان، ئەگەر خێرایی هەڵدانی بەردەکە بۆ ئاسمان بگاتە ١١.٢ کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا ئەوا بەردەکە لە هێزی کێش کردنی گۆی زەوی ڕزگاری دەبێت و ناکەوێتەوە سەر زەوی.

ئەگەر بمانەوێت هەر تەنێک لە گەردوون ببینین یان چاودێری بکەین دەبێت ئەو تیشکانە ببینین یانن چاودێری بکەین کە  لەو تەنەوە دەردەچن و بەرەو ئێمە دێن، کونی ڕەش لەبەر زۆری هێزی کێشکردنی تیشکیش لێی دەرباز نابێت، کەواتە مەحاڵە بیبینێت یان چاودێری بکات.

هەر لەبەر ئەوەشە پێی دەوترێت کونی ڕەش هەرگیز ناتوانین بیان بینین یان بزانین ڕەنگی چۆنە، ئەگینا ئەو بارستەیە لە ڕاستیدا نە کونە نە ڕەشە. 


چۆن کونە ڕەشەکان دەدۆزینەوە یان چاودێری دەکرێن؟

هەر وەکو وتم تیشک ناتوانێت لەسەر ڕووی کونی ڕەش دەبازی بێت لەگەڵ ئەو خێراییە زۆرەی کە تیشک هەیەتی، بەڵام تا دوور بکەوینەوە لە کونی ڕەش خێرایی دەربازبوون لە کونە ڕەشەکە کەمتر دەبێتەوە، لە دووریەکی دیاری کراویش لە کونە ڕەشەکە کە پێی دەووترێت خاڵی نەگەڕانەوە Point.of.No.Return تیشک دەتوانێت لێی دەربازبێت، ئەو دووریە بە پێی قەبارەی و گەورەیی کونە ڕەشەکە دەگۆڕێت و تا کونە ڕەشەکە گەورەتر بێت ئەو خاڵە دوورترە لە چەقی کونە ڕەشەکە، کەتێک کونی ڕەش ئەستێرەیەک یان ماددەیەکی نزیک خۆی هەڵدەلوشێت زۆر بە خێرایی، ئەوا هەندێک لە بارستایی ماددە لوشکراوەکە بەهۆی خێرایی جوڵانەوەکەی تیشکیX و هەندێک تیشکی تر دەردەکات، ئەو تیشکانە دەرباز دەبن تاوەکو دەگەنە خاڵی نەگەڕانەوە، ئێمە لەسەر ڕووی زەوی دەتوانین لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەو تیشکە دەربازبووانە ئەو کونە ڕەشە بدۆزینەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێری بکەین.
کونە ڕەشەکان لەبەر زۆری هێزی کێشکردنیانبە بەردەوامی تەن و ماددەکانی دەوروپشتی خۆیان ڕادەکێشن و هەڵیان دەلوشن، ئەمەش وا دەکات قەبارەیان بە بەردەوامی گەورەتر بێت و ‌هێزی کێشکردنیان زیاتر بێت.
ئەنیشتاینی بلیمەت لە ڕێگەی بیردۆزە بەناوبانگەکەی کە پێی دەووترێت بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەوەی دۆزیەوە کە هێزی کێشکردن بە تایبەتی ئەگەر زۆر بێت دەبێتە هۆی چەمانەوەی بۆشایی ئاسمان، هێزی کێشکردنی کونە ڕەشەکان ئەوەندە زۆرە کە کات و شوێن لە ناو کونە ڕەشەکان بە تەواوی دەچەمێتەوە و نامێنێت.
یاساکانی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین بەسەر هەموو کات و شوێنەکانی گەردوون جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هیچ یاسا و هاوكێشەیەکی فیزیایی لە ناو کونە ڕەشەکاندا تاوەکو ئێستا ناتوانرێت کاری پێ بکرێت، گەورە زانا و فیزیاناسی ئەمەریکی "میچۆ کاکۆ" لەگەڵ هەندێ زانای تر بیردۆزی Rtring.Theoryیان داهێناوە بۆ ئەوەی لە ناو کونە ڕەشەکان و پێش تەقینەوە گەورەکەش کاری پێ بکرێت. بەڵام، تا ئێستا ئەو بیردۆزە لاوازە و زۆر پاڵپشتی بە دەست نە‌هێناوە.
ئێستا دەرکەوتووە کونە ڕەشەکان لە زۆربەی کونجەکانی گەردوون هەن بە تایبەتی یەکێکی زۆر زەبەلاح لە چەقی هەموو گالاکسیە لولپێچەکان هەیە، یەکێک لە چەقی گەلە ئەستتێرەی ڕێی کاکێشان هەیە کە کۆمەڵەی خۆری تێدایە و پێی دەووترێت ساگیتاریۆس ئەی Sagitarius.A بارستاییەکەی پترە لە ٤ ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆر، بە هۆی هێزی کێشکردنەکەشی کە ئەوەندە زۆرە هەموو گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان بە دەوریدا دەسوڕێتەوە.
کونێکی ڕەشی ئێجگار زەبەلاحیش لە چەقی گەلە ئەستێرەی ئەندرۆمیدا هەیە کە نزیکەی ٢.٤ ملیۆن ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، ئەوەیان زۆر زۆر گەورەترە و بارستاییەکەی پتر لە ٢٠٠ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرە.
نزیکترین کونی ڕەش لە گۆی زەوی نزیکە ٣٣٠٠ بە ساڵی تیشکی دوورە و A020-00 دەناسرێت.
بە پێی نوێترین لێکدانەوەکانی گەردوون ناس و فیزیا ناسانی ناسا جارێ بە بەراوردی گەردوون زۆر گەنجە و کونە ڕەشەکان ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام لە داهاتووێکی دوور دوای سەدەها ملیار ساڵ کاتێک زۆربەی بارستە و ووزەی گەردوون کە ئێستا لە شێوەی گازی هایدرۆجینە بەهۆی دروستبوونی ئەستێرەکان دەگۆڕدرێت بۆ هیلیۆم و توخمە قورسەکان، ئەو کاتە زۆربەی داڕشتە و پێکهاتەی گەردوون دەبێتە کونی ڕەش و هەموو کونجەکانی گەردوون داگیر دەکەن، هەندێکیان بەریەک دەکەون و کونە ڕەشە زەبەلاحەکان دروست دەکەن.

 

 


سەرچاوەکان



3295 بینین