زەوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-15:00:00 - کۆدی بابەت: 1501
زەوی

ناوه‌ڕۆك

هەسارەی زەوی

گۆی زەوی بە هەسارە شینەکە ناسراوە، بەپێێ ڕیزبەندی دووری هەسارەکان لە خۆر سێیەم هەسارەیە لە ناو کۆمەڵەی خۆر..
تیرەکەی لە هێڵی ناوەڕاست ١٢،٧٤٢ کیلۆمەترە، لە جەمسەرەکانی تیرەکەی ٤٣ کیلۆمەتر کەمترە کە دەکاتە ١٢،٦٩٩ کیلۆمەتر، واتە لە جەمسەرەکان کەمێک تەپیوە بۆیە هەندێک جار دەووترێت گۆی زەوی تەواو خڕ نییە و کەمێک هێلکەییە، تێکڕای دووریەکەی لە خۆر ١٤٩.٦ ملیۆن کیلۆمەترە.
ڕووبەڕەکەی ٥١٠ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ٧١٪ی ڕووەکەی ئاو دایپۆشیوە و ٢٩٪ی ووشکاییە، بە ماوەی ٣٦٥.٢٥ ڕۆژ جارێک بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە بە خێرایی ٢٩.٧٨ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.
گۆی زەوی لە خولانەوەی بە دەوری خۆیدا بە چوار دەوری تەوەرێکی لاردا دەسووڕێتەوە کە لاریەکەی ٢٣.٤٤ پلەیە، بۆیە لە ماوەی سوڕانەوەیدا بە دەوری خۆر لە ساڵێکدا وەرزە جیاجیاکان دروست دەبن لەسەر ڕووەکەی، هەسارەی زەوی بە ٢٤ کاتژمێر خولێک بە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە و شەو و ڕۆژێک پێک دێنێت، درێژی تەوەرەکەی (چوار دەورەکەی) لە هێڵێ ناوەڕاست ٤٠،٠٧٠ کیلۆمەترە، خێراییەکەی بە دەوری خۆیدا لە کاتژمێرێکدا ١٦٦٧ کیلۆمەترە.
تێکڕای پلەی گەرمی لەسەر ڕووەکەی ١٤.٩ پلەی سەدییە، گۆی زەوی بەرگە هەوایەکی تا ڕادەیەک ئەستووری هەیە، هەروەها بوارێکی موگناتیسی تا ڕادەیەک بەهێزی هەیە کە هەموو زیندەوەرانی سەر ڕووەکەی دەپارێزێت لە تیشکە زیان بەخشەکان، ئەو تیشکە ناووکیانە زۆربەیان لەگەڵ ڕەشەباکانی خۆر بە ئاسمانی کۆمەڵەی خۆر بڵاودەبنەوە و بەشێکیان بە ئاڕاستەی زەوی دێن.
گۆی زەوی هەسارەیەکی زۆر چالاکە و بەپێی مێژووی بە بەردبووەکان پتر لە ٣ ملیار ساڵ پێش ئێستا ژیان تیایدا سەری هەڵداوە، ئەمڕۆش پتر لە ٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار جۆر زیندەوەر و ڕووەک بە هەموو جۆرەکانیەوە لەسەر وشکایی و لە ناو ئاوی زەریا و دەریاکان و ڕووبارەکانی گۆی زەوی دەژین، یەکێک لەو زیندەوەرانەش ئێمەی مرۆڤین (هۆمۆ سێیپان) کە تاکە بوونەوەری خاوەن شارستانین کە تا ئێستە ئێمە بیزانین.
گۆی زەوی لە نێو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر چڕی پێکهاتەکەی لە هەموویان زیاتر و تێکڕای چڕیەکەی یەکسانە بە ٥.٥١ گرام بۆ یەک سانتیمەتر سێ جا.

مانگ تاکە پاشکۆی زەویە کە لە ماوەی ٢٩.٥ ڕۆژدا جارێک بە دەوری هەسارەی زەویدا دەسوڕێتەوە.


سەرچاوەکان



12106 بینین