هەسارەی زوحەل - ساتۆرن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-19:47:00 - کۆدی بابەت: 1510
هەسارەی زوحەل - ساتۆرن

ناوه‌ڕۆك

هەسارەی زوحەل (ساتۆرن)

هەسارەی زوحەل بە ئەڵقە پانەکەی دەوری بەناوبانگە و شەشەم هەسارەیە لە دووری لە خۆر، دووەمیانە لە گەورەیی دوای موشتەری، تێکڕای دووریەکەی لە خۆر ١،٤٢٩ ملیۆن کیلۆمەترە، بە ٢٩ ساڵ جارێک بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە، خولانەوەی بە دەوری خۆر خێراترە لە خولانەوەی گۆی زەوی و درێژی شەو و ڕۆژێک لەسەر هەسارەی زوحەل تەنیا ١٠ کاتژمێر و ٤٠ خولەکە.

(زوحەل)یش بە یەکێک لە دێوە گازیەکانی کۆمەڵەی خۆر دادەنرێت وەکو موشتەری، تیرەکەی نۆ ئەوەندەی تیرەی گۆی زەویە، لەبەر گەورەیی قەبارەکەی ئەوا بارستاییەکەی ٩٥ ئەوەندەی بارستایی هەسارەی گۆی زەوییە.
کرۆکی هەسارەی زوحەل لە ئاسن و نیکڵ پێک دێت، دوای کرۆکەکەی چینێكی قووڵ لە هایدرۆجینی ڕەق هەیە، دوای ئەوە چینێكی شلی هایدرۆجین و هیلیۆم دێت، دوای ئەم چینەش چینی دەرەوە دێت کە شل و گازیە و هەموو ڕووەکەی دادەپۆشێت، زوحەل یان ساتۆرن ڕەنگێکی زەردباوی هەیە بە هۆی کریستاڵەکانی ئامۆنیا لە چینەکانی سەرەوەی بەرگە هەوایەکەی، هەروەها خێرایی با لەسەر ڕوووەکەی هەندێک جار دەگاتە ١٨٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، پێکهاتەی بەرگە هەوایەکەی بڕی ٩٣،٣٪ لە گازی هایدرۆجین پێک دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە گازی هیلیۆم پێک دێت.

ئەڵقەکەی زوحەل زۆر پانە، لە هێڵی ناوەڕاست لە بەرزایی ٦،٦٣٠ کیلۆمەتر دەست پێدەکات تا دەگاتە بەرزی یان دووری ١٢٠،٧٠٠ کیلۆمەتر لەسەر ڕووی هەسارەکەوە، لەگەڵ ئەم پانیەش ئەستووری ئەڵقەکەی تەنیا نزیەکی ٢٠ مەتر دەبێت، ٩٣٪ی پێکهاتەکەی لە ئاوی بەستوو پێک دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە کاربۆن پێک دێت، قەبارەی پارچەکانی ئەم ئەڵقە گەورەیەی دەوری هەسارەی زوحەل لە ١٠ مەتر بەرەو خوارەوەیە تاکوو بچووکتر لە یەک میلیمەتر،
هەساری زوحەل ٦٢ مانگ یان پاشکۆی هەیە، ٥٣ لەوانە ناویان لێ نراوە، تایتان گەورەترینی ئەو مانگانەیە و تیرەکەی ٥١٥١ کیلۆمەتر واتە لە مانگی گۆی زەوی و مەریخیش گەورە ترەم مانگی ئێنچێلادەس زۆر بچووکترە و تیرەکەی تەنیا ٥٠٤ کیلۆمەترە.
ئاژانسی ناسا زۆر گرنگی بە هەردوو مانگی (تایتان و ئێنچێلادەس) دەدات لەبەر ئەوەی لەسەر ڕوو و لە ژێر توێکڵەکەیان زەریا و دەریاچەی شل هەیە، بەپێی زانیاریە کۆکراوەکان ئەگەری بوونی جۆرێک لە ژیانی سەرەتایی دەکرێت لە ژێر توێکڵی سەرەوەی مانگی (ئێنچێلادەس)، هەروەها لەسەر ڕووی مانگی (تایتان)یش بە گونجاوترین شوێن دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆر دوای گۆی زەوی بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە داهاتوودا، بە پێچەوانەی سەر ڕووی هەسارەی زوحەل کە بە شێوەیەکی سەرەکی وەکو هەسارەی موشتەری و ئۆڕۆناس و نیپتۆن لە گازی شلی میثان پێک دێت و گونجاو نییە بۆ ژیانی مرۆڤ.
ناسا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ کەشتی ئاسمانی (کاسینی) هەڵدا بەرەوە هەسارەی زوحەل، لە ساڵی ٢٠٠٤ گەیشت بەو هەسارەیە، تێچووی ئەم کەشتییە تاکو تەواو بوونی تەمەنی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ گەیشتە چوار ملیار دۆلار.

لە سەرەتا ئەم کەشتییە لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشێکی کە ناوی (هویجینز) بوو لەسەر مانگی تایتان نیشتەوە و بۆ ماوەیەک کۆمەڵێک زانیاری گرنگی ناردەوە بۆ سەر زەوی لەسەر ژینگەی ئەو مانگە، لە وێنەکانی کەشتی (هویجینز) دەرکەوت کە لەسەر ڕوی تایتان کۆمەڵێکی زۆر لە دەریاچەی شل هەیە و بەشەکەی تر وەکو زەوی بەردینیە، ئەم مانگە یەکەم تەنە لە کۆمەڵەی خۆر لە دەریاچەی تێدا بێت لە دوای گۆی زەوی، (گویجینز) نیشتنەوەی یەکەمین کەشتی بوو لەسەر هەسارەکانی بەشی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر کە دەکەونە پشت هەسارەی مەریخ (لە موشتەری تا قەزەمە هەسارەکانی پشتێنەی کەیپەر)، بەشەکی تری کەشتیەکە (کاسینی) تاوەکو مانگی نیانی ساڵی ٢٠١٧ لە خولگەیەک بوو بە دەوری مانگی (ئێنچێلادەس) کە دووەم مانگی گرنگی زوحەل و گەلێک زانیاری لەسەر ئەو مانگەش کۆکردەوە، بەڵام دوای ئەو کاتە ناسا کەشتی (کاسینی) گواستەوە بۆ خولگەیەک بە دەوری زوحەل بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکەکانی بێنێت و لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٧ خستیە خوارەوە بۆ سەر ڕووی هەسارەی زوحەل.


سەرچاوەکان



5206 بینین