ژیان و بوونەوەرە زیرەکەکان لە گەردوون

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-23-22:32:00 - کۆدی بابەت: 1512
ژیان و بوونەوەرە زیرەکەکان لە گەردوون

ناوه‌ڕۆك

ژیان و بوونەوەرە زیرەکەکان لە گەردوون

پرسیارێکی زۆر قورس کە ئەندێشەی مرۆڤی سەرقاڵ کردووە لە دوو سەدەی ڕابردوو ئەمە بووە: ئایا بوونەوەری تری زیرەک هەیە لە گەردوون جگە لە مرۆڤ؟

لێرەدا دەمەوێت ئەم بابەتە هەستیارە بە شێوەی شیکارێکی سادە و زانستی بخەنە ڕوو، لە کۆی پتر لە ٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار جۆری زیندەوەران لە سەر ڕووی زەوی تەنیا یەک جۆر گەیشتووە بە ئاستێک کە بە نوونەوەری زیرەک و خاوەن شارستانی دادەنرێت ئەویش مرۆڤە، پتر لە ٣ هەزار ملیۆن ساڵە ژیان لەسەر گۆی زەوی سەری هەڵداوە، بەڵام مرۆڤی هۆمۆسێیپیان کە ئێستا تاکە بوونەوەری زیرەکە لەسەر ڕووی زەوی تەنیا ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار ساڵێک دەبێت دەرکەوتووە، بە پێی نوێترین زانیاری و لێکۆڵینەوەکان گەشەکردن و هەبوونی بوونەوەری زیرەک و خاوەن شارستانی وەکو مرۆڤ لە گەردوون زۆر کەمتر و دەگمەنترە لە بوونی ژیانی سەرەتایی وەکو بەکتریاکان، ڕووەکەکان، هتد...

پێشەکی با نوێترین پێناسەی گەردوونی بۆ بوونەوەرە زیرەکەکان لە گەردوون بخەمە ڕوو، بونەوەری زیرەک ئەو بونەوەرەیە کە دەتوانێت تیشکی کارۆموگناتیسی بەرهەم بێنێت و بینێرێت یان بڵاوی بکاتەوە، مرۆڤ ماوەی کەمێک پتر لە ١٠٠ ساڵە ئەو تیشکانە بەرهەم دێنێت لەو کاتەوەی ئێزگەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی داهێناوە و بەشێک لەو تیشکانە دەڕۆن بۆ بۆشایی ئاسمان، کەواتە بە پێی پێناسەی گەردوونی تەنیا ماوەی پتر لە ١٠٠ ساڵ دەبێت مرۆڤ بووە بە بونەوەرێکی زیرەک لەسەر ئاستی گەردوون و ئێستا بەشێک لەو تیشکانەی بەرهەمی هێناون ١٠٠ ساڵی تیشکی لە گۆی زەوی دوورکەوتونەتەوە، کەواتە جارێ جێ پەنجەی مرۆڤ نەگەیشتۆتە قوڵای گالاکسی ڕێی کاکێشان کە تیرەکەی پترە لە ١٠٠ هەزار ساڵی تیشکی.
مرۆڤ تاوەکو ئێستا هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆری پشکنیوە لە ڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە ناردونی بۆیان، ئەو کەشتیانە لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتنەوە و ئێستاش لەوێ پشکنین دەکەن، هەروەها کەشتیە نێڕدراوەکان بەرەو هەموو هەسارەکانی تر و مانگەکانیان زانیای و ڤیدیۆ و وێنەی ووردی لەسەریان کۆ کردۆتەوە، بە کورتی دەرکەوتووە کە لەسەر هیچ کامێکیان بوونەوەری زیرەک و ژیان نیە، هەندێک هیوا ماوە بۆ بوونی ژیانە سەرەتاییە یەکخانەییەکان وەکو بەکتریا لە هەندێک لە مانگەکانی هەسارەی موشتەری و زوحەل وەک یوڕۆپا و تایتان و ئێنچڵدەس، بەڵام تا ئێستا هیچ دۆزینەوەیەک لەم بارەیەوە نیە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ژیانی سەرەتایی پێش سەدەها ملیۆن ساڵ یان پێش یەک دوو ملیار ساڵ لەسەر هەسارەی مەریخ هەبووبێت، بۆیە ئێستا گالیسکەی کریاسیتی ئاژانسی ناسا پشکنین لە نموونەی گڵی ژێرەوەی توێکڵی مەریخ ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی لە بوونی ژیانی سەرەتایی بکۆڵێتەوە ئەگەر هەبووبێت بەر لە ئێستا. 
لە ساڵی ٢٠٢٠یش ئاژانسی ناسا گالیسکەیەکی تایبەتی تر دەنیشێنێتەوە لەسەر هەسارەی مەریخ بۆ ئەوەی هەندێک نموونەی بەرد و گڵی هەسارەی مەریخ دەربێنێت و ناسا لە کارێکی بێ وێنە و نوێدا ئەو نموونانە دەنێرێتەوە بۆ سار زەوی بۆ ئەوەی لە تاقیگەکانی سەر زەوی پشکنینیان بۆ بکات و لە ئەگەری بوونی هەر ژیانێکی سەرەتایی لەسەر مەریخ ئەگەر هەبووبێت بەر لە ئێستا یان لە ئێستادا.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی بێ شوومار لە گەلاکسی هەیە لە گەردوونی بینراو، ژمارەکە بە پتر لە ١٠٠ ملیار (١٠٠ هەزار ملیۆن) مەزەندە دەکرێت و ئەگەری ئەوە هەیە لەوەش زیاتر بێت، بەڵام لەبەر فراوانی گەردوون و قوڵی ئەم بابەتە لێرە تەنیا باسی ئەگەری بوونی بوونەوەر یان ژیانی زیرەک دەکەم لە یاک گالاکسی، ئەویش ڕێی کاکێشانە Milky.Way کە ئێمەی تێداین و خۆر یەکێکە لە ئەستێرەکانی ئەو گەلە ئەستێرەیە، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ناسا تەنیا لە گالاکسیەکەی ئێمە لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ ملیار ئەستێرە هەیە بە قەبارەی جیاواز، هەندێک لەو ئەستێرانە وەکو خۆری ئێمە هەسارەیان هەیە، خۆر نۆ هەسارە بە دەوری دەسوڕێتەوە و زەویش یەکێکە لەو هەسارانە، لەم دە پانزە ساڵەی ئەم دواییە دەرکەوتووە کە لایەنی کەم هەندێک لە ئەستێرەکان هەسارەیان هەیە، کەواتە تەنیا لەو گەلە ئەستێرەی خۆمان لەیەنی کەم بە پێی سادەترین  هاوکێشە ملیارەها هەسارە هەیە.

بە پێی نوێترین زانیاریەکان، ژیان بەو شێوەیەی لەسە زەوی بەرجەستە بووە لە هەر شوێنێکی تری بەرجەستە دەبێت ئەگەر بارودۆخی فیزیاوی و کیمیاوی لەبار بوو و مەتیریاڵەکان یان پێکهاتە سەرەکیەکان بەرجەستە بوون کە کاربۆن و ئۆکسجین و هایدرۆجین و کۆمەڵێک پێکهاتەی ترە، لێرەدا مەبەست لە ژیان هەموو جۆرەکانی ژیانە لە سادە بۆ ئاڵۆز (زیندەوەری یەک خانەیی و فرە خانەی)، تەمەنی زەوی پتر لە ٤٥٠٠ ملیۆن ساڵە> کۆنترین بەبەردبوونی دۆزراوە Fossils بۆ یەکەمین جۆری ژیان لەسەر زەوی دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە ٣٠٠٠ ملیۆن ساڵ، لە دوای دروستبونی ژیان لەسەر گۆی زەوی بۆ ماوەی نزیکەی ٢٥٠٠ ملیۆن ساڵ تەنیا زیندەوەری یەکخانەیی هەبووە (بەکتریاکان)، تا ئەو کاتەش هەموو ئەو زیندەوەرانە تەنیا لە ناو ئاودا دەژیان، بەر لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵ دوای پەیدابوونی زیندەوەرە فرەخانەییەکان بەشێک لەو زیندەوەرانە هاتنە سەر وشکایی، ئینجا ڕووەکەکان و مێڕووەکانیش پەیدابوون، شێردەرەکان بەر لە نزیکەی ٧٠ ملیۆن ساڵ دروست بوون، مرۆڤ کە تاکە زیندەوەری زیرەکە و لە کۆمەڵەی شیردەرەکانە، دۆزراوەی بە بەردبووی یەکەم مرۆڤی کۆن دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢.٣ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، کەواتە نزیکەی ٣٠٠٠ ملیۆن ساڵی پێ چووە تاوەکو ژیانی سەرەتایی گەشەی کردووە بۆ ژیانی زیرەک لەسەر گۆی زەوی، ئەمە پێمان دەڵێت ژیانی زیرەک زۆر دەگمەنتر و کەمترە لە ژیانی سادە و ئاسایی لە گەردوون و کاتێکی گەلێک زۆرتری دەوێت بۆ ئەوەی بەرجەستە بێت. 
گەشەکردنی ژیانی سادە و گۆڕانی بۆ ژیانی زیرەک لە هەسارەیەکی تریش لەوانەیە ملیارەها ساڵ یان زیاتریش بخایەنێت، هەروەکو ئەوەی لەسەر گۆی زەوی ڕوویداوە.

گەردوون ئەوەندە گەورە و فراوانە زۆر بە ئاسانی بە لێکدانەوەی مێشکی ئێمە مەزەندە ناکرێت، ژمارەی خەمڵێنراوی هەموو گەلە ئەستێرەکانی گەردوونی بینراو بە پتر لە ١٠٠ ملیار دەخەمڵێنرێت. هەر یەکێکیان لە دەیەها ملیار و بگرە هەندێکیان لە سەدەها ملیار ئەستێرە پێک دێن.

تەنیا گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان کە کۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدەیە پتر لە ١٠٠ ملیار ئەستێرەی وەکو خۆر، بچوکتر یان گەورەتری تێدایە.
بەم دواییە سەلمێنراوە کە هەندێک لەو ئەستێرانە هەسارەیەک یان پتریان هەیە وەکو کۆمەڵەی خۆری ئێمە.

بە پێی سادەترین هاوکێشە و لێکدانەوە ئەگەری بوونی ژیان لە هەزارەها و بگرە ملیۆنەها هەسارەی تر هەیە.

بەڵام بە پێی ڕێچکەی گەشەی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی و دروستبونی بوونەوەری زیرەک کە مرۆڤە بە پتر لە ٣ ملیار ساڵ، لەوانەیە ژمارەی ئەو هەسارانەی بوونەوەری زیرەک تیایاندا گەشەی کردبێت لە گەلە ئەستێرەی ڕێی کاکێشان زۆر دەگمەنتر و کەمتر بن لە ژمارەی ئەو هەسارانەی کە ژیانی سادە و ئاساییان لە بەرجەستە بووە.


سەرچاوەکان



1233 بینین