خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-06-13-16:50:00 - کۆدی بابەت: 1957
خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

دووگیانی ماوەیەکی قورس و پڕ کێشەیە بۆ دایکەکە، بەداخەوە زۆرینەی دایکان ئەوەندە بیر لە سەلامەتی منداڵەکەی سکیان دەکەنەوە ئەوەندە بیر لە سەلامەتی خۆیان ناکەنەوە بەتایبەت سەلامەتی دەروونیان.
زۆر جار جەخت دەکرێتە سەر خەمۆکی دوای منداڵبوون و زۆر باس دەکرێت و بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە خەمۆکیش لەماوەی دووگیانیدا بوونی هەیە و تەنانەت زۆر باوترە و حاڵەتەکان زیاترن لە خەمۆکی دوای منداڵبوون، بەلایەنی کەمەوە لە هەر ١٠ خانمێکی دووگیان یەکێکیان دووچاری خەمۆکی دەبنەوە.
ئاگاداربن کە چارەسەرنەکردنی خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا کاریگەری دەخاتە سەر تەندروستی و گەشەی منداڵەکەت.

نیشانەکانی خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا چییە؟

زۆرینەی خانمانی دووگیان کە دووچاری خەمۆکی دەبنەوە ئەم نیشانانەیان دەبێت لەماوەی دوو هەفتەدا یاخود زیاتر:

  • خەم و پەژارەی بەردەوام.
  • نەمانی تەرکیزکردن.
  • خەوتن بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر یاخود ئێجگار کەم.
  • لەدەستدانی هەستی خۆشی بۆ ئەو شتانەی کە پێشتر زۆر خۆشبووە بەلایەوە و چێژی لێ دیووە.
  • بیرکردنەوەی بەردەوام لەبارەی مردن و نائومێدی و خۆکوشتنەوە.
  • قەلەقی.
  • هەستکردن بە تاوان یان هەستکردن بە بێنرخی.
  • گۆڕانکاری لە خواردندا.

ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

  • هەبوونی کێشە لەپەیوەندی دروستکردن و کۆمەڵایەتیبوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
  • خانمەکە پێشینەی خەمۆکی هەبێت یاخود یەکێک لە خێزانەکەی خەمۆکی هەبێت.
  • پێشینەی بەکارهێنانی دەرمانی نەزۆکی.
  • پێشینەی لەبارچوونی منداڵ.
  • بووونی کێشە و قەلەقی لە ژیاندا.
  • پێشینەی توندوتیژی جەستەی یان ڕۆحی لە بەرامبەریدا.

ئایا خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا زیان دەگەیەنێت بە منداڵەکە؟

خەمۆکی مەترسیەکەی زۆری هەیە بۆ دایک و منداڵەکەش، لەوانەیە دایکەکە بەهۆی خەمۆکییەوە ئیتر گرنگی نەدات بە سەلامەتی خۆی و خۆراکی کە ئەمە زیانێکی زۆریش دەگەیەنێت بە منداڵەکە، هەروەها لەوانەیە دەست بکات بە جگەرەکێشان و خواردنەوەی ماددە کهولیەکان و تەنانەت خۆکوشتنیش ئەمانە دەبنە هۆی منداڵبوونی پێشوەختە و هەروەها لەدایکبوونی منداڵ بە کێشێکی کەمەوە و کێشەکانی گەشەی منداڵ و زۆر جاریش دوای منداڵبوونەکە دایکەکە چاودێری منداڵەکە ناکات بە جوانی.

ئەو منداڵانەی کە لەدایکێک لەدایکبوون کە خەمۆکی هەبووە بە بەرامبەر بە دایکانی ئاسایی، جوڵەی کەمترە و بەهێوایشیش گەشەدەکات، واتە گەشەیان دوادەکەوێت.

چارەسەری خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

  • گروپەکانی هاوکاری.
  • چارەسەری دەروونی تایبەت.
  • دەرمان.
  • چارەسەر بە ڕووناکی.

ئایا دایکی دووگیان دەتوانێت دەرمانی دژە خەمۆکی بەکاربهێنێت؟

زۆرێک لە دەرمانەکانی دژە خەمۆکی کاریگەری دەخەنە سەر منداڵەکە و دواتر دەبنە هۆی کەمئەندامی و دواکەوتنی گەشە و نەخۆشیەکانی دڵ و کەمی کێش لە منداڵەکەدا.

ئەگەر خانمەکە دووچاری خەمۆکیەکەی سووک یان مامناوەند بووبێتەوە ئەوا دەکرێت چارەسەر و ڕێنمای بکرێت لەلایەن گروپەکانی هاوکارییەوە و پێویست بە بەکارهێنانی دەرمان نەکات بەڵام ئەگەر خەمۆکیەکە توند بوو پزیشک ناچارە کە دەرمان بەکاربهێنێت و وە هەر دەرمانێک کە دایکەکە بیخوات بۆ منداڵەکەش دەچێت و پێی دەگات بۆیە پزیشکان زۆر وریا دەبن و دەرمانێک نانوسن کە زیان بگەیەنێت بە منداڵەکە و دایکی دووگیان هەرگیز نابێت لەخۆیەوە دەرمان بەکاربهێنێت.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕوبەڕووبونەوەی خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا

وەرزشکردن

وەرزش کردن ڕێژەی هۆڕمۆنی (سیرۆتۆنین) بەرز دەکاتەوە کە هۆڕمۆنی دڵخۆشییە و هەروەها ڕێژەی هۆڕمۆنی (کۆرتیزۆڵ) دادەبەزێنێت.

پشوودانی تەواو

بەردەوام پشوودان و نەکردنی کاری قورس، هەروەها گرنگترین شت بۆ پشوودان ڕێککردنەوەی خەوە هەوڵبدە کە شەوان لە یەک کاتدا بچۆرە ناو جێگای نوستن و بەیانیانیش لەیەک کاتدا هەستە لە خەو.

ژەمە خۆراک و تەواوکەری خۆراکەکان

هەوڵبدە کە خواردنی تەندروست و باش بخۆیت، دووربکەوە لە خواردنی ئەو ماددانەی کە کافاینیان تێدایە و هەروەها شیرینی و کاربۆهیدراتەکان کە کاریگەری خراپیان هەیە.

ئۆمێگا 3

ئۆمێگا 3 لەماوەی دووگیانیدا سوودی زۆری هەیە و دەرکەوتووە یەکێک لە گرنگترین سوودەکان کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکییە لەماوەی دووگیانیدا و بۆیە هەوڵبدە کە بەکاریبهێنیت بەڵام ئۆمێگا 3 ـیەک کە جیوەی تێدا نەبێت.


سەرچاوەکان



4478 بینین