درۆکردن لەگەڵ منداڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-13:48:00 - کۆدی بابەت: 1980
درۆکردن لەگەڵ منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

درۆکردن لەگەڵ منداڵ

درۆ، دەردێکی کوشندەیە، هەر کەسێک و کۆمەڵگەیەک بە درۆ گرفتار ببێت، دادەڕزێ و بۆگەن دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی کوشتنی متمانە و ڕاستگۆیی و پردی متمانەی نێوان تاکەکانی دەڕووخێنێ.
بۆیە ئەگەر درۆ بۆ خەڵک جارێک ناشرین بێت، بۆ دایک و باوک دووجار ناشرینە، جارێک لەبەر خودی درۆیەکە، کە دزێو و قێزەونە و پەڵەیەکی ڕەشە، جارێکیش لەبەر ئەوەی کە درۆ لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و فێریان دەکەن تاوەکو درۆ بکەن، یاخود ڕێخۆشکەرن بۆ منداڵکانیان، تاکو لاسایی ئەوان بکەنەوە و ڕێچکەی ئەوان بگرن!
بەڵام زۆربەی جار درۆ، پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ لاواز دەکات و بەرەو هەڵدێر دەبات، چونکە ئەو متمانەیەی کە پێویستە هەمیشە لە نێوانیاندا هەبێت، پەیتا پەیتا لاواز دەبێت و نامێنێ.
مخابن یەکێک لەو هەڵە باوانەی کە دایک و باوک دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە درۆکردن لەگەڵ منداڵەکانیان، جا درۆکردنەکە بە جددی بێت یان شۆخی، ڕەش بێت یان سپی، بچووک بێت، یان گەورە، کەم بێت یان زۆر، ڕاستەخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ و بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست و ...تاد.
بەهەرحاڵ درۆ هەر درۆیە و جگە لە بێ متمانەیی و خۆناشرین کردن و ڕاکردن لە ڕاستی و هەقیقەت، هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
بێگومان زۆر جار منداڵ لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە و لێیانەوە فێرە درۆکردن دەبێت و وادەکات درۆ لای ئەو ببێتە شتێکی ئاسایی و لە ژیانی خۆیدا پەنای بۆ بەرێت.
ئەڵبەتە درۆکردنی دایک و باوک بۆ چەند هۆکاریک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هۆکاری بۆماوەیی و هەبوونی کەسانی درۆکەر لە ناو خێزانی دایک و باوکەکەدا.
  • هەبوونی گرێی دەروونی.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
  • پەروەردەنەبوونیان لە ناو ژینگەیەکی تەندروستدا.
  • هەبوونی کەسانی درۆزن لە ناو ئەو ژینگەیەی کە تێیدا گەورەبوون.
  • درۆکردن بە مەبەستی شاردنەوەی شکست و کەم و کوڕییەکان.
  • درۆکردن بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیان.
  • بۆ خۆدەرخستن و خۆپەسنین و پاڵەوانبازی.
  • بۆ ڕازیکردنی منداڵ.
  • بۆ چەواشە و بەلاڕێدابردنی منداڵ.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی.
  • پابەندنەبوون بە بنەما و ڕەوشتی و ئاینییەکان.
  • هەبوونی هەستی خۆبەکەمزانین.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوە.
  • بۆ خۆدەربازکردن لە سکاڵا و گلەیی و سزا.
  • ڕاهاتن و خووگرتن لەسەر درۆکردن.

زیانەکانی درۆکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵ

درۆکردنی دایک و باوک، زیانێکی زۆر بە خۆیان و منداڵ و کۆمەڵگەش دەگەیەنێت، کە لە خوارەوە ئەو زیانانە دەخەینە ڕوو:

  • دایک و باوک بەهۆی درۆکردنەوە، ئەو متمانەیە لەدەست دەەدن، کە لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان هەیە.
  • درۆ، پەتایەکی کوشندەیە، ئەگەر چارەی بۆ نەدۆزرێتەوە، وەک تۆپەڵەی بەفر وایە، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و تەشەنە دەکات
  • دایک و باوک بەهۆی درۆکردنەوە، دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی منداڵەکانیان چاو لەوان بکەن و فێرە درۆکردن ببن و ببن بە درۆزن.
  • منداڵ دووچاری بەدگومانی و دڵپیسی دەبێت و سەبارەت بە دایک و باوکی کۆمەڵگە بە گشتی.
  • منداڵ فێرە درۆ دەبێت و پەنا بۆ درۆکردن دەبات.
  • منداڵ لە ڕێگەی درۆکردنەوە، پەنا بۆ فرت و فێڵ و چەواشەکاری دەبات.
  • منداڵ لە بەها ڕەوشتییەکانی وەک ڕاستگۆیی دوور دەکەوێتەوە.
  • کۆمەڵگە بە درۆی تاکەکانی دووچاری کێشە و قەیران دەبێت، لەوانە کێشەی نەبوونی متمانە لە نێوان تاکەکان و دوورکەوتنەوە لە بەها بەرزە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک: ڕاستگۆیی و ئەمانەتداری و دڵسۆزی و هیتر.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

دایک و باوک دەبێ ئەو هەقیقەتە بزانن کەوا منداڵ سپاردە و ئەمانەتێکە لەبەردەستیان، بۆیە دەبێ تا سەر ئێسقان و ئەو سپاردە و ئەمانەتە بپارێزن و لە ڕەفتار و کردار و گوفتاریاندا توخنی درۆکردن نەکەون، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان، تاکو چاویان لێ بکەن و فێرە ڕاستی و ڕاستگۆیی بن.
بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش پێویستە دایک و باوک ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • لە کردار و ڕەفتار و گوفتارەکانیاندا ڕاستگۆ بن.
  • هیچ کاتێ درۆ لەگەڵ منداڵەکانیان نەکەن.
  • درۆ لە پێش چاویان ناشرین بکەن و ڕاستی لە پێش چاویان شیرین بکەن.
  • هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ ڕاستگۆیی و لەسەر ئەمە پاداشتیان بکەن.
  • ژینگەیەکی وا بۆ منداڵەکاناینا بڕەخسێنن کە وا درۆ نەکەن.
  • بە شێوازێکی زانستی و پەروەردەیی سەردەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ زیانەکانی درۆکردن بۆ  منداڵەکانیان ڕوونبکەنەوە.
  • سوودەکانی ڕاستی و ڕاستگۆیی بۆ منداڵەکانیان بخەنە ڕوو.
  • ئەگەر سۆز و پەیمانێکیان دا، سۆز و پەیمانەکەیان ببەنەسەر.
  • هیچ کاتێ ڕاستیی بە درۆ نەگۆڕنەوە، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی قورس بێت.

 


سەرچاوەکان



1967 بینین