جیاوازیکردن لە نێوان کچ و کوڕ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-17:49:00 - کۆدی بابەت: 1999
جیاوازیکردن لە نێوان کچ و کوڕ

ناوه‌ڕۆك

جیاوازیکردن لە نێوان کوڕ و کچ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن بریتییە لە جیاوازیکردن لە نێوان کوڕ و کچ، ئەم جیاوازیکردنەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • دەمارگیری بۆ توخم و ڕەگەز.
  • نەزانین و بێئاگایی.
  • داب و نەریت و کولتووری کۆمەڵگە.
  • بیرتەسکی و کورتبینی و نەخوێندنەوەی واقع.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • لاوازی هەست مرۆڤدۆستی و ئاینپەروەری.

بێگومان جیاوازیکردن لە نێوان کوڕان و کچان، هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ڕق و کینە و سەرهەڵدانی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و بێبەشبوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک، هەروەها ئەم زیانانەش بۆ کچ بە دوای خۆیدا دێنێت:

  • هەستکردن بە غەدر و ستەمکاری.
  • بێبەشبوون لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک.
  • بێبەشبوون لە پێداویستییەکانی ژیان، بە تایبەتی خوێندن.
  • ڕق ئەستووری بەرامبەر دایک و باوک.
  • هەستکردن بەبێ ئومێدی.
  • گۆشەگیری و دوورەپەرێزی.
  • بڕوا بەخۆ نەبوون.
  • نەبوونی ئازادی.
  • بڕوا بە دایک و باوک نەبوون.
  • هەبوونی هەستی تۆڵە سەندنەوە لە دایک و باوک و براکانی.
  • سەرکەوتوو نەبوون لە ژیاندا.
  • هەبوونی هەستی خۆبەکەمزانین.
  • بێبەشبوون لە پەیوەندییەکی پەیت و تەندروست لەگەڵ دایک و باوکی و ئەندامانی دیکەی خێزان.
  • دەبێتە هۆی ئەوەی کوران لە ناو خێزاندا هەست بە کەڵەگایی بکەن و وا بزانن ماف و ڕاستی هەمیشە لای ئەوانە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی غەدر و ستەم لە منداڵی مێینە، واتە کچ نەکرێ و لە سۆز و میهرەبانی دایک و باوک بەهرەمەند بێت، پیویستە لەسەر دایک و باوک ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن و بە یەک چاو سەیری هەمووان بکەن.
  • بە شێوەیەکی یەکسان، خۆشەویستی خۆیان بە کور و کچەکانیان ببەخشن.
  • لە کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکان دادپەروەر بن.
  • کارێکی وا نەکەن کە ئەو هەستە لای منداڵی مێینە دروست ببێت کە پلە دووە، یاخود پشتگوێ خراوە و فەرامۆش کراوە.
  • ژینگەیەکی وا گونجاو لە ناو خێزان فەراهەم بکەن، کە ببێتە هۆی زیادبوونی سۆز و خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی خێزان بە گشتی و کوڕان و کچان بە تایبەتی.
  • خۆپاراستن لە درۆ و چەواشەکاری.
  • ڕەواندنەوەی بەدگومانی و دڵپیسی.
  • پەیڕەوکردنی یەک شێوازی پەروەردەیی لە لایەن دایک و باوکەوە.


سەرچاوەکان



3214 بینین