بێبەشکردنی منداڵ لە یاریکردن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-00:07:00 - کۆدی بابەت: 2016
بێبەشکردنی منداڵ لە یاریکردن

ناوه‌ڕۆك

بێبەشکردنی منداڵ لە یاریکردن

یاریی لە ژیانی هەر تاکێکدا بە گشتی و لە ژیانی منداڵ بە تایبەتی بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و وێڕای سوودە جەستەیی و هزری و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان، سوودێکی زۆری ماددیشی هەیە، تەنانەت بۆ زۆرێک لە وڵاتان، ئەمڕۆ یاری و وەرزش سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتە.
بەڵام مخابن هەندێ لە دایک و باوک ئەم ڕاستییە نازانن، بۆیە بە هەڵە سەرەدەری لەگەڵ ئەم چەمکەدا دەکەن و منداڵەکانیان لە یاری و وەرزش بێبەش دەکەن.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • بەناز پەروەردەکردنی منداڵ و ترسان، لەوەی منداڵەکانیان لە کاتی یاری و وەرزشدا، تووشی ڕووداوێک یان کارەساتێک ببێت.
  • لاوازی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • ئاشنا نەبوون بە فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردن.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی.
  • ترس لە دواکەوتن و دابڕان لە خوێندن.
  • هەبوومی بەدگومانی.
  • زێدەڕۆیی کردن لە پەروەردەکرندا.
  • لاساری و سەرەڕۆیی منداڵ.
  • ئاشنانەبوون بە سوود و قازانجەکانی یاری و وەرزش.
  • کارکردن بەمنداڵ.

ئەڵبەتە، بێبەشکردنی منداڵ لە گەمە و یاری، ئەم زیانانەی خوارەوە بۆ منداڵەکە بە تایبەتی و کۆمەڵگە بە گشتی بەدوای خۆیدا دێنێت:

  • دەبێتە هۆی گوشەگیربوون و دوورەپەرێزبوونی منداڵ.
  • ڕانەهاتن لەسەر چەمکە کۆمەڵایەتییەکان.
  • نەگونجانیان و یاخیبوون.
  • دووچاربوون بە گرێیە سۆزداری و دەروونیەکان.
  • توشبوون بە تەمبەڵی و تەوەزەلی.
  • قەڵەوبوونی و زیادبوونی کێشی لەش.
  • توشبوون بە نەخۆشی و لاوازی و سستی و پەستی.
  • سەرنەکەوتن لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا.
  • بڕوا بەخۆنەکردن و پشت بەخۆ نەبەستن.
  • هەست بە نامۆیی و ڤەدەری کردن.
  • بێبەشبوون لە خۆشیی وەرزشی.
  • کەمی دۆست و هاوڕێ.
  • فراواننەبوونی ئاسۆیی بیرکردنەوەی منداڵ.
  • گەشەنەکردنی گیانی داهێنان و ئەفراندن لای منداڵ.
  • قەرەبوو نەبوونەوەی زیانەکانی ڕابردوو.
  • نەبوونی پلە و پایە لە ناو خەڵک و دۆست و هاوڕێ و خزم و کەسانیدا.
  • پەی نەبردن بە توانا شاراوەکانی خۆی.
  • هەڵچوون و کاردانەوەی نابەجێ (زۆربەی جار).
  • هەبوونی شەرمنی و بێدەنگی.
  • هەبوونی هەستی خۆ بەکەم دیتن و خۆ بەکەمزانین.
  • داڵغەلێدان و ڕۆچوون لە ناو خەیاڵ و ئەندێشەدا.
  • هەبوونی کێشە و ئارێشەی جیاجیا لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیاندا.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکات و دووچاری کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی نەبێتەوە، پێویستە دایکان و باوکان ڕێگەی بۆ خۆش بەکن، بۆ ئەوەی یاری بکات، چونکە لە کاتی یاریکردن دا، منداڵ فێری چەند بەهایەک دەبێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

بەهای جەستەیی

یاریرکردنی چالاکانە و پڕ جموجۆڵ، پێیوستە بۆ گەشيکردنی ماسولکەکانی منداڵ، هەروەها پێویستە بۆ بزواندنی سوڕی خوێن و بەجێهێنانی ئەرکەکانی ئەندامەکانی لەش بە شێوەیەکی ڕاست و دروست.

بەهای پەروەردەیی و فێرکردن

یاریکردن بوار لە بەردەم منداڵ خۆش دەکات، تاوەکو لەمیانەی کەل و پەلە جیاجیاکانی یاریکردنەوە فێری زۆر شت ببێت، وەک ئاشنابوونی منداڵ بە شێوە جۆراوجۆرەکان و ڕەنگەکان و قەبارەکان و جلوبەرگ، هەروەها منداڵ لەمیانەی یاریکردندا، چەندین زانیاری و کارامەییەک دەستەبەر دەکات، کە ناتوانێ لە سەرچاوەی ترەوە دەستەبەری بکات.

بەهای کۆمەڵایەتی

منداڵ لەمیانەی یاریکردندا لەگەڵ کەسانی تر فێری چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەبێت، هەروەرها فێر دەبی کە چۆن بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکات، هەمدیس لە یاریەکەیدا هەڵدەستێ بە چەندین ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، کە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتنی سروشتی هەموو ڕۆڵێک لە کۆمەڵگەدا، ئامادەشی دەکات لە ئایندەدا سەرکەوتووبێ لە بەجێهێنانی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەی، هەروەها فێری بەخشین و وەرگرتن و ژیانی هاریکاری و هەرەوەزی دەبێت.

بەهای ڕەوشتی

منداڵ لەمیانەی یاریکردندا فێری چەمکەکانی چەوت و ڕاست دەبێت، هەروەها فێری کەمێک لە چەمکەکانی ڕاستگۆیی و دەستپاکی و خۆڕاگری و وازهێنان لە خۆپەرستی دەبێت، لە پێنای یاریکردن لەگەڵ کۆمەڵگەدا، هەروەها فێری گیانی وەرزشی و لێبوردەیی دەبێت.

بەهای داهێنان

منداڵ لەمیانەی یاریکردندا توانای زۆری دروستکردن و پێکهێنان و کۆکردنەوە و بە ئەزموونکردنی بیرۆکە ڕووتەکانی بۆ ئاشکرا دابێط.

بەهای خودی (الذاتي)

منداڵ لە ڕێی یاریکردنەوە زۆر شت لەبارەی خۆی بۆ ئاشکرا دەبێت، وەک زانینی تواستەکانی و کارامەیی و لێزانینی و ئارەزووەکانی، ئەمەش لەمیانەی هەڵسوکەوتکردنی لەگەڵ ئەوانەی بەشداری یاریکردنەکە دەکەن و خۆی پێیان بەراورد دەکات، هەروەها لەمیانەی گرفتەکانییەوە فێری شت دەبێت و چۆنیش لە گرفتەکان دەربازی دەبێت.

بەهای چارەسەری دەروونی

یاریکردن ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە چآرەسەرکردنی نەخۆشی و قەیرانە دەروونیەکان و، هەندێ جاریش لە سەرهەڵدانیان، چونکە منداڵ لەڕێی یاریکردنەوە دەتوانێ شڵەژانی دەروونی خۆی لەببات، کە لەو کۆتە جیاجیایانە پەیدابووە، کە بەسەریدا دەسەپێنرێت، لەبەر ئەوە دەبینین ئەو منداڵانەی کە لە ماڵێکدا دەژین کە کۆت و فەرمانکردن و قەدەغەکردنی تێدایە زیاتر لە منداڵانی دیکە یاری دەکەن، هەروەها یاریکردن باشترین هۆکارە بۆ ڕەواندنەوەی خەمەکانی منداڵ.


هەروەها یاری چەندین سوودی دیکە بە منداڵ دەگەیەنێت، لەوانە:

  • یاریی گەشە بە لایەنی مەعریفی و توانای ئەفراندن و داهێنانەکانی منداڵ دەدات.
  • یاریی دەبێتە هۆی هەڵسەنگاندنی ئاکاری منداڵو، کێشەکانی لەمیانەی یاریەکانیدا دەدۆزێنەوە، کە تۆمار دەکرێن و هەڵدەسەنگێنرێن.
  • یاری دەبێتە هۆی ئەوەی ئەندامەکانی دەستی منداڵ ڕابێن و فێری شارەزایی نوێ ببن، هەروەها دەمار و ماسوولەکانی منداڵ و هەرزەکاران بەهۆی یاریکردنەوە بەهێز ببن.
  • یاریی یارمەتی منداڵ دەدات تاکو لە ڕووی زمانەوانییەوە گەشە بکات، چونکە لەگەڵ هەڤاڵانی دەکەوێتە گفتوگۆ و دانوستاندنەوە، بۆیە پەیتا پەیتا هزرەکانی گەشە دەکات.
  • یاریی هۆکاریكە بۆ ڕاهێنانی هەر پێنج هەستەکانی (بیستن، بینین، چەشتن، بۆنکردن، بەرکەوتن) و، زانینی نهێنییەکانی گێری کە لە دەوروبەری ڕوودەدەن.
  • یاریی دەبێتە هۆی چالاککردن و ئەکتیڤکردنی کاری ئەقڵ.
  • یاریی یارمەتی منداڵ دەدات بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و پەیوەندییەکی ئەرێنییانەی لە نێوان بەرزبوونەوەی ژیری و گەشەیەکی باشتری جەستەیی بۆ منداڵ.
  • یاریی یارمەتی منداڵ دەدات بۆ ڕاهێنانی لەسەر کۆششە پێویستەکانی جەستەیی و دەروونی بۆ کارکردن.
  • ئامادەکردنی منداڵ بۆ کاری جددی.
  • یاری دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ فێری زۆرێک لە بەها ئەخلاقییەکان ببێت، هەروەها یاری یارمەتی منداڵ دەدات، تاکو دەروونی خۆی لەو مەترسیانە بەتاڵ بکاتەوە کە هەیەتی هەمبەر شتەکانی دەوروبەر.
  • منداڵ لە ڕێگەی یاری بەکۆمەڵ و دەستەکۆیی و چاوەڕوانی کردن و نواندنی ڕۆڵی خۆی، فێری ئارامی و دانبەخۆداگرتن و ڕێزگرتن لە خولیاکانی ڕەفیقایەتی دەبێت و لە گۆشەگیری و شکاندنەوە و خۆپەرستی دووردەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە هاوسەنگی لە نێوان یارییە تاکەکەشییەکان و بەکۆمەڵەکان ڕابگیرێت.
  • هەروەها ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی زووە لەسەر یاریکردن ڕادێن زیاتر کۆمەڵایەتیترن و زیاتر قابیلەتی ئەوەیان هەیە کێشەکانی خۆیان بە دەستی خۆیان جارەسەر بکەن.
  • یاریی فاکتەرێکی بۆ بەهێزکردنی منداڵ لە ڕووی لەش و جەستەوە.
  • یاری فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی منداڵ لە ڕووی دەروونیەوە.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی منداڵ لە ڕووی هزرییەوە.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردنی منداڵ لە ڕووی هژیریی و هۆشییەوە.
  • یارییی فاکتەرێکە بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی منداڵ بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ خەڵک.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ ڕاهاتنی منداڵ لەسەر داب و نەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵگە.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ ڕاهاتن لەسەر کۆمەڵە چەمکێکی بەهاداری وەکو: هاوکاری و هەرەوەزی و خۆنەویستی و هاوبەشی و هاوسۆزی و دڵسۆزی و پشتیوانی و تەبایی و لێبوردەیی و گەشبینی و ...تاد.
  • یاری فاکتەرێکە بۆ ڕاهاتن لەسەر زمانپاراوی و ڕەوانبێژی.
  • یاری فاکتەرێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە خەمۆکی و دڵتەنگی و نیگەرانی و دڵەتەپێ و ڕاڕایی.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە گرێێە سۆزداری و دەروونییەکان.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ زیادبوونی کارامەیی داهێنان و ئەفراندن لە ناو ناخ و دڵ و دەروونی منداڵدا.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ پشتبەخۆبەستن و بڕوابەخۆکردن.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ بەتاڵکردنەوەی دەروون لە گرێیەکانی سۆزداری و دەروونی و کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ خۆناسین و خەڵک ناسین.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و قەیرانەکاندا.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ خۆدەرخستن و زیرەکی و توندوتۆڵی و گورج و گۆڵی.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ یارییە جیاجیاکان.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ دروستکردنی کێبەڕکێیەکی شەریفانە لە نێوان تاکەکان و تیمەکانیان.
  • یاریی و جووڵە باشترین فاکتەرن بۆ پاراستی تەندروستی و لەشجوانی.
  • یاریی فاکتەرێکە بۆ پەیداکردنی دۆست و هاوڕێ.
  •  


سەرچاوەکان



3289 بینین