هونەری مامەڵە کردن لەگەڵ بەرامبەر بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-06-14:56:00 - کۆدی بابەت: 2026
هونەری مامەڵە کردن لەگەڵ بەرامبەر بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

هونەری مامەڵە کردن لەگەڵ بەرامبەر بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

هونەری ناسینی بەرامبەر و ماڵەکردن لەگەڵیدا، بۆ مامۆستا زۆر گرنگە، چونکە پیشەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە، فێریان دەکات و دەستکاری ڕەوشت و جووڵە و گوفتاریان دەکات، مرۆڤەکانیش یەک جۆر نین لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت کردن، هەریەکەیان بە شێوەیەک فێردەبێت و تێدەگات، (هەیانە نەرمە هەیانە توندوتیژە، هەیانە بێدەنگە هەیانە ئاژاوە چی یە، هەیانە گوێگرە، هەیانە بەرەوڕووت دەبێتەوە..........هتد). هەموو مرۆڤێکیش پێویستە فێربکرێت و بەرەو چاکە ئاراستە بکرێت، نابێت کۆمەڵێك فێبکەین و پشت لە هەندێکیان بکەین. گرنگ ئەوەیە بەرامبەرەکەی خۆمان بناسین و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
بۆ ئەوەی لەگەڵ قوتابی سەرکەوتوو بیت، پێویستە ئەو شتە بە قوتابی بدرێت کە خۆی پێی خۆشە و خۆی دەیەوێت، نەوەک ئەو شتەی مامۆستا پێی خۆشە، یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکان بەناوی (دایل کارینجی) لە بابەتێکی خۆیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت ( زۆر حەزم لە ماسی گرتن دەکرد، هەموو ئەو خواردنە خۆشانەی کە خۆم پێم خۆش بوو، لە گەشتەکەم هێنابووم لەگەڵ خۆم، دەمکرد بە  قولاپی ماسی گرەکەوە، بەڵام هیچ ماسییەکم بۆ نەگیرا، پاشان بیرم کردەوە من دەبێت بۆ گرتنی ماسی ئەو خواردنە بکەم بە قولاپی ماسی گرتن کە ماسی خۆی پێی خۆشە نەک من، بۆیە هەندێ کرمم پەیدا کردوو کردم بە قولاپەکەوە و دەستم کرد بە ماسی گرتن)، مرۆڤەکانیش، هەر بەم شێوەیەن، کاتێک دەتوانیت سەرنجی بەرامبەر رابکێشیت، ئەگەر ئەو شتەیان پێ بدەیت کە خۆیان پێیان خۆشە.

ئەو شتانە چین کە کەسی بەرامبەر پێی خۆشە
١- کەس حەز ناکات ئامۆژگاری بکرێت لە ناو کۆمەڵێک خەڵک.
٢- خەڵک حەز دەکەن گەر هەڵەت کرد، دان بە هەڵەکەت دابنێیت.
٣- خۆت بە گەورە مەزانە، چونکە بەرامبەر هەست دەکەن تۆ بچوکیان دەکەیتەوە.
٤- خراپەی خەڵک بەبیر خەڵک مەهێنەوە.
٥- دەستەواژەی (تۆ هەڵەیت)، (خەتای تۆ بوو) بەکار مەهێنە.
٦- بە گرینگی پێدانەوە لە بەرامبەر بڕوانە.
٧- بەدەم پێداویستی خەڵک برۆ  و هاوکاریان پێشکەش بکە.
٨- چاکەی بەرامبەر بۆ خەڵک باس بکە.
٩- هانی بەرامبەر بدە و دیاریان پێشکەش بکە.
١٠- بە زەردەخەنەوە بۆ بەرامبەر بڕوانە.

شارەزایانی بواری زانستی دەرونناسی گوێگریان  کردووەتە چەند دەستەیەک:
١- کەسی نارازی:
خاوەن کەسایەتیەکی شەرانگێزە، بە زۆر پرسیار کردن ڕووبەڕووت دەبێتەوە، بەردەوام کێشە دەخوڵقێنێ، قسەزانە.
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
دەبێت هێمن بین و هەڵنەچین، خۆت بەبەهێز بزانە لەبەرامبەری، قوتابی تر بهێنە ناو بابەتەکە و بەشداریان پێبکە.
٢-  کەسی هاوارکەر و بە گارەگار:
زۆربەیان زانیاریان هەیە لەسەر بابەتەکە، حەزی لە بەشداری کردنە،هەست بەوە دەکات مامۆستا پشتگوێی خستووە.
هەڵسوکەوت لەگەلیان:
شکانەوە و سەرکۆنە کردن بۆ ئەمانە باش نیە، بە پرسیاری گران بەشداری پێبکە، بە نەرمی داوای لێبکە دانیشێت.
٣- کەسی دەمامکاوی:
ناتوانێت بۆچونەکانی خۆی بە جوانی دەربڕێت، پێویستی بە یارمەتیە، ڕاڕاو دوودڵە.
هەڵسوکەوت لەگەلیان:
پێویستە دەربرینی بۆ ڕاست بکرێتەوە و پێی دووبارە بکرێتەوە، هانبدرێت و دەستخۆشی لێبکرێت.
٤- کەسی راڤەکەر:
زۆر بە دوای شتدا دەڕوات، لەوانەیە مەبەستی بێزارکردنی بەرامبەر بێت، دەخوازێت بەرامبەرەکەی بخاتە ناو بڕیارێکی هەڵەوە، یان بەدوای ئامۆژگاریدا دەگەرێت.
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
لەگەڵی پێدانەچین و هەوڵی چارەسەری گرفتەکەی نەدەین، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی نەخەینە دەست، قوتابی تر لە گفتوگۆکە بەشداری پێبکەین.
٥- کەسی بێدەنگ:
بەشداریکەر نیە، خۆی بە گەورە دەزانێت، بێتاقەتە، بیری لە دەرەوەی پۆلە. 
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
پرسیاری لێبکە دەربارەی بۆچوونی خۆی، بۆ شیکردنەوەی ڕاهێنان هەڵیبسێنە، سوپاسی بکە بۆ بەشداریەکەی.
٦- کەسی عیناد:
لە بۆچوونەکانی خۆی دانابەزێ، خۆپەرستە، قسەی بەرامبەر وەرناگرێت.
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
بۆچوونەکانی بکە بە خاڵی گفتوگۆ لەگەڵ قوتابیەکانی تر، پێی بڵێ کە کات کەمە و بەش ناکات، داوای لێبکە گفتوگۆکانی بۆ دەرفەتێکی تر هەڵبگرێت.
٧- کەسی خاوەن قسەی لابەلا:
لەوانەیە بخوازێت ڕوونکردنەوە بدات، لەسەر شتی لابەلا و دوور لەبابەت قسە دەکات، بەبێ مۆڵەت وەرگرتن هەڵدەستێ.
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
بەسەرەخۆ مەیشکێنەوە، بیهێنە بۆ ناو بابەتەکە بەبێ ئەوەی هەست بکات، پێی بڵی بۆچوونی خۆی دەرببڕێت.
٨- کەسی نەرم و نیان:
شەرم بەسەریدا زاڵە، داوای لێبوردن  زۆر دەکات، زۆربەیان زیرەکن، هاوکاری کەرە.
هەلسوکەوت لەگەلیان:
بە چاکە باسی بکە لای هاوڕێکانی، پشتگوێی مەخە و پرسیاری ئاراستە بکە، ببە بە هاورێیەکی چاک بۆی.
٩- کەسی لووت بەرز:
دەم بە هاوارە، گوێگرێکی باش نیە، تانە زۆر دەدات، بەرامبەر دەشکێنێتەوە.
هەڵسوکەوت لەگەڵیان:
چاوت بەردەوام لەسەری بێت، پرسیاری قورسی ئاراستە بکە، هەندێ جار دەرکردنی لە پۆل باشە.


سەرچاوەکان



3576 بینین