پرس و ڕاوێژ نەکردن بە منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-07-17:55:00 - کۆدی بابەت: 2062
پرس و ڕاوێژ نەکردن بە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

پرس و ڕاوێژ نەکردن بە منداڵ

پرس و ڕاویژ کۆلەکەیەکی هەرە بەهێزی هەموو ماڵ و خێزان و کۆمەڵگەیەکە، تەنانەت ڕایەدار و دەوڵەتمەندانیش بەبێ پرس و ڕاویأ کارەکانی خۆیان ڕایی ناکەن و نامەشینن!
بۆیە هەر ماڵ و خێزانێک پرس و ڕاوێژی تێدا نەبێت و کار بەو پرەنسیپە نەکرێت، ئەو خێزانە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر ئاڵۆز و مەزن دەبێتەوە و ناتوانێ بەرامبەر کێشەکان خۆڕاگر بێت و زوو یان درەنگ کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستمی ژیانی ئەو خێزانە جێدەهێڵێت و دووریش نییە لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە، یان لێکبترازێت!

مخابن هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، برتییە لە پرس و ڕاوێژ نەکردن بە منداڵەکانیان، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە گەورە دەبن و دەزانن چاکە چییە و خراپە چییە و ڕەش چییە و سپ]ی چییە و تاڵ چییە و شیرین چییە.

ئەگەرەكانی پرس و ڕاوێژنەكردنی دایك و باوكان

ئەمەش بۆ چەند ئەگەرێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەم جۆرە دایک و باوکانە خۆیان لە منداڵەکانیان بە باڵاتر و گەورەتر و زاناتر و شارەزاتر دەزانن و پێیان وایە منداڵان مافی ئەوەیان نییە پرس و ڕاوێژیان پێ بکرێت.
  • کەمبینی و تەسکیبینی  و کورتبینی دایک و باوک.
  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • نادیدەگرتنی بەها مرۆڤییەکان.
  • هەبوونی گرێی دەروونی.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی.
  • نادیدەگرتنی فەزڵی پرس و ڕاوێژکردن.
  • نەبوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و پتەو لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان.
  • نەبوونی ژینگەیەکی تەندروست و لەبار بۆ پێکەوە ژیان.
  • نەبوونی سۆز و خۆشەویستی لە ناو خێزاندا.
  • زاڵبوونی هەستی خۆسەپاندن لە ناو خێزاندا.
  • ڕێزنەگرتن لە بۆچوونی جیاواز.

زیانەكانی

ئەڵبەتە ئەگەر پرس و ڕاوێژ بە منداڵان نەکرێت، بە تایبەتی کاتێ کە گەورە دەبن، هەروەها لەسەر ئەو بابەتانەش کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی ئەوانەوە هەیە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و، زیان بە بەرژەوەندی دایک و باوک و منداڵ  دەگەیەنێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ هەست دەکات پەراوێز و فەرامۆشکراوە.
  • منداڵ هەست بە دڵتەنگی و نیگەرانی دەکات.
  • هەستی خۆبەکەمزانین لای منداڵ دروست دەبێت.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بەخۆی و دایک و باوکی نامێنێت.
  • پرس نەکردن بە منداڵ، وا دەکات کە بڕیارەکانی خێزان بە کۆدەنگی نەدرێن و لایەک ڕای خۆی بەسەر لایەکی دیکەدا بسەپێنێت.
  • زەمینە ڕقئەستووری و رق و کینە لە ناو خێزاندا دەبێت.
  • خێزان ڕووبەڕووی کێشە و تەنگژە دەبێتەوە.
  • خۆشەویستی و سۆز و ڤیان لە نێوان ئەندامانی خێزاندا بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت.
  • منداڵەکان لە ڕووی زانستی و دەروونی و کۆمەڵایەتیی و هزرییەوە بە شێوەیەکی تەندروست گەشە ناکەن.
  • منداڵ لە زۆر ماف بێبەش دەبێت و ستەمی لێ دەکرێت، بە تایبەتی لەو بوارانەدا کە پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەیە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

دەبێ دایکان و باوکان درک بە گرنگی پرس و ڕاوێژ بکەن، چ لەگەڵ خۆیان، چ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزان، بە تایبەتی منداڵەکانیان، چونکە ئاستی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیان لە ژیاندا تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەستە بەو پرەنسیپەوە، جا بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بە شێوەیەکی تەندروست بڕیار بدەن و هەمووان لە ئاست جێبەجێکردن ئەو بڕیارانەدا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، هەروەها بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان لەوپەڕی تۆکمەیی و پتەویدا بێت، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • هەموو کارێک، بە تایبەتی ئەو کارانەی کە پەیوەندی بە مافەکانی منداڵانەوە هەیە، بە پرس و ڕاویژ لەگەڵ منداڵەکانیان یەکلایی بکەنەوە، واتە پرس و ڕاوێژ ببێتە بەردی بناغەی کارکردن و پێکەوەژیانی ئەندامانی خێزان.
  • خۆیان لە بڕیاری تاکلایەنە و تاکڕەوانە بپارێزن و خۆسەپێنەر نەبن.
  • پەلە نەکەن لە بڕیاردان.
  • ئاشنا بن بە مافەکانی منداڵ.
  • بەشێک لە بەرپرسیارییەتی بە منداڵەکانیان ببەخشن.
  • بە چاوێکی کەم سەیری منداڵەکانیان نەکەن.
  • ڕێز لە ڕاجیایی بگرن و دڵ و دەروون و سینە فراوان بن.
  • ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • میهرەبان و دڵسۆز بن بۆ منداڵەکانیان و خۆیان لە ستەم و زۆرداری بپارێزن.
  • پێویستە هەر لە سەرەتاوە منداڵان لەسەر پرەنسیپی پرس و ڕاوێژ ڕابێنن، بۆ ئەوەی کە گەورەبوون، بە شێوەیەکی کردەیی سەرەدەری لەگەڵ ئەو چەمکەدا بکەن و خۆیان لە هەموو جۆرە بڕیارێکی تاکڕەوانە و خۆسەپێنەرانە بپارێزن.
  • پرس و ڕاوێژ، هاوسەنگی و خۆشەویستی نێوان ئەندامانی خێزان بە گشتی و، دایکان و باوکان و منداڵەکانیان بە تایبەتی دەپارێزێت.


سەرچاوەکان



809 بینین