ستەمکردن لە منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-07-18:34:00 - کۆدی بابەت: 2069
ستەمکردن لە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ستەمکردن لە منداڵ

یەکێک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ستەمکردن و چەوساندنەوەی منداڵ، جا چ ستەمەکە ماددی بێت وەک بێبەشکردنی منداڵ لە مافی میرات و پێداویستییەکانی ژیان، وەک جلوبەرگی نوێ و کەلوپەلەکانی قوتابخانە و یاری، یان ستەمی مەعنەوی بێت وەک چەوساندنەوە و بێبەشکردن لە مافی ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و قسەکردن و خوێندن و فێربوون و ...تاد.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • بەهرەمەندبوون لە دڵڕەقی و توندوتیژی و شەڕەنگێزی.
  • لاوازی هەستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی.
  • هەبوونی گرێی دەروونی.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری.
  • بێ ئەزموونی و ناوشیاری.
  • ئاشنا نەبوون مە مافەکانی منداڵ.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • دوورکەوتنەوە لە بەها ئاینی و مرۆڤییەکان.
  • نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوە.
  • کارانەبوونی یاسا، بۆ بە سزاگەیاندنی ستەمکاران!
  • بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە و تۆڵەکردنەوە.
  •  

زیانەكانی

ئەڵبەتە ئەگەر دایک یان باوک، یاخود هەردووکیان واز لە ستەم و چەوساندنەوەی منداڵەکانیان نەهێنن و لاپەڕەیەکی تازە هەڵنەدەنەوە، زیانێکی زۆر بە منداڵەکانیان و خودی خۆیان و کۆمەڵگەش دەگەیەنن، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵ تا مردن، تامی ستەم و ستەمکاری دایک و باوکی دەچێژێت.
  • منداڵ هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • منداڵ زۆرێک لە مافەکانی خۆی لەدەست دەدات.
  • منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست گەشە ناکات، بە تایبەتی لە ڕووی سۆزداری و دەروونی و زانستی و هزرییەوە.
  • منداڵ فێرە ڕق و کینە دەبێت و هەستی تۆڵەسەندنەوە بەسەریدا زاڵ دەبێت.
  • تاوان و کەتن لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەبێت.
  • منداڵ ڕقی لە دایک و باوک و کەسانی دیکە دەبێتەوە.
  • منداڵ دووچاری نیگەرانی و ڕەشبینی و خەمۆکی دەبێت.
  • منداڵ پەنا بۆ کاری ناڕاست و هەڵە دەبات.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێش هەموو کەسێک، دەبێ دایک و باوک دەست لە ستەمکردن هەڵگرن و ستەم لە منداڵەکانیان نەکەن و نەیانچەوسێننەوە، بۆ ئەوەی شکۆی منداڵەکانیان پارێزراو بێت و بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکەن و نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و وشیار و بێدار و پێگەیشتوو و تێگەیشتوو و پێشکەوتوو و سەرکەوتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن و چاویان پێ ڕۆشن بێت و سەریان پێ بەرز بێت.
جا بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەیان بێتەدی، پێویستە دایکان و باوکان ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • نابێ توخنی ستەم و زۆرداری بکەون.
  • دەبێ ئاشنا بن بە مافەکانی منداڵ، چونکە زۆرجار بەهۆی نەزانینەوە مافەکانیان پێشێل دەکریت و پشتگوێ دەخرێت.
  • دەبێ ئاستێکی بەرزی زانستی و ڕۆشنبیرییان هەبێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست و پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ ڕێز لە کەسایەتی و شکۆی منداڵەکانیان بگرن.
  • پێش هەموو شتێک، دەبێ وەک مرۆڤ سەیری منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ دایک و باوکەکان تا ئەوپەڕی توانا دادگەر و دادپەروەر بن و جیاکاری لە نێوان منداڵەکانیان نەکەن.
  • دەبێ سۆز و خۆشەویستی خۆیان بە منداڵەکانیان ببەخشن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەما پەروەردەیی و زانستییەکان.
  • دەبێ لە کاتی سەرهەڵدانی هەر جۆرە تەنگژە و کێشە و بگرە و بەردەیەکی خێزانیدا، خۆیان بەدوور بگرن لە توندوتیژی و قسەی زبر و شەڕەنگێزی.
  • دەبێ بە زمانی گوڵ قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ لە ئەرک و کارەکانیدا ئارام و دانبەخۆداگر بن، چونکە پەروەردە و فێرکردنی منداڵ ئەرکێکی سەخت و دژوارە.
  • دەبێ دایک و باوک خۆیان بەدوور بگرن لە هەستی تۆڵەسەندنەوە.
  • نابێ کێشەی خێزانی ببێتە هۆی ستەمکردن لە منداڵان و کەسانی دیکە. 
  • دەبێ دایک و باوک مافە ماددی و مەعنەوییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن و ئەو بەرپرسیارییەتە لە ئەستۆ بگرن.
  • دەبێ کێشەکانیان بە پرس و ڕاوێژ چارەسەر بکەن.
  • دەبێ لە کاتی پێویستدا پرس و ڕاوێژ بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن.


سەرچاوەکان



740 بینین