نەبوونی متمانە لەنێوان دایک و باوک و منداڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-07-18:41:00 - کۆدی بابەت: 2070
نەبوونی متمانە لەنێوان دایک و باوک و منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

نەبوونی متمانە لە نێوان دایک و باوک و منداڵ

ڕاستگۆیی و متمانە بەیەکترکردن و پشت بە یەکتر بەستن بەردی بناغەی خێزانێکی توکمە و بەختەوەرە، بەڵام مخابن! لەم ڕۆژگارە جەنجاڵەدا، خەریکە ئەم پارە مەحکەمە لەق دەبێت!
یەکێک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە نەبوونی پردی متمانە لە نێوان ئەوان و منداڵەکانیان، واتە جۆرە بێ متمانەیی و بەدگومانییەک لە نێوانیاندا هەیە و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی دوەتەوە و ڕەگی داکوتاوە، تاوانی نەبوونی ئەو متمانەیەش، زیاتر لە ئەستۆی دایک و باوکەکانە، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

هۆكارەكانی ئەم دیاردە

  • دایکان و باوکان لە گوفتار و ڕەفتار و کرداریاندا ڕاستگۆنین و زۆرجار بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی منداڵەکانیان، وەردەدەن.
  • خەڵک دەست لە کاروباری ژیانی ئەو جۆرە خێزانانە وەردەدات.
  • ڕاستنەکردنەوەی هەڵەکان و درێژەدان بە هەڵە و کەموکوڕییەکان.
  • چارەسەر نەکردنی کێشەکان بە دانوستان و گفتوگۆ.
  • نەبوونی لێبوردەیی و بەخشندەیی.
  • خۆشباوەڕی و کەمبینی.
  • پەلەکردن لە بڕیاردان.
  • کەڵەکەبوونی کێشەکان و مانەوەیان بە بێ چارەسەرکردن.
  • نەبوونی ژینگەیەکی تەندروست بۆ پێکەوە ژیانی ئەندامانی خێزان.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • هەژاری و دەستکورتی.
  • هەڵبژاردنی هاوڕێی خراپ لە لایەن منداڵەوە.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • نەڕەواندنەوەی گومانەکان.
  • چارەسەرکردنی هەڵە بە هەڵە.

كێشە و گرفتەكانی

ئەڵبەتە ئەگەر پردی متمانە لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکان نەبێت، ڕووبەڕووی زۆر کێشە و گرفت دەبنەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • بەدگومانی و دڵپیسی، شوێنی متمانە و بڕوا بە یەکترکردن دەگرێتەوە.
  • دایک و باوک و مندالەکانیان ناتوانن پشت بە یەکتری ببەستن.
  • لە کار و ئەرک و بەرپرسیارییەتیەکاندا سەرکەوتوو نابن.
  • خەڵک زیاتر دەست لە کاروباریان وەردەدات.
  • خۆشەویستی و سۆز و ڤیان لە ناو خێزاندا نامێنێ.
  • دایک و باوک و منداڵەکانیان لێکدەترازێن و ناتوانن پێکەوە بسازێن.
  • دایک و باوک و منداڵەکانیان ناتوانن پێکەوە هاوکار بن و ببنە پشت و پەنای یەکتری.
  • نەبوونی متمانە دەبێتە سەرچاوە بۆ سەرهەڵدانی زۆر کێشەی دیکەی کۆمەڵایەتی.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ دروستکردنی پردێکی پتەوی متمانە لە نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگیرێن:

  • فەراهەمکردنی کەش و هەوایەکی گونجاو بۆ گشت ئەندامەکانی خێزان، بۆ ئەوەی وەک هەنگ پێکەوە بەشداربن لە دروستکردنی هەنگوینی شیرینی ڤیان و ژیان!
  • خۆ دوورخستنەوە لە گومانی خراپ و هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەما.
  • چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە.
  • پێویستە خۆشەویستی و لێبوردەیی و سینەفراوانی ببێتە بەردی بناغەی پێکەوە ژیان و هەوێنی پێکەوە مانەوە.
  • دوورخستنەوەی منداڵ لە هاوڕێ و ڕەفیقی خراپ.
  • ڕێزگرتن لە بۆچوونی یەکتری، تەنانەت ئەگەر ڕا و بۆچوونەکانیشیان جیاواز بن.
  • پەلەنەکردن لە بڕیاردا، تا ڕاستییەکان ساغ نەبنەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە هەڵە، بە تایبەتی هەڵەی ئەنقەست.
  • خۆپاراستن لە پەرتەوازەیی و گۆشەگیری و دوورەپەرێزی.
  • خۆ دوورخستنەوە لە خۆسەپاندن و تاکڕەوی.
  • چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنەوەیان بە هەلپەسێردراوی.
  • ڕەواندنەوەی گومان و تارماییەکان لە ڕێگەی خستنە ڕووی ڕاستییەکانەوە.
  • خۆدوورخستنەوەی لە کەرب و کین و تۆڵەسەندنەوە.


سەرچاوەکان



1386 بینین