گەورەکردنی زیاد لەپێویستی کارەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-07-18:49:00 - کۆدی بابەت: 2071
گەورەکردنی زیاد لەپێویستی کارەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گەورەکردنی شتەکان زیاد لە ئەندازەی خۆی

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە گەورەکرنی شتەکان، زیاد لە ئەندازەی خۆی، واتە مێش دەکەن بە گامێش و نیسک دەکەن بە گیسک و شتەکان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەکەن.
بۆ نموونە: منداڵ لە وانەیەک، نمرەیەکی کەم بەدەستدەهێنێت، جا لە بری ئەوەی دایک و باوکی منداڵەکە هانی بدەن و باری سووک کەن و پێی بڵێن ڕۆڵە: خەم مەخۆ، هیچ نییە، ئەگەر زیاتر سەعی بکەیت و زیاتر خۆت ماندووکەیت، نمرەکەت بەرز دەکەیتەوە، ئێمەش ئەوەی لەدەستمان دێت بۆ تۆ درێغی ناکەین، کەچی دەیکەن بە هەڵڵا و بۆڵە بۆڵ و پێی دەڵێن: تۆ بە کەڵکی قوتابخانە نایەیت، دەمانزانی تۆ کەسێکی فاشیلیت، دەمانزانی هیچ نازانیت، دەمانزانی سەرمان شۆڕدەکەیت و بە دەیان دەمانزانی دیکە ڕیز دەکەن و ورەی منداڵ تا سەر سفر دەڕووخێنن و قوتابخانە و خوێندن لە بەرچاوی ڕەش دەکەن.

هۆكارەكانی ئەم حاڵەتە

ئەڵبەتە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • بڕوا و متمانە بەخۆ نەبوون.
  • بە چاوێکی کەم سەیرکردنی منداڵ.
  • بۆ سەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە بە لای خۆیاندا.
  • هەستکردن بە خۆبەکەمزانین.
  • خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
  • ئاشنا نەبوون بە ئەرک و مافەکانی منداڵ.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی زانستی ئەو جۆرە دایک و باوکانە.
  • حەزیان لەوەیە مێش بکەن بە گامێش و شتەکان لە ئەندازەی خۆیان گەورەتر بکەن.

زیانەكانی

ئەڵبەتە گەورەکردنی شتەکان زیاد لە ئەندازەی خۆی، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و خێزان دەگەیەنێت، لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

  • سەر لە منداڵ دەشێوێنێ.
  • پاڵ بە منداڵەوە دەنێ کەوا درۆ بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە کێشەکان ڕزگار بکات.
  • منداڵ بە سەقەتی پەروەردە دەبێت.
  • منداڵ لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە کە گەورە بوو هەمان ڕۆڵی ئەوان دەگێڕێت و پێ لەو ئاوە دەخشێنێ، کە ئەوان ڕشتوویانە!
  • منداڵ فێرە خۆدزینەوە دەبێت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا.
  • باری منداڵ قورس دەبێت.
  • منداڵ لە هەمبەر دایک و باوکی ڕقئەستوور دەبێت.
  • منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات و لە ژیانیا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

نابێ دایکان و باوکان شتەکان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر بکەن، بۆ ئەوەی ورەی منداڵ نەڕووخێ و هەست بە ناکامی و شکست نەکات،
جا بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • کێشەکان وەک خۆی وەرگرن، نەک وەک خۆیان دەخوازن.
  • دەبێ سنووری هەر کێشەیەک بزانن.
  • بەشێک بن لە چآرەسەر، بەشێک نەبن لە کێشە.
  • درک بە زیانەکانی گەورەتر کردنی کێشەکان بکەن.
  • خۆیان لە خۆسەپاندن بپارێزن.
  • زوو زوو بڕیار نەدەن، تا نەکەونە هەڵە و تەڵەوە.
  • خۆیان ئاشنا بکەن بە بنەماکانی پەروەردە و فێرکردنەوە.
  • خۆیان لە زێدەبێژی بپارێزن.
  • کارێک لە منداڵ داوا بکەن، کە لە توانای ئەودا بێت.
  • لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەرنەچن.
  • دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکارنەهێنن.
  •  


سەرچاوەکان



633 بینین