لاسایی کردنەوەی کەسانی دیکە لە پەروەردەکردنی منداڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-08-18:38:00 - کۆدی بابەت: 2089
لاسایی کردنەوەی کەسانی دیکە لە پەروەردەکردنی منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

لاساییکردنەویە خەڵکانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە لاساییکردنەوەی خەڵکانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا، واتە دایک و باوکەکان خاوەن پلان و ستراتیژ و تەکتیکی خۆیان نین، بۆیە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیاندا، پشت بە کەسانی دەوروبەری خۆیان دەبەستن، ئەمەش هەڵەیەکی گەورە و کوشندەیە، چونکە ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی و ژینگەی خێزانی هەر تاکێک لە تاکێکی دیکە جیاوازە، بۆیە پێویستە ئەو جیاوازیانە لەبەرچاو بگیرێن و نابێ پەروەردەی خێزان بۆ خێزانێکی دیکە، یان تاکێک بۆ تاکێکی دیکە کۆپی بکرێت.
دەکرێ مرۆڤ سوود لە ئەزموونی خەڵکانی دیکە وەربگرێت، بەڵام ناکرێت منداڵەکانی خۆی، بکات کۆپی منداڵانی ئەوان.

هۆكارەكانی

ئەڵبەتە ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • نەبوونی پلان و بەرنامە و ستراتیژێکی گونجاو بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵ.
  • لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی و پەروەردەیی دایک و باوک.
  • ئەم جۆرە دایک و باوکانە بڕوا و متمانەیان بە خۆیان نییە، بۆیە هەمیشە چاو لە کەسانی دیکە دەکەن و پشت بە کەسانی دیکە دەبەستن.
  • هەبوونی حەزی لاساییکردنەوە و نەبوونی بیرۆکەی داهێنان و ئەفراندن.
  • لەبەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندی منداڵ.
  • ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • نەبوونی ژینگەیەکی لەبار بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵ
  • بڕوا و متمانە بەخۆ نەبوون و هەبوونی هەستی خۆبەکەمزانین.
  • دەستوەردان لە کاروباری خێزان.
  • نەبوونی پاشخانێکی هزری و زانستی و پەروەردەیی.
  • لەبەرجاونەگرتنی تایبەتمەندییەکانی مندال.
  • سوود وەرنەگرتن لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ.

بێگومان ئەگەر دایکان و باوکان لەسەر ئەم ڕێڕەوە هەڵەیە بەردەوام بن و لە کارە ورد و درشتەکانی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان، لاسایی ئەم و ئەو بکەنەوە و شانی خۆیان نەدەنە بەر ئەم بەرپرسیارییەتیە مەزنە، ئەوا منداڵەکانیان ڕووبەڕووی قەیران و کێشە دەبنەوە.

كێشەكانی

گرنگترین ئەو کێشانەش دەتوانین لە چەند خاڵێکدا چرکەینەوە:

  • ڕەچاوی جیاتاکییەکانی منداڵ ناکرێت.
  • منداڵ بە شێوەیەک پەروەردە دەبێت، کە خەڵکانی دیکە گەرەکیانە، نەک دایک و باوک.
  • ناتوانرێت وەک پێویست سوود لە توانا و بەهرەکانی منداڵ وەربگیرێت.
  • مندال ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی زۆر دەبێتەوە.
  • کێشە بۆ خێزان و دایک و باوک دروست دەبێت و بەدەست کێشەکانەوە گیرۆدە دەبن.
  • هەمیشە چاویان لە دەستی ئەم و ئەو دەبێت.
  • لە ئایندەدا کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت، چونکە وەک پێویست ناتوانێ سوود لە بەرهە و تواناکانی ئەم جۆرە منداڵانە وەربگیرێت.
  • باری سەر شانی منداڵ قورس و گران دەبێت.
  • دایک و باوکەکان بڕوا و متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن.
  • منداڵ و دایک و باوک لە ژیانی خۆیاندا سەرکەوتوو نابن.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

گەورەترین ئەرکی دایکان و باوکان بریتییە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵ لەسەر بناغەیەکی زانستی و پەروەردەیی، چونکە یەکەم وێستگە و قۆناغی پەروەردەکردنی منداڵ لە ناو خێزان دەستپێدەکات و یەکەم بەردی ئەم بناغەیەش لەسەر دەستی دایکان و باوکان دێتە دانان.

بۆیە هەر جۆرە خەمساردی، بێباکی و کەمتەرخەمییەک لە لایەن دایکان و باوکانەوە هەبێت، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پەروەردە و فێرکردن و گەشەی منداڵ جێدێڵێ، جا بۆ ئەوەی دایک و باوک لە کاتی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیاندا، بتوانن پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و خاوەن پلان و بەرنامە و ستراتیژ و تێڕوانین و دیدگەی خۆیان بن، دەبێ ئەم هەنگاوە گرنگانە بهاوێژن:

  • دەبێ پلان و دیدگەیەکی تۆکمەی زانستی و پەروەردەییان هەبێت.
  • بە پلەی یەکەم پشت بە بەهرە و تواناکانی خۆیان ببەستن.
  • دەبێ تا ئەوپەڕی توانا، خۆیان لە چاولێکەری بپارێزن، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیاندا.
  • پێویستە ژێرخانی هزری و زانستی و پەروەرەدیی خۆیان بەهێز بکەن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ لە کاتی پێویستدا سوود لە ئەزموون و توانای کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ، بۆ  ئەوەی بەپێی گەشەی هەر قۆناغێک سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن.
  • دەبێ ڕەچاوی تایبەتمەندی و جیاتاکییەکانی منداڵەکانیان بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک تا ئەوپەڕی توانا، پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ و هاوسۆز و هاوهەڵوێست بن، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.
  • دەبێ ڕەچاوی ئەو ژینگەیە بکەن، کە منداڵ تێێدا گەشە دەکات، هەروەها نابێ منداڵ بەو پێوەرانە هەڵبسەنگێندرێت، کە کەسانی دیکەی پێ هەڵدەسەنگێنرێت!
  • نابێ منداڵ بکرێتە کۆپی کەسێکی دیکە و وا پەروەردە بکرێت کە وەک ئەو بیربکاتەوە و هەڵسوکەوت بکات.
  • نابێ منداڵەکانیان بە منداڵانی دیکە بەراورد بکرێن.

 


سەرچاوەکان



1049 بینین