فێڵکردن و شاردنەوەی ڕاستی لە منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-08-18:41:00 - کۆدی بابەت: 2090
فێڵکردن و شاردنەوەی ڕاستی لە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

فێڵ کردن لە منداڵ و شاردنەوەی ڕاستییەکان

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە فێڵ لە منداڵ کردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان لێی، واتە هەندێ دایک و باوک لە ژیانی ڕۆژانەدا، کاتی ڕەفتار و سەرەدەریکردن، فێڵ لە منداڵ دەکەن و هەوڵ دەدەن چەواشە و بەلاڕێیدا ببەن، ئەمەش یان لە نەزانینەوەیە، یاخود بە ئەنقەس گەرەکیانە هەندێ ڕاستی لە منداڵ بشارنەوە و هەندێ هەڵە وەک ڕاستی، بە منداڵ بناسێنن، لە هەموو حاڵەتەکانیشدا، زەرەرمەندی یەکەم خودی منداڵەکەیە، ئینجا دایک و باوک و کۆمەڵگە.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • خەمساردی و بێباکی.
  • ناوشیاری و لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوە.
  • خۆسەپاندن و چەوساندنەوە.
  • نەخوێندنەوەی منداڵ وەک خۆی.
  • فێڵبازی و تەڵەکەبازی.
  • هەبوونی پەروەردەیەکی ناتەندروست.
  • گەورەبوونی دایک و باوک لە ژینگەیەکی ناتەندروست و ئاڵۆزدا.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • بەکارهێنانی منداڵ بۆ بەرژەوەندی کەسی، وەک دەرۆزەپێکردن و پارە کۆکردنەوە و بازرگانی پێکردن و ...تاد.

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک، فێڵ لە منداڵ بکەن، گورزێكی کوشندە لە منداڵ دەوەشێنن! ئینجا لە خۆیان و کۆمەڵگەش بە گشتی.

كێشەكانی

کە لە چەند خاڵیکدا کورتیان دەکەینەوە:

  • منداڵ متمانەی بە دایک و باوکی و کەسانی دەوروبەری نامێنێ و دووچاری بەدگومانی و دڵپیسی دەبێت.
  • منداڵ لە دایک و باوکییەوە فێرە فێڵ و حیلەکردن دەبێت.
  • منداڵ لە ڕاستی و ڕاستگۆیی دوور دەکەوێتەوە.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێ.
  • منداڵ دووچاری لاساری دەبێت.
  • لە ژیانیدا سەرکەوتوو نابێت و ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

فێڵکردن وەک ژەهردارکردنی خواردن وایە، ئەگەر خواردنێکی پاک و تەندروست ژەهردار بکرێت و دەرخواردی منداڵان بدرێت، مەترسییەکی گەورە لەسەر جەستەی منداڵ دروست دەکات، هەروەها ئەگەر لە کاتی پەروەردەکردنی منداڵدا، فێڵی لێبکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی هزر و ناخ و دەروونی منداڵ ژەهراوی بێت و نەتوانێ وەک کەسێکی دەستپاک و ئەمانەتپارێز و ناخپاک و زمانپاک لە پێشڤەبردنی گەل و نیشتیمانیدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان پێویستە خۆ لەم جۆرە فرت و فێڵانە بپارێزن، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاویژن: 

  • لە هەموو حاڵەتەکاندا لەگەڵ منداڵەکانیان ڕاستگۆ بن و فێڵیان لێ نەکەن.
  • متمانەیەکی باش لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان دروست بکەن.
  • وەک دۆست و هاوڕێ، سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن.
  • هەر بابەتێک پێویستی بە ڕازیکردنی منداڵ هەبوو، هیچ شتێکی لێ نەشارنەوە و لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵی باس بکەن.
  • کارێکی وا نەکەنکە مندال هەست بکات، دایک و باوکی لەگەڵیدا ڕاستگۆ نین.
  • سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستی بن بۆ منداڵەکانیان.
  • کارەکانیان بە پرس و ڕاوێژ ئەنجام بدەن.
  • دەبێ دایکان و باوکان بزانن کە وا منداڵ زۆر وشیارترە لەوەی کە فێڵی لێ بکرێ، ڕەنگە ئەوان بتوانن جارێک یان چەند جارێک هەڵی بخەڵەتێنن، بەڵام قەت ناتوانن تا سەر هەڵی بخەڵەتێنن! چونکە بە ئاسانی دەتوانێ پەی بە فرت و فێڵی دایک و باوکی ببات!
  • دەبێ دایک و باوک بزانن هەر تەنیا منداڵ لەم جۆرە فت و فێڵانە زیانمەند نییە، بەڵکو خۆشیان و کۆمەڵگەش لێی زیانمەند دەبن و جۆرێک لە بێ متمانەیی و بێ بڕوایی دروست دەبێت و هەمووان بە چاوی گومانەوە سەیری یەکتری دەکەن و ژیان دەبێت بە ژان.


سەرچاوەکان



679 بینین