جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-13:13:00 - کۆدی بابەت: 2120
جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

جێبەجێکردنی گشت داواکارییەکانی منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە جێبەجێکردنی گشت داواکارییەکانی منداڵ، بە واتایەکی دیکە، هەرچی منداڵ فەرمان بکات، دایک و باوکی بێ سێ و دوو بۆی جێبەجێ دەکەن.

هۆكارەكانی

ئەمەش بۆ چەنین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە منداڵەکانیان بە ناز پەروەردە کردووە و حەز ناکەن شتێک بکەن بە دڵنیان نەبێت یان دڵیان بڕەنجێت.
  • پێیان وایە بەو شێوازی دەتوانن زیاتر خزمەت بە منداڵەکانیان بکەن و سەرنجیار ڕاکێشن،
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە پارەدار و دەوڵەمەندن و پارە بەسەر منداڵەکانیان هەڵدەڕێژن.
  • چاو لەم و لەو دەکەن.
  • دڵناسک و هەستیارن.
  • ڕەنگە پێشتر منداڵیان لێ مردبێت و ترسی ئەوەیان هەبێت ئەم حاڵەتە دووبارە و چەندبارە ببێتەوە.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە ئاشنا نین بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • ئاستی زانستی و ڕۆشنبیرییان لاوازە.
  • بیر لە ئایندەی خۆیان و منداڵەکانیان ناکەنەوە، واتە کەسانی دووربین و واقعبین و وردبین نین.

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک لەسەر ئەو ڕێڕەوە هەڵەیە بەردەوام بن و هەرچی منداڵەکانیان داوایان کرد. ئەوان بە بێ سێ و دوو بۆیان جێبەجێ بکەن، ئەوسا نەک هەر تەنیا منداڵەکانیان، بەڵکو خودی دایک و باوکەکە و خێزان و کۆمەڵگەش دووچاری زیان دەبێت و بە زیانی هەموو لایەک تەواو دەبێت.

زیانەكانی

گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • منداڵ تا مردن هەر چاوی لە دەستی ئەم و ئەو دەبێ و ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی نابێت و هەوڵ دەدات لەسەر حسابی ئەوانی دیکە بژیێت.
  • منداڵ هیچ کارێک بە تەواوی ناباتە سەر و تاقەتی نابێت لە هیچ کارێکدا بەردەوام بێت و داهێنان بکات.
  • منداڵ لە بری بەخشین، فێرە سواڵکەری دەبێت.
  • منداڵ قەدری ناز و نیعمەتەکانی خوا نازانێت، چونکە بە ئاسانی دێنە بەردەستی!
  • دایک و باوکەکان ناتوانن سوود لە بەهرە و توانای منداڵەکانیان وەرگرن.
  • هەمیشە مندال بۆ دایک و باوکی دەبێتە بارگرانی و زۆرجاریش دەبێتە کێشە  و گرفت و سەرئێشە!
  • هاوسەنگی ناو خێزان تێکدەچێ و بەرەو هەڵدێر دەچێت.
  • کۆمەڵگە بە بوونی ئەم جۆرە کەسانە زەرەرمەند دەبێت، چونکە لە هەموو تەمەنەکان و لە هەموو شوێنێکدا دەبن بە کێشە نەک چارەسەر.
  • حەزەکانی منداڵ تێر نابن و هەرچی بۆی دابین بکرێت، ئەو زیاتر دەخوازێ و زێدەتر داوا دەکات و فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر دایک و باوکی.
  • ئەو جۆرە منداڵانە لە ئەرک و کار و ژیانی خۆیاندا سەرکەوتوو نابن و هەمیشە بەرەو ڕووی کێشە و ئاستەنگەکان دەبنەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

جێبەجێکردنی گشت داواکارییە ورد و درشتەکانی منداڵ، لە لایەن دایک و باوکییەوە، هاوسەنگی ژیان تێکدەدات و منداڵ بە شێوەیەک بار دێنێت، کە نەتوانێ لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ و پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێ.
جا بۆ ئەوەی زیان لە نیوە بگەڕێتەوە و هەم دایک و باوکەکان، هەمیش منداڵ دووچاری زیانی زیاتر نەبێت، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە دایک و باوک لە هەموو کارێکدا میانڕەو بن و خۆیان لە زێدەڕۆیی کردن بپارێزن.
  • پێویستە بزانن چ داوکارییەکی منداڵ ڕەوایە، چ داواکارییەکیشی ناڕەوایە، بۆ ئەوەی داوا ڕەواکانی جێبەجێ بکەن و داوا ناڕەواکانیشی فەرامۆش بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک لە ڕێگەی دانوستانەوە، منداڵەکانیان تێبگەیەنن کە سروشتی ژیان ئاوایە، ناکرێ هەموو شتێک بە دڵی مرۆڤ بێت و هەر داواکارییەکی مرۆڤ هەیبوو، جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەمە ئەستەم و مەحاڵە، ئەگەر بشکرێ تا سەر بەردەوام نابێت.
  • دەبێ دایک و باوک هەست بەو مەترسییە بکەن کە جێەبجێکردنی گشت داواکارییەکانی مندال، چ زیانێکی دەبێ و چ کارەساتێک بە دوای خۆیدا دێنێت.
  • دەبێ دایک و باوک خۆیان لە بەناز پەروەردەکردنی منداڵ بپارێزن، تەنانەت ئەگەر تاقانەش بێت، چونکە زیانی زۆرترە لە قازانجی،
  • لە ڕێگەی پرس و ڕا و بە حیکمەت و لێزانی و بە لێکتێگەیشتن بڕیار بدەن و نەکەونە ژێر کاریگەری ئەم و ئەو.
  • خۆیان لە چاولێکەری کوێرانە بپارێزن.
  • خۆیان ئاشنا بکەن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • لە کاتی پێویستدا، سەردانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکەن.
  • پێویستە ئاشنا بن بە مافەکانی منداڵ و پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی، بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ماف و پێداویستییانە هەنگاو بنێن.


سەرچاوەکان



649 بینین