بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-19:22:00 - کۆدی بابەت: 2129
بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون

ناوه‌ڕۆك

بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون. ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەژاری و دەستکورتی.
  • فاکتەری کولتوری.
  • پیاوسالاری و گەورە سالاری.
  • کار کردن بە منداڵ.
  • دووردەستی و هەبوونی کێشەی هاتوچۆ.
  • هەست نەکردنی دایک و باوک بە بەرپرسیارییەتی.
  • خەمساردی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
  • بەهەند وەرنەگرتنی خوێندن.
  • دواکەوتوویی و پاشکەوتن.
  • هەبوونی جەنگ و نەبوونی ئاسایش.
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی مرۆڤ و منداڵ.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون بێبەش بکرێت و لە قوتابخانە دابڕێت، جگە لە منداڵ، دایک و باوکی و کۆمەڵگەش بە گشتی ڕووبەڕووی زیانێکی زۆر دەبێتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون بێبەش دەبێت.
  • منداڵ ناتوانێ بەرگەی تەحەدییاتەکانی ژیان بگرێت.
  • منداڵ بە کولەمەرگی و چەرمەسەری ژیان بەسەر دەبات.
  • بەهرە و توانا زەینی و هۆشی و هزری و زانستییەکانی منداڵ وەک پێویست گەشە ناکەن.
  • منداڵ ناتوانێ وەک پێویست خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگە بکات.
  • منداڵ لە ئاستێکی بەرزی زانستی و ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشی بەهرەمەند نابێت.
  • منداڵ زوو زوو لە لایەن کەسانی دیکەوە دەستخەڕۆ دەکرێت.
  • منداڵ متمانەی بە خۆی نامێنێت.
  • منداڵ لە ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕووی زۆر کێشە و ئاستەنگی جیاجیا دەبێتەوە.
  • کۆمەڵگە لە توانا و وزە و بەهرەکانی بێبەش دەبێت.
  • لە ئایندەدا ناتوانێ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو، منداڵەکانی خۆی پەروەردە بکات.

چارەسەری ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی منداڵ لە مافی خوێندنو  فێربوون بێبەش نەبێت و بتوانێ لێی بەهرەمەند بێت، پێویستە لەسەر دایکان و باوکان ئەم خاڵانی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • دەبێ دایکان و باوکان بۆ خوێندن و فێربوونی منداڵەکانیان، پلان و ئاماجیان هەبێت.
  • خوێندن و فێربوون مافێکی سەرەکی و بنەڕەتی منداڵە، بۆیە نابێ دایک و باوک ئەو مافە لە منداڵ بستێنن.
  • پێویستە دایک و باوکەکان گشت ئاسانکارییەک بۆ منداڵ بکەن، بە ڕەگەزی نێر و مێیەوە، بۆ ئەوەی لە خوێندن و فێربوون دانەبڕێت.
  • نابێ دایک و باوک بە پاساوی هەژاری و دەستکورتی، یان دووری قوتابخانە لە ماڵەوە، یاخود نەریت و کولتەری کۆمەڵگە، منداڵ لە خوێندن و فێربوون بێبەش بکەن، یان لە قوتابخانە دەری بهێنن.
  • نابێ خوێندن و فێربوونی منداڵ بکرێتە قۆچی قوربانی هیچ شتێکی دیکە.
  • دەبێ دایک و باوکەکان هەموو ئەو ئاستەنگ و کۆسپانە وەلاوە بنێن کە دەکەونە سەر ڕێگای خوێندن و فێربوونی منداڵ.
  • نەک هەر نابێ دایک و باوکەکان هۆکار بن بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵەکانیان لە قوتابخانە و خوێندن و فێربوون، بەڵکو پێویستە تا ئەوپەڕی توانا، هەوڵدەن باشترین و بەهێزیترین و نایابترین جۆری خوێندن بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر بکەن، تاکو هاوشانی قوتابخانە، بتوانن نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پشتبەخۆبەستوو پێبگەیەینن و تێبگەیەینن.


سەرچاوەکان



5870 بینین