پەروەردەی منداڵ ئەركە و لێدانی هەڵەیە

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-14:16:00 - کۆدی بابەت: 2150
پەروەردەی منداڵ ئەركە و لێدانی هەڵەیە

ناوه‌ڕۆك

پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکە، لێدانیش هەڵەیە

پەروەردەکردنی منداڵ یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکانی لای زانایانی دەروونناس کە لە کۆنەوە جێگەی مشتومڕی خەڵکانێکی زۆر بووە هەتاکو ئەمڕۆش هەرچەندە باس و لێکۆڵینەوە و میتۆدی جۆرارجۆر دابڕێژرێت دەربارەی ئەم بابەتە ئەوە بزانیت کە هەر منداڵە نمونەیەکی پەروەردەی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێ ڕەچآو بکرێت. لە کۆندا (لێدان و سزادان) و بە ڕەقی جووڵانەوە لەگەڵ منداڵدا پلەی پێگەیاندنی پیاوانی دوا ڕۆژ بووە، بەڵام ئەمڕۆ مامۆستایانی پەروەردە و پزیشکی منداڵان و زانایانی دەروونناس داوا دەکەن لە دوورکەوتەنەوە لە هەموو جۆرە هۆکارێکی توند و تیژی چونکە شوێنەواری خراپ لەسەر منداڵ بەجێ دەهێڵێت و لە پاشە ڕۆژدا کەسێکی دڵ رەق یان کەسیكی لاواز و بێبنەما دەردەچێت، بۆ نموونە لە فەڕەنسا ٨٠٪ مندالان تووشی سزای لاشەیی دەبن و ٢٠٪ ڕووبەڕووی جۆرەکانی تری توند و تیژی دەبنەوە، لەو لێکۆڵینەوانەی دکتۆر (ماری شوکی) پێی هەستاوە لەسەر (١٢) هەزار منداڵی هەرزەکار دەرکەوتووە کە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان توندوتیژی و هەڵس و کەوتی دوژمنکاری لای گەنجان و تازە هەڵچوان وە لەوانەش -دوژمنکاری- دزی و خواردنەوەی ماددە بێهۆشکەرەکان و هەوڵدانی خۆکۆشتن .. هەر بۆیە لە ساڵی (١٩٩٩) ڕێکخراوی (تربیة من دون ضرب) دروست کرا لە لایەن پزیشکانی دەروونناس و مامۆستایانی پەروەردە و پسپۆڕان لەم بوارەدا، ئامانجێكی سەرەکیان ڕێ گرتنە لە هەموو جۆرە سزایەکی لاشەیی دژی منداڵ لە فەڕەنسادا. وە لە هەوڵی ئەوەشدان کە یاسایەکی وا دابڕێژن هەر کەسیک سزای منداڵێک بدات سزا بدرێت، دەکرێت سود وەرگیرابێت لە ئەزموونی سوید کە لە ساڵی ١٩٧٩ یاسایەکیان داڕشتووە کە ڕێ دەگرێت لە سزادانی لاشەیی منداڵ، ئەگەرچی لە کاتی خۆیدا تەنها (٥٣٪) خەڵکی سوید ڕازی بوون بەم یاسایە بەڵام ئەمڕۆ ٨٩٪ پاڵپشتی ئەم یاسایە دەکەن، هۆیەکەشی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە گەنجی سوید ئەمڕۆ زۆر لەسەر خۆترن، چونکە لە ساڵانی حەفتاکان هەموو هەڵس و کەوتە دوژمنکاریەکان کەم بۆتەوە بە بڕی لە ٢٠٪ لە ماوەی بیست ساڵدا.

(فیتزهاغ دوروسن) دکتۆرێکی دەروونناسی ئەمریکیە کە گرنگترین پەڕتوکی لە بواری پەروەردەی نوێ دا نووسیوە و دەڵێت: پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان هەستی توند و تیژی و هەڵس و کەوتی توندوتیژی، ئەگەر دەست بەسەراگرتنی یەکەمیان گران بێت وەک (ڕق لێبوونەوە و کینە و زویربوون...) ئەوا دەکرێت کار بکرێتە سەر هەڵسوکەوتە توند و تیژەکان لە ڕێگەی قسە بۆ کردن و هەڵسوکەوتی باش و دوورکەوتنەوە لە توند و تیژی لەگەڵیاندا چونکە مندال بە ڕێگەی چاولێکەری شت فێر دەبێت، تا ئێستا هیچ لێکۆلینەوەک ئەوەی نەسەلماندووە کە منداڵ بە شێوەیەکی توندوتیژ لە دایک بووبێت بەڵکو (یولد المولود علی الفطرة) وەک پێغەمبەری خوا (ص) دەفەرموێت مندال لەسەر فیترەتێکی پاک لەدایک دەبێت بەڵام فێر دەکرێط، ئەوەش کە فێری دەکات زۆر جار ئاگای لە خۆی نییە لە هەڵسوکەوتەکانیدا. بۆ نموونە کە باوکێک لە منداڵەکەی دەدات وا تێدەگات ئەم مندالە لێدان ڕێگە چارەیە بۆ گرفتەکانی هەر بۆیە کە تووشی گرفتێک دەبێت لەگەڵ منداڵێکی تردا یەکسەر پەنا بۆ لێدان دەبات بۆیە پێویستە هەر لە سەرەتاوە منداڵان وا تێبگەیەنن کە لێدان و هاوارکردن کاتێکی هەڵەیە و دایکان و باوکان بە کردەوە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن لەسەری.


سەرچاوەکان

185 بینین