هەڕەشەکردن لە منداڵ دواکەوتنی کۆمەڵگاکەمانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-22:23:00 - کۆدی بابەت: 2171
هەڕەشەکردن لە منداڵ دواکەوتنی کۆمەڵگاکەمانە

ناوه‌ڕۆك

هەڕەشەکردن لە منداڵ دواکەوتنی کۆمەڵگەکەمانە

کاتێکە چآوەگەشەکانی منداڵێک دەبینین، بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو پاکییەک لە چاوەکانی منداڵدا دەخوێنیتەوە، وەکو کانیەک وایە کە هیچ کەسێك لێڵی نەکردبێت، بۆیە منداڵ پێم وابێ وەکو سەرەتای دەست پێکردنی ژیانێکی تازەیە، هەر دەبێت بە جوانترین و ناسکترین و نەرمترین موعامەلە موعامەلەیان لەگەڵدا بکەین.

ئایا ئەزانی تووڕەیی و قسەی ناشرین چی دەگەیەنێت لای منداڵ؟

بەڵێ ئەو منداڵە بەرەو دنیایەکی نامۆ و دواکەوتوویی دەبات جگە لەوەی نەخۆشییەکی کوشندەیە تا هەتایە لە دڵیدا چەکەرە دەکات و بۆ منداڵ ئەو وشە ناشرینانە دەبن بە نەخۆشی و هەزارەها موعاناتی جۆراوجۆری بۆ دروست دەکات کە پڕن لە ئازارێک وەکو نەخۆشییەک لە دوا کاتدا نیشانەکانی دەردەکەوێت و ئەگەر نەیڕوخێنێت دڵنیابە کە زیاد لە سنووری خۆی دەبێتە هۆی لاوازی لە ناو کۆمەڵدا.
ئەو لاوازییە و نەخۆشیەیش حەتمەن وەکو ڤایرۆسێک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوێزرێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە ئیختباری خۆمان نەکەین و لە جیاتی ئەو وشە ناشرینانەی کە لە کاتی تووڕەبووندا بە ماچ کردن و ئامۆژگاری بە ڕێگایەکی نەرم و پێگەیشتوانی دەری نەبڕین، کە پیاوێک یان ئافرەتێک دەبینی لە ناو کۆمەڵە کەسێکدا دادەنیشێت بێگومان زۆر مەعقولانە کۆڕ و کۆبوونەوەکە دەبات بەڕێوە و دوای ئەوەش کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە ئەوەی بۆ کەسانی دەوروبەری دایڕشتووە لەگەڵ مندالەکانیاندا پەیڕەوی ناکات!
ئایا منداڵێک شتێک دەشکێنێت چ بێ نرخ بێت یان گران بایی دەبینی بە سزایەک وەڵامی دەدرێتەوە، لەوانەیە ئەو سزادانە بێتە هۆی تێکدانی ئەوپەڕی باری دەروونی، بۆ نمونە، بەوە سزا دەدرێت کە ئەو منداڵە بکرێتە ژوورێکەوە دەرگای لەسەر دابخرێت و کەسی لانەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی هەزارەها هاوار و قیژە و تووڕەیی بەسەردا دەکرێت کە کرایە ژوورەکەوە کارەباکەشی لێ دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی زیاتر بترسێت لە تاریکی، بەهۆی ئەو ترسەوە هیچ کارێک لە ئەوتۆی ئەو کارانە دووبارە نەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەو باوکە نەزانانە دەبێ ئەوەش بزانن کە ئەو جۆرە کردەوە ناشرینانە دەبێتە هۆی شێواندنی باری دەروونی، لەوانەیە لەو کاتەدا ئەو منداڵە هەزارەها خەیاڵی ناشرینی بەدڵدا بێت و ناتوانێت لە ترسی باوکی دەری ببڕێت جگە لەوەی بە بێ دەنگی ماوەیەک دەگری و لەوە دەچێ هەر بەو گریانەوە خەوی لێ بکەوێت. ئەی بۆ ئەو باوکانە بیرێکیش لەوە ناکەوە کە ئەو تۆڵەی بەسەر کۆرپەکەیدا تاوانەکەی بەسەر کێدا دەشکێتەوە لەو باوکە زیاتر کێ بەرپرسی ئەوە دەبێ، دوور نییە لەو ترس و دڵەڕاوکێیەدا ئەو منداڵە ڕووبەڕووی جەڵدە و وەستانی دڵ ببێتەوە.. بۆیە بەو باوکانە دەڵێم: دوای ئەو قەدەرەی بە دەستی خۆت دروستت کرد پەنجەی پەشیمانی مەگەستە، بەڵکو بیبڕەوە با هەتا هەتایە لەو تاوانەی خۆتدا بتلێیتەوە. چونکە قەت ویژدانی لە تاوانەکانی مورتاح نابێ، لێرەدا تەنها مەبەستم هێرش کردنە سەر باوکان نییە، بەڵکو بەو دایکانەش دەڵێم کە هەمان ڕەفتار ڕووبەڕووی منداڵەکانیان دەنوێنن، یان بە شێوازێک کاتێک منداڵەکانیان ناخەون بە وشەی دێو و درنج و هەزارەها شتی ترەوە وەکو سەگەکە و پشیلەکە و لەوانە هەر لەبەر ئەوەی ئەو منداڵە بترسێت و لە ترسی ئەو ناوە ناخۆشانەی کە لە مێشکیدایە دروست دەبێت خەوی لێ دەکەوێت و بگرە لەو ترسە وا لە منداڵەکە دەکات هەتا گەورەش دەبێت و دوای گەورەیش ترسنۆک دەبێت. جارێكی تر بەو دایک وباوکە بەڕیزانە ڕادەگەینم چیتر ئەو وشانە دووبارە نەکەنەوە، با لە جیاتی ڕێگەی خراپ ڕێگەیەکی چاکتر بگرنە بەر، زۆر بە دڵسۆزی موعامەلەی کۆرپەکانیان بکەن، لەبەر ئەوەی نەوەی دوا ڕۆژی کۆمەڵگەکەمانن، بەڵکو زیاتر خۆشەویستی و ڕێزگرتن و گەورەیی بڵاو بکەنەوە لە جێی ترس و نەخۆشییە کوشندە دەروونیەکان!!!


سەرچاوەکان



838 بینین