پەردەی كچێنی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-13-02:02:00 - کۆدی بابەت: 2224
پەردەی كچێنی

ناوه‌ڕۆك

پەردەی کچێنی چۆنە و چییە؟

پەردەیەکی تەنکە، دەکەوێتە دەرچەی دەرەوەی خوارووی زێ، بە دوو لچ داپۆشراوە. ٢ تا ٢،٥ سم لە ڕووی دەرەوەی ئەندامی زاووزێ دوورە. کونێکی خڕی بچووکی تێدایە، مانگانە خوێنی بێنوێژی لێوە دەردەچێت. هیچ کچێکی پاکیزە نییە ئەو پەردەیەی نەبێت. کاتێک دەدڕێت، چەند دڵۆپە خوێنێکی لێ دێت و کچان هەست بە کەمێک ئازار دەکەن، یاخود ئازار هەر نابینن، ئەمەش بە گشتی لەگەڵ یەکەمین نزیکبوونەوەی سێکسی ڕوودەدات.

ئەرکی پەردەی کچێنی چییە؟

لە سۆنگەی زانستی پزیشکی، پەردەی کچێنی هیچ گرنگیەکی فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی نییە. بە هەبوون و نەبوونی هیچ جۆرە زیانێکی تەندروستی دروست نابێت. ئەوەی کە گرنگە هەبوونی کونێکی بچووکە لە نێو پەردەکەدا بۆ ئەوەی لە سووڕی مانگانەدا خوێنی بێنوێژی پێدا بێتە دەر و بەسەر یەکەوە کۆ نەبێتەوە، بەمە کچان تووشی گرفتی تەندروستی نێن.

جۆرەکانی پەردەی کچێنی

پەردەی کچێنی لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە جیاوازی هەیە، چەند جۆرێکی هەیە، وەک: هەیڤی و بازنەیی و هێلکەیی ...تاد.

پەردەی هەیڤی

پەردەی ٧٥٪ کچان شێوەی هیلالی (هەیڤی) وەرگرتووە.
جۆرە پەردەیەک هەیە کونێکی خوار و خێچی تێدایە، بە کردەی سێکسی نادڕێت، بە تایبەت ئەو پیاوانەی چووکیان لە شێوەی عادەتیی بچووکترە.

پەردەی هێڵەنگیی

بەشێک لە کچان پەردەی کچێنیان هێڵەنگییە، کونی ورد وردی تێدایە، ئەمە زۆر بە ئاسانی و بەبێ ئازار دەدڕێت.

پەردەی لاستیکی

ئەم جۆرە پەردەیە بەوە جیادەکرێتەوە کە کونی وردیلەی لە هەردوو لێودا هەیە، پێشی دەگوترێت پەردەی جیڕ. چونکە جۆری پێستەیەک تا ڕاددەیەک لاستیکییە و لە کاتی کردەی سێکسیدا دەکشێت و نادڕێت، هەربۆیە ناویان ناوە پەردەی لاستیکی. جاری وا هەیە لەگەڵ لەدایکبوونی یەکەمین منداڵ لادەچێت. هێندێک جاریش لە یەکەم کردەی سێکسی بە شێوەیەکی کامڵ ئەنجام دەدرێت. ئەو جۆرە پەردانە لە مێینەدا کاتێک لە نێو رەحمی دایکیدایە، وەک ئەندامەکانی دیکە گەشە دەکات، لە وەختی دڕانیدا کەمە ئازارێکی هەیە و بڕێک خوێنی لێ دێت.

پەردەی داخراو

جاری وا هەیە وەختێک کچ لەدایک دەبێت پەردەی کچێنییەکەی داخراوە، واتا: هیچ کونێکی تێدا نییە. کاتێک تەمەنی تێدەپەڕێ و عازەب دەبێت، بەهۆی نەبوونی پەردەوە خوێنی بێنوێژی لە ژێر سک خڕ دەبێتەوە. بە کۆبوونەوەی ئەو خوێنە لە ژێر سک، کچە ئازارێکی زۆر دەبینێت. لەو حاڵەتەدا دەبێت سەردانی پزیشک بکات و بە شێوەیەکی ناسروشتی بدڕێندرێت. لەو کۆمەلگانەی کە زۆر گرنگی بە پەردەی کچێنی دەدەن، پێویستە پزیشک کونێکی بچووک لە پەردەکە بکات و بەشێکی زۆری بهێڵێتەوە تاکوو دواتر كێشە بۆ بووک و زاوا دروست نەبێت. هەروەها باش وایە کچەکە ڕاپۆرتی پزیشکیی کە لەو بارەوە بۆی دەکرێت ون نەکات وەک پاکنامەیەک هەڵیبگرێت.

چۆنیەتی لابردنی پەردەی کچێنی

دڕاندنی پەردەی کچێنی بەهۆی کردەی سێکسی لە لایەن زاواوە بۆ یەکەمجار، ئازارێکی هێندە زۆری نییە، وکە بەشێک لە کچان هەترەشیان لێ چووە. ماندووبوونێکی زۆری ناوێت، کردەیەکی زۆر ئاسانە. ئەگەر نەرمەئازارێکی هەبێت ئەویش تێکەڵ بە چێژێکی زۆر دەبێت، پێویست ناکات بووک و زاوا بکەونە ژێر کاریگەریی دەروونی و ببنە ژێردەستەی قسە و قسەڵۆك و ئەفسانەکانی ئەو شەوە. لە کاتی دڕاندنی پێت وا نەبێت خوێنێکی زۆری لێ دێت، هێندێک جار ئەو خوێنە هێندە کەمە هەر نابینرێت.
پزیشکە پسپۆڕەکانی ئەو بوارە، داوا دەکەن ئەو شەوە زاوا بە ئاگایی و هۆشمەندییەوە مامەڵە بکات، وەک ئاژەڵێکی هار پەلاماری بووکەخان نەدات، بەڵکە وەک پێشتر باسمان کرد، دەبێ بە قسەکردن و لاواندنەوە و باوەش و دەستەگەمەی سێکسی دەروونی هێور بکاتەوە. 
نابێ پەلە بکات و لە یەکەم شەو زندەقی ببات، مرۆڤ بوونەوەرێکی عاتفییە، بە قسەی خۆش و گەمە و گەپ و چەند ماچێکی ناسک، کەشێکی زۆر لەبار بۆ جووتبوون دەڕەخسێت.
ژن حەزی لە تووندی و بەسەر یەکدا قوپاندن نییە، ئەم ڕەفتارە دەروونی ژن گرژ دەکات و ئەندامی زاوزێشی وشک دەکاتەوە... بۆیە هەر هەڵسوکەوتێکی توندی زاوا، کردەکە قورس و ئاڵۆز دەکات و تا چەند شەوێک، یان چەند هەفتەیەک، یان چەند مانگێک، زاوا ناتوانێت ئەو پەردەیە کون بکات.
جاری وا هەیە ژنەکە هەر بە یەکجاری ڕقی لە سێکسکردن لەگەڵ مێردەکەی دەبێتەوە.
زۆربەی کات پەردەکە بە شێوەیەکی ئاسان و ئاسایی دەدڕێت. وەک باسمان کرد چەند دڵۆپە خوێنێکی کەمی لێ دێت، کەمە ئازارێک جێ دەهێڵێت، دوو ڕؤژ، یان سێ ڕۆژی دەوێت تاکوو ژنەکە بە تەواوی چاک دەبێتەوە. پزیشکانی ئەم بوارە پێیان باشە لەو دوو ڕێژە سێکس لە ڕێگەی زێیەوە نەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا کە شێوەیەکی سروشتی وەربگرێت، بەڵام ئەگەر خوێنێکی زۆری لێ هات، بآش وایە بووک لەسەر پشت بکەوێت و توند قاچەکانی بێنێتەوە و هیچ جووڵەیەک نەکات.
نابێ بە هیچ شێوەیەک دەست لە برینەکە بدرێت، بۆ ڕآوەستانی خوێنەکە پێوست بە لۆکە لەسەر دانان و شتی دیکە ناکات، تەنیا ئەم جۆرە پاڵکەوتنە خوێنەکە چاک دەبێت.
پێویستە ژن و مێرد پێش چوتوبوون و دوای جوتبوون باسی ئەو بابەتە بکەن و داخوازییە تایبەتەکانیان بە یەکتر بڵێن.


سەرچاوەکان

1683 بینین