چۆن ویستی منداڵەکانمان بەهێز بکەین؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-02:59:00 - کۆدی بابەت: 2247
چۆن ویستی منداڵەکانمان بەهێز بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن ویستی منداڵەکانمان بەهێز بکەین؟

ویست یان ئیرادە هێزێکی شاراوەی گەورەیە لە مرۆڤدا کە خوای گەورە پێی بەخشیوە، وەکو زۆرێک لە سیفاتەکانی ئادەمیزاد لە جموجوڵ و چالاکیدا بەرجەستە دەبێت، مەرجی ژیان بەشێکی گەورەیە لە تەواوکردنی مرۆڤدا، ئیرادەیەکی پاک و بەهێز لە تایبەتمەندیەکی دولایەنە پێکهاتووە کە لە ژێر کاریگەری جیهانبینی و پایەکانی خووڕەوشتی مرۆڤ و ویستەکانیدا و ئەو شتانەی شایستەی مرۆڤن بە شوێن مەبەستیدا دروست دەبێت، تەواوکاری پەیدادەکات. هەموو مرۆڤێک خاوەن ویست و ئیرادەی خۆیەتی دەبێتە بەشێک لە گیان و بوونی، دیارە ئەمەش ڕێژەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوزی هەیە و کەم تا زۆریشی هەیە، ئەوەی لێرەدا مەبەستە لە سەری بڕۆین پەی بردنە بە ویست و ئیرادەی منداڵان و چۆنیەتی پەروەردەکردنیان و لەبارهێنانیان لەسەر ئەم چەمکە، دیارە منداڵیش هیچی کەمتر نیە لە گەورەکان و خاوەن ویستی تایبەتی خۆیەتی، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە لەسەر دەرخستنی ویستی ئیرادەی منداڵ بەم چەمکانەی لای خوارەوە ئاماژەیەک دەدەین.

چۆنیەتی دەرخستنی ویستی منداڵ

١- بوونی مەبەستی دیاریکراو.
٢- هەوڵ و کۆششکردن بۆ پاراستنی ئەو مەبەستە.
٣- ئامادەسازی منداڵان لەکاتی ڕووبەڕوبوونەوەی کێشەکاندا لەبەر خاتری سەرخستنی بەو مەبەستەی کە دەتەوێ.
٤- ئامادەکردنی منداڵ لەبەر خۆخستنە دواوە.
٥- ئامادەسازی منداڵ لە کارتێکردن.

ئافرەتێک دەیوت: کچەکەم بە هیچ شێوەیەک سەبر و ئارامی نیە، بۆ هەموو ویست و داخوازیەکانی دەگری، سورە لەسەر قسەی خۆی سەرەنجام من ڕازی دەکات و تەسلیمی خۆیم دەکات و دەگات بە ئامانجی خۆی، لە شیکردنەوەی هەڵسوکەوتی ئەم منداڵەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دایک لەکاتی خۆ بەدەستەوەداندا زیانێکی پر نەکراوی گەیاندوە بە مندالەکەی، تێیدا یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندی پەیوەست بە ئیرادە کە لێرەدا ئارام گرتنە لەناوی بردووە، ڕاستەقینە ئەمەیە کە ئیرادە نەک تەنها ویستی سەرکەوتنە بەڵکو زاڵبونیشە بەسەر نەفسی خۆپەرەستیدا، هەر منداڵ بیکاتە عادەت هەمیشە خواستەکان بخاتە بابی ئەنجامدانەوە، هیچ کات نابیتە خاوەن ئیرادەی بەهێز، پێویستە منداڵ وا فێبکرێت کە لە بەرامبەری خۆی مەبەستێک دیاری بکات و بە خۆڕاگریەوە هەنگاوی بۆ بنێت، ویستی لێپرسراویەتی لە منداڵ لە ئەندازەی گونجان پێویستە هەر لە سەرەتای ژیانەوە دەستپێبکات. بەداخەوە زۆرێک لە دایک و باوکان لە باتی منداڵەکانیان کارەکانیان بۆ ئەنجام دەدەن، تەنانەت ئەو کارانەش کە منداڵ خۆی دەتوانێت ئەنجامی بدات، لەم حاڵەتدا منداڵ ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک خاوەن ئیرادەی خۆی بێت، دەبێتە کەسێک بەدەر لەبیر و باوەڕی بەهیز و تاکێکی توانا، بۆ بەهێزکردنی ویستی منداڵ پێش هەموو شتێک دەبێت بە ڕێگایەکی بەهێز و تۆکمە و بەرنامەڕێژی ئاشنای بکەین، بە جۆرێک کەوا کاتی نان خواردن و خەوتن و یاریکردن و سەیری تەلەفزیۆن و چونە دەرەوەی دیاری بکرێت، لەسەر دایک و باوک و بەخێوکەری منداڵ پێویستە هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی ژیانی تایبەتی منداڵەکەیان، کەسایەتی و چەمکی مرۆڤناسی پی ئاشنا و شارەزا بکەن تا بتوانن ئەوەی لەسەریەتی ئەنجامی بدات و ئەوەی پەیوەندی بەوەوە هەیە بە جوانی پێی هەڵبسیت و بزانێت چۆن مامەڵە لەگەل خۆی و دەوروبەری دەکات، بۆ تەواوکاری ویستی منداڵ دەبێت ئامادەی بکەین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڕووداو و کەشەکان و ئەوانی دەبنە مایەی ترسان و بێهێزی و ترسنۆکی و لاوازی و ...هتد 
بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئیرادەی منداڵ پێویستە دایکان و باوکان ئەم چەند خاڵە بەهەند وەربگرن و لەنێو هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دوولایەنەدا ئەنجامی بدەن، بە بەرنامەڕێژی و لەسەرخۆیی پیادەی بکەن.

بۆ بەهێزكردنی ئیرادەی منداڵ

١- ڕەفتاری دایک و باوکانە لەگەڵ منداڵەکانیان پێویستە لەسەر بنەمای یەکتر خوێندنەوە و لێک تێگەشتن بێت.
٢- راستگۆیی بکەرە پیشەت بەرامبەری، هەر بەڵێنێکی پێدەدەیت بۆی جێبەجێ بکە بەپێی توانا. 
٣- منداڵەکەت ڕابهەێنە لەسەر ئەوەی کەلوپەل و پێداویستیەکانی بخاتە ژێر چاودێری و ئەوەی پەیوەندی بەوەوە هەیە بیپارێزێت و نرخی بزانێت.
٤- سەربەخۆیی لێ زەوت مەکە و بواری پێبدە.
٥- بە ئەندازەی لێوەشاوەیی و توانای خۆی لێپرسراوێتی پێ بسپێرە.
٦- هەستی یارمەتیدان و هاوکاری تێدا بەرپابکە و فێری بکە.
٧- بەرنامەڕێژی بۆ بکە و ڕۆژانە بەرنامەی بۆ دابنێ پشتگوێی مەخە و بێئاگا مەبە لە هەڵسوکەوت و کاروباری ڕۆژانەی.


سەرچاوەکان



927 بینین