ئەنتۆنی ڤان لیڤۆن هۆک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-22:30:00 - کۆدی بابەت: 2256
ئەنتۆنی ڤان لیڤۆن هۆک

ناوه‌ڕۆك

ئەنتۆنی ڤان لیڤۆن هوک

ئەنتۆنی ڤان لیڤۆنهۆک، ئەو کەسە مەزنە بوو کە میکرۆبی دۆزییەوە. ساڵی ١٦٣٢ز لە شآری (دڵفت)ی سەر بە وڵاتی هۆڵەندا لەدایک بووە. لە نێو بنەماڵەیەکی مامناوەندیدا گوزەرانی کردووە. زۆربەی ژیانیشی وەک فەرمانبەرێکی بچووک لە میریدا بردۆتە سەر.
هەر لە منداڵییەوە زۆر سەودای ووردبینکاریی هەبوو بە میکرۆسکۆپ، سەردەمێک بەر لەدایکبوونی ئاوێنەی میکرۆسکۆپ Compoun Microscope داهێنرابوو وە هاتبووە کایەوە، بەڵام ئەم هەر بە تەنها توانی چەندین هاوێنەوا Lens کورتیان هەبێت، لە پاش ماوەیەکی تر هەستا بە دروستکردنی بەهێزترین میکرۆسکۆبی ئەو سەردەمە. یەکێ لەو هاوێنانەی کە دروستی کردبوو تا ئێستایش ماوە، هێزی گەورەکردنی دەگاتە (٧٠) جار، بەڵگەیش هەیە کە گوایە هاوێنەی لەوە بەهێزتری دروست کردووە.
لیڤۆن هوک مەردێکی وورد بین و سەرنج ڕەوان، بە ئارام و زرنگ بووە، خاوەن بینارێکی تیژ بووە، زۆر حەزی بە زانینی کردووە. هەر بەم هاوێنە دەستکردانەی چەندین شتی جیاوازی دەبینی، هەر لە مووی مرۆڤەوە تاکو تنۆکی باران و مێش و مەگەزی زۆر بچووک، ڕیتاڵی ماسولکە و ئەتەمی پێست و چەندین نموونەی تر، هەرچییەکیشی کە دەبینی سەرنجی گرنگی خۆی بە نیگارەوە لەسەر دەنووسی.
لە سەرەتای ١٦٧٣ز وە پەیوەندی کرد بە جڤاتی شاهانەی ئینگلتەرەوە کە تاکە جڤاتێکی زانستی ئەو سەرەتاییانەی هەبووە، تەنها هەر زمانی خۆیشی زانیوە، هەڵبژێردرا بە ئەندامێک لەو جڤاتە، لە ساڵی ١٦٨٠ز دا بووە ئەندامێکی پەیامنێر لە ئەکادیمیای زانستەکان لە پاریس.
ئەنتۆنی هۆک دووجار ژنی هێناوە و شەش منداڵی هەبووە، مرۆڤێکی بەخۆ و تەندروست بووە، بە ڕادەیەک کە تا دوا ساڵانی ژیانیشی هەر لە کارکردندا بوو. زۆر لەسەرداران و پێشەوایان دیدەنییان دەکرد وەک پەترۆسی گەورە و شابانۆی ئینگلتەرە. لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا هەر لە زادگای خۆیدا (شاری دڵفت) لە ساڵی ١٧٣٣ز لە هۆڵەندا کۆچی دوایی کرد.
لیڤۆن هۆک چەندین دۆزینەوەی زۆر بەنرخی بە ئەنجام هێنا. یەکەم کەسێک بوو تۆوی نێرە Spermatocytes و خڕۆکە سوورەکانی خوێنی پەسن کرد. بەربەستی بیردۆزی خۆزایین دەکرد Obiogenesis Theory لە شێوە سەرەتا و نزمەکانی زیندەوەردا، تەنانەت زۆر بەڵگەی سەلمێنراویشی دەهێنایەوە بۆ پووچانەوەی ئەم بیردۆزە. هەروەها زانستییانە دەریخست کە ئەسپێ وەک مێرووە باڵدارەکان هەمان ڕێگای زایینیان هەیە. لە ساڵی ١٦٧٤ز دا مەزنترین دۆزینەوەی بەدی هێنا کە بە یەکەم ئاوڕدانەوەیەک دادەنرێت لە میکرۆبەکاندا. ئەو تێبینی و سەرنجانەی بە یەکێ لە مەزنترین دۆزینەوەکان دادەنرێت لە بنەڕەتی پەرەپێدانی مێژوودا.
هۆک لەناو تنۆکێکی ئاودا بۆی دەرکەوت کە جیهانێکی نوێی پڕ لە ژیانی تێدایە. ئەو دۆزینەوەیەشی بە بیری هیچ کەسێکدا نەدەهات. هەر ئەو زیندەڵە ووردانەیشن کە ژیان و مردنی مرۆڤیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتیانەوە. بۆ زیاتر فرەزانی و شآرەزایی میکرۆبەکان و لێکۆڵینەوەیان، هەستا بە وەرگرتنی چەند شتێک، لە زۆنگاو و بیر و باراناوەکاندا، ناودەم و ڕیخۆڵەکانی مرۆڤ، لەمانە چەندین جۆر بەکتریای بە گوێرەی قەوارەیان پەسن کرد.

بێگومان ئەو شاکارە مەزنانەی لیڤۆن هۆک کە بە ئەنجامی دا هەروا پێچرایەوە و هیچ کەس کاری پێ نەکرد تاکو لویس پاستۆر هات، پاش نزیکەی دوو سەدەیەک، واتە سەدەی نۆزدەم پاش ئەوەی کە ئەو میکرۆسکۆپانە بە شێوەیەکی باش پەرەی پێدرا. بەڵام نابێت لاریمان لەوە هەبێت کە لیڤۆن هۆک دۆزەرەوەی میکرۆب بووە چونکە زانایان بە هۆی ئەوەوە توانییان لە بوونی میکرۆب بزانن و ئاگادار بن.
هەندێ کەس گازندەیان لەوە هەیە کە گوایە بەخت و شانس لەگەڵ لیڤۆن هۆکدا بووە بۆ ئەو دۆزینەوانەی. بەڵام ئەم جۆرە ووتانە هیچی لە جێی خۆیدا نییە و زۆر نادروستیشە، چونکە دۆزینەوەی زیندە میکرۆسکۆپییەکان لە پاش ئەرکێکی بێ ووچان و سەخت و وورد سەرنجیی لیڤۆن هۆک هاتە ئەنجام، بێگومان ئەم کارانەیش تەنها هەر لە توانای زانایەکدایە کە بە ڕآستی زانا بێت. دۆزینەوەی میکرۆبیش یەکێکە لەو دۆزینەوە کەمانەی کە دەبەسترێت بە تاکە کەسێکەوە. لیڤۆن هۆکیش یەکێکە لەو کەسانەی کە هەر بە تەنها ڕەنجی کێشا. دۆزینەوەی سپێرم Spermatozoon و بەکتریا بە بیری کەسدا نەدەهات، هەر ئەم دۆزینەوانەش، یافتێکی مەزنیان بەجێ هێشت لە زیندە زانستگەرییەکاندا.


سەرچاوەکان



1193 بینین