ولیەم مۆرتۆن

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-14-22:47:00 - کۆدی بابەت: 2259
ولیەم مۆرتۆن

ناوه‌ڕۆك

ولیەم مۆرتۆن

ولیەم مۆرتۆن لەوانەیە کەسێکی ناسراو نەبێت، بەڵام مۆرتۆن مەردێکی کاریگەر بووە پتر لە زۆر ناودارانی تر چونکە بە لێپرسراوی یەکەم دادەنرێت لە بەکارهێنانی دەرمانی سڕی یاخود تەزین (بەنج) لە کاری نەژداریدا.
کەم داهێنان برەو و ناوبانگی هەبووە ئەوەندەی داهێنانی بەنج بەکارهێنان لە نەژدار کاریدا. ئەم داهێنانە گۆڕانێکی تەواوی پەیدا کرد لە باری ژیانی مرۆڤدا.
جاران کارێکی زۆر ستەم و سامناک بوو بۆ زامدارێک کە بە بێداری و هۆشیارییەوە ناچار بێت بەرگەی ئەو ئازار و ئێشە بگرێت کاتێک کە نەژدار بە هەرەیەکەوە دەهات و دەنیشتە سەر بڕینەوەی ئەندامێک لە ئەندامەکانی لەشی. بێگومان هەر توانایەک گەر بێتە کایەوە بخرێتە گەڕ بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم ئێش و ئازارە ئەوا دەبێت مەزنترین شاباش و خۆشنوودێ بێت کە بە دیاری پێشکەش بکرێت بۆ خزمەتگوزاری مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
مۆرتۆن لە ساڵی ١٨١٩ز لە شاڵتۆن ماسا شوستس لەدایک بووە، لە تەمەنی لاویدا خۆی گەیاندە زانکۆی بلتیمۆر بۆ خوێندنی پزیشکی دان. لە ساڵی ١٨٤٢ز دا دەستی کردە پیشەی پزیشکی ددان، پاشان بە دوو قۆڵی لە تەک پزیشکێکی تردا بە ناوی (هاوراس ویڵز) کەوتە کار، ئەمیش هەر وەک مۆرتۆن خولیای لە بەنجکاریدا هەبوو و زۆر بایەخی پێ دەدا.
ویڵز لە سەرەتایدا ئۆکسیدی نایترۆجینی بەکار دەهێنا (کە ناسراوە بە گازی پێکەنەر) بۆ بەنجکاری، بەڵام مۆرتۆن دەیویست مادەیەکی بەکارتر لە ئۆکسیدی نایترۆجین بەکار بدۆزێتەوە، ئەو مادەیەی کە هاوکارەکەی بەکاری دەهێنا بۆ سڕکردنی دانی نەخۆشەکانی.
مۆرتۆن هەوڵی بەکار هێنانی ئیثەری Either ئەدا، پێشەکی لەسەر سەگەکەیدا تاقی کردەوە، ئینجا بەسەر خۆیدا، پاشان تاقیکردەوە بەسەر دانکێشانی (کاکیلە)ی یەکێک لە نەخۆشەکانی، سەرنجی دا لەوەی نەخۆشەکە هیچ هەست بە ئازار ناکات. ئیتر ئا بەم چەشنە مۆرتۆن ئەو شۆڕشە سەرکەوتووەی بە چاوی خۆی بینی، هەرچەندە نەژدارکارییەکە سەرکەوتووانە ئەنجام درا، بەڵام سەرنجی ڕۆژنامەکانی ڕانەکێشا تاکو ئەو هەواڵە گرنگە بڵاو بکەنەوە. ئەم کارە مەزنە پێویستی بە پڕو پاگەندەیەکی گەورەتر دەبوو. بۆ ئەم مەبەستەش مۆرتۆن لەگەڵ یەکێ لە پزیشکە بەناوبانگەکاندا ڕێکەوت کە ناوی دکتۆر (وارن) بوو سەر نەژداری بیمارستانی بۆستن بوو. ئەو ڕێکەوتنەی تەنها بۆ ئەوە بوو کە لە نەژدارکارییەکدا بەکاری بهێنێت تاکو ببێتە پڕوپاگەندەیەک بۆ ئەم داهێنانە نوێیەی.
بێگومان کارەکەی (دکتۆر وارن) سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنا، دیسان لە نەژدارکارییەکانی تردا ئیثەری بەکار هێنا بۆ لابردنی موویەک لە گەردنی یەکێک لە نەخۆشەکانی.
ئا بەم کارە مرۆتۆن بەهۆی کاریگەری ئیثەرەوە ناوبانگی دەرکرد، هەر لە ڕۆژی دواییندا داهێنان نامەی پێ بەخشرا، بەڵام ناحەزانی بۆ پەیدا بوو و بوونە کۆسپ لە ڕێیدا. هەرچەندە مۆرتۆن بڕوای وابوو کە بە هۆی ئەم دۆزینەوەوە سامانێکی زۆری بەدەست دەکەوێت، بەڵام هاتو چۆی دادگا و پارەدان بە پڕوپاگەندەی دۆزینەوەکەی زۆر کەوت لەسەری، سەرەڕای ئەوەش پزیشکانی تر بە ڕآدەیەکی زۆر بێمنەتانە ئیثەریان بەکار دەهێنا لە کاری نەژدارییاندا، دڵنیاش بوون لەوەی کە ئیتر لەوەدا نەماوە مۆرتۆن بتوانێت مافی ئەو بەکارهێنانەیان لێ بسەنێتەوە. هەرچەندەیش تەواو دەیانزانی کە مۆرتۆن بە دۆزەرەوەی یەکەم دادەنرێت لە بەنجکاریدا.
ئاوەها مۆرتۆنی بەدبەخت هەروەک چەندین ناودارانی تر بەزەبوونی و نائومێدی لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا لە ساڵی ١٨٦٨ز لە شاری نیۆیۆرک دا گیانی بە خاک سپارد.


سەرچاوەکان



415 بینین