چواردە نیشانە کە پێتدەڵێت مۆبایلەکەت هاککراوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-00:56:00 - کۆدی بابەت: 2304
چواردە نیشانە کە پێتدەڵێت مۆبایلەکەت هاککراوە

ناوه‌ڕۆك

14 نیشانە كە پێتدەڵێت مۆبایلەكەت هاككراوە

مۆبایلەكانی ئەم سەردەمە ئامێرێكی بەهێزن كە دەتوانن چەندین كار ئەنجام بدەن كە سەدەیەك لەمەوپێش بە خەیاڵ دادەنرا. مۆبایلەكانمان چەندین زانیاری كەسیی و تایبەتی تێدایە وەك نامە و ئیمەیڵ هەروەها هەژمارەكانی سۆشیاڵ میدیا. بۆیە پێویستە مۆبایلەكانمان بپارێزین لە هاككردن.

چۆن بزانین كە مۆبایلەكانمان هاككراوە بۆ ئەوەی ڕێكاری پێوست بگرینەبەر

لە خوارەوە ئاماژەمان بە چەند نیشانەیەك كردووە كە ئاگاداری ببیت، بەڵام مەرج نییە لەكاتی بوونی یەكێك لەم كێشانە مانای ئەوەبێت كە مۆبایلەكەت هاككراوە، چونكە كاتێك مۆبایلێك بۆ ماوەیەكی زۆر مایەوە و كۆن بوو هەندێك لەم نیشانانەی تێدا دەردەكەوێت. بەڵام گەر لەناكاو مۆبایلەكەت ئەم خاڵانەی تێدا دەركەوت لەدوای كردنەوەی لینكێكی نەناسراو یاخود دابەزاندنی بەرنامەیەك لە وێب سایتێكی نەناسراو، ئەوا پێویست دەكات ڕێكاری تایبەت بگریتەبەر.

مۆبایلەكەت یان تابلێتەكەت خاوتر كاردەكات لە جاران

ڤایرۆس دەكرێت ببێتە هۆ خاوكردنەوەی مۆبایلەكەت و ئینتەرنێتەكەت، بەڵام پێویستە بزانیت لە كاتی نوێكردنەوەی (ئەپدەیتكردن)ـی سیستمی مۆبایلەكەت دەكرێت خاوببێتەوە، هەوەها دەكرێت بەبۆنەی دابەزاندنی بەرنامەی زۆر كە ڕامی زۆری مۆبایلەكەت بەكاردەهێنێت مۆبایلەكەت خاو ببێتەوە بەبێ بوونی ڤایرۆس.

وەرگرتن یان ناردنی نامەی نامۆ

ئەگەر هاوڕێكانت نامە و ئیمەیڵی سەیریان بۆ دێت لە مۆبایلەكەی تۆوە كە بەبێ ئاگاری خۆت نێردراوە، ئەوە دەگەیەنێت مۆبایلەكەت دوچاری هاككردن بوەتەوە.

بەرنامەی نوێ بەبێ ئاگاداری خۆت لە مۆبایلەكەتدا دابەزیوە

لە هەندێك كاتدا كۆمپانیای بەرهەمهێنی مۆبایلەكەت بەرنامەی نوێ لەسەر مۆبایلەكەت بەبێ ئاگاداری دادەبەزێنن بەمەبەستی باشتركردنی مۆبایلەكەت، بەڵام گەر بەرنامەیەكی نامۆ لە مۆبایلەكەتدا دەركەوت، بۆ ئەوەی پارێزراو بیت پێش ئەوەی بەرنامەكە بكەیتەوە لە گووگڵ بەدوایدا بگەڕێ بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر بەرنامەكە چونكە بە ئەگەرێكی زۆرەوە بەرنامەی هاك و سیخوڕی كردنە. پێویستە وریابین بەبوونی چەند كێشەیەكی بچووك لە سیستمی ئەندرۆید یان ئای ئۆ ئێس (IOS) بەرنامە سیخوڕییەكان دزە دەكەنە ناو مۆبایلەكانمانەوە و دەبنە هۆی بردنی زانیارییەكانمان، وەك نامە و ئیمەیڵەكان، زانیارییەكانی سۆشیال میدیا و بانكییەكان.

 پاتری مۆبایلەكەت لە جاران زووتر تەواو دەبێت

بە بوونی بەرنامەی سیخوڕی كە لە باكگراوندی مۆبایلەكەت كاردەكەن و زانیاری دەنێرن، دەبێتە خێرا تەواوبوونی پاتری مۆبایلەكەت.

مۆبایلەكەت لەجاران گەرمتر دەبێت

هەر مۆبایلێك كە ڤایرۆس و بەرنامەی سیخوڕی تێدابێت زۆر گەرم دەبێت.

وێب سایتەكان بە شێوەیەكی جیاواز دەردەكەون

گەر مۆبایلەكەت ڤایروسی سیخوڕی تێدا هەبێت ئەوا پرۆكسی (proxying) بەكاردەهێنێت بۆ دزەپێكردنی داتاكانت، پرۆكسی لە نێوان برۆوسەر و ئەنتەرنێتدا كاردەكات، بەم بۆنەیەوە هەندێك لە سایتەكان بەهەمان شێوەی یەكەمجار دەرناكەون.

هەندێك لە بەرنامەكان لەناكاو لەكاردەكەون

گەر ئەو بەنامانەی كە پێشتر بەبێ كێشە كاریان دەكرد لەناكاو لەكار وەستان، ئەو نیشانەی بوونی ڤایرۆس یاخود (proxying) كە كار لەشێوازی ئیشكردنی بەنامەكە دەكات و تێكیدەدات، بەڵام گەر ئەم كێشەیەت لەدوای نوێكردنەوەی (Update)ـكردنی سیستم یان بەرنامەكەت ڕویدا ئەوا كێشەكە ڤایرۆس نییە بەڵكو لە بەرنامەكەدایە.

زیادبوونی بەكارهێنانی داتا یان نامە

گەر سەرنجی زانیارییەكانی بەكارهێنانی داتا یان نامە بكەیت لە مۆبایلەكەتدا، بۆت دەركەوت كە بەرنامەیەك زیاد لەپێویست داتا بەكاردەهێنێت مانای وایە كە بەرنامەی سیخوڕی بەكاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی داتاكان. گەر بەرنامەكەت لە شوێنێكی نەناسراوەوە دابەزاندووە باشتر وایە كە بیسڕیتەوە و لە سایتێكی باوەڕپێكراوەوە دایببەزێنیتەوە، گەر دوای دابەزاندنەوەی بەرنامەكە مۆبایلەكەت باشتر نەبوو مانای وایە ڤایرۆسەكە لە مۆبیلەكەتدایە و بەسڕینەوەی بەرنامەكەش چاك نابێت.

زۆر سەرفكردنی باڵانس

هاككەرەكان لەڕێگەی هاككردنی مۆبایلەكانەوە دەتوانن پەیوەندی بكەن لە ڕێگەی بەكارهێنانی پرۆكسی، هەروەها دەتوانن نامە بنێرن بۆ ژمارە نێودەوڵەتییەكان.

ڕیكلامەكان لەسەر مۆبایلەكەت دەردەكەون كە پێشتر دەرنەكەوتوون

بەهەمانشێوەی كۆمپیوتەرەكان، هەندێك لە مۆبایلەكان ڕیكلامیان دێتە سەر كە داوات لێدەكەن چەند كردارێك ئەنجامبدەیت، گەر شتی لەمشێوە بەسەرتدا هات ئەوا ئاگاداربە.

ئەو ئیمەیڵانەی كە دەینێریت بە سپام هەژماردەكرێن

(سپام جۆرە فلتەرێكە كە بەكاردێت بۆ جیاكردنەوەی ئیمەیڵە زیانبەخشەكان)، گەر هەر كاتێك ئیمەیڵیكت نارد و لای كەسی وەرگر بە سپام هەژماركرا ئەوا ڕیكخستنی ئیمەیڵەكەت دەستكاری كراوە و مانای وایە دەتوانرێت ئیمەیڵەكەت لەلایەن كەسانی دیكەوە ببینرێت.

مۆبایلەكەت هەوڵدەدات بڕواتە ناو وێب سایتە مەترسیدار و بەدڕەوشتەكانەوە

گەر لە كاتی بەكارهێنانی براوسەری مۆبایلەكەت بەبێ هۆكار چەند وێب سایتێكی خراپ بكرێنەوە و هەندێكجار داوای زانیاریت لێدەكەن، پێویستە وریابیت چونكە ئەگەری هەیە مۆبایلەكەت هاككرابێت.

پچڕانی خزمەتگەزارییەكانی مۆبایلەكەت

گەر هەستت كردووە كە پەیوەندییەكانت دەپچڕێن یان ناتوانیت پەیوەندی بكەیت كاتێك سیگناڵەكەت پڕە یاخود لەكاتی تەلەفوندا گوێت لە دەنگی سەیر دەبێت مانای وایە كە كێشەیەك هەیە، لە كاتی ئاساییدا كێشەكە پەیوەندی بە هاككرانەوە نییە، بەڵام گەر دوای كردنەوەی لینكێك یان دابەزاندنی بەرنامەیەكی نەناسراو دووچاری ئەم كێشانەبوویت، ئەوا مۆبایلەكەت هاككراوە.

دزەكردنی داتاكان و چارەسەركردنی

گەر زانیت زانیارییەكانت دزە دەكات، پێویستە بەشوێنی سەرچاوەكەیدا بگەڕێیت كە زۆر جار بەرنامەی باوەڕپێنەكراون.

چی بكەم گەر مۆبایلەكەم هاككرابوو؟

گەر شك دەكەیت كە مۆبایلەكەت هاككراوە ئەوا بەرنامەی دژە ڤایرۆس بەكاربهێنە (گەر زیاتر لە یەك دانە بەكاربهێنیت باشترە)، سڕینەوەی ئەو بەرنامانەی كە نەناسراون، گەر توانیت مۆبایلەكەت فۆڕمات بكەیت باشترە، هەوەها لەكاتی بەكارهێنانی ئەنتەرنێت بەرنامەی پاراستن (سكیوریتی) بەكاربهێنە.


سەرچاوەکان



1173 بینین