توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ئافرەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-21:10:00 - کۆدی بابەت: 2316
توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ئافرەت

ناوه‌ڕۆك

توند و تیژیی خێزانی بەرامبەر بە ئافرەت

توندوتیژی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت، پێش هەموو کەسێ ڕووبەڕووی ئەو ئافرەتانە دەبێتەوە کە لەگەڵیاندا دەژین، یان یەکتر دەناس، پیاو کەمتر هێرسی زەبر ئامێز دەرهەق بەو ئافرەتانە ئەنجام دەدا کە لە دەرەوەی ماڵ دەیانبینێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی لەگەڵیاندا نییە و نایانناسێ، هەر بۆیە کاتێک ئەو جۆرە توند و تیژیانە کە ڕوودەدەن سەرنجڕاێشترن و زیاتر باس دەکرێن لە ناو خەڵک، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو توند و تیژییە کە پیاوان دەرهەق بەو ئافرەتانە ئەنجامی دەدەن کە خۆشیان دەوێن و لەگەڵیاندا دەژین، لەوانەشە هەندێ جار ببنە هۆی لەناوبردن و کوشتنیشیان.
توند و تیژی بەرامبەر بە ئافرەت لە کۆمەڵگای کوردستانی لە ئاستیکی زۆر بەرزدایە و ئەر ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوە ناحکومیەکان (ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان) و بەڕێوەبەرانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەردەچن، ژمارەیەکی مەترسیدارن لەسەر دواڕۆژی کۆمەڵگای کوردستانی، هەر وەک لە ئاماری ساڵی ٢٠١٠ ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتاندا هاتووە: لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانی بە شێوەی (خۆ کۆشتن) مردوون ١٢ ئافرەتن، هەوەها کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانی بە شێوەی (کوشتن بە ئەنقەست و کوشتن بە قەزا و قەدەر) مردوون ٢٦ ئافرەتن، دەربارەی سووتان هەر بەپێی هەمان ئامار، کۆی ژمارەی ئەو ئافرەتانی کەوا خۆیان سووتاندووە ٦٤ ئافرەتن و بە شێوەی قەزا و قەدەریش ١٠٢ ئافرەتن، سەبارەت بە ژمارەی سکاڵا کردن لە لایەن ئافرەتانەوە کۆی گشتی ١١٢٣ هەزار و سەد و بیست و سێ سکاڵا کراوە، هەروەها کۆی گشتی ئەو ئافرەتانەی ئەشکەنجە دراون ژمارەیان ٢٣٤ ئافرەتە، لە ڕووی توندوتیژی سێکسییەوەش ٣٥ ئافرەت ڕووبەڕووی توند و تیژی سێکسی بوونەتەوە، ئەمانە هەمووی تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێرن، ئەگەر هاتوو ژمارەی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستانیش وەرگرین، ئەوا بێگومان ژمارەکە زۆر لەمە زیاترە و مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە.
کۆسپێکی ئاسایی لەبەردەم تێگەیشتنی توندوتیژی بەرفراوانی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت، لەو ترسەیە: گوایە، گەر بێت و باسی ئەم مەسەلە بکرێ، ئەوا پیاوانی هێمن و ئارامیش تێوە دەگلێن و هەموویان بە یەک چاو سەیر دەکرێن.
گرفتێکی تر لەم بوارەدا ئەوەیە: ڕەخنەگران لە توندوتیژی پیاو بەرامبەر بە ئافرەت، بە دوژمنایەتی کردنی پیاو دادەنرێ، باشە ئەگەر لایەنەکانی ئەم مەسەلەیە وا لێک بدرێتەو، ئیتر چۆن دەتوانین بنەماکانی ئەم دیاردەیە شیبکەینەوە؟ چۆن دەتوانین ڕێگاچارە بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە؟ لە کاتێکدا هەزاران ئافرەت ژیانیان لە مەترسیدایە و ناوێرن بچنە دەرەوەی ماڵەوە یان ئەگەر هاتوو چونە دەرەوەش دەبێت بە بەردەوامی ئاگایان لە خۆیان بێت.
ئەو توند و تیژییە بێشومارەی دەرهەق بە ئافرەت ئەنجام دەدرێت شاراوە و نەبینراوە، بەڵام بەهۆی بەهاناوە هاتن و بەدواداچوونی کێشەی ئافرەت بە گشتی و توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت لە لایەن ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و بیانییەکان، هەروەها دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتییەکی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ بە تایبەت بە بەدواداچوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان، ئەم گرفتە زیاتر و زیاتر ئاشکرا دەکرێ و پەردەی لەسەر هەڵدەماڵرێ، بۆیە زۆر جار گوێمان لێ دەبێ لێرە و لەوێ خەڵکانێک هەن دەڵێن کاکە لەوەتەی باسی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێ، توند و تیژییەکە زیادی کردووە، بەڵام بە بڕوای نووسەر ئەوە هەبووە تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراوە و نەمانزانیوە، بەڵام ئیستا بارودۆخەکە جیاوازە، دەبینین و دەبیستین و دەیخوێنینەوە و وا هەست دەکەین زیادی کردووە!.


سەرچاوەکان

994 بینین