کانزا نافلزییەکانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-19-11:04:00 - کۆدی بابەت: 2374
کانزا نافلزییەکانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

کانزا نافلزییەکانی کوردستان

کانزا نافلزییەکان دوو کۆمەڵ کانزا دەگرنەوە بەم شێوەی خوارەوە:

یەکەم: ئەو کانزا نافلزیانەی لە پیشەسازی و بیناسازیدا بەکاردێن، لەوانە:

گۆگرد

گۆگرد بە شێوەی توخمی پوخت (تەنیا) و بە شێوەی کانزاش لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمدا دەرهاتووە وەک سلێمان بەگ لە باکووری ڕۆژئاوای کفری و کارگەی دەرهێنانی گۆگرد لە دووبز و کانیاوە گۆگردییەکان گەرماڤا لە باکوری دهۆک. گۆگرد لە زۆر بواری پیشەسازیدا وەک دروستکردنی پەین و داوی پیشەسازی و کاغەز سوودی لێ وەردەگیرێت.

جیپسیۆم و ئەنهایدرایت

خاوەکانی جیپسیۆم و ئەنهایدرایت لە ناوچەکانی مەخمور، سلێمان بەگ، کۆیە بەدەر دەکەوێت. ئەم خاوانە لە پیشەسازی گەچ و چیمەنتۆ و بەکارهێنانی دیکەدا سوودی لێ وەردەگیرێت.

بەردی کلس و دۆلۆمایت

هاڕاوەی بەردی کلس و دۆلۆمایت لە دروستکردنی کۆنکرێت و شۆستەی ڕێگاوبان سوودیان لێ وەردەگیرێت، هەروەها لە دروستکردنی گەچ و چیمەنتۆدا وەک کەرەستەی سەرەتایی بەکاردێن.
بەردی کلس و دۆلۆمایت پانتای فراوان لە هەرێمی کوردستان دادەپۆشن، لە گرنگترین ناوچەکانی، بادۆش لە موسڵ، کانی دوملان لە کەرکوک، ئاکرێ، چیای قەرەچوغ، نیشتووەکانی سەرچنار لە سلێمانی

قوم و چەگڵ (زیخ و چەو)

قوم و چەگڵ (چەو) لە ورد و خاشبوونی بەردەکانەوە پەیدا بوون، بۆ چەندین مەبەست بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە دروستکردنی تێکەڵەی کۆنکرێت و تواندنەوە و دروستکردنی شۆستەی ڕاخراو.
نیشتوی قوم و چەگڵ پانتاییەکی زۆریان لە هەرێمدا گرتووە، لەوانە، نیشتووەکانی دۆڵی داقوق و خاسە لە کەرکوک و قوم و چەگلی نیشتوو لە زێی گەورە لە ناوچەی سفەیە و ئاسکی کەلەک.

بەردی مەڕمەڕ

لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە مەڕمەڕ بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەرێمدا بڵاوە و جۆرەکەی زۆر باشە. گرنگترین ناوجەی لەخۆگری مەڕمەڕ پێنجوێن و چوارتا و قەڵادزێ و گەڵاڵە و ڕایات و ڕەواندوز و شەنگالە.

 

 


دووەم: ئەو کانزا نافلزیانەی وەک سوتەمەنی بەکار دەهێنرێن:

یۆرانیۆم

یۆرانیۆم لە ناوچەکانی پێنجوێن و قەڵادزێ و کێوەڕەش و گارا هەیە.

خەڵوزی بەردین

خەڵوزی بەردین لە هەرێمدا بە گشتی بڕێکی زۆر خەوش و خلتی تێدایە، کە نرخە ئابووریەکەی کەم کردووەتەوە، ئەم کانزایە لە ناوچەکانی کفری، ئینجانە و پێنجوێن، هەروەها لە زاخۆ لە گوندی ئیسلامی نزیک شەرانش دەردەهێنرێت.

نەوت

کۆنترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نەوتی لێ دۆزرابێتەوە هەرێمی کوردستانە، گڕی دانەمرکاوی بابەگوڕگوڕ هەر لە کۆنەوە وەک سەرچاوەی سوتەمەنی و ڕووناک کردنەوە ناسراوە، ئەستێلک و گۆمە نەوتی کوردستان بە بڵاوی پێکهاتەی گومەزییە و ڕوون و ئاشکراکانی جیادەکرێتەوە، بە حەشارگەیەکی نموونەیی کۆگاکردنی نەوت دادەنرێت.


سەرچاوەکان



2983 بینین