ئاوی ژێرزەوی هەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-19-17:30:00 - کۆدی بابەت: 2393
ئاوی ژێرزەوی هەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ئاوی ژێر زەوی هەرێمی کوردستان

ئاوی ژێر زەوی بەسەرچاوەیەکی گرنگی دەرامەتە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەهۆی بەکارهێنانی لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، سەرەڕآی ئەوەی کە هۆکارێکی سروشتییە بۆ پێکهێنانی ئاوی سەر زەوی، چونکە بە سەرچاوە گرنگەکانی ئاوی ڕووبار و دەریاچەکان دەژمێردرێ. ئەم دەرامەتە ڕۆڵی خۆی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان و پێداویستی ئاژەڵ و کشتوکاڵی هاوینەی هەرێم دەبینێت، هەروەها تا ڕادەیەکی زۆریش لە چەندین شوێنی هەرێم نیشتەجێبوونی مرۆیی دیاری دەکات. درێژبوونەوەی زنجیرە شاخەکان بە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژئاوا-باشووری ڕۆژهەڵات کە لە نێوانیاندا چەند دۆڵ و دەشتاییەک هەیە، ئەو ناوچانەی کردۆتە کۆگایەکی گەورەی ئاوی ژێر زەوی، سەرەڕای ئەوەی باوبوونی پێکهاتووی کلسی ئاو هەڵگر و خاوەن کونیلە داری بەرز یارمەتی فرەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێم داوە، لە حەوزە گرنگەکانی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێم وەکو حەوزی هەولێر، ئاکرێ، شارەزوور، ڕانییە، قەڵادزێ.

دابەش بوونی ئاوی ژێر زەوی

ئاوی ژێر زەوی هەرێم دابەش دەبێت بۆ:

بیر و کارێز

بیر بە یەکێ لە ڕێگە کۆنەکانی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی دادەنرێ لە هەرێم، لە پێناوی دابینکردنی پێداویستییە هەمەجۆرەکانی دانیشتواندا لێدەدرێ. سەبارەت بە کارێزیش، ڕێگەیەکی زۆر کۆنە کە دانیشتاونی هەرێم بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بەکاریان هێناوە، بریتییە لە کۆمەڵە بیرێک کە بەهۆی هەندێ جۆگەوە بەستراونەتەوە و ئاستی هەر یەکەیان لەوەی پێش خۆی نزمترە و ماوەی کەمتر لە ٢٠ مەتریان لە نێواندایە.

سەرچاوە و کانیاوەکان

بەرزی و نزمییەکانی سەر ڕووی زەوی و تایبەتمەندە جیۆلۆجیەکان ڕۆڵی خۆیان لە زۆری سەرچاوە و کانیاوەکان لە هەرێمدا گێڕاوە، کونیلە داری کەڤەرە سەقامگیرەکان بەسەر چینە کەڤەرینە ئاو هەڵگرەکانەوە و زۆری درز و قڵێش شکاوەکان هەموویان هۆکاری یاریدەدەرن بۆ بڵابوونەوەی سەروچاوەکان، ئەمە سەرەرای نزیکی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەگەڵ ڕووی زەویدا. ئەم سەرچاوە و کانیانە ڕۆڵێکی چالاکیان لەدابەش بوونی ئاوەدانییەکانی هەرێمدا گێڕآوە. لە هەرێمدا چەندین سەرچاوە ئاوی کانزایی هەیە کە بەهۆی ناوەڕۆکە کیمیاییەکەیەوە بۆ چارەسەکردنی پێست بەکاردێت. وەک کانیاوی باونی خێڵان، بازیان، شێخی باڵەکان، و شێرەسوار


سەرچاوەکان



3618 بینین