کتێبی ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-04:01:00 - کۆدی بابەت: 2412
کتێبی ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا

ناوه‌ڕۆك

ناسنامەی کتێب

ناو ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
نووسەر عەلی عیزەت بیگۆڤیج
بابەت فەلسەفی - ئاینی
وەرگێرانی محمد چیا
قەبارە ٤٦٧ لاپەڕە
ناوەندی چاپ سیما
چاپ سێیەم 2006ز

عەلی عیزەت بیگۆڤیچ كێیە؟

عەلی عیزەت بیگۆڤیچ (Alija Izetbegović)، لە ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩٢٥ لەدایکبووە، یەکەمین سەرۆک کۆماری بۆسنە و هەرسک بووە لەدوای جەنگی بۆسنە و هەرسک، ئەو چالاكوانێكی سیاسی بۆسنەیی و فەیلەسوفێكی ئیسلامی بوو، خاوەنی چەندین كتێبە كە بەناوبانگترینیان (ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)ـیە. لە شاری بۆسانا كرۆبا ی بۆسنە لە خێزانێكی بۆسنی ئیسلامی لەدایكبووە، ناوی خێزانەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری بوونی دەوڵەتی عوسمانی لە وڵاتەكەی، كە لەناو ناوەكەیدا وشەی (بیگ) هەیە كە هەمان وشەی بەگی توركییە و نازناوەكەیشی بیگۆڤیچە كە واتە عەلی عیزەت بەگ.

کتێبی (ئیسلام لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا) کتێبێکی ئاسایی نیە، هەروەها وەرگێڕانیشی بۆ ئینگلێزی و پاشانیش بۆ عەرەبی لە ڕەوش و بارودۆخێکی ئاساییدا نەکراوە.

(عەلی عیزەت بیگۆڤیچ) نووسەری ئەم کتێبە بیریارێکی ئیسلامی دانسقەیە، لە ناو جەرگەی ڕژێمێکی کۆمۆنیستیدا پێگەیشتووە بێ ئەوەی خۆی بدۆڕێنێت. بەڵکوو بەسەربەرزی لەسەرئیسلام ماوەتەوه و تێکۆشەرێکی لێهاتوو بووە، نەچەماوەتەوە لەبەردەم هیچ شەپۆلێکی بێ باوەڕی و ستەمکاردا، چەکی تێکۆشانیشی بریتیە لە بیر و پێنووس و هیممەت و بڕوای دامەزراوی بە پەروەردگار.

لە قوتابخانەکانی شاری (سەراییڤۆ) خویندوویەتی و پاشان چووەتە زانکۆ و چەندەها بڕوانامەی لە بوارەکانی یاسا و ئەدەب و زانستدا بەدەست هێناوە. بۆ ماوەی 25 ساڵ ڕاوێژکاری یاسایی بووە، پاشان بەتەواوی خۆی ترخان کردووە بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە، (عەلی عیززەت) لە ماوەی ژیانیدا زۆر چالاک بووە لە بوارەکانی کاری ئیسلامیدا چ لە ڕێگەی نووسین و یاخود لە ڕیگەی وتارەکانیەوە بێت. لە ساڵی 1949 لەسەردەمی (جوزیف برز تیتۆ) بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کراوە لەگەڵ کارکردنی قورسدا بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکخراوی (لاوانی موسڵمان)ـەوە بووە، هەرچەند ئەم ڕیکخراوە کاری سیاسی نەدەکرد تەنها چالاکییەکانی لە بوارەکانی فێرکردنی ئیسلامی و کاری خێرخوازیدا کۆکردبووەوە.

کورتەیەک دەربارەی کتێبەکە

كتێبێكی ناوازەیە كە لە لایەن ڕێزدار عەلی عیزەت بیگۆڤیج نوسراوە و تیایدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە كە ئیسلام ڕێگەی سێهەمە بۆ ڕزگار كردنی مرۆڤایەتی بەهۆی ئەو نەهامەتیانەی كە بەهۆی سەرمایەداری و سۆشیالیزمەوە توشی بووە، ئەمەش لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی فراوانەوەیە كە ئەم ڕوناكبیرە ئیسلامیە كردویەتی دەربارەی فیكرو فەلسەفە جیهانیەكان، لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا هەست دەكەیت كە نوسەر قوڵاییەكی فیكری گەورەی هەیە و خاوەنی ڕۆشنبیریەكی فراوانە و لە پاشاندا دەبینیت كە عەقڵی فەلسەفی نوسەر لە بەشی یەكەمدا بەسەر هەموو بەشەكانی ترەوە دیارە، پاشان نوسەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە كە بۆچی ڕۆژئاواییەكان لە ئیسلام تێ ناگەن؟، نوسەر دەڵێت فیكری ڕۆژئاوایی لەسەر بنەمای تاك گەرایی و تاك لایەنە دروست بووە، تەنانەت لە ڕووی تێگەیشتنیشەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئیسلام فەلسەفەكەی لەسەر بنەمای پێكەوە گرێدانی دوالیزم و جیاوازیەكان بنیات نراوە و هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی كە فەلسەفەی ئیسلام بوارێكی فراوانتری هەیە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، چونكە ئیسلام هەڵدەستێت بە پێكەوە گرێدانی خوا و دروست كراوەكان و زیندەوەران، مرۆڤ و ماددە، لە مرۆڤیشدا ماددەو ژیان، ماددەو ڕۆح، دەرەوە و ناوەوە.

بەشەکانی کتێبەکە

کتێبەکە لە یانزە بەشی سەرەکی پێک دێت لە دوو دەروازەدا لەگەڵ بەشی دەرئەنجام - دوا ڕوانین

دەروازەی یەکەم - چەند تێڕوانینێک دەربارەی ئایین

  • بەشی یەکەم: بەدیهێنان و پەرەسەندن
  • بەشی دووەم: ڕۆشنبیری و شارستانییەت
  • بەشی سێیەم: دیاردەی هونەر
  • بەشی چوارەم: ئەخلاق
  • بەشی پێنجەم: ڕۆشنبیری و مێژوو
  • بەشی شەشەم: دراما و تۆبیا

دەروازەی دووەم - ئیسلام، یەکەیەکی دوو جەمسەر

  • بەشی حەوتەم: موسا - عیسا - موحەممەد (د.خ)
  • بەشی هەشتەم: ئیسلام و ئایین
  • بەشی نۆیەم: سروشتی ئیسلامی بۆ یاسا
  • بەشی دەیەم: بیرۆکەکان و واقیع
  • بەشی یانزەیەم: ڕێگای سێیەم - دەرەوەی ئیسلام

دوا ڕوانین - دەرئەنجام


سەرچاوەکان



2300 بینین