زمان چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-14:20:00 - کۆدی بابەت: 2421
زمان چییە؟

ناوه‌ڕۆك

زمان چییە؟

پێناسەی دیاردەیەکی وەکو زمان کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەتی لە بەرئەوەی دیاردەیەکە لە زۆر ڕوانگەی جۆر بەجۆرەوە سەیردەکرێ هەر شارەزایەک لە چوارچێوەی بابەتەکانی خۆیەوە لێی دەکۆڵێتەوە، بێگومان پێناسەی زانایانی دەروون و زانایانی کۆ-زمانەوانی و زمانەوانان و ئەندازیاری دەنگ و فەیلەسووفەکانیش ناشی وەک یەک بن لە بەرئەوە زمان دەیان پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە و لە خوارەوە چەند پێناسەیەکی دەخەینەڕوو: -

١-زمان هۆیەکە بۆ لەیەکترگەیشتن، دەکرێت بە چەند دانەیکی وردەوە (مۆرفیم)، کە هەر یەکەیان خاوەنی واتا و مۆرفێکن. (مارتنیت).

٢-زمان پێڕەوێکی دەنگییە بۆ لە یەکتر گەیشتن بەکاردێت و بە هۆی ڕشتەی وتن بیستنەوە لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراودا کار دەکات، دەنگەکان رەمزن و واتە لە خۆوە وەردەگرن.

٣-کۆمەڵە ڕستەیەکە کە ڕێزمان دەریان دەکات. (چۆمسکی).

٤-زمان هۆیەکی ناغەریزییە تایبەتە بە مرۆڤەوە بۆ دەربرینی هەست و ئارەزوو بەکاردێت، و بە هۆی ڕەمزەوە لە سەر یاسا ڕۆشتەوە، وە کار دەکات و لە ژێر دەسەڵاتی مرۆڤدایە. (ساپیر).

٥-زمان بریتییە لە رەمزێکی لە خۆوە کە بە هۆیەوە کۆمەڵ دەتوانێ هەرەوەزی بکات. (بارک وترانکر).

٦-زمان کۆمەڵە رەمزێکی دەنگی لە خۆوەیە، کە دەتواندرێ بەکاربێت بۆ لە یەکتر تێگەشتن و پۆلێنکردنی شت و ڕووداوەکانی دەوروبەر. (کارل).

٧-زمان کۆمەڵە شێوازێکی جیایە کە هەر یەکەیان بۆ بارێکی تایبەتی دەست دەدات. (کۆ_زمانەوانان).

زمان چەند تایبەتیەکی هەیە

هەموو ئەم پێناسانە لەوە دەردەکەوێ کە زمان چەند تایبەتیەکی هەیە

١-زمان پێڕەوە: ئەگەر زمان خاوەنی پێڕەوێکی تایبەتی نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێ فێریبێت، زمان لە راستیدا لە دوو پێڕەوی سەرەکی پێکدێت، پێڕەوی دەنگ و پێڕەوی واتا، پێڕەوی دەنگی زمان لەوادا دەردەکەوێ کە لە هەموو دەنگە جۆر بە جۆرانەی مرۆڤ دەتوانێ دەریان بهێنێ، هاوزمانن تەنیا کەڵک لە ژمارەیەکی زۆر کەم لەمانەوە وەردەگرن بەواتای بەکاری دێنن، لە ناو ئەمانەشدا تەنانەت ژمارەیەکی کەمتریان لە یەک دەدرێن بۆ ئەوەی واتا دەست بخەن. لە نێو ئەو هەموو دەنگانەی لە سروشتدا هەن کوردی نزیکەی چل دەنگێکیان لێ هەڵدەبژێری و هەموو لێکدانێکی ئەو دەنگانەش، بۆ نموونە (راد-ری-لاک) واتا نەبەخشن، پێڕەوی دەنگی زمان رێگەی ئەوەمان دەدات کە ژمارەیەکی کەمی دەنگ دووبارەو سێبارە بکەینەوە لە ڕۆنانی جیاجیادا تەوەکو دانەی واتایی دروست بێت، پێرەوی واتایی زمانیش رێگەی ئەم دانە واتاییانە (واتە ئەم مۆرفیمانە) دەدات، کە لە ژمارەیەکی زۆر وشەدا دووبارە ببنەوە تاوەکوو مرۆڤ بتوانێ بە ئاسانی لە چوارچێوەی زمانەکەیدا چەمکی ئاسان و ئاڵۆز دەربرێ.

٢-زمان دەنگە؛ لێرەدا مەبەستمان لەوەیە کە زمان پێویستی بە قەناتی دەم و گوێ هەیە و بە لای کەمەوە دەبێت قسەکەرێک و گوێگرێکمان هەبێت (هەرچەندە هەردوو دەورەکە تاکە کەسێک دەتوانێ پێکەوە ببینێ وەک کاتێک کەسێک لە بەر خۆیەوە قسە بکات) و دوو کەسەکەش دەتوانن دەورەکانیان ئاڵوگۆڕبکەن بە واتای ئەوەی گوێگر ببێتە قسەکەر و بە پێچەوانەشەوە. لە سەریەکی تریشەوە زمان دەنگە، چوونکە لە نووسین لە پێشترە هەروەک بەڵگەی مێژووی و ئەو بەڵگانەی لە فێربوون زماندا دەستمان کەوتوە دەریدەخەن، کە (نووسین) زمان نییە بەڵکوو بریتییە لەو هەوڵەی مرۆڤ داویەتی بۆ پاراستنی (قسە).

٣-زمان تایبەتە بە مرۆڤ: لە دێرترین ڕۆژگارەوە باوەر وابووە کە زمان لە هەموو گیاندارەکانی تر جیا دەکاتەوە،چوونکە تەنها مرۆڤ بەهرەو توانای قسەکردنی تیادایە، بێگوومان ئاژەڵ و پەلەوەر و گیانلەبەرەکانی تر بە گشتی پێڕەوێکیان هەیە ، هەرچەندە زۆر سادەن بۆ بە لە یەکتر گەیشتن ، بەڵام ئەم (زمانانە) لە چالاکیدا زۆر لە زمان کەمترن و ڕێگەی گیانداران نادەن لە ڕابردوو یان پاشەڕۆژیان بکۆڵنەوە ، درۆ بکەن و یان شت لە زمانی تر وەربگرن ، لە بەر ئەم هۆیانەیە پێڕەوەکانیان ناچێتە ڕیزی زمان و ئەو بەهایەی نادرێتێ ، هەرچەندە ناوکۆو لێکچوونیان زۆریش بێت.

پەیدابوونی زمان (مێژوو)

لە گەڵ ئەوەشدا کە کێشەی چۆنێتی پەیدابوونی زمان هەر لە دەمێکەوە زۆر سەرنجی رووناکبیر و زمانەوانانی راکێشاوە، زانیاریمان تا ئێستاکەش دەربارەی دیارەکە بە شێوەیەکی گشتی زۆر کەمە ئەم تیۆرانەی لەم بارەیەوە خراونەتە ڕوو تەنیا بە ناو تیۆرن و زۆربەیان بریتین لە بیری سادەی نەسەلماو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند کۆسپ و تەگەرەیەکی گەورە کە زۆرجار دێتە ڕێی لێکۆڵینەوەی مێژووی بە شێوەیەکی گشتی.

چەند گریمانەیەک دەربارەی زمان پەیدابوون

گریمانەی دەنگە سروشتییەکان

ئەم گریمانەیە بۆ یەکەم جار لە سەدەی چوار یان پێنجی پێش زاین لە لایەن دیمرکریتەس و ئیفلاتوونەوە خراوەتە بەرچاو، لە سەدەی حەڤدە و هەژدەشدا لە لایەن (لاینبز)ەوە پشتگیری لێکرا. لە سەدەی نۆزدەشدا (داروین)و(ویتنی) پەسەندیان کرد، بە پێی ئەم گریمانەیە زمان لە لاسایی دەنگە سروشتییەکانەوە پەیدابووە، گریمانە کە باوەڕی وایە، کە دانە دەنگییەکان (لاسایی ئەو دەنگانەن کە گیانلەبەری تر یان سروشت دەریان دەهێنێ) بوونەتە ناو بۆ کەلووپەل و گیان لەبەرانی دەوروبەری مرۆڤ، بۆ سەلماندنی گریمانەکە خاوەنەکانی پەنا دەبەنە بەر ئەو وشانەی کە گوایە لە لاسایی دەنگە سروشتییەکانەوە هاتوونەتە کایەوە (حەپە- قاسپە- بۆڵەوگرمە...هتد) لە کوردیدا.

کەمووکورتی گریمانەکە

لەوەدایە کە: -

  • تێمان ناگەیەنێ بۆچی ئەم وشانە کە لە هەموو زمانەکانی دنیادا یەک فۆرمیان نیە، حەپەی سەگ بۆچی (باوی) سەگی یابانی بێت لە کاتێکدا کە هەردووکیان لاسایی یەک دەنگی سروشتی بن.
  • بۆمان ڕوون ناکاتەوە زمان لەکوێوە بووە بەخاوەنی ڕۆنانێکی وا ئاڵۆز.

گریمانەی بانگ و قیژەی هەست دەربڕ (The Pooh-Pooh Theory)

بە پێی ئەم گریمانەیە یەکەم جار زانای ئەڵمانی (شتاینتال) و دەستەیەک لە رووناکبیران لە سەدەی نۆزدەدا خستیانە بەردەست،زمان لەو دەنگە غەریزانەوە پەیدابووە،کە مرۆڤ بۆ دەربرینی خۆشی و ناخۆشی و ئازار وپەستی بەکاریهێناوە ، بە پێی ئەم گریمانەیە یەکەم گوتن لە زماندا بە شێوەی سەرسوڕمان بووە .هەرچەندە ئەم گریمانەیە سەرچاوەی ئەو کەرەستانەمان بۆ دەردەخات کە زمان بەکاری هێناوە ، کەمووکورتی گریمانەکەی پێشوومان بۆ  چارە ناکات،بە واتایەکی تر تێمان ناگەیەنێت ئەو ڕۆنانە ئاڵۆزەی زمان لە کوێوە هاتوون؟ ، جگە لەمەش گریمانەکە ڕوونی ناکاتەوە چۆن زمان لەم بانگ و قیژەوە گەیشتووەتە قۆناغی ڕەمز بەکارهێنان.

گریمانەی بزاوتن (Gesture Theory)

ئاشکرایە کە لەقاندنی سەر و جوڵاندی دەست زۆر بەر لە قسەکردن هاتوونەتە کایەوە بەڵگەش بۆ ئەمە سەرلەقاندن و چاوتروکاندن و لێو قوچاندنە و لە یەکترگەیشین لە ناو مرۆڤە سادەکاندا ، هەر لە بەر ئەمەشە کە هەندێ لە زمانەوان(ڤۆنت) لە ئەڵمانیاوە و (مار)لە یەکێتی سۆفیەت باوەڕیان وابوو کە لە یەکترگەشتن لە نێوان مرۆڤدا لە بنەڕەتدا لەم جۆرە بزاوتنەوە بووە کە لە دواییدا گۆڕاوە بە زمانی ئاسایی.

گریمانەی مۆسیقا (The Musical Theory)

بە پێی ئەم گریمانەیە کە بۆ یەکەم جار لە لایەن (یسپرس)نەوە خراوەتە ڕوو، زمان لە گۆرانییەوە هاتووە ، یان هەردووکیان لە یەک بنچینەوە دروستبوونە، بە باوەڕی (یسپرس) زمان لە گەشەکردنیدا بە چەند قۆناغێک تێپەریووە، لە قۆناغێکدا زمان بریتی بووە لە وشەی درێژی پڕ لە دەنگی قورس و چەناگە شکێن لەم قۆناغەیدا زمانی مرۆڤ بە ئاوازتر بووە لە زمانەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ.

  پێش ئەم قۆناغەش زمانی مرۆڤ بریتی بووە لە گۆرانییەکی بێ وشە (هەر ئاواز) کە تەنیا بۆ هەست دەربڕین بەکار هاتووە  و بۆ تێگەشتنی خەڵکی نەبووە،کەڵکی ئەم گریمانەیە لەوەدایە کە کەرەستەی زمانمان بۆ دیاری دەکات بەڵام هەموو کەم و کوڕی هەموو گریمانەکانی تری تیا بەدی دەکرێت.

گریمانەی پەیوەندی (The contact Theory)

  بە پێی ئەم گریمانەیە کە لەم ساڵانەی دواییەدا، لەلایەن (ڕێڤیزەرە)خراوەتە روو زمان لە ئەنجامی ئەو غەریزە بەتینەوە دروست دەبێت، کەلە مرۆڤدا هەیە بۆ پەیوەندی کردن.بە باوەڕی ڕێڤیز زمان بە چەند قۆناغێکدا تێپەریوە و پێش ئەوەی بگاتە ئەو گەشەی ئێستەی، لە قۆناغی یەکەمی دا (قۆناغی قیژە) ، زمان ئاراستەی دەوروبەری کراوە بۆ تێگەیاندن نەبووە، لە قۆناغی دووەمدا (قۆناغی بانگ)،زمان ئاراستەی دەوروبەری کراوە و بەهیوای ‌هێنانەدی ئاوات و ویستی قسەکەران بووە، لە قۆناغی (وشە)، دەنگەکان وەک رەمز بەکاردێن و ئەمەش هەر لە توانای مرۆڤدا بەدی دەکرێ و یەکەم گوتن، بە بڕوای ڕێڤیز لە شێوەی داوا،یان فرماندان بووە و لە دوایدا شێوەکانی تریش (هەوڵدان و پرسیارکردن) هاتوونەتە کایەوە.

چاکەی ئەم گریمانەیە لەوەدایە کە قۆناغەکانی دروست بوونی  زمان شی دەکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕوون و ماقوول دەیان خاتە ڕوو ،کەم و کورتیشی لەوەدایە بۆمان ڕوون ناکاتەوە زمانی مرۆڤ چۆن گەشتووتە قۆناغی دەربرین، تائکیدی زۆر دەخاتە سەر ئەو غەریزانەی کەلە مرۆڤدا هەن بۆ قسەکردن و تێگەشتن ،و پەیدابوونی زمان دەداتە پاڵ ئەم غەریزەیە ، بەبێ ئەوەی گوێ بداتە دەوری کاتی هەروەزی لە دروستکردنی زماندا.

زمانی مرۆڤ و زمانی زیندەوەری تر

زمانی مرۆڤ لە زۆر سەرەوە لە بانگ و قیژەی زیندەوەری تر دەچێت وەک بەم خاڵانەی خوارەوە بۆمان دەردەکەوێت: -

١-وەک دەرکەوتووە هەردوو جۆرەکە کەڵک لە فۆنتیم وەردەگرن، ژمارەی ئەم فۆنتیمانە لە زمانی مرۆڤدا لە نێوان ١١ و ٦٧ دایە، ژمارەی فۆنیمەکانی زمانی گیانلەبەری تر لە نێوان ٧ و ٣٧ دایە، بەڵام کەم و زۆری فۆنیم کارناکەتە سەر پێشکەوتووی یان دواکەووتووی زمان، چوونکە کەم و کورتی وا دەتواندرێت لە ئاستی تردا پر بکرێتەوە.

٢-لێکۆلێنەوەکانی ئەم دواییە تەواو روونیان کردۆتەوە کە ڕەمز تەنیا لە زمانی مرۆڤدا بەکارنایەت، بەڵکو گیانلەبەرانی تریش کەڵکی لێ وەردگرن، تەنها جیاوازی لەوەدایە کە زمانی مرۆڤ کەڵک زیاتر لە رەمزی لە خۆوە وەردەگرێت، بەڵام زمانی گیانلەبەری تر پشت بە ڕەمزی وێنەیی دەبەستێت ئەمەش تا رادەیەک لە چالاکی ئەو زمانە کەمدەکاتەوە.

٣-مەبەست لە بەکارهێنانی هەردوو زمانەکە گەیاندنی مەبەستە، گەیاندنی هەست و پۆلێنکردنی دەوروبەر، بە واتایەکی تر هەردوو جۆرەکە لە کۆمەڵدا بەکاردێن و بەلای کەمەوە بۆ تێگەشتن لێیان پێویستمان بە دوو ڕۆڵە، قسەکەر و گوێگر، زۆربەی کات لە دوانمان پێویستە بۆ ئەوەی لە یەکتر گەیشتن بێتەدی، بەڵام هەندێ جار هەردوو ڕۆڵەکە بە یەکێک دەبیندرێن.

٤-لە هەردووکیاندا نیشانە دەنگییەکان بە ڕێك و پێکی خۆیان دووپات دەکەنەوە لە ڕێچکەی وتندا.

٥-لە هەردووکیاندا ڕۆڵگۆرینەوەمان هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەنگەکان دەردەکات توانای ئەوەشی هەیە دەنگەکان وەربگرێت و شیان بکاتەوە و لێیان بگات، بەم جۆرە قسەکەر دەتوانێت ببێتە گوێگر یان بیسەر و بە پێچەوانەشەوە.

٦-لە هەردووکیاندا بەکارهێنانی رەمزەکان (گوتن) دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ڕەوشتێکی دیاریکراو لە گوێگردا، ئەم ڕەوشتەش دەبێت لە گەڵ مەبەستی وێنەکەدا بگونجێت هەر ئەم رەوشتەشە بۆمان دەردەخات تێگەشتن لە ئارادا هەیە یان نا.

٧-هەردوو جۆرە زمانەکە کاریگەری دەم و گوێ بەکاردێنن بۆ لە یەکتر تێگەشتن، بەکارهێنانی ئەم ڕێگەیە لە دوو سەرەوە کەڵکی هەیە بۆ زیندەوەر، یەکەم: زیندەوەر پێویستی بە وزەیەکی زۆر کەمە تا قەناتەکە بخاتە گەڕ، دووەم: گوتن، یان قسەکردن ڕێگە لە چالاکی تر ناگرێت، بەم جۆرە زینەوەر دەتوانێ بە دەم قسەوە نان بخوات و ڕابکات.

٨- هەردوو جۆرە زمانەکە خاوەنی یاسای رستەی بێ واتای تایبەتی خۆیانن، بە واتای ئەوەی ئەو ریزکردن و خستنە پاڵ یەکتری و لێکدانی ڕەمزەکان بە ئارەزوو، بێ یاسا نابن، بەڵکو ڕێ و شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە.

٩- لە هەردووکیاندا رەمزەکانی گوتن پاش ماوەیەک لە دەم دەرچوون لە ناو دەچن و جارێکی تر گوێگر، بیسەر بۆی ناگەڕێتەوە دواوە، بەم جۆرە مێشکی قسەکەر، ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ ئەویش کۆکردنەوەیە(هەڵگرتن)، هەر ئەم ئەرکە گرانە وای کردووە مرۆڤ بیر لە نووسین بکاتەوە.

ئاستەکانی زمان

زمان، کە لە خۆیدا ئیشارەت دانە، پێکهاتووە لە چەند ئاستێکی تێکچڕژاو و کە هەندێکییان سەرەکین و ئەوانیتر لاوەکی، سێ ئاستە سەرەکییەکان ئەمانەن:

١-ئاستی ڕستەسازی.

٢-ئاستی وشەسازی.

٣-ئاستی دەنگسازی(فۆنۆلۆجی).

بەم سێ ئاستە دەوترێت سەرەکی، چوونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان لە گەڵ (مەبەست)دا هەیە، نەک لە چوارچێوەی قسەکردن(سیاق). دوو ئاستە لاوەکیەکانیش ئەمانەن: -

-ئاستی دەنگسازی(فۆنتیک): ئەرکی ئەم نیزامە گۆڕینەوەی فۆنتیک و وشەکانە بۆ دەنگ بە ‌هۆی ئەندامانی ئاخاوتنەوە.

-ئاستی واتاسازی: ئەرکی ئەم پێڕەوەش بەندکردنی وشەو مۆرفیمە بە دەوروبەری مرۆڤەوە.

ئەم ئاستە لاوەکیانە بەوە لە سەرەکییەکان جیادەکرێنەوە کە کار لە دووشت دەکەن:

١-چوارچێوەی قسە (باروودۆخی دەوروبەر).

٢-ئاستە ناسەرەکییەکانی ئاستی واتاسازی، بۆ نموونە، لەلایەکەوە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئەو جیهانە کۆمەڵایەتی و فیزیکییەی کە تێیدا دەژین و لەلایەکی تریشەوە کاردەکاتە سەر ئاستی ڕستەسازی زمانەکە. هەروەها ئاستی فۆنەتیکی لەلایەکەوە راستەوخۆ کاردەکاتە سەر ئەو شەپۆلە دەنگانەی کە قسەی تێدا پێچراوەتەوە و لەلایەکی تریشەوە کاردەکاتە سەر فۆنمێکی زمانەکە.

بە گشتی زمانەوان زیاتر گوێ دەداتە سێ ئاستە سەرەکییەکە، بایەخی ئەوتۆ بە لاوەکییەکان و ئەوانی تر نادات، هەندێ زمانەوان پێناسەی زمان هێندە تەسک دەکەنەوە کە تەنیا ئەم سێ ئاستە سەرەکییە بگرێتەوە، بەم جۆرە کێشەی فۆنەتیک و واتا بۆ زانستە نزیکەکان (نەک زمانەوانی) جێ دەهێڵن، ئاشکرایە کە ئاستە لاوەکیەکان گرنگییان لە سەرەکییەکان کەمترە و شایەنی لێکۆلینەوەن، هەرچەندە زۆر گرانتر خۆ بەدەستەوە دەدەن.

زانیاری ئیستەمان دەربارەی زمان و گەشەکردنی ئەوەندە نییە ، وامان لێ بکات یەکێک لەم گریمانانە پەسەند بکەین و ئەوانی تر بخەینە لاوە، بە واتایەکی تر هەریەک لەم گریمانانە وەردەگرین و دەبینین کەمێک لە راستی بە دەست هێناوە ، نەک هەموو راستییەکە بێگوومان ڕاستیەکە بە لای ئێمەوە ئەو گریمانانە پەسەندترن کە پەیدابوونی زمان دەبەستنەوە بە کۆمەڵ و کاری گەلیەوە،چوونکە لەم قۆناغەدا مرۆڤ پێویستی تەواوی بە زمان بووەو هەستی بەم پێویستییە کردووە ، بەلای ئێمەوە ،بۆ لێکدانەوەی چۆنییەتی پەیدابوونی زمان پیویستمان بە چوار شت هەیە :-

  • ئەو بار و هۆیانەی پاڵیان بە مرۆڤەوە ناوە لە خەڵکی تر بگات.
  • ئەو کەرەستە مادییانەی کەلە گوتندا بەکاریان دێنێ(دەنگ، بزاوتن.. هتد).
  • چۆن ئەو کەرەستە مادییانە(دەنگیانە) دەبنە وێنەی ئەو شتانەی کەلە دەوروبەری مرۆڤدا هەن.
  • ئەو قۆناغانە کامانەن کە گووتنیان پێدا تێپەریووە تا گەیشتۆتە ئەو بارە ئاڵۆزەی ئێستەی.


سەرچاوەکان



25020 بینین