هەڵبژاردنی هاوسەری شیاو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-20:28:00 - کۆدی بابەت: 2532
هەڵبژاردنی هاوسەری شیاو

ناوه‌ڕۆك

هەڵبژاردنی هاوسەری چاک و شیاو

ئیسلام بەو شەریعەتە بەناوبانگەی خۆی و، ئەو یاسا و ڕێسا گشتیەی.. چەند بنەما و یاسا و ڕێسایەکی داناوە بۆ داواکەر و داواکراو، ئەگەر خەڵک لەسەر ئەو ڕێنماییانە بڕۆن و هەنگاوهەڵگرن ئەوا هاوسەرێتییەکەیان ئەبێتە مایەی پێکەوە گونجان و خۆشەویستی و لێک تێگەیشتن.. ئەو کاتە خانەوادە پێکدێ لە کوڕان و کچانێ ئیمانیان جێگیر دەبێ و دەگاتە چڵەپۆپە، ژیرییان پێگەیشتوو دەبێ، دەروونیان پوخت و ئارام دەبێت...
ئەوەش ئێوە و ئەو ئەحکام و بنەما گرنگانە:

هەڵبژاردن لەسەر بنەمای دینداری

مەبەست لە وشەی دین تێگەیشتنە لە حەقیقەتی ئیسلام، پەیڕەوکردنی کردەوە چاکەکان و ئاکارە بەرزەکانیەتی بەکردەوە.. مەبەست ئەوەیە ئەو ئافرەتەی هەڵیدەبژێری پابەندبێت بە ئاینی ئیسلامەوە بەشێوەیەکی گشتی لە کردار و گوفتاردا، شایەتی بۆ بدرێت لەلایەن کەسانی باوەڕپێکراوەوە، وە دەبێ داواکەر و داواکراو لە ئاستی ئەو پابەندبوون و تێگەیشتن و پەیڕەوکردنەدا بن.. ئەو کاتە شایەنی ئەوە دەبن پێیان بوترێت خاوەن ئاین و خاوەن خووڕەوشتی بەرز.. بەڵام ئەگەر لە ئاستی ئەو پابەندبوون و پەیڕەوکردن و تێگەیشتنەدا نەبن ئەوا بێگومان حوکمی لادان و پابەندنەبوون و دوور لە ئیسلام دەدرێ بەسەریاندا، هەرچەندە لای خەڵک خۆیان وا پیشان بدەن کە پابەندن بە ئیسلامەوە و خاوەن تەقوان..
چەندە ورد بووە خەلیفەی عادل عومەری کوڕی خەتتاب خوای لێ ڕازی بێ کە تەرازووی ڕاست و هاوسەنگی داناوە بۆ ناسینی مەردوم و خستنە ڕووی حەقیقەتی پیاوان، پیاوێک هاتە لای بۆ ئەوەی شایەتی بدات بۆ پیاوێکی تر.. عومەر فەرمووی: ئەم پیاوە دەناسی؟ وەڵامی دایەوە گوتی: بەڵێ! فەرمووی: ئایا دراوسێیەتیت کردووە و ڕێگای چوونەدەرەوەی و هاتنەوەی بۆ ماڵ دەزانی؟ گوتی: نەخێر نایزانم، فەرمووی ئایا سەفەرت لەگەڵ کردووە تا ڕەوشتە بەرزەکانی بزانی؟.. وتی: نەخێر سەفەرم لەگەڵ نەکردووە، فەرمووی: ئایا بە دینار و درهەم سەودا و مامەڵەت لەگەڵ کردووە تا شارەزای خۆپارێزی بیت لە حەرام؟ گووتی نەخێر، عومەر بە دەنگی بەرز و بە توڕەییەوە فەرمووی: لەوانەیە لە مزگەوت بینیبێتت نوێژی کردبێ چەند جارێک هەستابێت و دانیشتبێت، چەند جارێکیش سەری نەوی کردبێ و بەرزی کردبێتەوە، پیاوەکە وەڵامی دایە و گوتی: بەڵێ!!.. عومەر فەرمووی: بڕۆ پیاوێکی ترم بۆ بێنە با بت ناسێ
عومەر ڕەزای خوای لێبێت بە ڕوخسار و شکڵ و شێوەی پیاوەکە نەخەڵەتا، بە ترازووی هاوسەنگ و پێوەری ڕاستەقینە حاڵەتەکەی بۆ دەرکەوت، ئاین و ڕەوشتی دەرخست!..
ئەمەش مانای ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری خوایە (د.خ) کە ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە: (إنَّ الله لا ينظر إلى صوركم، ولا إلى أموالكم، ولكن ينظر إلى قلوبكم وأعمالكم) واتە: بەڕاستی خوای گەورە سەیری ڕوخسار و شێوەتان ناکات، بەڵکو تەماشای دڵ و دەروون و کردەوەکانتان دەکات.
پێغەمبەری خوا (د.خ) ڕێنمایی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێ ژن بهێنن بەوەی کە هاوسەری خاوەن ئایین هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی ئەو ژنە هەڵسێت بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خێزان و سەرپەرشتیاری بە تەواوی، لە بەجێهێنانی مافی مێرد و منداڵ و، وە بەجێهێنانی ناوماڵ بدات بەو شێوەیەی ئیسلام داوای کردووەو، پێغەمبەری خوا (د.خ) هانی خەڵکی بۆ داوە.
ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێت گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (تنكح المرأة لأربع لمالها ولحسبها ولجمالها ولدينها فاظفر بذات الدين تربت يداك)، واتە: ئافرەت لەبەر چوار شت دەخوازرێت، لەبەر سامان و ماڵەکەی، یا لەبەر ناوداری بنەماڵەکەی، یان لەبەر جوانی و شۆخ و شەنگی ئافرەتەکە، یاخود لەبەر دین و ڕەوشتی، جا تۆش ئەی ئەو کەسەی ئەتەوێ ژن بهێنیت دیندارەکە هەڵبژێرە و ئاوڕ مەدەرەوە بەلای ماڵ و سامان و شتی تردا تا دەستت پڕ بەرەکەت بێت، ئەگەر وا نەکەیت دەستت بەقوڕدا دەچێت.
ئەنەس ڕەزای خوای لێبێت گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمویەتی: (مَنْ تَزَوَّجَ امْرَأَةً لِعِزِّهَا لَمْ يَزِدْهُ اللَّهُ إِلَّا ذُلًّا ، وَمَنْ تَزَوَّجَهَا لِمَالِهَا لَمْ يَزِدْهُ اللَّهُ إِلَّا فَقْرًا ، وَمَنْ تَزَوَّجَهَا لِحَسَبِهَا لَمْ يَزِدْهُ اللَّهُ إِلَّا دَنَاءَةً ، وَمَنْ تَزَوَّجَ امْرَأَةً لَمْ يَتَزَوَّجْهَا إِلَّا لِيَغُضَّ بَصَرَهُ أَوْ لِيُحْصِنَ فَرْجَهُ ، أَوْ يَصِلَ رَحِمَهُ بَارَكَ اللَّهُ لَهُ فِيهَا ، وَبَارَكَ لَهَا فِيهِ) واتە: هەرکەسێک ژن بهێنێت لەبەر دەسەڵات خوای گەورە هیچی بۆ زیاد ناکات جگە زەلیلی و بێ دەسەڵاتی، هەرکەسێک ژن بهێنێت لەبەر سامان و داراییەکەی ئەوە خوای گەورە هیچی بۆ زیاد ناکات جگە لە هەژاری، هەرکەسێک ژن بهێنێت لەبەر ناوداری بنامەڵەکەی ئەوە خوای گەورە هیچی بۆ زیاد ناکات جگە لە ڕیسوایی، هەرکەسێک ژن بهێنێت تەنها لەبەر ئەوەی چاوی بپارێزێت لە نامەحرەم و، داوێنی بپارێزێت لە زینا و، سیلەی ڕەحم بەجێ بهێنێت ئەوە خوای گەورە فەڕ و بەرەکەتی تێدەخات، لە بەرامبەردا پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) ڕێنوومایی کەسوکاری ئافرەت دەکات کە پرسیار بکەن دەربارەی ڕەوشت و دینداری ئەو کەسەی داوای کچەکەیان دەکات، چونکە پاراستنی شەرەف و کەرامەتی ئافرەت مافیکی سەرەکی ئافرەتە بەسەر پیاوەکەیەوە و بەرپرسە لێی، هەستێ بە  ئەرکی پەروەردەی منداڵان، هەروەها دەبێ پێویستییەکانی ماڵی بۆدابی بکات و خەرجی بکێشێ و دیاریشی پێ ببەخشێ.
پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (اذا جاءکم من ترضون دینە وخلوە فزوجوە الا تفعلوا تکن فتنتة فی الارض وفساد عریض)، واتە: ئەگەر یەکێک خوازبێنی کچەکەتانی کرد و ئێوەش لە ئاین و خوڕەوشتی ڕازیبوون، ئەوا بیکەنە هاوسەری کچەکەتان، ئەگەر واشتان نەکرد ئەوا فیتنە و خراپەکاری لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە. زینا و بەدڕەوشتی گەورە ڕوودەدا، وەک لەم ڕۆژگارەدا دەبینن بە چاوی خۆمان کە چۆن خراپە سەر زەوی و وشکانی و دەریاشی گرتۆتەوە..
دەی ئیتر چ بەڵا و فیتنەیەک لەوە گەورەترە بۆ سەر ئاین و پەروەردە و ڕەوشت کە ئافرەتی مسوڵمان بکەوێتە ژێر چنگی پیاوێکی گومڕا و بەدڕەوشت، مێردێکی بێ بەڵێن و پەیمان شکێن بەرامبەر بە ئافرەتێکی ئیماندار کە هیچ ڕێزێک دانەنێ بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی بەبێ نرخ تەمەشای بکات؟!.
چ بەڵا و فیتنەیەک لەوە گەورەترە ئافرەتی چاکی ئیماندار بکەوێتە دەستی پیاوی بێ شەرەف و بێ ڕەوشت، بەزۆر ناچاری بکات بەرەڵابێ و تێکەڵاوی پیاوانی نامەحرەم بکا و لەگەڵیان ڕابوێرێ، ناچار بکرێ و مەی و ئارەق و مادە سەرخۆشکەرەکان بخواتەوە و سەما بکا لەگەڵ پیاواندا، بەزۆر ناچار بکرێ ڕەشمە و پەتی ئاین و ڕەوشت لە گەردەن داماڵێ و بەرەڵا بکرێ وەک حەیوانی بەرەڵا بە چ لایەکدا ئەڕوا با بڕوا؟
بەداخەوە چەندەها ئافرەتی بە دین و داوێن پاک و بەڕەوشت هەبوون لە ماڵی خۆیاندا، کاتێ کەوتونەتە ماڵێکی بێ ڕەوشت و بەرەڵاوە، بوون بەژنی پیاوانی بێ ناموس و خراپەکار، گۆڕاون و بوونەتە ئافرەتی بەرەڵا و داوێن پیس، هیچ بەها و نرخ و ڕێزێکیان بۆ بنەماکانی ئاین دانەناوە، هیچ ئیعتیبارێکیان بۆ داوێن پاکی و شەرەف نەهێشتووەتەوە!.
گومانی تێدا نییە ئەگەر منداڵان لەناو ماڵێکی ئاوا هەڵوەشاوە و بێ ئابڕوو خراپەکاردا گەورە بوون و تێگەیشتن، ئەوا ئەو مناڵانە گەشە دەکەن لەسەر لادان و بەرەڵایی و بەدڕەوشتی، وە لەسەر تاوان و خراپەکاری پەروەردە دەبن.
چاکترین شتێ کە ئافرەتی لەسەر بخوازرێت بریتیە لە دینەکەی و ڕەوشتی چاک و لە خوا ترسانی، جا بەم جۆرە ئافرەتەکە چاو ڕۆشن دەبێتەوە، ئەمیندار دەبێ لەسەر خۆی و ماڵ و سامانی و مێردەکەی بە شێوەیەکی گونجاو پەروەردەی منداڵەکانی دەکات، بەختەوەر دەبن، شەرەفیان دامەزراو ئەبێ، ئارام ئەگرن و ئەحەوێنەوە.

هەڵبژاردن لەسەر بنەمای شەرەف و خانەدانی

یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی هەڵبژاردنی هەریەکێ لە هاوسەر بۆ ئەوی تریان کە ئیسلام دایناوە، ئەوەیە هەڵبژاردنی هاوسەر بۆ هاوەڵی ژیان لە خێزانێکی خاوەن ڕێز و خانەدان بێ و بنەماڵەیەکی بەشەرەف و ناسراو بن بە چاکی ڕەوشتیان، چونکە مرۆڤەکان وەک کانزا وان جیاوازی هەیە لە نێوانیاندا ئەگەر چاک و خاوەن شەرەف بوون ئەوا مناڵەکانیشیان وەک ئەوان دەردەچن، هەروەها بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خراپ بوون ئەوا ئەوانیش هاوشیوەی ئەوان دەبن!!..
پێغەمبەری خوا (د.خ) باسی ئەوەی کردووە کە خەڵک وەک کانزان جیاوازن لە ڕووی شەرەف و ڕەچەڵەک و خێرو خراپە، ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (الناس معادن کمعادن الذهب والفضة، خیارهم في الجاهلیة خیارهم في الاسلام اذا فقهوا)، واتە: خەڵک کانزان، وەک کانزای ئاڵتون و زیو وان لە خێر و خراپەدا، ئەوەیان لە نەفامیدا چاک و باش بێ لە ئیسلامیشدا هەر چاک دەبێ ئەگەر تێگەیشت لە ئاین و مسوڵمان بوو.
لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا (د.خ) خەڵکی هانداوە لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەری چاک و خاوەن بنەماڵەی خانەدان و بەشەرەف و ناسراو..
ئەمانی لای خوارەوەش چەند فەرموودەیەکن لەو بارەیەوە:
-ئەبو سەعدی خودری ڕەزای خوای لێبێت گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (ایاکم وحضراء الدمن) واتە: ئاگادارتان دەکەمەوە لە (خضراء الدمن)، وتیان : (خضراء الدمن) چییە؟ فەرمووی: (المرأة الحسناء فی المنبت السوء)، واتە: گیایەکە لە ناو پیساییدا گەشە دەکات و گەورە دەبێت. جا گیای ناو پیسایی و سەرەنوێلک زوو بەرز دەبێ و گەشە دەکات بەڵام سوودی نییە، ئەوەش کینایەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی کە خاوەنی قەدر و باڵای بەرز و جوانن بەڵام ڕووکاری ناوەوەیان هیچ نییە و بەکەڵکی هاوسەری نایەن.
-عائیشە ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (تخیروا لنطفکم وانکحوا الأکفاء)، واتە:ئافرەتی گونجاو بۆ نوتفەکانتان هەڵبژێرن، وە با هاوکوفی خۆتان بن
-ئافرەتانی چاک و گونجاو هەڵبژێرن چونکە نەخۆشیە بۆماوەکان لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان دەگوێزرێنەوە هەروەک لەم فەرموودەیەدا ئاماژەی پێدراوە: (تخیروا لنطفکم فإن العرق دساس).
-عائیشە ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمویەتی (تخیروا لنطفکم فإن النساء تلدن أشباە إخوانەن و أشباە أخواتهن)، واتە: ئافرەتی چاک بۆ نوتفەکانتان هەڵبژێرن، چونکە ئافرەتان هاوشێوەی برا و خوشکەکانی خۆیان دەبێت.
-لە ریوایەتێکی تردا فەرموویەتی: (اطلبوا موضع الاکفاء لنطفکم، فإن الرجل ربما اشبە أخوالە)، واتە: ئافرەتی چاک و هاوشان بۆ نەتفەکانتان هەڵبژێرن، چەنلە لەوانەیە پیاو بچێتەوە سەر خاڵوانی.
-ئافرەتی چاک و پەروەردەکراو هەڵبژێرن، چونکە نەخۆشیە بۆ ماوەکان دەگوێزرێتەوە لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان هەروەک لەم فەرموودەیەدا ئاماژەی پێ دراوە: (تزوجوا في الحجر الصالح فإن العرق دساس)
 ئەم فەرموودانە هەموویان بەکۆ ڕێنووماین بۆ ئەوانەی ئەیانەوێ هاوسەربگرن، با هاوسەری چاک و هاوەڵی باش بۆ خۆیان دەست نیشان بکەن کە خانەوادەیەکی خاوەن شەرەف و خانەداندا پەروەردەبووبن، لە نوتفەی چاک و حەڵاڵ بن، نهێنی ئەمەش لەوەدایە تا پیاو کوڕ و کچی خاوەن ڕەوشت و ئیمانداری وەک ئەوانی ببێ، دابونەریتی ئەوان پەیڕەو بکات، بە ئاکار و ڕەوشتە بەرزەکانی ئەوان خۆی بڕازێنێتەوە..
-هەر لەسەر ئەم بنەمایانە بووە عوسمانی کوڕی ئەبو عاصی سەقەفی ئامۆژگاری منداڵەکانی کردووە ئافرەتی چاک و گونجاو هەڵبژێرن بۆ نوتفەکانیان، بەدوور بن لە ڕەگ و ڕیشە و بنەچەی خراپ.. ئەوەش ئێوە و ئەو وتەیەی کە گوتی بە منداڵەکانی: ڕۆڵەکانم! ژن خواستن وەک نەمام ناشتن وایە، ئەبێ پیاو بزانێ لە کوێدا ئەو نەمامە ئەچێنێ، شوێنەکەی ئەبێ لەبار و گونجاو بێ ڕەگ و ڕیشەی خراپ کەمجار نەجیب و نایاب دەردەچێ، شوێنی لەبار و گونجاو هەڵبژێرن بۆ نوتفەکانتان با لەپاش ماوەیەکی زۆریش بێ، پەلە مەکەن هەتا لەو جۆرەتان دەسدەکەوێ.
-بۆ سەلماندنی ئەو هەڵبژاردنەش عومەری کوڕی خەتتاب ڕەزای خوای لێبێ لە وەلامی پرسیاری ئەو مناڵەدا کە وتی حەقی کوڕ چییە لەسەر باوکی؟، فەرمووی: دایکێکی چاکی بۆ هەڵبژێرێ، ناوێکی چاکی لێ بنێ و، فێری قورئان خوێندنیشی بکات.
ئەم هەڵبژاردنەی کە پێغەمبەری خوا (د.خ) ئاراستەی ئەممەتی کردووە یەکێکە لە گەورەترین حەقیقەتە زانستیەکان و، تیۆرەکانی پەروەردەی ئەم سەردەمە.. زانستی بۆ ماوە سەلماندوویەتی کە منداڵ لەسەرەتای لەدایک بوونیەوە سیفاتی باوانی ئەگوێزێتەوە جا چ لە ڕووی جەستەییەوە بێ یان لە ڕووی ئەقڵی و ڕەوشتییەوە.. جا ئەگەر هەڵبژاردنەکە لەسەر بنەمای بنەماڵەی خاوەن شەرەف و چاک و گونجاو بوو، گومانی تێدا نییە مناڵەکان لەسەر چاک و دامەزراوی و پاکی گەشە دەکەن.. ئەگەر مناڵ هۆکاری بۆماوەکەی چاک بوو، هۆکاری پەروەردەکەشی هەر چاک بوو ئەو کاتە دەگاتە چڵەپۆپەی ڕەوشتی جوان و دینداری، نموونەی خاوەن تەقوا و ئاکاری جوان و هەڵسوکەوتی چاک و خوڕەوشتی بەرز و شکۆدار دەبێ..

باشتر وایە هاوسەر خزمی نزیک نەبێت

یەکێکی تر لە ئاڕاستە پڕ لە حیکمەتەکانی ئیسلام بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر ئەوەیە فەزڵی هاوسەری بێگانەی داوە بەسەر ئافرەتی خزم و خوێشدا، بۆ بەتەنگەوە چوونی ڕەسەنی منداڵ و دەستەبەرکردنی ساغ و سەلامەتی و پاراستنی جەستەی لە نەخۆشی بۆ ماوە و درمەکان و، فراوانبوونی پەیوەندی و یەکترناسین لە نێوان خانەوادەکان و، بەهێزی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکان.
بەوەش جەستەی منداڵەکانیان بەهیز دەبێ، برایەتی و خۆشەویستیان پتەو دەبێ، خزم و ناسیاوی لە نێوان بنەمالە و هۆزەکاندا بەرفراوان دەبێت!!.. بۆیە دەبینن پێغەمبەری خوا (د.خ) ئاگاداری کردوینەتەوە لە هەڵبژاردنی هاوسەری خزم و نزیک، تاکە نەبێتە هۆی لاوازی و بێ هێزی جەستەی منداڵ و، سیفەتە بۆماوەیی و نەخۆشیەکانی باوانیان ئەگوێزرێتەوە بۆیان. یەکێک لە ئاگادریەکانی ئەمەیە کە دەفەرموێت لە خزمە نزیکەکان ژن مەخوازن، چونکە منداڵەکانتان لاواز و نازیرەک دەبن: (لا تنکحوا القرابة فإن الولد یخلق ضاویا). هەروەها دەفەرموێ: (إ‌‌غتربوا ولا تضووا).
زانستی بۆماوە زانی دەریخستووە کە خواستنی ئافرەتی خزم ئەبێتە هۆی لاوازی و بێ هێزی منداڵ لە ڕووی جەستەییەوە، هەروەها زیرەکی کەمتر تێدا دەردەکەوێ، سیفاتە خراپەکانیش بۆ منداڵان ئەگوێزێتەوە لەگەڵ داب و نەریتە کۆمەڵایەتیە بێزارو و ناتەواوەکان..
پێویستە لەدوور کەوتنەوەکەدا خێزانی بەهێزتر و خاوەن توانای ئەقڵی و جەستەیی چاکتر بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵان لە خێزانی یەکەم چاکتر و بەهێزتر بن، هەتا ئەو دوو خێزانەش وەچە و نەوەی بەتواناتر و چاکتریان لێ بکەوێتەوە.
ئەم حەقیقەتەش یەکێکە لە موعجیزەکانی تری پێغەمبەری خوا (د.خ) وەک چەندەها موعجیزاتی تر و هەواڵە ڕاستەکانی..

هاوسەر کچ بێت چاکترە

یەکێکی تر لە ئاڕاستەکردنە هۆشیارەکانی ئیسلام لە هەڵبژاردنی هاوسەردا ئەوەیە فەزڵی کچی داوە بەسەر بێوەژندا، چونکە حیکمەتی زۆر و سوودی گەورەی تێدایە!.. لەو سودانە: پاراستنی ژیانە لە ناخۆشیەکانی ژیان و، کەوتنە ناو داوی دووبەرەکی و دوژمنایەتی، لە هەمان کاتدا کچ بە پۆرش ترە و خۆشەویستی زیاترە بۆ مێردەکەی، چونکە یەکەم جارە دەگات بە پیاویکی لەو جۆرە و یەکتری ئەناسن، بۆ پاک ڕاگرتنی خۆی و پاراستنی ئابڕوی، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ڕووی ئارامی و دڵنیایی دەروونیەوە.. بە پێچەوانە بێوەژن لەبەر ئەوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کاسێکی تردا کردووە، بە تەواوی ڕوو ناداتە مێردی دووەمی و خۆی پێوە ناگرێ، خۆشەویستی تەواوی ناداتێ، بەڕاستی و بە دڵ وابەستە نابێت پێیەوە، لەبەر ئەو جیاوازیە زۆرەی لەنێوان ڕەوشتی مێردی یەکەمی و هەڵسوکەوتی مێردی دووەمی.
بەلاتانەوە سەیر نەبیت کە خاتو عائیشە ڕەزای خوای لێبێت مانای هەموو ئەمانەی بۆ پێغەمبەری خوا (د.خ) ڕوونکردۆتەوە، لە کاتێکدا کە پێی فەرموو: ئەی پێغەمبەری خوا! ئەگەر بچیتە ناو شیو دۆڵێکەوە دار و درەختی لێبێ لەوەڕی لێ کرابێ و، دار و درەختی وای لێبێ لەوەڕی لێ نەکرابێ، لەکامیان حوشترەکەت دەلەوەڕێنی؟ پێغەمبەری خوا وەڵامی دایەوە فەرمووی: (في الذي لم یرتع منها)، واتە: لەوەیان لێی نەخورابێ، عائیشە ڕەزای خوای لێبێ فەرمووی: دەی ئەوە منم. مەبەستی ئەوە بوو فەزڵی خۆی ڕوون بکاتە بەسەر خێزانەکانی تریدا بە ئیعتیباری ئەوەی کە تەنها ئەوی بە کچێتی هێناوە.
-پێغەمبەری خوا (د.خ) ئاماژەی بەهەندێ لە حیکمەتەکانی هاوسەری کچ داوە و فەرمویەتی: (علیکم بالأبکار فإنهن أعذب أفواها وأنتق أرحاما وأرضی بالیسیر)، واتە: کچان مارە بکەن و بیانکەنە هاوسەری خۆتان، چونکە قسەیان خۆشە و منداڵی زۆریان ئەبێ و بەکەم قەناعەت دەکەن و ڕازین بەبەشی خۆیان.
هەروەها پێغەمبەری خوا (د.خ) لە جەنگی (ذات الرقاع) گەڕایەوە بە جابری فەرموو: ئایا ژنت هێناوە؟ گوتم: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا!.. فەرمووی: (أبکرا أم ثیبا) کچە یان بێوەژن؟ گوتم بێوەژنە، فەرمووی: (أفلا تزوجت بکرا تلاعبک وتلاعبها) بۆ کچت نەهێناوە بۆ ئەوەی گەمەت لەگەڵدا بکات و یاری و گەمەی لەگەڵ بکەیت؟ دڵخۆش ئەبوون بەیەکتر و بەیەکەوە گونجانتان چاکتر دەبوو. گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا! باوکم لە جەنگی ئوحوددا مردووە حەوت خوشکم هەیە من بەخێویان دەکەم بۆیە بیوەژنم هێناوە تاکو سەرپەرشتیان بکات، فێری ئەدەب و ڕەوشتی جوانیان بکات، قژیان شانە بکات، ئەگەر هاوتەمەنی خۆیانم بهێنایە ئەوە بێگومان خزمەتی ئەوانی بەو شێوەیە پێنەدەکرا، پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: (أصبت إنشاء اللە) بە ویستی خوا پێکاوتە.
ئەم فەرموودەی جابر ڕەزای خوای لێ بێ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کچ خواستن چاکترە لە بێوەژن، تەنها لە هەندێ حاڵەتدا نەبێت، وەک ئەو حاڵەتەی جابر بۆ ئەوەی چاودێری و سەرپەرشتی منداڵە هەتیوەکان بکات و یارمەتی دەریان بێت. بۆ سەلماندن و بەجێهێنانی ئەم ئایەتەش: (وتعاونوا علی البر والتقوی..)المائدة:٢، واتە: لەسەر چاکە و تەقوا یارمەتی یەکتری بدەن..

چاکتر وایە منداڵی ببێ و نەزۆک نەبێ

یەکێکی تر لە ئاڕاستە کردنەکانی ئایینی پاکی ئیسلام لە هەڵبژاردنی هاوسەردا ئەوەیە منداڵی ببێت، ئەوەش بەدووشتدا دەردەکەوێ:
یەکەم: جەستەی ساغ و سەلامەت بێ لەو نەخۆشیانەی ئەبنە هۆی منداڵ نەبوون، ئەوەش بەیارمەتی پسپۆڕانی شارەزا لەو بوارەدا دەزانرێت.
دووەم: بەسەیرکردنی حاڵی دایک و ئەو خوشکانەی کە شویانکردووە ئەگەر ئەوان مناڵیان بوو، ئەوا ئەویش بەزۆری ئەچێتەوە سەر ئەوان.
وەک ئاشکرایە لەڕووی پزیشکیەوە ئەو ئافرەتەی منداڵی ئەبێت بەزۆری تەندروستی باشە و جەستەی چالاک و بەهێزە.. ئەوەی ئەم دیاردانەی تێدابێ باشتر ئەتوانێ هەستێ بە بەڕیوبردن و ڕاپەراندنی کاروباری ناو ماڵ، بەجێهێنانی ئەرکی پەروەردەیی و، بەمانای جوامێری و مەردایەتی و بەشێوەیەکی تەواو مافی مێردەکەی دەدات.
ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کە ژنێکی ئاوا ئەخوازێ مناڵی ببێ و، سورە لەسەر خستنەوەی نەوە و وەچە، ئەبێ هەستێ بە ئەنجامدانی کارەکانی بە ڕێکوپێکی و ئەو بەرپرسێتیەی لەسەر شانیەتی، ئیتر بەرپرسێتی خەرجی و بژێوی ژیان بێ، یان بەرپرسێتی پەروەردەیی و فێرکردنی زانست و زانیاری بێ، ئەگەر زێدەڕۆیی یان کەموکوڕتی بکات لەو ئەرکانەی لەسەریەتی ئەوا خوای گەورە لێی دەپرسێتەوە موحاسەبەی دەکات، پێغەمبەری خوا (د.خ) ڕاستی فەرمووە کاتێک کە دەفەرموێت: (إن اللە سائل راع عما استرعاە، أحفظ ذلک أم ضیعە؟ حتی یسال الرجل عن أهل بیتە)، واتە: خوای باڵا لە هەموو لێپرسراوێک دەپرسێتەوە، لەبارەی ئەو کەسانی لەژێر دەستیدا کاریان کردووە، ئایا مافی ئەو کەسانەی پاراستووە یان فەوتاندوویەتی؟ تەنانەت پیاویش دەربارەی خانەوادەکەی پرسیاری لێ دەکریت.
بەکورتی پوختەی ئەوەی لە پێشەوە لێی داوین ئەوەیە: ئەوەی ئەیەوێ ئەرکی بەرپرسێتی منداڵەکانی بخاتەگەردنی خۆیەوە بەو شێوەیەی کە ئیسلام داوای کردووە، بابگەڕێت بەدوای ئافرەتێکی گونجاودا کە منداڵی ببێ و نەزۆک نەبێ، بۆ ئەوەی ژمارەی نەتەوەی پێغەمبەر (د.خ) زیاد بکات کە چاکترین گەل و کۆمەڵ بوون هێنراونەتە ئەم سەر زەویە بۆ کەڵک گەیاندن بە خەڵک و ڕێنمایی کردنیان، ئەوەش بە تەنها ئاڕاستەکردنەکانی پێغەمبەری خوا (د.خ) دەبێت، کاتێک پیاوێک هاتە خزمەتی و پێی گوت: ئەی پێغەمبەری خوا من ئافرەتێکی جوان و خانەدان و خاوەن سامانم خۆشدەوێ و ئەمەوێ خوازبێنی بکەم بەڵام مناڵی نابێ، ئایا بیکەمە هاوسەری خۆم؟ پێغەمبەری خوا (د.خ) ڕێگەی نەدا، دووەم جار هاتەوە و بە هەمان شێوە ڕێگەی نەدا، سێیەم جار هاتەوە پێی فەرموو: (تزوجوا الولود فإني مکاثر بکم الأمم)، واتە: ئەو ئافرەتە بکەنە هاوسەری خۆتان کە مناڵیان ئەبێ و خاوەنی خۆشەویستی و ئەوینن، چونکە من شانازی بەزۆریتانەوە دەکەم لەناو نەتەوەکانی تردا، حەز دەکەم ژمارەشتان زۆر بێ.
ئەمانە گرنگترین دروشمی هاوسەرگرتن بوون، هەروەها پەیوەندی گرنگیشیان هەیە بە بواری پەروەردەوە.. ئیسلام چارەسەری بۆ پەروەردەی تاکەکان لەسەرەتای پێکهێنانی خێزانەوە داناوە، چونکە وەڵامدانەوەی سروشت و فیترەتی پاکی مرۆڤە و، لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێ، هەنگاو هەڵگرتنە لەسەر خۆشیەکانی ژیانی دنیا، منداڵ لە ڕێگەی نەژادەوە دەگەیەنێ بەباو باپیرانیان، کۆمەڵگەش دەپارێزێ لە نەخۆشیە کوشندە و ترسناکەکان و، هەڵوەشانەوەی ئاکار و ڕەوشتە بەرزەکان، وە دەستەبەرکردنی هاوکاری ژن و مێردە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی شیاو، پەرەسەندنی سۆز و خۆشەویستی باوکایەتی و دایکایەتیە لە دەروونیاندا..
بۆ ئەوەی بناغەی هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان پتەو بێت، دەبێت هاوسەر بەدین بێت، خانەدان و خاوەن شەرەف بێت، کچ بێت چاکترە لەوەی کە بێوەژن بێ.
کاتێ مسوڵمان زانی لە کوێوە دەست پێدەکات؟ بۆ پێکهێنانی خانەوادەیەکی مسوڵمان، خستنەوەی وەچەی چاک و، نەوەی ئیماندار.. ئەو کاتە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی تر لە بەر چاوی ئاسایی دەبن.
بۆچی؟ چونکە بەردی بناغەی ماڵەکەی پتەوە کە بینای پەروەردەی ڕاست و چاکسازی کۆمەڵگەی لەسەر دەکات، ئەویش ئافرەتێکی ئیماندار و چاکە!!..
کەواتە پەروەردە کردنی منداڵان لە ئیسلامدا پێویستە یەکەم شت لە هەڵبژاردنی هاوسەری نمونەییەوە دەست پێبکات، لەسەر دروشمی دامەزراوبێت، بۆ ئەوەی کاریگەری چاکی هەبێت بۆ پەروەردە و ئامادەکردنی نەوەیەکی کامڵ و پێگەیشتوو!!.
دەی کەواتە ئاگادار بن بە ئامۆژگاری وەریگرن ئەی خاوەن ئاوەز و هۆشمەندەکان..


سەرچاوەکان



1486 بینین