سۆز و بەزەیی باوان بۆ منداڵەکانیان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-20:41:00 - کۆدی بابەت: 2535
سۆز و بەزەیی باوان بۆ منداڵەکانیان

ناوه‌ڕۆك

سۆز و بەزەیی دایک و باوک بەرامبەر منداڵەکانیان

ئەو هەستە جوامێریەی خوای گەورە بەخشیویەتی بە دڵی دایک و باوک هەستی سۆز و بەزەیی بەرامبەر بە منداڵان، نەرم و نیانی لەگەڵیان، دڵسۆزی و بەسۆزی بەرامبەریان.. هەستێکی ڕەسەنە و کاریگەری هەیە بۆ ئامادەکردن و پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵان و بەدەستهێنانی چاکترین ئامانج و، گەورەترین ئاسەوار.
بێگومان هەر دڵێ خاڵی بێ لەو سۆز و بەزەییە بەرامبەر بە منداڵان، ئەوا خاوەنەکەی ڕەوشت خراپ و دڵ ڕەق دەناسرێت، زەبر و بێ بەزەیی و سەرزەنشتکراو دەبێ، شاراوە نییە لە کەس ئەو سیفاتە ناشیرین و ناپەسەندانەش کاردانەوەی خراپیان ئەبێ لەسەر منداڵان، دەبێتە هۆی لادانیان لەڕێی ڕاست، سەرەنجام منداڵان دەڕۆن بەرەو بێسەروبەریی، دەکەونە ناو چاڵی گومڕایی و نەفامی و توشی نەگبەتی و نەهامەتی دەبن..
لەبەر ئەم هۆیانە شەریعەتی بەرزی ئیسلام ئاوپژێنی دڵی خەڵکی کردووە بە ڕەحمەت و بەزەیی، باوکان و دایکان و مامۆستایان و بەرپرسانی هانداوە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ بڕازێننەوە و خووبگرن بەو ڕەشتە جوان و بەرزانەوە.
ئەوەش ئێوە و گرنگیدانی پێغەمبەری خوا (د.خ) بەلایەنی سۆز و بەزەیی و زۆر سووربوونی لەسەر ئەوەی کە گەورەکان پەیڕەوی بکەن، خۆیان بڕازێننەوە بە ڕەوشتە بەرزەکان و هەستە جوامێریەکان:
عومەری کوڕی شوعەیب ڕەزای خوای لێبێ گێڕاویەتیەوە لە باوکیەوە ئەویش لە باپیریەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) مناڵێکی پێبوو گوشی بەخۆیەوە و ماچی کرد پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی (أترحمە؟) واتە: ئایا بەزەیت هەیە بەرامبەری و ڕەحمی پێ دەکەیت؟ پیاوەکە گوتی: بەڵێ، فەرمووی: (فاللە أرحم بک منک بە وهو أرحم الراحمین)، واتە: دەی خوا لە تۆ زۆر بەڕەحم تر و بەبەزەیی ترە بەرامبەر بەو منداڵە و هەر ئەویش بەبەزەیی ترینە لەوانەی کە خاوەنی بەزەیین.
پێغەمبەری خوا (د.خ) ئەگەر بیبینیایە یەکێک لە هاوەڵانی سۆز و بەزەیی نییە بەرامبەر بە منداڵەکانی ئەوا زۆر بە توندی ڕێگری لێدەکرد و ئاڕاستەی دەکرد بەوەی بەسۆز و بەبەزەییی و چاک بێ بەرامبەر بە منداڵەکانی و خانەوادەکەی. ماچکردن ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە جوڵاندنی هەست و سۆزی منداڵدا، دەبێتە هۆی دامرکاندنەوەی هەڵچوون و توڕەیی، پەیوەندی پتەو دروست دەکات لە نێوان گەورە و بچوکدا، دڵی منداڵ دەگەشێنێتەوە و دەروونی دەکاتەوە.
عائیشە ڕەزای خوای لێبی فەرمووی: هەندێک دەشتەکی هاتنە خزمەتی پێغەمبەری خوا (د.خ) وتیان: ئایا ئێوە منداڵەکانتان ماچ دەکەن؟ . فەرمووی: بەڵێ ئێمە منداڵەکانمان ماچ دەکەین. وتیان: سوێند بەخوا ئێمە ماچیان ناکەین. فەرمووی: (أو أملک إن کان اللە نزع من قلوبکم الرحمة!)، دەسەڵاتم چیە خوای گەورە و سۆز و خۆشەویستی لە دڵی ئێوەدا هەڵکشاوە؟.
ئەبو هورەیرە ڕەزای خوای لێ بێ فەرمووی: پێغەمبەری خوا (د.خ) حەسەنی کوڕی عەلی ماچ کرد لەو کاتەدا ئەقرەعی حابسی تەمیمی لای دانیشتبوو، ئەقرەع وتی: من دە منداڵم هەیە تا ئێستا هیچکامیانم ماچ نەکردووە، پێغەمبەری خوا (د.خ) تەماشایەکی کردوو پاشان فەرمووی: (من لا یرحم لا یرحم!)، واتە: ئەوەی بە ڕەحم و بەبەزەیی نەبێ، ڕەحم و بەزەیشی پێ ناکرێ.
ئەنەسی کوڕی مالیک ڕەزای خوای لێبێ فەرمووی: ئافرەتێک هاتە خزمەتی عائیشە دوو منداڵی پێبوو،، عائیشە سێ دەنکە خورمای دا بە ئافرەتەکە ئەویش یەکی دەنکە خورمایەکی خۆیان خوارد و سەیری دایکیان دەکرد، ئەویش دەنکە خورمایەکی کرد بە دوو لەتەوە و یەکی لەتێکی دانێ، کاتێ پێغەمبەری خوا (د.خ) هاتەوە بۆ ماڵەوە عائیشە بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕایەوە و فەرمووی: بۆچی سەرت لەوە سووڕ دەمێنێ؟ بێگومان بەهۆی بەزەیی هاتنەوەی بەو دوو منداڵەدا خوای گەورە ڕەحمی پێ دەکات.
هەرکاتێ پێغەمبەری خوا (د.خ) منداڵێکی بدیایە لە گیانەڵادا بوایە چاوەکانی فرمێسکی هەڵدەوەران ئەوەندە سۆز و بەزەیی هەبوو بەرامبەر بە منداڵان، بەو شێوەیە ئوممەتەکەی فێردەکرد کە بەڕەحم و بەبەزەیی بن..
ئوسامەی کوڕی زەید ڕەزای خوای لێ بێ فەرمووی: یەکێک لە کچەکانی پێغەمبەری خوا (د.خ) هەواڵی نارد بۆ باوکی و گوتی: یەکێک لە مناڵەکانم خەریکە ئەمرێ بابێ بۆ لام، پێغەمبەری خوا بە نێردراوەکەدا سڵاوی بۆ ناردوو فەرمووی: بگەڕێوە بۆ لای و پێی بڵێ: (أن للە ما أخذ ولە ما أعطی ما أعطی وکل شيء عندە بأجل مسمی فمرها فلتصبر ولتحتسب)، واتە: بێگومان خوای گەورە خۆی خاوەنی ئەو شتەیە کە ئەیباتەوە و خاوەنی ئەوەشە کە ئەیبەخشێ، هەموو شتێک لای ئەو دیاریکراوە، بەڵام با ئارام بگرێ و ڕازی بێ بە بەشی خوا و بڵێ: (حسبنا اللە ونعم الوکیل) واتە: هەر خوامان بەسە، چەند پشت پێ بەسراوێکی چاکە. ئەویش جوابی ناردەوە بۆ باوکی و سوێندی خواردبوو کە ئەبێ بیهێنن بۆ لام، پێغەمبەری خوا (د.خ) هەستا لەگەڵ سەعدی کوڕی عوبادە و مەعازی کوڕی جەبەل و ئوبەی کوڕی کەعب و زەیدی کوڕی ثابت و چەند پیاوێکی تردا ڕەزا و ڕەحمەتی خوایان لێ بێ ڕۆشتن بۆ ماڵی کچەکەی، مناڵەکەیان بەرز کردەوە بۆ پێغەمبەری خوا (د.خ) ئەویش لە کۆشی خۆیدا داینا، منداڵەکە دەستی کرد بە جوڵان و ناڕەحەت بوو باری تێکچوو پێغەمبەری خوا (د.خ) چاوەکانی فرمێسکی لێ ئەهاتە خوارەوە بۆی، سەعد وتی: ئەوە چییە ئەی پێغەمبەری خوا؟ فەرمووی: (هذە رحمة جعلها اللە في قلوب عبادە وإنما یرحم اللە من عبادە الرحماء) ئەوە ڕەحم و بەزەییە خوای گەرە خستویەتیە دڵی بەندەکانی. لە ڕیوایەتێکی تردا فەرموویەتی: ئەوە ئەو سۆز و بەزەییەیە خوای گەورە بییەوێ ئەیخاتە دڵی بەندەکانی، خوای گەورە سۆز و بەزەیی هەیە بەرامبەر ئەو بەندانەی کەوا خاوەنی سۆز و بەزەیین.
بەلاتانەوە سەیرنەبێ ئەگەر سۆز و بەزەیی لە دڵی دایک و باوکدا چەسپا ئەوکاتە هەڵدەستن بە جێبەجێ کردن و دەستەبەرکردنی ئەو ئەرکانەی کە خوای گەورە واجبی کردووە لەسەریان بەرامبەر بە چاودێریکردن و بەخێو کردن و بەرپرسیارێتی منداڵەکانیان.


سەرچاوەکان



2312 بینین