کەی بۆ یەکەمجار ئاوێنە بەکارهات؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-23-14:12:00 - کۆدی بابەت: 2582
کەی بۆ یەکەمجار ئاوێنە بەکارهات؟

ناوه‌ڕۆك

کەی بۆ یەکەمجار ئاوێنە بەکارهێنرا؟

ئایا ڕێککەوتووە، لە گۆماوێکی وەستاودا وێنەی ئاسمان و دارەکانت چاو پێ کەوتبێت؟
لە ڕاستیدا ئەو چاوپێکەوتنە بریتییە لە سەیرکردن لە ئاوێنەدا، ئاوێنە بریتییە لە ڕوویەکی ساف و لوس کە وێنە و تیشک تیایدا ئاوەژودەبێتەوە.
زۆر گرنگە ڕووی ساف و لوس بێت، بۆ نموونە ئەگەر بایەکی لەسەرخۆ بەسەر ئەو گۆمە ئاوەدا هەڵبکات، ئەوا تیشکەکە ئاوەژودەکاتەوە بەڵام هیچ وێنەیەکی تێدا نابینیت.
لە کۆندا ئاوێنە لە کانزای زاخاودراو دروستکراوە، ئاوێنەی تازەش لە پارچەیەک شوشەی زاخاودار دروست دەکرێت بە لێدانی چینێک زیو لە پشتەکەی، بەڵام شوشە بە تەنیا خۆی، ئاوێنە نییە و، ئەو ڕووەی کە تیشک و وێنەکان ئاوەژو دەکاتەوە زیوەکەیە، تەنیا ئیشی شوشەکەش پاراستنی زیوەکەیە لە کڕان و پیس بوون.
ناتوانین دەستنیشانی بکەین مرۆڤی کۆن کەی بیرۆکەی ئاوێنەی دۆزیوەتەوە، بەڵام دەبێت ئەویش هەر وەک ئێمە سەیری گۆمە ئاوێکی کردبێت و وێنەی خۆی تیادا بەدی کردبێت یان دەشێت بە ڕێکەوت تێبینی کردبێت، کە ڕووی کانزایەکی زاخاودراو وێنەکان ئاوەژودەکاتەوە، یان دەشێت کانزایەکی بڕیبێت و بە چەندین شێواز زاخاوی دابێت بۆ ئەوەی ئاوێنە لێ دروست بکات.
سەرەتای شارستانییەت لە یۆنان و میسر و ڕۆمای کۆن مرۆڤ وەک شتێکی بەسود ئاوێنەی قبوڵ کرد، تەنانەت خەڵکی ئەو سەردەمە ئاوێنەی بچووکیان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز دروست کرابوو.
ئاوێنە لە کۆندا خەڵکی ئەفسوناوی کردبوو، چونکە نەیاندەزانی چۆن ئیش دەکات، بۆیە بڕوایان وابو هێزێکی ئەفسوناوی تێدایە، بەڵکو گومانیشیان وابوو ئەو وێنەیەی کە تیایدا دەیبینن گیانیانە، لەمەوە بوو پڕ و پوچی لەسەر شکاندنی ئاوێنە دروست بوو، ئەگەر کەسێک بڕوای وا بوایە شکاندنی ئاوێنە ئازاری گیانی دەدات.
خەڵکی شاری ڤینیسیا ''النبدقیة'' یەکەم کەسانێک بوون فێربوون، چۆن ئاوێنە لەسەر شوشە دروست بکەن، کە ڕوویەکی بۆیاخکرابێت بە جینێک جیوە یان توتیا.
نزیک ساڵی ١٣٠٠ خەڵکی ئەم شارە دەستیان کرد بە دروستکردنی ئاوێنە بە ڕێژەیەکی زۆر کە لە ماوەیەکی کورتدا جێگەی ئاوێنەی کانزای گرتەوە کە هەزاران ساڵ بوو بەکار دەهێنرا.


سەرچاوەکان



771 بینین