زانستی ژینگە

له‌لایه‌ن: - ڕەوەند حوسێن - به‌روار: 2021-02-25-15:43:00 - کۆدی بابەت: 2651
زانستی ژینگە

ناوه‌ڕۆك

ژینگە چییە؟

ژینگە (Environment): بریتییە لەو ناوەندە سروشتییە هاوسەنگەی کە زیندە بوونەواران بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، پێک دێت لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی لە چوارچێوەی جوگرافیای بوونەوەراندا کە تێیدا دەژین.

زانستی ژینگە (Ecology): ئەو زانستەیە کە لە سەرجەم پیکهاتەکانی ژینگە دەکۆڵێتەوە و دیاریکردنی کار و چالاکییەکانی مرۆڤ تیایدا.

چەمكی زانستی ژینگە

زانستی ژینگە یاخود ژینگەزانی یان ژینگەناسی زانستێكی تازەیە، لەمڕۆدا تا ڕادەیەك وردە وردە خەریكە ئەم زاراوەیە بەناو كۆمەڵانی خەڵكدا بڵاو دەبێتەوە، جێی خۆیەتی بزانین ئەم چەمكە لە چییەوە هاتووە و كەی پەیدا بووە، زاراوەی زانستی ژینگە (Ecology) زانای ئەڵمانی ئه‌رنست هایكڵ (Ernst Haeckel) لەساڵی‌ 1866 دایناوە، كە ئەمەش لە ئەنجامی لێكدانی دوو وشەی یۆنانییەوە پەیدا بووە، ئەوانیش "Oikos" بە واتای "خانوو" یان "ماڵ"، وە "logos" بە واتای "زانست"ە.

گرنگترین بابەتە ژینگەییەكانی جیهان

  • پاشماوەی ڕەق
  • دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی
  • پاشەڕۆی مەترسیدار
  • شارە گەورەکان
  • گۆڕانەکانی کەش و هەوا
  • بەبیابانبوون و وشکبوونەوە
  • پاشەڕۆ ناوەکییەکان
  • زۆربوونی ڕووداوە سروشتییەکان
  • جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ
  • زۆربوونی دانیشتوان
  • کونبوونی چینی ئۆزۆن
  • ترشە باران
  • هەژاری و نەخۆشی
  • پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان
  • پیسبوونی هەوا و زۆربوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن

پیسبوونی ئاو

ئاو بە توخمێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ زیندەوەران بە تایبەتی ڕووەک و مرۆڤ چونکە ڕۆژانە مرۆڤ پێویستی بە نزیکەی ٢،٥ لیتر ئاو هەیە، ئاو دەبێت بە جۆرێک پاقژ بێت کە شیاوی خواردنەوە بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئاوی خواردنەوە پیس بوو ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەبێت، چونکە ئاو باشترین ناوەندی گواستنەوەی نەخۆشییەکانە کە ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە لەشی مرۆڤ دەبێت.

پیسبوونی ئاو: بریتییە لە گۆڕینی سیفەتی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجییەکانی ئاو کە بە هۆی لێچوون لە ئاوی زێراب و شلەمەنییەکان و گازەکان و تەنە ڕەقەکان و پاشماوەی زبڵ و خاشاک یان مێرووکوژ تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەبن ئیتر ئاوی ژێر زەوی بێت یان سەر زەوی، هەریەکەیان بە جۆرێک کاریگەری خۆی دەبێت جا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی زەرەر و زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی یان خزمەتگوزاری گشتی و پیشەسازی و ئابووری، ئاو بەشێکی گەورەی بەرکەوتووە لەسەر زەوی کە نزیکەی سێ بەشی زەوی ئاوە لە چوار بەشدا، هەروەها یەدەگی ئاوی سەر زەوی ڕووبەری ٣٦١ ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە دەکاتەی لە سەدا ٧٠ی ئاوی زەوی.

سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوی زەوی و کاریگەرییەکانی

پاشەڕۆی ماڵان و ئاوی زێراب

ئەم جۆرەی پیسبوون لەو ناوچانەدا زۆرە کە دانیشتووانی چڕە و لە نزیک دەریاچەکانەوەن، ترسناکی ئەم پاشەڕۆیانە لەوەدایە کە پێش پاککردنەوەیان ئەڕژێنە ئاوی دەریاکانەوە بە تایبەتی ئاو و پاشەڕۆی ماڵان کە پیس دەبێت بە ماددەی ئەندامی و نائەندامی کیمیایی جۆراوجۆر بە تایبەتی فۆسفات و نیترەیت کە لە زۆر پاقژکەرەوەکان و ماددەی ئەندامییەکاندا هەیە، هەروەها ئەم جۆرە ئاوانە جۆرەها میکرۆب و بەکتریا و ڤایرۆسیان تێدایە کە ئاوی دەریاچە و چەم و ڕووبارەکان پیس دەکات و لە بەکارهێنانی ئەم ئاوانە لە ڕێگەی خواردنەوە و خواردنی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکانی ئەم ئاوانە مرۆڤ توشی چەند نەخۆشییەک دەکات لەوانە نەخۆشییەکانی پێست و سکچوون و گرانەتا و چەندین نەخۆشی تر.

پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی

ئاوی ژیر زەوی لەو چینانەی ژێر زەوییە کە دەکەوێتە سەر بەردەکانەوە، ڕێژەی ئاوی ژێر زەویی نزیکەی ۲ ملیۆن میل سێجا دەبێت واتە نزیکەی ٪٩٢.٩ کۆی ئاوی سازگارە لە جیهاندا.

ئاوی ژێر زەوی لە بارودۆخی سروشتی خۆیدا لە خڵتە و پیسی کە ئەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی، ئەم ئاوە ئەگەر سوێر نەبێت بەکار دەهێنرێت لە خواردنەوە و ئاودان و پیشەسازیدا، ئاوی ژێر زەوی لە زۆربەی بارودۆخەکاندا پێکهاتەی کیمیایی و پلەی گەرمی نەگۆڕە.

هەروەها ئەم ئاوە پاکە چونکە بە هۆی گڵەوە لە پیسی پاک دەکرێتەوە بەڵام مرۆڤ بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی کیمیاییەوە ئەم ئاوانەی پیس کردووە.

ئاوی ژێر زەوی پێکهاتەیەکی سروشتی ژینگەیە و لە زۆربەی وڵاتاندا پشتی پێدەبەسترێت و چەندین یاسای نێودەوڵەتی هەیە لەسەر بەکارهێنانی و سوود وەرگرتن لێی و هەروەها لێپرسینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی ئەم پێکهاتە گرنگە پیس دەکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەمە سەرەڕای ئەو بەکارهێنانە زۆر و گرنگەی و بوونی ئەو هەموو یاسایە کەچی بە پێی ئاماری ڕێخراوی پاراستنی ژینگەی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەدات کە تەنیا لەو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ٤،٥ ترلیۆن لیتر ئاو پیس دەبێت بە هۆی بڵاوبوونەوەی پاشەڕۆی ماڵان و ناوچە پیشەسازییەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە ئەمە لە کاتێکدا نزیکەی نیوەی خەڵکی ئەمریکا پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن بۆ ئاوی خواردنەوە، هەروەها لە گۆمەڵگە جوتیارییەکاندا کە بە شێوەیەکی زۆر پشت بە پەیین و لەناوبەرە کیمیاییەکان و مێرووکوشەکان دەبەستن بۆ باشترکردن و زۆرکردنی بەرهەم سەرچاوەیەکی سەرەکی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوییە

گرنگترین سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی

۱- ئەو ئاوانەی بە هۆی بەکارهێنانیان لە کشتوکاڵدا دزە ئەکەن لەوانەیە ئەو زەوییانەی بە ئاوەڕۆکان ئاو دەدرێن ئاوەکانیان بۆ ژێر زەوی دزە بکات و ببێتە مەترسی بۆ ئاوی ژێر زەوی بە تایبەتی ئەگەر تێکەڵ بە ماددەی کیمیایی کرابێت و پیس کرابێت، هەروەها بە هۆی بەکارهێنانی پەیینەوە ڕێژەیەکی زۆر لە نیترات بە هۆی درز و کونیلە وردەکانی خاکەوە دزە ئەکەن بۆ ناو زەوی، ئەمەش ترسناکە بۆ تەندروستی مرۆڤ بە گشتی و منداڵ بە تایبەتی، بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێن یەک دەگرن و دەبێتە هۆی شین هەڵگەڕان یان بوونە هۆی شێرپەنجەی گەدە.

۲- ئەو پاشەڕۆیانەی لە ژێر زەویدا شاردراونەتەوە، هەندێک جار پاشەڕۆی شل و ڕەق ئەخرێتە ژێر زەوییەوە و لە دوای شیکردنەوە ئەو پاشەڕۆیانە دزە دەکەن بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی و دەبنە هۆی پیسکردنی ئاوەکە، هەندێک جار دەوڵەتە پیشەسازییەکان پاشەڕۆی بەکارهاتووی ئەتۆم لە ژێر خاکدا دەشارنەوە وەک گومان دەکرێت ئەمریکا بڕێکی زۆر لە پاشماوەی بەکارهاتووی ئەتۆمی لە عێراقدا شاردبێتەوە کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی دەردەکەون بەڵام تا ئێستا توێژینەوەی لەسەر نەکراوە.

٣- ئەو چاڵانەی پاشەڕۆی تێدا خەزن دەکرێت: زۆر لە وڵاتە هەژارەکان لە ڕێگەی چاڵەوە پاشەڕۆکانیان هەڵدەگرن کە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت پیسی دەکات.

٤- دزەکردنی ئاوی سوێری دەریاکان: بە هۆی زۆر دەردانی ئاوی ژێر زەوییەوە لەو ناوچانەی نزیکن لە دەریای سوێرەوە ئاوی دەریاکان تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبن.

٥- پیسبوون بە هۆی پاشەڕۆ پیشەسازییەکانەوە وەکو (پێکهاتەکانی نەوت) کە دەبنە هۆی پیسبوونی چەندەها ملیۆن لیتر ئاوی ژێر زەوی، هەروەها فڕێدانی پاتری و جۆرەکانی کە شیبوونەوەیان کاریگەری خراپی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

٦- پیسبوون بە هۆی هەڵکەندنی بیری زۆرەوە بە شێوەیەکی ناڕێک و پێک و سەردانەپۆشراو بە شێوەیەک کە پاشەڕۆی ئاوی سەر زەوی دەگەڕێتەوە ناوی.

بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان لە پیسبوون لە زەویدا سێ ناوچە دیاری دەکەین

١- ناوچەی ناوەوە: ئەو ناوچە دەورە دراوە بە سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی کانی بێت یان بیر یان بەنداو.

٢- ناوچەی ناوەندی: بە دەوری ناوەنددا پشتێنەیەک لە ڕووبەری دیاری دەکرێت بە سنووری ٥٠٠ م یان بە ئەندازەی ڕۆژ ئەم ماوەیە لە لایەن ڕێخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانراوە، چونکە بەکتریا و ڤایرۆس و ئەو ماددانەی کە قابیلی شیبوونەوەن لەو ماوەیەدا لە ناو خاکدا ئەپاڵێورێت و لەناو دەچێت و نامێنێت، مەبەست لەو ماددەیە ئاو پێویستی بە ٥۰ ڕۆژە بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکەی، لەم ناوچەیەدا نابێ ڕێگە بدرێت بە دروستکردنی کارگە و ئیشکردنی کانزایی.

٣- ناوچەی دەرەوە: بە دەوری ناوچەی ناوەنددا بە بڕی ٢٠٠ م لەم ناوچانەدا ڕێگە دەدرێت بە دروستکردنی دامەزراوە و ئاوەدانی و پیشەسازییەکان بە مەرجی بوونی تۆڕێکی ئاوەڕۆی چاک.


سەرچاوەکان



8523 بینین