کێ تۆپی یاریکردنی داهێنا؟

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-26-21:07:00 - کۆدی بابەت: 2694
کێ تۆپی یاریکردنی داهێنا؟

ناوه‌ڕۆك

کێ تۆپی یاریکردنی داهێنا؟

کەس نازانێت یەکەم کەس کێ بووە بە تۆپ یاری کردووە، بەڵام ئەوەی زانراوە خەڵکی پێش مێژوو بە تۆپ یاریان کردووە. هەموو شارستانیەتەکانیش هەر یەکە و بە جۆرێک یاریان بە تۆپ کردووە.
نەتەوە کۆنەکان لە پێستە تۆپیان دروست کردووە و پەڕیان تێ ئاخنیوە، دوای ئەوە گریک و ڕۆمانەکان بیرۆکەی هەوا تێکردنیان بۆ زیاد کرد و بە تۆپێکی لە پێست دروست کراوی هەوا تێکراو یاریان کردووە، کە پێیان وتووە ''ڤولیس'' و بە دەست یاریان پێ کردووە.
تۆپی لەوە گەورەتریشیان دروست کردووە و یاریان پێ کردووە. 
هەر وڵاتێک بە گوێرەی ئەو کەرەستانەی لە بەردەستیاندا بووە، تۆپیان دروست کردووە، بۆ نموونە: هیندییە سوورەکانی ئەمەریکای باکور، کە ڕاوچی بوونە، لە پێستی ئاسک تۆپەکانیان دروست دەکرد، لە کاتێکدا منداڵانی ژاپۆنی بە تۆپی لە قوماش دروست کراوی بە بەن پێچراو یاریان دەکرد.
دەڵێن کۆڵۆمبۆس هیندییەکانی ئەمەریکای ناوەڕآستی دیت، بە تۆپی ڕەقی ڕەنگ ڕەشی لە کەتیرە دروست کراوی ڕووەکی یاریان دەکرد، نموونەی لەگەڵ خۆیدا بردەوە بۆ ئەوروپا، بەوەش بیرۆکەی تۆپی لاستیک چووە ئەوروپاوە.
زۆرێک لەو یاریانەی ئێستا دەکرێن، لە نەریتی ئاهەنگی ئاینی و سیحرەوە، پەیدا بووە، بە ساڵا چوان زۆر بە  گرنگییەوە یاریان بە تۆپ کردووە، ئەو یارییانەش زۆر جار باسی بیر و باوەڕی کۆنی لەسەر جەنگ و خواوەند و شەیتان و ژیان و مردن کردووە.
میسرییە کۆنەکان یەکەمین نەتەوەی کۆن بوونە، وەکو ئاهەنگ یاریان بە تۆپ کردووە.
لە هەموو وەرزێکی بەهاردا دوو دەستەی زۆر گەورە دروست دەبوون، هەر یەکەو دەبوونە نوێنەری یەکێک لە خواوەندەکانیان و بە گۆیەکی لە دار دروست کراو و گۆچانێکی چەماوە، یاریان دەکرد.
ئامانج لەم یاریەش گۆڵ کردن بوو لە تیپی بەرامبەر، هەر تیپێکیش سەرکەوتنی بەدەست بهێنایە، ئەوە سەرکەوتن بوو بۆ ئەو خواوەندەی کە ئەو تیپە نوێنەرایەتی دەکرد.


سەرچاوەکان



1170 بینین