بانگدان بە گوێی ڕاستی منداڵدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-27-13:40:00 - کۆدی بابەت: 2709
بانگدان بە گوێی ڕاستی منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

بانگدان بە گوێی ڕاستی منداڵدا

یەکێک لەو ئەحکامانەی شەریعەتی پاکی ئیسلام بۆ منداڵی تازەبووی داناوە ڕاستەوخۆ لەدوای لەدایک بوونییەوە بانگ و قامەتە بەگوێی دا.
ئەبو ڕافع لە باوکیەوە گێڕاویەتیەوە فەرموویەتی: (رأیت رسول اللە صلی اللە علیە وسلم أذن في الحسن بن علي حین ولدتە فاطمة) واتە: من پێغەمبەری خوام (د.خ) بینی بانگیدا بە گوێی ڕاستی حەسەنی کوڕی عەلیدا لەو کاتەدا کە فاتمە بووی.
حەسەنی کوڕی عەلی ڕەزای خوایان لێ بێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (من ولد لە فأذن في أذنە الیمنی وأقام في الیسری لم تضرە أم الصبیان) واتە: هەرکەسێ منداڵی ببێ و بانگ بدا بە گوێچکەی ڕاستیدا قامەت بەگوێی چەپیدا (أم الصبیان) زیانی پێ ناگەیەنێ.
هەروەها ئبن عەباس ڕەزای خوایان لێ بێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) بانگی دا بە گوێی ڕاستی حەسەنی کوڕی عەلیدا لەو ڕۆژەدا کە لەدایک بوو قامەتیشی کرد بە گوێی چەپیدا.
نهێنی و حیکمەتەکانی بانگ و قامەت وەک ئیبن قەیم ڕەحمەتی خوای لێ بێ دەفەرموێت:

ئەوەیە با یەکەمین دەنگ و ئاوازێک کە گوێچکەی مرۆڤ بزرینگێنێ دەنگ و ئاوازی (اللە اکبر) و بانگ بێ کە ناوەڕۆکەکەی گەورەیی و بەرزی خوای بێ هاوتا دەگەیەنێ، با یەکەمین شت کە بچێ بە گوێی ئینساندا وشەی گەواهی (لا الە الا اللە) بێ چونکە وەکو چۆن لەکاتی دەرچوونی ئینسا لە دوونیادا بە وشەی (لا لە الا اللە) تەڵقین دەکرێ با لەکاتی هاتنە دونیاشدا وشەی گەواهی شایەتی (لا الە الا اللە) بدرێ بەگوێچکەیدا، ئینکاری ئەوە ناکرێ کە ئەو بانگە چەندە کاریگەری هەیە بۆ سەر دڵی منداڵ با هەستیشی پێ نەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سوودانەی تریشی هەیە: بە بیستنی بانگ شەیتان لای منداڵەکە و لەو شوێنەدا نامێنێ و هەڵدێ، شەیتان خۆی لە کەمیندا مات دەکا تا منداڵ لەدایک دەبێ ئەو کاتە خۆی دەکات بە هاوشانی بۆ مەینەتی و دەردی سەری مندڵەکە و ناڕەحەت کردنی.
مانایەکی تری تێدایە: ئەویش ئەوەیە بانگکردنی منداڵ بۆ لای خوا و ئاینی ئیسلام و خوا پەرستی، پێش بانگکردنی شەیتان بکەوێ، هەروەک چۆن فیترەتی خوایی کە خەڵکی لەسەر دروست کردووە، پێشکەوتووە لەسەر گۆڕینی شەیتان بۆ ئەو فیترەتە و لادانی خەڵک و لابردنیان لەو فیترەتە، چەندەها حیکمەتی تر..
بەڕاستی ئەم واتا و حیکمەتانەی ئیبن قەیم باسی کردوون گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەوە کە پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) زۆر گرنگی داوە بە بیروڕا و یەکتاپەرستی منداڵ، زۆر هەوڵی داوە بۆ دەرکردن و دوورخستنەوەی شەیتان و هەوا و ئارەزوو لە منداڵ هەر لەو کاتەوە کە دێتە سەر دونیا و هەوای ژیان و شنە و سروەی بوون هەڵدەمژێ.


سەرچاوەکان



4160 بینین