سەرەتای نەهامەتی و جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-01-20:04:00 - کۆدی بابەت: 2813
سەرەتای نەهامەتی و جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتای نەهامەتی و جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان 

کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان پەیوەستە بەو ململانێ سیاسیە دوور و درێژەی نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و تورک و سەفەویی ئێرانی، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان دووکەوتەی ئێرانی و عوسمانی. زۆر لە شیعە عێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونوسکران، کە لە ناویاندا کوردە فەیلییەکان بوون لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی ڕووبەڕووی جیاکردنەوە (هاوێڵکردن) بوونەتوە لەگەڵ توێژ و چینەکانی تری کۆمەڵگەی عێراق. 
لە ساڵی ١٩٢٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لەسەر دابەشکردنی گەلی عێراق کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. کوردە فەیلییەکان لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە مەزهەب بوون، بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناو نوسکران، بۆیە بە بەردەوامی کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق. لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات، لە لایەن بەعسیەکانەوە، لە ساڵی ١٩٦٨ بەدواوە، کوردە فەیلییەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناوبردن بوونەوە. لە سەرەتای حەفتاکان ڕژێم نزیکەی (٤٠٠٠٠) چل هەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانوی ئەوەی ڕەچەڵەکیان ئێرانیە. لە درێژە پێدانی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستیە، لە ساڵی ١٩٨٠ بە پێی بڕیاری ژمارە (٦٦٦)، مافی هاوڵاتیبوونی لێسەندنەوە، ئینجا دەست بەسەر ماڵ و سامانیان داگیرا. 
ئامانجی لە ناوبردنی ئەو توێژە ڕەسەنەی گەلی کورد، بۆ بنبڕکردنی کورد بوو لە بەغدا و شوێنە عەرەبنشینەکانی عێراق. ژمارەیەکی ئێجگار زۆریان بەوپەڕی ڕەفتاری دڕندایەتی و نا مرۆڤانەوە، بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و  منداڵەکانیان دەستیپێکرد، کە لە مێژوو کەم وێنە بووە، سەرەڕای ئەم هەموو زۆردارییەی کە بەرامبەریان دەکرا، هەر بەوە نەوەستان بەڵکو دەستکرا بە ڕەشبگیرکردنی هەزاران گەنجی فەیلییەکان وەک بارمتە، کە تا ئێستا بێسەرو شوێنن و هیچ زانیاریەکیان لەبارەوە نازانرێت.
ڕژێم چەمکی ڕەچەڵەکی ئێرانی کردە بیانو بۆ ڕاگواستنیان، بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی بەغدا و شار و شارۆچکەکانی تری عێراق، دووریخستنەوە بۆ سنوورەکانی عێراق- ئێران، لە پێش و لە دوای جەنگی (١٩٨٠ - ١٩٨٨) بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و مافێکی مێژووی ئەم گەلە.
ساڵی (١٩٨٠) وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیارێكی دەرکرد بە دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین و لە عێراقدا دەژین، ڕەگەزنامەی عێراقییان نییە. لە چوارچێوەی ئەم بڕیارە ئەو گەنجانە کە تەمەنیان لە نێوان (١٨ - ٢٨) ساڵدا بوو، وەک دەستبەسەر لەلای ڕژێم مانەوە، ئەوانی تریش بەرەو سنوورەکانی ئێران دوورخرانەوە. بڕیارەکە جەختی کردەوە هەر کەسێك بیەوێت بۆ عێڕاق بگەڕێتەوە دەبێ گوللەباران بکرێت.
لە میانەی چەوساندنەوە و توندوتیژی، سەرۆکی پێشوی عێراق (صدام حسین)، داهێنانێكی نوێی هێنایە کایەوە، ئەو پیاوەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلییە دەبێ لێی جیابێتەوە، بەرامبەر بە (٤٠٠٠) چوار هەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، (٢٥٠٠) دوو هەزار و پینج سەد دینار ئەگەر سڤیل بێت.
لە میانەی بەردەوامبوونی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد، تەنیا لە ٤ی نیسانی ١٩٨٠، (٥٠٠٠) پێنج هەزار کوردی فەیلی بە کۆمەڵ لە ناوبردران.
بە پێی ئامارەکانی جاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی (٤٠٠٠٠٠) چوارسەد هەزار هاووڵاتی فەیلی بوونە قوربانی ئەم سیاسەتەی ڕژێـم بە کوژراو و ڕاگوێزراوەوە. لە دوای ڕوخانی ڕژێم لە ساڵی (٢٠٠٦) یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦) ساڵی ١٩٨٠ی پوچەڵکردەوە، کە پەیوەست بوو بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراق لەلایەن ڕژێمی پێشوو. ژمارەیەک توانیان مافەکانیان بەدەست بهێننەوە، بەڵام ژمارەیەکیان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو مافانە بەدەست بهێننەوە، چونکە بۆ گێڕانەوەی مافەکانیان پێویستیان بە بەڵگەنامە هەیە کە ڕەچەڵەکی عێراقی بسەلمێنێ، دەبێ لەسەر ژمێری ١٩٥٧ ناونس کرابێت، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەڵگەنامەکانیان نەماوە، لەبەر ئەوەی ڕژێم لە کاتی شاڵاوەکانی دەرکردن و گرتنەکانی هەمووی لەناوبردووە.


سەرچاوەکان



1317 بینین