کیمیابارانی هەڵەبجە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-15-18:33:00 - کۆدی بابەت: 2817
کیمیابارانی هەڵەبجە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کیمیابارانی هەڵەبجە یان کیمیایی بارانی هەڵەبجە (بە ئینگلیزی: Halabja massacre، بە عەرەبی: الهجوم الكيمائي على حلبجة، بە کرمانجی: Kîmyabarana Helebce) هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراق لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٣/١٦. هێرشەکەی عێراق وەک وەڵامێک بۆ هێرشی (وەلفەجری ١٠)ی سوپای ئێران بوو کە توانییان شاری هەڵەبجە بە هاوکاری پێشمەرگە کوردەکان داگیر بکەن. هێرشەکە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو کە بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بوو.

هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی ١٠,٠٠٠ کەسی تر و ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان. بەرپرسی هێرشەکە عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حیزبی بەعس بوو کە لەو ساتەدا بەرپرسی هێرشەکانی شاڵاوی ئەنفال بوو. دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لەسێدارە درا.

پاشخان

بە هۆی ستراتیجیەتی شوێنی جوگرافی شارەکە، کە هاوسنووری ئێرانە و ڕێگایەکی بازرگانییە و مێژووی دوور و درێژی بەرهەڵستی کردنی دانیشتوانەکەی لە دژی زۆرداری ڕژێمی بەعس، گەواهی خۆڕاگری و لە خۆبوردەیی دانیشتوانەکەی بووە. ئەم هۆکارانە وای لە ڕژێـمی بەعس کرد، چاوی زیاتر بخاتە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، هەڵەبجە بە لایەنگری نەیارانی ڕژێم ئەژماردەکرا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨، کە هێزی پێشمەرگە توانیان شارەکە و دەوروبەری لەدەست ڕژێم دەربێنن، بۆ ڕژێم بووە بەهانە بۆ درێژەپێدانی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەی کوردستان، لەم شاڵاوەدا زۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی وێران کرد، یەکێک لەم شارانە ‌‌هەڵەبجە بوو، شایانی باسە شاڵاوی کیمیاباران بۆ سەر هەڵەبجە، بەشێک نەبوو لە زنجیرە شاڵاوەکانی (ئەنفال) بۆ لە ناوبردنی کورد و ڕووداوێکی تایبەت بوو.

ڕۆژی ١٤ـی ئازار سوپای ئێران دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە بە پانتایی ١,٢٠٠ کیلۆمەتر دووجا. دوای داگیرکارییەکە سوپای عێراق هێرشێکی زۆری هێنا بۆ دەوروبەری شاری هەڵەبجە و بە ناپاڵم بۆردمانی کرد، بەڵام سوودی نەبوو و هێزێکی زۆری لەدەستدا. دواتر دەستی کرد بە بۆمبارانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی و هێرشەکان بوونە هۆی زیانێکی زۆری ماددی و زۆرێک لە شووشە و پەنجەرەکانی شکاند، کە شارەزایانی سەربازی ئەم هێرشە بۆ کرانەوەی دەرچەی زیاتری بڵاوبوونەوەی گازەکە دەزانن.

هێرشی کیمیایی

شەوی ١٥ لەسەر ١٦ـی ئازاری ١٩٨٨ بۆردمانی تۆپ و کاتیۆشای دوورهاوێژ بۆ ناو شار دەستی پێکرد. خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژانی پێشوودا شاریان جێهێشتبوو، چووبوونە دەرەوەی شار، سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ زیاتر لە حەوت فڕۆکەی جەنگی هاتنە سەر شارەکە، بە موشەک و ناپاڵم شارەکەیان بۆردومان کرد، کە ژمارەیەک خەڵک کوژران و خانووبەرەیەکی زۆریش وێرانکرا. دوای ئەو هێرشانە هەندێک لە خەڵکی شاریان جێهێشت، بەڵام بەشێکی زۆری مایەوە و لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردەوە. کاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆی ١٦ـی مانگ بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم هێرش کرایە سەر شار و زۆرینەی ئەوانەی لە ژێرزەمینەکاندا بوون بەهۆی نیشتنی گازەکەوە خنکان، زۆرێکیش لەو خەڵکەی کە هەڵاتبوون بەهۆی ئەوەی هەستیان بە خنکان و بڵق و ئاوساوی و سووتانەوە دەکرد لە جەستەیان پەنایان بۆ ئاو و چەمەکان برد بەڵام بەهۆی ژەهراوی بوونی ئاو و سەرچاوەکان دووبارە ئەوەش بووە مۆڵگەیەکی مەرگ بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکە. دووکەڵی دروستبوو لە ئەنجامی هێرشەکەی کاتژمێر یازدە سەرەتا ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی و دواتر زەرد بوو و بە بەرزی ٥٠ مەتر بەرزبووبوویەوە.

چڕترین بۆردمانی کیمیایی لە کاتژمێر (٥:٢٠)ـی ئێوارەی ١٦ی ئازار دەستی پێکرد، تاوەکوو سەر لەبەیانی ڕۆژی ١٧ـی ئادار، ١٤ جار فڕۆکەکان بە بەردەوامی بۆردمانی شارەکەیان کرد. تەواوی بۆردمانەکە بووە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو وڵاتی ئێران و شاری سلێمانی و دەوروبەری، شارەکەش لەگەڵ زەوی تەخت کرا و خاپوور بوو. جیا لەوەش زۆرێک لە مەروماڵات و پەلەوەری ناوچەکە بەهۆی ژەهراویبوون و نەبوونی خواردنەوە قڕ بوون.

چەکەکان و کاریگەرییان

ئەو چەکە کیمیاییانەی بەکارهێنران بۆ تێکدانی مێشک و دەمار و خنکاندنی دانیشتوانی شارەکە بریتیبوون لە:

شایەتحاڵانی کارەساتەکە دەڵێن هێرشەکان بۆنی سێوی لێهاتووە. کۆمەڵێک لە شەهیدەکان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێکیشیان ماوەیەکیان پێچووە و تووشی کۆکە بوون و چاویان ئاوی کردووە و گیانیان سپاردووە. جیا لە خنکاندن، گازەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بڵق، سووتان، تەنگەنەفەسی، کۆکە، کوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوز.

جیا لە شەهید و بریندارەکان، هێرشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بەرکەوتووان جێهێشت و بووە هۆی لەبارچوونی دەیان منداڵ بە چەند ساڵێک دوای کارەساتەکە. پێش ئەم ڕووداوە لانی کەم ٢١ هێرشی تری کیمیایی کرابووە سەر هاووڵاتیانی کورد. کارەساتی هەڵەبجە گەورەترین کارەساتی کیمیایی جیهانە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە.

دوای هێرشەکان

بڵاوبوونەوە و بەرپرسیارێتی

ڕۆژنامەوانانی ئێرانی لە دوای هێرشەکە یەکەمین کەس بوون وێنەیان گرت و دواتر وێنەکانیان لە ڕۆژنامەکانی ئێران بڵاو کردەوە. هەروەها کۆمەڵێک وێنەگری بەریتانیی تیمی کەناڵی (ئای تی ئێن) لەوێ بوون و دواتر وێنەکانیان لەلایەن ئێرانییەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکرایەوە. هەندێک لەو وێنە یەکەمانە لەلایەن وێنەگری ئێرانی کاوە گوڵستانەوە گیراون و دیمەنەکانیان لەلایەن ڕۆژنامەی فاینانشیال تایمزەوە بڵاوکراوەتەوە. لەکاتی هێرشەکان گوڵستان نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە دەرەوەی هەڵەبجە بووە بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازی کاتێک فڕۆکەی جەنگی عێراقی میگ-٢٣ بینیووە فڕیوە و بۆردمانی کردووە. گوڵستان دەڵێت:

"وەک هەوری قارچکی ناوەکی گەورە نەبوو، بەڵکوو دووکەڵێکی چڕ بوو. سەرەڕای ئەوەی پێشتر هێرشم بینیبوو و بەردەوام لە جەنگەکاندا بووم، بەڵام بەو دیمەنانە شۆک بووم.

ژیان وەستا، وەک ئەوەی سەیری فلیمێک بکەیت و لەپڕ لە خولەکێکی دیاریکراودا بوەستێت. ئەوە بۆ من جۆرێکی نوێی مردن بوو. دوای هێرشەکەش خراپتربوو، خەڵکی گوندێک بەرەو کۆپتەرەکەمان دەهاتن و ١٥ بۆ ١٦ منداڵی جوانیان لەگەڵ بوو و داوایان دەکرد بیانبەین بۆ نەخۆشخانە. هەر ڕۆژنامەنووسێکمان هەوڵماندا منداڵێک هەڵبگرین، کاتێک هەڵفڕین شلەیەک لە دەمی منداڵەکەی باوەشی منەوە هاتە دەرەوە و گیانی سپارد."

وڵاتانی دەرەوە و جیهان لەو ڕووداوە بێدەنگ بوون، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕایانگەیاند کە هێرشی سەر کوردەکان ئەنقەست نەبووە و ویستیان تاوانەکە بخەنە پاڵ ئێران. ساڵی ٢٠٠٣ فڕۆکەوانێکی عێراقی ڕایگەیاند کە بەشێک لە هێرشەکە بەهۆی ئەوە بووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پاسدارانی وڵاتی ئێران بەشداربوون لە داگیرکردنی شاری هەڵەبجە و ئەوەش بە خیانەتێکی گەورە دانراوە لە عێراق.

لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی سوپای عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ـی مانگ و ڕۆژەکانی دواتری، وتراوە:

"هێزێکی زۆر لە ناوچەکە هەن، هێرشەکانی سەر هەڵەبجە و خورماڵ بوونەتە هۆی کوشتنی ٢,٠٠٠ سەربازی ئێرانی و پێشمەرگەی یەکێتی. هێرشیش بە جبەخانە و چەکی تایبەت کراوە." 

خاپوورکردنی هەڵەبجە

ڕزگاربووانی ڕووداوەکە بە هاوکاری پێشمەرگە و ئێرانییەکان بەخێرایی زۆربەی کوژراوەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناشت. دوای گەڕاندنەوەی هەڵەبجە لەدەست سوپای ئێران و پێشمەرگەکان، هێزە عێراقییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی چەک و پەلامارەکانیان بە جلوبەرگی پارێزەرەوە هاتنە نێو هەڵەبجە. کە ئەوکات بەشێکی زۆر جەستە و شەهیدی شیبووەوە لە شارەکە مابوون. دواتر کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بە بڕی ٧٠ ملیۆن دۆلار هەستا بە گەیاندنی ئاوی پاکی خواردنەوە بە شارەکە.

دوای ئازادبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین بڕیار بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنوەی شارەکە دەرچوو، بەڵام زۆرینەیان ئەنجام نەدران. 

کارەساتی تەندروستی

زیاتر لە ٧٠٠ برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە شارەکە هەن و زیاتر لە ٥٠٠ـیان حاڵیان زۆر ناجێگیرە. دوای کیمیابارانکردنی شارەکە، ڕێژەی لەبارچوون ١٤ ئەوەندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن ١٠ ئەوەندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار ئەوەندە زیادیان کردووە. شێرپەنجەکانی تر و نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو و نەزۆکی و نەخۆشییەکانی زاوزێ بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەڵەبجە و ناوچەکانی تر کە بەر کیمیابارانکردن کەوتوون زیاتر بوون. ترسیش هەیە لە پەیدابوونی نەخۆشی بۆماوەیی بەهۆی چەکەکانەوە.

گۆڕانی دیمۆگرافی

لە پێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کرابوو، گەیشتبووە (١١٥,٥٤٠) سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکە و (٢١٦) گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (١٨) گوند مانەوە و (١٩٨) گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (١٠٠%) لەناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.

ژمارەی شەهید و برینداران

سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە. بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووە و (٣,٢٠٠) ناویان لایە. بڕواشیان وایە کە (٤،٠٠٠- ٧،٠٠٠) چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢,٨٠٠)کەس. لەگەڵ ونبوونی دەیان منداڵ و نەگەڕانەوەیان.

١٧٠ کەس لە کەمپەکانی ئێراندا شەهید بوون و گۆڕەکانیان لە گۆڕستانی زەهرای شاری تاران لە بەشی "موقیعیت شهدای حلبجە" دانراوە. هەر لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان نزیکەی (٧٣٠) گۆڕی تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە. بە تۆببارانی ئێرانیش بۆ گرتنی هەڵەبجە نزیکەی (١٥٠) کەس شەهید بوون.

بە جینۆساید ناساندن

کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (٢١/١٢/٢٠٠٨) ئەنجامدرا. لە (١٧/١/٢٠١٠) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا لە (٢٥/١/٢٠١٠). پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکە و لە (٢٨/٢/٢٠١٠)دا، پاش (٣٤) دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە. هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) ساڵ زیندانیکردن سزادران.

پەڕلەمانی عێراقیش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند. بەڵام هیچ قەرەبوویەکی ماددی هەڵەبجە نەکراوەتەوە.

 کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق لە دادگای باڵای تاوانکاری عێراق و لە پەڕلەمانی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە و دانیپێدانراوە. بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا بە جینۆساید دانیپێدانەنراوە. تەنها پەرلەمانی کەنەدا وەک تاکە دەوڵەتێک لە (١٦/٣/٢٠١٠) وەک تاوانی -دژ بە مرۆڤایەتی- ناساندوویەتی نەک تاوانی -جینۆساید-. 

دادگایی تاوانباران

دادگای تایبەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی هەڵەبجە سەدام حوسێنی بەتاوانی دژ بەمرۆڤایەتی تۆمەتبار نەکرد. سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی عێراق ٥٠٠ بەڵگەی هەبوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا ئەنجام دراون و ئەنجامی داون، بەڵام تەنیا بەهۆی کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە ساڵی ١٩٨٢ لەسێدارە درا. لەو بەڵگە زۆرەی کە لە کاتی دادگاییکردنی سەدام حوسێندا ئاشکرا کراون، یەکێک لە یاداشتەکانی ساڵی ١٩٨٧ باس لەوە دەکات هەواڵگری سەربازیی عێراق داوای مۆڵەتی کردووە بۆ بەکارهێنانی گازی سارین و خەردەل و گازەکانی تر دژی کوردەکان. دۆکیومێنتی دووەم لە وەڵامی سەدام بۆ ئەوان تێیدا هاتووە کە سەدام فەرمانی بە هەواڵگری سەربازی کردووە کە بزانن ئایا دەکرێت هێرشێکی لەناکاو بەو چەکانە بکرێتە سەر کورد و ئێرانییەکان. یاداشتێکی ناوخۆیی کە لەلایەن هەواڵگری سەربازیەوە نووسراوە دووپاتی کردەوە کە ڕەزامەندی نووسینگەی سەرۆکی بەدەست گەیشتووە بۆ لێدان بە بەکارهێنانی "چەک و تەقەمەنی تایبەت". پشتڕاستیش کراوەتەوە کە هیچ هێرشێک بەبێ ئەوەی یەکەم جار سەرۆک ئاگادار بکرێتەوە نەکراوە. بەڵام سەدام لە دادگاییەکەیدا وتی:

"سەبارەت بە ئێران، ئەگەر هەر بەرپرسێکی سەربازی یان مەدەنی بانگەشەی ئەوە بکات کە سەدام فەرمانی داوە بۆ بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی ئاسایی یان "تایبەت" کە بە کیمیایی دەناسرێت، من بە شەرەفەوە بەرپرسیارەتی دەگرمە ئەستۆ. بەڵام هەر کردەوەیەک لە دژی گەلەکەمان و هەر هاوڵاتیەکی عێراقی بکرێت، چ عەرەب و چ کورد، تاوتوێی دەکەم و قسەی لەسەر دەکەم و هیچ سوکایەتییەکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکەم بەرانبەر خۆم و بنەماکانم."

ڕزگاربووانی کورد گومانی ئەوەیان نەبوو کە سەدام حوسێن خۆی بەرپرسی ئەو هێرشە بووە و بڕیاری دادگاش هەمووانی نائومێد کرد کە تەنیا بۆ کۆمەڵکوژیی دوجەیل لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا.

دادگایەکی عێراقی سزای لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای سەدامی دەرکرد (کە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی هێزە عێراقییەکانی باکووری عێراق کرد) و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٠دا لەسێدارە درا دوای ئەوەی دانی بە تاوانەکاندا نا. عەلی حەسەن مەجید بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی ڕۆڵەکەی لە هەڵمەتی سەربازی ساڵانی هەشتاکان و بەتایبەت ١٩٨٨دا لە دژی نەتەوەی کورد بە ناوی ئەنفال ناونرا سزا درا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ دووەم جار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا بەهۆی تاوانەکانییەوە لە دژی شیعەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ و ١٩٩٩. بەڵام تاوەکوو مردنی پەشیمان نەبوویەوە و وتی کە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق ئەو کارانەی کردووە. 

یەکێکی تر لەو بەڵگانەی دەست دادگاکانی عێراق کەوتوون تۆمارێکی دەنگیی عەلی حەسەن مەجیدە کە تێیدا دەڵێت: "هەموویان بە چەکی کیمیایی دەکوژم. کێ ئیدانەی دەکات؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ نەفرەت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرکەسیش کە گوێیان لێ دەگرێت."

تاوانە شاراوەکان

  • کۆمەڵێک سەرچاوەی جیهانی هەن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە شەهیدکردنی هاووڵاتیانی کورد و پەرەدان بە چەکەکان، چونکە ڕژێمی سەدام حوسێن زانین و کەرەستەی پێویست بۆ گەشەپێدانی چەکی کیمیاییی لە سەرچاوە بیانییەکان بەدەست هێناوە. زۆربەی ئەو ئاوێتانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی بەکارهاتوون لە وڵاتانی سەنگاپوورە (٤٥١٥ تەنهۆڵەندا (٤٢٦١ تەنمیسڕ (٢٤٠٠ تەنهیندستان (٢٣٤٣ تەن) و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بە بڕی (١٠٢٧ تەن) دەستکەوتووە.
  • لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ دادگایەکی هۆڵەندی سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ (فرانس ڤان ئانراتی) ئەو بازرگانەی لە بازاڕی جیهانی کیمیایی دەکڕی و بە ڕژێمی سەدامی فرۆشتبوو دەرکرد. 
  • چەند ساڵێک دوای ڕووداوەکە و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٠٠٧/١٠/٢٨ جەلال تاڵەبانی هەستا بە ئازادکردنی یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی بەشداربوو لە کیمیایی بارانکردنی شارەکە دوای ئەوەی دەستگیر کرابوو بەناوی (تاریق ڕەمەزان).
  • یەکێکی تر لە تاوانەکانی دژ بە خەڵکی شارەکە دزینی بانکی هەڵەبجە و تەواوی پارەی خەڵکەکەی بوو، لەگەڵ دزینی چەندین ئۆتۆمبێل و کەرەستەی دانیشتوانی شارەکە. لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە کە "چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتی کە ژمارەیان ١٥ کەس دەبوو بە سەرپەرشتی (م,ح,ع  ماوەتی)  بە فەرمانی بەرپرسەكەیان بانكیان گرتە ئەستۆ, لەو ماوەیەدا دووجار بە كۆستەرە و لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانكەكە بشكێنن, بەڵام بەهۆی تۆكمەیی قاسەكەوە كە لە ناو دیواردا بوو، بۆیان نەشكێنرا (لڤین - ژمارە ٨٧-ل١٥)". کە قادر سەعید سۆفی بەڕێوبەری بانکی هەڵەبجە بڕی پارەکەی ناوی بە (٧٨٠,٠٠٠ دینار) دیاری کردووە. دواتر بەهۆی نەبوونی کلیلەوە بە تی ئێن تی قاسەکە دەشکێنن و پارەکە دەدزن. هەندێکیش دەڵێن پێشتر کلیلەکان لە بەڕێوبەری سندوقەکە وەرگیراوە و پێش ڕووداوەکە دزراوە. کە هەرچۆن بێت خودی ئەوە تاوانە کە چاوی هێزەکان لەسەر پارەی هاووڵاتیان بووە.
  • لە ڕووداوێکی تردا کە شایەتحاڵان باسیان کردووە دەگێڕنەوە پێشمەرگە هەبووە دەستی کچ و ژنی بڕیووە بۆ ئاڵتوونەکانی دەستی چونکە بەهۆی کیمیابارانەکەوە دەستیان ئاوسابوو و ڕەق بووبوو و بازنەکە نەدەهاتە دەرەوە.

فڕۆکەکان

ئەو فڕۆکانەی ئەرکەکەیان ئەنجام دا ژمارەیان هەشت بۆ ١٠ فڕۆکە بوو کە میگ و سوخۆی ڕووسی و میراجی فەڕەنسی بوون. 

مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە

مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە کە بە ناوی بازاڕیی "مەزارەکە" ناسراوە لە ئازاری ٢٠٠٣ وەک یادێک بۆ کارەساتەکە دامەزرا. تێیدا بڕێکی زۆر وێنە و پەیکەری تێدایە کە باس لە ڕووداوەکە دەکەن. لەگەڵ ناوی شەهیدەکان و کۆمەڵێک لەو کەرەستانەی پەیوەندییان بە ڕووداوەکە و دوایەوە هەیە، وەک ئەو ئۆتۆمبێلەی کۆمەڵێک کەسی زۆری تێدا شەهید بووە، گووریسی لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجید و کۆمەڵێک زرێپۆش و فڕۆکەی سەربازی.

سووتاندنی مۆنیۆمێنتەکە

لە ٢٠٠٦/٣/١٦ هەزاران کەسی دانیشتووی هەڵەبجەی شەهید هەستان بە هێرشکردنە سەر مۆنیۆمێنتەکە و سووتاندیان. ئەمەش دوای ئەوەی هەموو ساڵیک یادێکی سادە دەکرایەوە و هیچ خزمەتێک بە شارەکە نەدەکرا و شوێنەکە وەک بنکەیەکی خۆدەرخستن و پارەخواردن دەرکەوت. سووتاندنەکە بووە هۆی تێکچوونی بیناکە و لە ڕووداوەکەدا خوێندکارێک کوژرا و دەیان کەس بریندار بوون. دواتر نۆژەنکرایەوە و ناونرایەوە مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و مۆزەخانەی ئاشتی.

لە کولتووری گشتیدا

  • لە ساڵی ٢٠٠٨دا، کەیهان کەلهووڕ و ڕایدەر بروکلین لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا ئەلبوومێکیان بەناوی "شاری بێدەنگ" لە ساڵیادی کیمیاباراندا بڵاوکردەوە. لەسەر بەرگی ئەلبوومەکە نووسراوە: ئەم ئەلبوومە بۆ زیندووکردنەوەی یادی قەزای هەڵەبجەی کوردستانی عێراقە. 
  • ساڵی ٢٠١١ هەریەک لە کەیهان کەلهووڕ و یۆیۆ ما هەستان بە چڕینی گۆرانی "شاری بێدەنگ" لە زانکۆی هارڤارد.
  • ساڵی ٢٠٠٢ فیلمێک بەناوی "ژیان" لەسەر هێرشی سەر هەڵەبجە لەلایەن جانۆ ڕۆزبیانی دروست کرا.
  • شاری لاهای پایتەختی سیاسیی هۆڵەندا بڕیاریدا یادێک بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە دروست بکات کە لە کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠١٤دا کرایەوە.
  • ساڵی ٢٠١٤ فیلمێکی ئێرانی بەناوی "حکایت عاشقی" بڵاوکرایەوە کە پیاوێکی فارس تێیدا عاشقی کچێکی کورد دەبێت دوای ئەوەی لە کارەساتی هەڵەبجە ڕزگاری دەبێت.
  • کیسەڵەکان دەفڕن، فیلمێکی بەهمەنی قوبادییە و کەسایەتییەکی تێدایە کە لەکاتی هێرشی سەر هەڵەبجە دەستدرێژی کراوەتە سەر.
  • فیلمی هێلانە سووتاوەکان: فیلمێکی کوردی-ئێرانییە و لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە و باس لە کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە دەکات.


سەرچاوەکان



20192 بینین