قۆناغی دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و  ڕەواندوز

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-03-20:50:00 - کۆدی بابەت: 2905
قۆناغی دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و  ڕەواندوز

ناوه‌ڕۆك

قۆناغی دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و  ڕەواندوز

سەرەتای هێرشەکە لە ١٥ ی ئایاری ١٩٨٨بوو، کە دوا رۆژی مانگی ڕەمەزان بوو. چەند فڕۆکەیەک کەوتنە کیمیابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنین، کاموسەک، ئەسپیندار، عەلیاوە، سماقولی)، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی گوندەکان و مرداربوونی ئاژەڵەکانیان. توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، بەڵام زیانی گیانی بە بەراود لەگەڵ هێرشەکانی پێشوو زۆر کەمتر بوو، 
چونکە زۆربەی ناوچە سنووریەکانی پارێزگای هەولێر لە ساڵانی (١٩٧٧-١٩٧٨) و (١٩٨٣-١٩٨٤) چۆڵ کرابوون و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوونەوە کۆمەڵگا زۆرەملێكان، بەڵام هەندێ گوند مابوو، بە تایبەتی گوندە ئازادکراوەکانی ناوچە سەختەکان، کە سوپای عێراق دەستی پێیان نەدەگەیشت، بەهۆی بەرگری پێشمەرگە و سەختی ناوچەکە. لە ٢٣ ئایار گوندەکانی بالیسان هیران و دۆڵەکانی دەوروبەری چەند جار بەخەستی کیمیابارانکران و ٢٢-٢٣ی هەمان مانگ گوندی وەرتێ کیمیابارانکرا. قۆڵێكی تر لە سەروچاوە و بەنی هەریر خەلیفان بە شێوەی بازنەیی بوو، 
نزیکەی (٧٢٠)حەفت سەد و بیست خێزانی دەربەدەکرد و ماڵیشیان تاڵانکرا. گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی بلەی خواروو کەوت، خەڵکەکەی شونبزرکران لە چاو گوندەکانی تر، هەروەک گیراوەکانی تر بەرەو تۆپزاوەی کەرکوک ڕەوانەکران و لەوێشەوە ژن و پیاو و گەنج لێك جیاکرانەوە و گەنجەکان بزرکران. 
٢٦ ی تەمووز بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقوڵی بە چەکی کیمیاوی دەستیپێکرد و خەڵکەکەی دەرپەڕاند، پاشان لە لایەن جاشەکانەوە ناوچەکە داگیرکرا، داواشیان لە خەڵک کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن لێبوردنی گشتی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە هەڵخەڵەتان، خۆیان دا بە دەستەوە، ئاگاداری خەڵکەکە کرایەوە ئەگەر چەکیان پێبێت دەبەخشرێن، بۆیە خەڵكەکە بە دوای ئەو چەکانە دەگەڕان، کە پێشمەرگە لە ناوچەکە شاردبویانەوە، پاشان دان پێدانانیان پێ مۆرکردن کە پێشمەرگەن، لە دواییدا هەموویان شونبزرکران.
 لەمیانەی شاڵاوەکانی ئەم ناوچانەدا، (٥٢) پەنجا و دوو گوند ، لە ناحیەی خەلیفان و ڕەواندوز و خۆشناو وێرانکران، کە سەرجەم خێزانەکانیان (٢٦٠٢)بوو، هەروەها ٢٤ قوتابخانە و ٥٢ مزگەوت ، جگە لە کوێرکردنەوەی سەدان کانی خۆگە و سوتاندنی رەز و باخی ناوچەکە، کە ژێرخانی ئابووری پێکدەهێنا، ڕەگوڕیشەی بژێوی خەڵکی ناوچەکەی لە بنڕا هەڵکەند و سامانیشیان بەو تاڵان بردرا. 


سەرچاوەکان



1012 بینین