بۆچی خۆراکی بەستوو خراپ نابێت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-06-02:32:00 - کۆدی بابەت: 3002
بۆچی خۆراکی بەستوو خراپ نابێت؟

ناوه‌ڕۆك

بۆچی خۆراکی بەستوو خراپ نابێت؟

ئەو خۆراکانەی لە پلەی گەرمای نزمدا هەڵ دەگیرێن، بۆ ماوەیەکی درێژ خراپ نابن و دەتوانین بۆ چەند مانگێک بیان پارێزین. ئایا دەزانن بۆچی؟
دۆزینەوەی هەڵگرتنی خۆراک بەهۆی پلەی گەرمای نزمەوە، بەسەرهاتێکی خۆشی هەیە. لە یەکێک لە ڕۆژەکانی ساڵی ١٧٩٨ دا، هەندێک لە دۆزەرەوان لە نەرویج، لە نزیک ڕووباری ''لینا'' لە باکوری سیبیریا، چادریان هەڵدا. لەپڕ گوێیان لە دەنگی سەگەل بوو کە لە دەرەوە دەوەڕین. کە لە چادرەکانیان هاتنە دەرەوە و سەیریان کردن، سەگەکان خەریکی چاڵ کردنن لە ناو بەفرەکەدا. ئەمانیش چوون بە لایانەوە و سەگەکان هەڵهاتن و ئەمانیش هەر لەو شوێنەدا دەستیان کرد بە چاڵ کردنی بەفرەکە، لەپڕ لاشەی ئاژەڵێکی گەورەی لەناوچویان دیتەوە.
گۆشتی کەلاکەکە وشک بببوەوە، ئەوانیش هەندێکیان لێ بڕی و کردیانە چێشت و سەیریان کرد تامی گۆشتەکە نەگۆڕآوە و وەکو تامی گۆشتی تازە وایە. بەو جۆرە مرۆڤ بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت پلەی گەرمای نزم لە پاراستنی خۆراکدا بەکار بهێنێت.

ئایا بۆچی لە پلەی گەرمای نزمدا خۆراک خراپ نابێت؟

مەوادە خۆراکییەکان بەهۆ بەکتریاوە شیتەڵ دەبن و لە پلەی گەرمای ئاساییدا بەکتریاکان گەشە دەکەن و بەخێراییەکی زۆر گەورە زیاد دەکەن و خواردنەکە خراپ دەکەن. بەڵام لە پلەی گەرمای نزمدا بە تایبەت لە پلەی سفردا کە ئاوەکە دەیبەستێت لە مەوادا خۆراکیەکاندا. بەکتریاکان لە جوڵەدەکەون و لە گەشەسەندن دەوەستن. بەوەش دەتوانین خۆراکە بەستووەکە بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵبگرین.
لە ئێستادا چەندین شێوازی جۆراوجۆری هونەری بەکار دەهێنرێت بۆ پاراستنی مەوادە خۆراکییەکان. لە هەموویان گرنگتر هەڵگرتنی خواردنەکەیە لە شوێنێکی سارددا. لە کاتی هەڵگرتنی خۆراکەکە لە شوێنی سارددا دەبێت ڕەچاوی چەند خاڵێکی گرنگ بکەین، وەکو: جۆری خواردنەکە و پلەی گەرمای شوێنەکە و ڕێژەی شێی ئەو شوێنە. پلەی گەرمای هەڵگرتن لە شوێنە ساردەکاندا لە نێوان یەک پلەی سەدی و دە پلەی سەدیدا دەبێت.
بەڵام بەستن بە بەفری وشک، واتە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ڕەق یان بە هەوای شل یان بە نایترۆجین بەهای خۆراکی خواردنەکە لەدەست نادات، هەرچەندە هەندێک لە نرخی ڤیتامینەکانی کەم دەکاتەوە.
یەکێکی تر لەو شوێنانەی کە خۆراکی تیا هەڵدەگیرێت سەلاجەی ماڵانە. بەڵام لە سەلاجەی ماڵاندا ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ خواردن هەڵبگیرێت.
کرێم و گۆشت و ماسی و میوە و سەوزە لە سەرانسەری جیهاندا لە وڵاتێکەوە دەنێردرێت بۆ وڵاتێکی تر لە ڕێگەی پێشکەوتنی هۆکارەکانی سارد کردنەوەوە.


سەرچاوەکان



984 بینین