قانیع

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-02:46:00 - کۆدی بابەت: 3251
قانیع

ناوه‌ڕۆك

قانیعی شاعیر

قانیع ناوی موحەمەدە کوڕی شێخ عەبدولقادری شێخ سەعیدی دۆڵاشی مەریوانە. لە پازدەی ئەیلولی ساڵی (١٨٩٨)ز لە گوندی ڕیشێن لە دایک بووە، قانیع لە تەمەنی چل ڕۆژی دابوو باوکی کۆچی دواییکردووە، لە تەمەنی دوو ساڵان دایکیشی کۆچی دوایی کردووە، قانیع هەر لە منداڵییەوە تووشی دەربەدەری بووە، هەر لەو کاتەوە تێکەڵ بە ئێش و ئازار و برسێتی نەتەوەکەی بووە. بە هۆی خزمێکییەوە دەچێتە حوجرەی مزگەوت و دەست بە خوێندن دەکات. بە ناو دێهاتەکانی مەریوان بۆ خوێندن گەڕاوە، پاشان کەوتە گەڕان بە شارەکانی کوردستان بۆ خوێندن وەک (سەقز و بانە و سابلاغ و بۆکان و شنۆ و کۆیە و هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە و پێنجوێن و سنە و بیارە) و چەند جێگایەکی تر گەڕاوە. ناسراوییەکی تەواوی لەگەڵ بنەماڵە ئایینییەکانی کوردستاندا هەبووە. بە تایبەتی (شێخ مەحمودی نەمر). هەروەها لە خزمەت مەلای گەورەدا لە کۆیە خوێندوویەتیو بە هەر جۆرێک بێت خوێندنی مەلایەتی تەواو کردووە. لە کۆماری مهاباد کاربەدەستی پەروەردەکردن بووە. تا خۆی لە ژیاندا بوو دیوانەکانی (گوڵاڵەی مەریوان، باخچەی کوردستان، چوارباخی پێنجوێن، شاخی هەورامان، دەشتی گەرمیان)ی بڵاوکراوەتەوە. لە ١٩٦٥ زاینیدا لە گوندی (لەنگەدێ) لە ناوچەی شلێر کۆچی دواییکردووە و هەر لەوێ نێژراوە. پاش مردنیشی لە ساڵی ١٩٧٠ز (پاش مەرگەی قانیع) بڵاوکراوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٤ز بەشێک لە شیعرەکانی بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (نامەی قانیع). هەروەها لە ساڵی ١٩٧٩ شیعرەکانی بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (دیوانی قانیع).
قانیع لە سەرەتایی شاعیرییەتیدا بە فارسی هۆنراوەی نووسیوە، چونکە زمانی فارسی لەو سەردەمەدا باوبووە، لە پاش هەستکردن بە بیری کوردایەتی پیرۆز دەستیکردووە بە هۆنراوە گوتن بە زمانی پاکی کوردی، قانیع بە شاعیری وریای لادێی کورد بەناوبانگە، شیعرەکانی خۆماڵی و ڕەوانن، لە سەرەتایی هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی جیهانی قانیع تێکەڵ بە ڕێبازی ئەدەبی شۆڕشگێرانە بووە. هۆنراوەکانی لە ڕووی مەبەستەوە سێ بابەتی گرتووەتەوە (دڵداری، کۆمەڵایەتی، نیشتیمانپەروەری). قانیع لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٣ز بە هۆی باری ئاڵۆزی ناوچەکەوە لەگەڵ دانیشتوانی چەند دێییەکدا کۆچدەکەن و دەچنە ئەو بەری سنوورەوە. هەر ئەو شەوە دەیگرن و دەیبەن بۆ بەندیخانەی (قەجەر) لە تاران و ماوەیەک لە بەندینخانە دەیهێڵنەوە، لە کاتی خەو بەندییدا نەخۆشییەکەی زۆری بۆ دێنی و هیوا بڕاوی ژیان دەبێت و بەم جۆرە باسی بەندیخانەکەی دەکات

نمونەیەک لە هۆنراوەکانی

ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە 
ئەم کەلەبچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە
زۆر دەمێکە چاوەڕونای زڕزرەی زنجیر ئەکەم
سەیری ئەم زنجیرە کەن وەک زێوەری شاهانەیە
بووکی ئازادیم ئەوێ، خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێ
ئەڵقە ئەڵقەی پێوەنم وەک پڵپڵە و لەرزانەیە
گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بەدیلی لاڵ ئەبم 
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابی خانەیە
گرتن و لێدان و کوشتن عامی ئازادییە
تۆپ و شەستیر و کەلەپچە لام وەکو ئەفسانەیە
بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بەسەر ئەو دوژمنە هیوای بە بەندیخانەیە
گەر بە ئازادی نەژیم و مردن خەڵاتە بۆ لەشم 
نۆکەری و سەردانەواندن کاری نامەردانەیە
چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە
چەکی شۆڕشگێری من نووسین و بیرو باوەڕە
ڕاپەڕینە، هەڵمەتە پر نەعرەتەی کوردانەیە
 قانیعم ئەمڕۆ لە زیندانا بە ئازادی ئەژیم 
سەد هەزار لەحنەت لەوەی وا نۆکەری بێگانەی


سەرچاوەکان



3213 بینین