ئامۆژگاری پزیشکی بۆ مانگی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-16-15:56:00 - کۆدی بابەت: 3348
ئامۆژگاری پزیشکی بۆ مانگی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزان

ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان سوودی زۆر دەگەیەنێت بە جەستەی مرۆڤ، بەڵام زۆربەی كەس بەبۆنەی ئەو خواردنەی كە لە بەربانگ و پارشێواندا دەیخۆن زۆر سوودی لێنابینن، لێرەدا باسی چەند زانیارییەكی پزیشكی دەكەین تایبەت بەو كەسانەی كە نەخۆشییان هەیە و دەیانەوێت بەڕۆژوو ببن.

ئامۆژگاری پزیشكی بۆ مانگی ڕەمەزان

چەند ئامۆژگارییەك بۆ نانی ئێوارە (بەربانگ كردن)

پێش دەستكردن بە نانخواردن سێ دەنك خورما بخۆ بۆ قەرەبووكردنەوی ئەو ڕێژە شەكرەی كە لەدەستتداوە، پاشان پەرداخێك ئاو بخۆرەوە پێش دەستكردن بە نانخواردن.

سەرەتای نانخواردن بە شۆربایەكی گەرم دەستپێبكە چونكە گەدەت نەرم دەكاتەوە و لە ئازاری گەدە دەتپارێزێت پاشان زەڵاتە بخۆ دواتر ژەمە سەرەكییەكە.

كاتی بەربانگ خواردنی جیاواز بخۆ وەك: زەڵاتە، گۆشت، ماسی، پاقلەمەنییەكان.

ڕێژەیەكی باش لە ئاو بخۆرەوە لەنێوان نانی ئێوارە و پارشێودا، باشتر وایە لەو ماوەیەدا هەشت پەرداخ ئاو بخۆیتەوە، بەڵام نابێت هەمووی بەیەكجار بخۆیتەوە چونكە دەبێتە هۆی ئاوسانی سك.

ڕۆژانە پیاسە بكە بۆ هێشتنەوەی جەستەت بە چالاكی، بەتایبەتی دوو كاتژمێر دوای بەربانگ كردن بۆ ئەوەی كۆئەندامی هەرس دەستبكات بە كاری خۆی.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ نانی پارشێو

پێویستە ئەم ژەمە خۆراكە پشتگوێ نەخەین، چونكە وزەمان پێدەبەخشێت لەڕۆژدا.

دەبێت دووربیت لەو خواردنانەی كە بە ناڕەحەتی هەزم دەكرێن، بەڵكو خواردنی سووك بخۆین وەك دانەوێڵەكان و سەوزە و میوەكان بەتایبەتی شووتی.

دووركەوتنەوە لە خواردنە چەور و شیرینییەكان.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە

ئەو كەسانەی كە نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەمیان هەیە نابێت بەهیچ شێوەیەك بەڕۆژوو ببن، چونكە گەر ڕێژەی شەكرەیان زۆر داببەزێت دەكرێت ببورێتەوە و بچنە (كۆما)ـوە.

ئەو كەسانەی كە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەمیان هەیە دەبێت بە وریاییەوە بەڕۆژوو ببن و ژەمەكانی بەربانگ و پارشێو بەباشی ڕێكبخەن.

بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی شەكرەی دووگیانی بوون (شەكرەی دووگیانی: بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە ئافرەتانی دووگیاندا)، دەبێت ڕێنمایی پزیشك وەربگرێت چونگە مەترسی دەبێت بۆسەر ژیانی كۆرپەلەكەی.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشی دڵیان هەیە

ڕاپرسیكردن بە پزیشك پێش ڕۆژووگرتن، چونكە پزیشك دەتوانێت دیاری بكات كە دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت یان نا.

پابەندبوون بە خواردنی دەرمانەكان لەكاتی دیاریكراودا كە پیزیشك بۆی داناوە.

خواردنی خواردەمەنییە تەندروستەكان، دووركەوتنەوە لەو خواردنانەی كە چەوری زۆری تێدایە.


سەرچاوەکان



989 بینین