محەمەد ساڵح دیلان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-18-02:15:00 - کۆدی بابەت: 3410
محەمەد ساڵح دیلان

ناوه‌ڕۆك

دیلانی شاعیر

دیلان ناوی (محەمەد ساڵح) کوڕی مەلا ئەحمەدی دیلان کوڕی مەلا صالح کوڕی (مەلا قادری شەوخوێن)ـە، کە لە قەڵاچۆلانەوە هاتۆتە سلێمانی، دیلان لە ساڵی ١٩٢٧ز لە سلێمانی لە گەڕەکی گۆیژە لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە مزگەوتی شێخ بابە عەلی و قوتابخانەی خالیدییە دەستپێکردووە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە و بووە بە فەرمانبەر، لەبەر بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی، زۆر جار تووشی گرتن و دوورخستنەوە و دەست بەسەری بووە، لە ٢٨/١٠/١٩٩٠ کۆچی دواییکردووە. دیلان یەکێک بوو لە شاعیرە ناودارەکانی سەدەی بیستەمی کورد، مەلا ئەحمەدی دیلانی باوکی کە پیاوێکی ئەدەب دۆست و شارەزابوو، ڕێگای بۆ خۆشکرد کە ببێتە شاعیر. هەروەها هۆنراوەی شاعیرانی کورد وەک (مەولەوی، سالم، پیرەمێرد، حەمدی، گۆران، مەحوی) کاریان تێکردووە، لە هەمان کاتدا هۆنراوەی فارسی کاری کردۆتە سەر بەهرەی شیعری بەتایبەتی هۆنراوەی (حافز، نیزامی، سەعدی)، یەکەم هۆنراوەی لە بەندینخانەی کوت نووسیوە، هۆنراوەکانی لایەنی نیشتمانپەروەری و جوانی وڵات و دیمەنەکانی لەخۆ دەگرێت، دیلان لە هۆنراوەکانیدا بەیاخێکی زۆری بە ناوەڕۆک و باری هزری داوە ئەم لایەنە بە خەستی لە بەرهەمەکانیدا دیارە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باری ڕۆشنبیری و پلەی هۆشیاری و ڕادەی بەشداربوونی لە بزووتنەوەی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازی نەتەوەییدا.
دیلان دەسەڵاتێکی باڵای هەبووە لە بەکارهێنانی هێما (ڕەمز) بۆ دەربڕینی مەبەستی تایبەتی، چونکە لەبەر ستەم و زۆرداری و هێزی تاریکی ئەو سەردەمە نەیویستووە مەبەستەکانی ئاشکرا و دیار بکات، بەم هێما بەکارهێنانە چەشنە هونەرێکی ڕەنگین و ڕادەیەکی بەهرەدارانەی بە بەرهەمەکانی گەیاندووە.

هۆنراوەکانی دیلان لە ڕووی ناوەڕۆکەوە

١- جوانی سروشت:
بابەتی جوانی سروشت پێشتر لە هۆنراوەی (مەولەوی و گۆران و پیرەمێرد) ڕەنگیداوەتەوە، دیلانیش کە شێوەی هونەری شیعری ڕۆمانتیکی بوو، شەیدای جوانی سروشتی کوردستان و دڵدارێکی کەم وێنەی دیمەنە ڕەنگینەکانی گوڵ و گوڵزاری بەهار بوو، نەخشەکێشانی تابلۆیەکی سروشت یا وەسفکردنی دیمەنێکی سروشت لای شاعیر دەبێتە داهێنانێک و لایەنێکی گرنگی قوتابخانەی ڕۆمانتیکی تەواو دەکات، ئەم پەیوەندییە گیانییەی نێوان شاعیر و سروشت دەگەڕێتەوە بۆ گیانی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی.

٢- دڵداری و جوانی ئافرەت:
بابەتی دڵداری و جوانی ئافرەت وەک بابەتێکی هۆنراوە دیاردەیەکی کۆنە، لە بەرهەمی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد ڕەنگیداوەتەوە، دیلانیش لە بابەتی خۆشەویستی ئافرەت و جوانی ئافرەتدا هەستێکی قووڵ و سۆزێکی بەتین و کاریگەر لە هۆنراوەکانیدا بەدیدەکرێت، تا گەیاندوویەتی بە ڕادەیەکی زۆر بەرز، کە هیچ جوانییەکی تر نەیگاتێ، لە لایەکی تر وەسفی ئافرەت دەکات و دەیبەستێتەوە بە کۆڕی تێکۆشان و ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە.

٣- نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی:
بابەتی هەستی نەتەوایەتی و سۆزی نیشتمانپەروەری لە هۆنراوەی شاعیرە کلاسیکەکانی کوردی وەک (خانی، حاجی قادری کۆیی، نالی، سالم، ئەحمەد موختار جاف، هتد) دیارە، دیلانی شاعیریش یەکێک بوو لەو شاعیرانەی، کە پەروەردەی بزوتنەوەی نیشتمانەروەری و خەباتی ئازادیخوازانەی دوای جەنگی دووەمی جیهان بوو، هۆنراوەکانی دیلان ئاوێنەیەکی ڕوونی خەبات و بزوتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی گەلەکەمانە.
دیلان وەک شاعیرێکی شۆڕشگێڕی کورد تێکۆشانی گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی، کە لە پێناوی سەربەستیدا خەباتیان دەکرد، بزوتنەوەکەیان دەبەستێتەوە بە خەباتی گەلی کوردستان.
دیلان لە ڕووی (کێش و سەروا)وە لە زۆربەی هۆنراوەکانیدا کێشی بڕگەی (پەنجە) و سەروای دێڕی مەسنەوی بەکارهێناون، چونکە هەستی بە ڕەسەنایەتی و خۆماڵی کێشەکە کردووە، بۆیە گەڕاوەتەوە سەریان. دیلان جگە لەوەی شاعیر بوو ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی ئاسمانی ئاواز و گۆرانی کوردی بوو، دەنگ خۆش و مەقام زانێکی کەم هاوتا بوو.

نمونەیەک لە هۆنراوەکانی

شێخ مەحمودی زیندوو
لەکێ بپرسین سۆراخی ڕاستی
دیارە نزیکتر هەر بەرانانە
بەرانان دەخیل دراوسێی دڵسۆز
ئیستا ئەوبەرت کێی لا میوانە؟
هەواڵێ بپرسە لە داری کەلی
شێخ لەوێ ماوە یا لە سەیوانە؟
ئیستە سێبەری سەرجەستەی کفنی
هەتاوی سوورە یا ئەرخەوانە؟
ئێستە پێخەفی نەرم و نۆڵی شەو
بەردە یا خاکی کانی ئاسکانە؟
بەردە قارەمان لە جێی خۆی ماوە
هەر لە دەربەندە یا لە پیرانە؟
ئێستە ئاوباریک وەک بوومەلەرزە
هەر هەڵئەلەرزێ یا لە وەستانە؟
کوا شێخ؟ کوا نەوەی ئەحمەدی کاکی؟
کوا نەبەردەکەی ئەم نیشتمانە؟
بەرانان دیارە قوڕگت گیراوە
چاوت لیخنی خوڕی گریانە
سەرت چەپۆکی کۆچی بێ وادەی
شێخ خوولی داوە سستی فغانە
بەڵام بەرانان گوێم لێ ڕاگرە
من کوردم، کوردیش گەلە، ئینسانە
هەزار ئەوەندە بخرێتە بینی
دەستی گەردوون و چنگی زەمانە
کورد شۆڕە سواری وەک شێخی بووبێ
سەر نەوی ناکا لەبۆ بێگانە


سەرچاوەکان



3760 بینین