ڕۆژووگرتن و شیردان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-18-21:41:00 - کۆدی بابەت: 3551
ڕۆژووگرتن و شیردان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شیردان ماوەیەکی جیاوازە بۆ دایک و منداڵەکەی، دایک هەموو جەستە و دەروونی خۆی دەکاتە قوربانی تاکوو منداڵەکەی تێربێت و گەشە بکات، هەر بۆیە دایکان پێویستیان بە خۆراکی باش و تەندروستە تاکوو شیریان زۆر بکات و بتوانن شیر بدەن بە منداڵەکەیان.
لە مانگی ڕەمەزاندا ڕۆژووگرتن بۆ ئەو دایکانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان قوورسترە، توانای ڕۆژووگرتنی دایکە شیردەرەکانیش جیاوازە و لە دایکێکەوە بۆ دایکێکی تر دەگۆڕدرێت.

هۆکاری کاریگەر

بەگشتی ناتوانرێت بوترێت کە دایکانی شیردەرد دەتوانن ڕۆژوو بگرن یاخود نا، چونکە هەندێکیان دەتوانن و هەندێکی تریان ناتوانن، ئەم پێوەرەش بە هەڕەمەکی دیاری ناکرێت بەڵکوو پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە:

تەمەنی منداڵەکە

تەمەنی منداڵ پێوەرێکی گرنکە بۆ دیاریکردنی شیرپێدانی دایکی ڕۆژووەوان، منداڵ لە یەکەمین ڕۆژەوە تاکوو تەمەنی شەش مانگی بە تەنها دەبێت شیر بخوات، باشترین شیریش شیری دایکە، بۆیە تاکوو منداڵ شیری دایکی بخوات پێوست ناکات شیری وشکی پێ بدرێت، کەواتە ئەو دایکانەی تەمەنی منداڵەکەیان کەمتر لە شەش مانگە نابێت ڕۆژوو بگرن، چونکە تەواوی خواردن و خواردنەوەی منداڵەکە لەسەر ئەو شیرەیە، بەڵام ئەو دایکانەی کە تەمەنی منداڵەکەیان لەسەروو شەش مانگەوەیە دەتوانن بەڕۆژووبن، چونکە منداڵ دوای تەمەنی شەش مانگی جگە لە شیری دایک دەتوانێت خۆراکی تریش بخوات بەپێی تەمەنەکەی.

هەبوونی زیان 

ئەگەر ماددەی خۆراکی و ئاوی پێویست بگات بە منداڵەکە ڕۆژووگرتن کێشەی نییە، هەر ژنێک دەتوانێت ٢٤ کاتژمێر هیچ نەخوات بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر شیرەکەی هەبێت، و بەدرێژایی ماوەی بەڕۆژووبوون توانای بەرهەمهێنانی شیری هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە لە دایکێکەوە بۆ دایکێکی تر دەگۆڕدرێت.
ئەگەر هەستت کرد کە منداڵەکەت تێر ناخوات و گەشەکردن و دەرهاویشتنی وەک ڕۆژانی ئاسایی نییە، واباشترە ڕۆژوو نەگریت.

ڕێژەی شیر

ئەو ڕێژە کەمەی کالۆری کە دایکان وەریدەگرن لە ڕەمەزاندا جیاوازییەکی وای نییە لەگەڵ بڕی ئەو شیرەی کە بەرهەم دێت، بەڵام ئەگەر هاتوو لە ماوەی ڕۆژووگرتندا کالۆری پێویست نەگەشت به دایکەکە، ئەوا جۆری چەوری شیرەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت.
بەشێکی چەوری ناو شیری دایک لەلایەن مەمکی دایکەکەوە بەرهەم دەهێنرێت و ئەوی تری لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەوەیە کە دەیخوات، بۆیە کاتێک بڕی پێویست خۆراک نەبێت بۆ بەرهەمهێنانی شیر و دروستکردنی چەوری ناو شیر، جەستەی دایکەکە هانا دەبات بۆ چەورییە خەزنکراوەکان و بەمەش گلیسریدەکان دەگەن بە منداڵەکە، شیری دایکی ڕۆژووەوانن بڕێکی کەمتر لە پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، لاکتۆز، ئاسن، ڤیتامین B12 تێدایە.

زیانە لاوەکییەکان بۆ دایکەکە

ئەو دایکانەی کە شیر دەدەن و بەڕۆژوون لەوانەیە چەند کاریگەرییەکی ڕۆژوەکەیان لەسەر دەربکەوێت وەک:

وشکبوونەوە و کەمبوونەوەی ئاوی جەستە

ئەمەش دەبێتە هۆی، سەرگێژخواردن، سەرئێشە، ماندوویەتی، لاوازی، ئازاری جەستە.
ئەو دایکانەی کە تووشی ئەم حاڵەتانە دەبن دەبێت ڕۆژووەکەیان بشکێنن و پەرداخێک ئاو و کەمێک شەکر بخۆن و پشوو بدەن، ئەگەر تاکوو نیو کاتژمێر باش نەبوون واباشترە سەردانی پزیشک بکەن

کەمی کێشی جەستە

زۆرینەی خانمان لەماوەی دووگیانیدا قەڵەوبوون دوای منداڵبوون و شیردان کێشیان دادەبەزێت، لە کاتی بەڕۆژووبونیشدا کێشیان زیاتر دادەبەزێت، ئەگەر بەدرێژایی هەفتەیەک نیو کیلۆ یاخود کیلۆیەک کێش کەم بکات ئەوە ئاساییە و کاریگەری خراپ ناخاتە سەر شیرەکەیان، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بوو ئەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شیرەکە.

هەروەها دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێن و هەناسەتووندی.

زیانە لاوەکییەکان بۆ منداڵەکە

ئەگەر منداڵەکەت ئەم نیشانانەی هەبوو دەبێت ڕۆژوو نەگریت، چونکە دەرخەری ئەوەن کە منداڵەکە بەباشی تێر ناخوات:

  • کەمبوونەوەی میزی منداڵەکە و ژمارەی دایبییە تەڕەکانی
  • داواکاری زۆری بۆ شیرخواردن و گریانی زۆر مژینی مەمک
  • نەگۆڕانی کێشی جەستەی و دابەزینی کێشی
  • بێتاقەتی و گریانی بەردەوام 
  • خەواڵوویی منداڵەکە بەهۆی دابەزینی ڕێژەی شەکری خوێنییەوە

ڕێنوێنی 

ئەو دایکە شیردەرانەی کە بڕیاریان داوە کە ڕۆژووبگرن پێویستە ڕەچاوی ئەم چەند خاڵە بکەن:

  • دەبێت پارشێو بکەیت و لەبیری نەکەیت
  • بەدرێژایی ئەو ڕۆژانەی بەڕۆژوویت پشووبدە و خۆت هیلاک مەکە
  • مەڕۆرە شوێنی گەرم
  • لەدوای بەربانگکردنەوە تاکوو پارشێو ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆرەوە، هەروەها خۆراکی باشیش بخۆ وەک: خورما، سەوزە، میوە، هەموو جۆرەکانی زەڵاتە، گۆشت، شیرەمەنییەکان.
  • واباشترە پشوو بدەیت و سێ ڕۆژ جارێک ڕۆژوو بشکێنیت.
  • لە ئەگەری زیادبوونی هەر زیانێکی لاوەکی بۆ خۆت و منداڵەکەت واپێویستە کە ڕۆژووەکەت بشکێنیت.


سەرچاوەکان



2803 بینین