ئاسن

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-24-01:23:00 - کۆدی بابەت: 3634
ئاسن

ناوه‌ڕۆك

بەکار‌هێنانی ئاسن

لە کاتی ئێستاماندا لە هەموو کانزاکان گرنگترە و لە گەلێک پیشەسازی گۆڕانکاری و دەرهێناندا بە ماددەیەکی سەرەکی دادەنرێت. گرنگیی ئەم کانزایانە لەو نیشانانە دەردەکەوێت کە پێیان جیادەکرێتەوە. ئاسن بە شێوەیەکی فراوان لە چینەکانی توێژاڵی زەویدا بڵاوبۆتەوە ٥٪ـی ئەو ماددانەی کە ئەم توێکڵەی لێ پێک دێن و دەشتوانرێت بە ئاسانی خاوەکانی تر پوخت بکرێت و جیابکرێتەوە. هەروەها بە تێکەڵکردنی ئاسن لەگەڵ کانزای تردا بە تایبەتی کرۆم و مەنگەنیز و نیکڵ وای لێدەکات کە لە دروستبوونی دینەمۆ و مەکینەکانی سووتانی ناوخۆیدا و هی تر بەکار بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە نرخەکەی نزمە و بە ئاسانیش دەتوانرێت دەست بەسەر ڕادەی ڕەقێتییەکەیدا بگیرێت. ئاسنی پوخت لە سروشتدا نییە، بەڵکو بە شێوەی ئۆکسیدی کاربۆنات و خاوەی هەمە چەشنە هەیە.

گرنکترین جۆرەکانی ئاسن

  • ماگناتایت

پێشی دەڵێن مەگناتیس، خاوێکی ڕەشە و ڕێژەی ئاسنە پوختەکەی (٧٢.٥٪)ـی خاوەکەیەتی. لە ڕووی چاکییەوە ئەمە باشترین جۆرە. لە سروشتدا کەمە، لە ناوچەی بەردی ئاگرین و بەردی گۆڕاودا هەیە. مەڵبەندە کانزاکارییەکانی دەکەونە باکووری سویدەوە.

  • هیماتایت

ڕەنگەکەی سوورە، بە ئۆکسیدی ئاسن دادەنرێت و ڕێژەی ئاسنە پوختەکەی ٧٠٪ دەبێت، خاوەکانی لە ناو بەردە نیشتووەکاندا بڵاو بوونەتەوە و بە زۆری لە ڕوسیای فیدراڵ و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسپانیا و ئەوروپای خۆرهەڵاتدا دەری دەهێنن.

  • لیمۆنایت

ڕەنگەکەی لە نێوا زەرد و قاوەییدایە. ڕەنگی لمەکەی زەرد کردووە و ڕێژەی ئاسنەکەی (٦٠٪)ـە، بە شێوەی توێژاڵی لە ناو بەردە نیشتووەکاندایە. مەڵبەندە گرنگەکانی دەکەونە ناوچەی لۆرین لە فەڕەنسا.

  • سیدرایت

کاربۆناتی ئاسنیشی پێ دەڵێن. کەم بایەخە و ڕێژەی ئاسنەکەی لە ٤٨٪ دەبێ، خڵتەی زۆرە و بە زۆری لە خۆرهەڵاتی ئینگلتەرە دەری دەهێنن.

  • پایرایت

ڕێژەی ئاسنەکەی نزیکەی ٤٢٪ دەبێت. چەشنێکی خراپ و بەدە. خڵتەی زۆرە، گۆگرد و مسی زۆر تێدایە، ئەم جۆرە گۆگرداتی ئاسنە بۆ دەرهێنانی ترشی کبریتیک بەکاردێت. خاوەکانی لە ناوچە پەیدابووە نوێیەکانی جیهاندا بڵاون.

چۆنییەتی پوخت کردنی ئاسن لە خاوەکانیدا

خاوە ئاسنەکانی تێکەڵ بە خەڵووزی کوک و قیر دەکرێن و دەخرێنە ناو فووە کورەی زۆر گەرمەوە کە پێی دەڵێن کانزا توێنەرەوە و ئاسنەکەی لێ جیادەبێتەوە و لە بنی کورەکەدا دەنیشێت و ئاسنەکە لە کونەکانی ژێر بنکەکەیدا وەردەگیرێت. لەم قۆناغەدا پێی دەڵێن ئاسنی زەهر (گڵ ئاسن). ئەم چەشنە پوخت نییە، خڵتەی زۆرە، کاربۆن و کبریت و فۆسفۆری تێدایە و زۆر ڕەق نییە بۆ دروستکردنی ستوونی کارەبا و بۆریی ئاو بەکاردێت. دوای پاکۆی گڵ ئاسن لەم خڵتانە ڕەقتر دەبێت و جیڕی پەیدا دەکات و پێی دەڵێن ئاسنی گونجاو کە بۆ ئاسنگەری بەکار دەهێنرێت. جا ئەگەر ڕێژەیەک مەنگەنیزی تێکەڵ بکرێت و لە خڵتە پاک بکرێتەوە پۆڵای لێ پەیدا دەبێت، ئەمەش لە هەموو جۆرەکانی تر زیاتر بەکاردێت چونکە زۆر ڕەقە.

دابەشبوونی جوگرافیی بەرهەمهێنانی ئاسن لە جیهاندا

بەرهەمهێنانی ئاسن لە جیهاندا، لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە ڕامیاری دەوڵەتان و باری ئابووری هەیە، بۆیە بەرز و نزمییەکی زۆر بە خۆیەوە دیوە، لە کاتی جەنگدا زۆر دەبێت و لە کاتی ئاشتیشدا کەم دەبێت، بەڵام لە کاتی ئێستادا بەرهەمهێنانی ئاسن زۆر بووە و لە ساڵی ١٩٨٥ دا گەیشتە نزیکەی ٥٢٤ ملیۆن تەن، ئەم بەرهەمهێنانەش سێ ئەوەندەی ساڵی ١٩٥٣ـیە کە نزیکەی ١٥٧،٥ ملیۆن تەن بووە، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانە زۆرە پیشەسازییەوە بووە کە لە جیهاندا ڕوویدا. بەرهەمی جیهان بەسەر هەموو کیشوەرەکاندا دابەش دەکرێت، بەڵام نزیکەی ٨٥٪ـی سەرجەمی بەرهەکەمە لە کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا و هەردوو ئەمەریکاوە دێت، بە تایبەتی ڕوسیای فیدراڵ و ئۆکرانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان نیوەی بەرهەمی جیهانیان هەیە و نیوەکەی تری بەسەر دەوڵەتانی تردا دابەش دەکرێت، ئەوەی شایانی باسە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن لە جیهاندا لە هەمان کاتدا ناوچەی بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردیشن کە پیشەسازیی ئاسن پێویستییەتی، بەڵام وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان هێشتا نەچوونە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە، لەم چەند ساڵەی دوایدا نەبێت بەهۆی کەمی کانەکانی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانەوە زۆری خواست و پێویسیت جیهان بۆ ئاسن، بۆیە کانەکانی ئەفریقای خۆرئاوا و ڤەنزوێلا دەردەست کراون و کەنەداش چووە ڕیزی دەوڵەتە بەرهەمهێنەکان و واش چاوەڕوان دەکرێت کە ناوچەی تریش بچنە ناو نەخشەی بەرهەمهێنانی جیهانییەوە و هەندێ دەوڵەتی گەشەندەش بگرێتەوە کە زەوییەکانیان یەدەگێکی زۆری تێدایە وەکو هیندستان و بەرازیل.

گرنگترین دەوڵەتە بەرهەمهێنەکانی ئاسن

  • ئۆکرانیا

ناوچەی کریڤۆری روج لە باشووری ئۆکرانیا نزیکی کانە خەڵووزەکانی حەوزی دۆنترز. ئەم ناوچەیە یەدەگێکی زۆری تێدایە کە بە ئەندازەی زیاتر لە یەک ملیار تەن مەزەندە دەکرێت. کارگەکانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا پشت بەو بەرهەمە دەبەستن، لەگەڵ کانە خەڵووزەکانی نیمچە دورگەی (قرم).

  • ڕووسیای فیدراڵ

گرنگترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی بریتین لە ناوچە چیاییەکانی ئۆراڵ، مەزەندەی یەدەگەکەی لە ئاسنی خاو نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن تەن و خەریکە چەشنە باشەکانی نامێنێت لەبەر ئەوەی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆر وەبەردێت. بایەخی ئەم ناوچەیەش لەبەر ئەوەیە کە کەوتۆتە نزیک ناوجەی (ماگنیتۆکۆرسک) کە گرنگترین ناوچەی پیشەسازی وڵاتە، هەروەها کانەکانی باشووری خۆرئاوای مۆسکۆ، ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی تورکستان، نزیکی حەوزە خەڵووزەکانی کۆرنتسک، هەرچەندە خاوەکانیشی زۆر چاک نین، بەڵام گرنگترن چونکە کەوتوونەتە نزیک کارگەکانی ناوچەی سیبیریا.

  • ئوستوراڵیا

بۆ بەرهەم هێنانی ئاسن لە جیهاندا لە پلەی دووەمدایە و لە ساڵی ١٩٨٥ نزیکەی ٥٧ ملیۆن دەرهێناوە، واتە ١١٪ـی بەرهەمی جیهانی. ئەم سەرکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی فراوان و خێرای خاوەکانی ئاسن لە ناوچە بەربڵاوەکانی کیشوەرەکەدا.

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەموو ساڵیک نزیکەی (٤٧) ملیۆن تەن وەبەردێنێ ساڵی ١٩٨٥، بەڵام پێش ئەوە لە ساڵی ١٩٦٩ـدا (٥٢) ملیۆن تەنی بەرهەمهێنا. ئەم لە کورتیدانەش دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی فلزەکانی ئەمەریکا کە وای لە ئەمریکا کردووە ئاسن و پۆڵا لە دەرەوە بهێنێ و لە پیشەسازیی خۆیدا پشتی پێ ببەستێ. زۆربەی ئاسن بەرهەمهێنان دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی وڵات، لەو شوینانەی کە کانە خەڵووزەکانیان لێیە و دانیشتوانی چڕ و پڕن. هەروەها هەندێ کانی تریش لە بەشی خۆرئاوای وڵاتەکەدا هەن.

گرنگترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن

  • کانەکانی ناوچەی دەریاچە گەورەکان

ئەم ناوچەیە ٣/٤ـی بەرهەمهێننای ئاسنی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێک دەهێنێت و بە زۆری کانەکان دەکەونە نزیکی دەریاچەی (سوپەریۆر)ـيوە، خاوی ئەم ناوچەیە لە جۆرە باشەکانن و لە توێژاڵی ڕووی زەوییەوە زۆر نزیکن، بە ئەستووری ٢٠٠ پێ، سەرەڕآی ڕێگەی گواستنەوەی ئاوی هەرزان بۆ گەیاندنی بۆ کارگە نزیکەکان.

  • کانەکانی ویلایەتی ئەلەباما

٥-١٠٪ـی بەرهەمی ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمەریکای لێ دەردەهێنرێت. کانەکانی لە نزیک شاری (پەرمەنگهام)ـی پیشەسازین. هەندێ خڵتە لە بەرهەمەکانیدا هەیە وەکو فۆسفۆر بەڵام لەبەر نزیکی لە کانە خەڵووزەکانەوە، بایەخێکی زۆری پەیدا کردووە.

  • کانەکانی تر

بە بەرهەمێکی کەم بەشداری دەکەن و لە ویلایەتی نیویۆرک و نیوجێرسی و پەنسلڤانیا و کالیفۆرنیادا بڵاو بوونەتەوە. هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پلەی سێیەم دێت لە نێوان دەوڵەتەکانی جیهان لە بەرهەمهێنانی ئاسندا، لەگەڵ ئەوەش نزیکەی 1/3ـی بەکار هێنانی خۆی لە ڤەنزوێلا و لیبیریا و کەنەدا و شیلی و پیرۆ و بەرازیلەوە دەهێنێت و بۆ ئەمەش هۆی گواستنەوەی گەورەی دەریایی بەکاردێنێت.

  • کەنەدا

پاش دواکەوتنی بەرهەمی کانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بایەخ بە بەرهەمهێنانی ئاسن درا لە کەنەدا، ئەمەش وای لە کۆمپانیا قۆرخکارەکانی ئەمەریکا کرد کە سەرمایەکانیان بخەنە کار بۆ بەرهەمهێنانی خاوەکانی ئاسنی کەنەدا لە ساڵی 1950ـوە تا 80٪ـی بەرهەمی کەنەدایان کەوتە ژێر ڕکێفەوە کە لە ساڵی 1968ـدا، بەر لەوەی ئوستورالیا پێش بکەوێت پلەی سێێەمی لە جیهاندا وەرگرتبوو. ئاسن لە کەنەدا لە سێ ناوچەی سەرەکیدا دەردەهێنرێت کە ئەوانیش ئەمانەن باکووری خۆرهەڵاتی ناوچەی دەریاچە گەورەکان ئەوە بوو لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا ئاسنی لێ دۆزرایەوە و ئاسنەکەشی لە جۆرە باشەکەیە. وە دورگەی نیوفاولاند کە دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی وڵاتەوە لەسەر کەناری زەریای ئەتڵەسی و کانەکانی تاکو ژێر زەریاکە بە ئەستوورییەکی زۆر درێژ بوونەتەوە زۆربەی بەرهەمەکەشی لە ڕێگەی دەریاوە بۆ دەرەوە دەنێرێت. وە هەروەها لە ناوچەی (لیبرادۆر)ـیشدا دێتە بەرهەم کە دەکەوێتە خۆرئاوای دورگەری نیوفاولاند. زۆربەی خاوە ئاسنەکانی کەنەدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەندێک دەوڵەتی ئەوروپا دەنێرێت بۆ خستنەکاری پیشەسازییە سەرەکییەکانیان.

  • چین 

چین بە تەنها بەرهەمەکەی 1/3ـی بەرهەمی کیشوەری ئاسیایە و ساڵی 1992 گەیشتە نزیکەی 75 ملیۆن تۆن و واش چاوەڕوان دەکرێت کە بەرهەمی بگاتە ڕادەیەک کە لەتەک قەوارەی پیشەسازیە پێشکەوتووەکانیدا بگونجێ. وەکو زانراویشە کە یەدەگێکی زۆری هەیە و زۆربەی لە ناوچەی مەنشۆریا و دۆڵی یانگستی و بەشی باکووری خۆرهەڵاتی (پەکین)ـدایە. زۆربەی بەرهەمی ئاسن لە چیندا لە ناوچەی مەشۆریا و باکووری خۆرهەڵاتی وڵاتەکەیدایە و خاوە ئاسنەکانیشی بە گشتی لە جۆرە باشەکاندا.

  • سوید

کانەکانی سیود پەسەندن و زۆربەی ئاسنە دەرهێنراوەکەی لە جۆری ماگنەتایتە. بەرهەمەکەی دەگاتە نزیکەی 5٪ـی بەرهەمی جیهانی و لە باکوور و ناوەڕاستی وڵاتدا کۆبۆتەوە. بەناوبانگترین کانەکانی باکوور دەکەونە ناوچەی (کیرۆناجلڤاری) کە زۆربەی بەرهەمەکەی ڕەوانەی دەوڵەتەکانی ئەوروپا دەکرێت لە ڕێگەی بەندەری (نارڤک)ـی نەرویجیەوە کە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت. ئەو کۆسپانەی کە دێنە پێش کرداری کانزاکاری لەم ناوچەیەدا، نزمی پلەی گەرمایە چونکە دەکەوێتە ناو بازنە پانەکانی باکوورەوە، بەڵام کانەکانی ناوەڕاست، زۆربەی بەرهەمەکەیان بۆ پێداویستی پیشەسازیی وڵات بەکار دەهێنرێت.

  • فەرەنسا

زۆربەی بەرهەمەکەی لە کانەکانی (لۆرێن) و کانەکانی (نۆرماندی)ـدایە و تەنیا بەرهەمی کانەکانی (لۆرێن) نزیکەی نیوەی بەرهەمی کیشوەری ئەوروپا دەبێت لە خاوی ئاسن و ئەم ناوچەیەش بە تۆڕێک هێڵی گواستنەوەی وشکانی و دەریایی چاکەوە بە یەکەوە بەستراوە، ئەستوریی چینەکانی خاوە ئاسنەکانی لە نێوان 60-120 پێ دەبێت و هەندێ بەرهەمی فەرەنسا دەنێردرێتە دەرەوە بۆ وڵاتە هاوسێکانی.

  • بەریتانیا

بەرهەمی ئاسن لە بەریتانیا ڕوو لە کەمییە، چونکە لا کانزاکاریدا پێش دەولەتەکانی جیهان کەوتووە. گرنگترین ناوچەکانی ئاسن بەرهەمهێنان تێیدا ناوجەی (کلیفلاند)ـە لە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە و بەوە جیا دەکرێتەوە کە خاوەکانی نزیکی ڕووی زەوین، سەرەڕای ئەوەی کە کەوتوونەتە نزیک نیشتووەکانی خەڵووز لە ناوچەی (درم). چەند دەوڵەتێکی تریش هەن لە جیهاندا کە ئاسن دەهێننە بەرهەم وەکو ئەڵمانیا و هیندستان و لیبیریا و ڤەنزوێلا و هیتر. وا چاوەڕوان دەکرێت دووبارە ژاپۆن شوێنێکی پێشکەوتووی هەبێت لە دواڕۆژێکی نزیکدا لە بەرهەمهێنانی ئاسن.

یەدەگی جیهانی لە خاوەکانی ئاسن

ئاسان نییە بتوانین بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و بە تەواوی مەزەندەی یەدەگی جیهانی خاوەکانی ئاسن بکەین، چونکە هێشتا گەڕآن و پشکین و هەڵکەندن دەربارەی ئەم کانزایە لە ڕووبەرێکی فراوانی گۆی زەویدا نەکراوە. شآرەزایان بە زۆری یەدەگی جیهانی دەکەن بە دوو کۆمەڵەوە، یەکەمیان یەدەگی دڵنیایی و دووەمیش ئەو یەدەگەی کە لەوانەیە هەبێ. مەبەست لە یەدەگی دڵنیایی ئەو چەندێتییەیە کە دەتوانرێت لە کاتی ئێستادا بەکاربهێنرێت. بەڵام یەدەگی چآوەڕوانکراو ئەو چەندێتییە کانزاییەیە کە مەرجی سروشتی و ئابووریی لەم کاتەدا تێدا نەڕەخاوە و لەوانەیە لە دواڕۆژدا لە ئەنجامی پێشکەوتنی زانیاری و تەکنۆلۆجی دەردەست بکرێت. ئەوروپای خۆرهەڵات، بە تایبەتی ڕوسیای فیدراڵ و ئۆکرانیا دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهانە لە سوودی یەدەگی دڵنیایی ئاسندا و دوای ئەو ئەمەریکای باکوور و باشوور دێن. هەرچەندە کیشوەری ئەفریقا لە ڕووی جیۆلۆجییەوە تەواو نەپشکنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەدەگەکەی لە خاوی ئاسندا بە ٤٠٪ـی یەدەگی جیهانی مەزەندە دەکرێت. چەندێتی ئاسنی ناخی گۆی زەوی و ئەوەی کە ئێستا دۆزراوەتەوە بەشی بەکاربردنی جیهان دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو زۆربوونە تا کۆتایی سەدەی ئێستا بەم تێکڕآییەی ئێستای بڕوات، ئەوا بەرهەم‌هێنەکان ناچار دەبن ئەو خاوە بەرهەمبێنن کە باشییەکەیان کەمترە. ئەوانەی کە لە ڕیزی یەدەگی چاوەڕوانکراودان و دەوڵەتە گەورەکان یارمەتی دەوڵەتە گەشەندەکان دەدەن بۆ گەڕان و پشکنین بە دوای خاوی ئاسندا کە لە وڵاتەکانیدا هەیە بۆ دابین کردنی خاوی پێویستی بۆ ئەو پیشەسازییەی هەیانە.

بازرگانێتی ئاسنی جیهانی

ئاسن دەورێکی باڵا بە بازرگانی نێوان وڵاتاندا دەبینێ و ڕێژەی ئەو خاوانەی لەم کاتەدا بەشداری چالاکییەکانی دەکەن لە ٣٠٪ـی بەرهەمی جیهانی زیاترە و داواکاریش لە بنەڕەتدا لەسەر خاوە باشەکانە.

گرنگترین هۆکارەکانی ئەم چالاکییە بازرگانییە

  1. کانەکان و بەرهەمهێنانی خاوەکان لەو ناوچانەدا هەن کە هێشتا پێیان نەناوەتە قۆناغی پێشکەوتنی پیشەسازی، وەک هەندێک لە دەوڵەتە تازەپێگەیشتووەکان کە ناچار دەبن بەرهەمەکەیان بۆ دەرەوە بنێرن.
  2. بەشێكی زۆری کانە ئاسنەکان دەکەونە ئەو ناوچانەی کە مەرجی جێگیربوونی پیشەسازیان تێدا نییە، وەکو ناوچەی دارستان و لێڕەوارەکان و پۆڵە بازنەکان، یان لەو ناوچانەی لە کانە خەڵووزەوە دوورن، بۆیە پێویست دەکات کە بیگوێزنەوە بۆ ناوچەکانی دروستکاری.
  3. بازرگانی ئاسن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر لە چوارچێوەی کیشوەری خۆیدا دەبێت، بۆ نموونە ئەڵمانیا ئاسن لە قاڕەی ئەوروپاوە دەهێنێت و ژاپۆنیش لە هیندستان و مالیزیا لە ئاسیا دەهێنێت. هەروەها بزوتنەوەی بازرگانی لە نێوان کیشوەرەکانیشدا هەیە وەکو ناردنی خاوەکانی ئەفریقا بۆ کیشوەری ئەمەریکا و بەم جۆرە دەتوانین وڵاتەکانی جیهانی لە بازرگانیی خاوەکانی ئاسن بەپێی ئەم کۆمەڵانە جیا بکەینەوە کە ئەو وڵاتانەی ئاسن لە دەرەوە دەهێنن وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئینگلتەرە و ئەڵمانیا و ژاپۆن بۆ پڕکردنەوەی پێویستی پیشەسازییە پێشکەوتووەکانیان، ئەم وڵاتانەش زیاتر لە ٣/٤ـی داهاتە ەبرزەکانیان لە خاوەکانی ئاسن لە دەرەوە دەهێنن. وە هەروەها ئەو دەوڵەتانەی ئاسن دەنێرنە دەرەوە، وەکو وڵاتەکانی عەرەب و فەڕەنسا و کەنەدا و سوید و ڤەنزوێلا و هی تر، چونکە ئەم وڵاتانە ئاسنیان لە پێویستی خۆیان زیاتر هەیە و بە ٢/٣ ئاسن ناردنە دەرەوەی جیهانی هاوبەشی دەکەن.


سەرچاوەکان

407 بینین