چۆنیەتی یاریکردن بە تۆپی باسکە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-28-21:41:00 - کۆدی بابەت: 3853
چۆنیەتی یاریکردن بە تۆپی باسکە

ناوه‌ڕۆك

چۆنیەتی ئەنجامدانی تەپ تەپە

ئەنجامدانی تەپ تەپە کارێکی ئاسانە بەتایبەتی کاتێک کە یاریکەر بتوانێت ئەو هەنگاوانە جێ بە جێ بکات کە پێویستە لەکاتی تەپ تەپەدا بیکات، و ئەو هەنگاوانەش بریتیە لە پاڵنان بە تۆپەکەوە بۆ زەوی و بۆ لای تەنیشتی قاچەکانەوە بە بەکارهێنانی پەنجەکان و مەچەک، بەمەرجێک ڕووی لەپی دەست بۆ زەوییەکە بێت و پەنجەکان بڵاوبکاتەوە بەسەر تۆپەکەدا بەبێ ڕەقکردنی پەنجەکان، کە ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانێت ئاڕاستەی تۆپەکە بکات بەشێوەیەکی باش، و ئەبێت یاریکەر ئاگاداری ئەوە بێت لەکاتی گۆڕینی تۆپەکە لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر زۆر سەیری تۆپەکە نەکات بۆ ئەوەی بوانێت شوێنی سەرجەم یاریکەرەکان ببینێت، و بەکارهێنانی تەپتەپە لە دەستی ڕاست بۆ چەپ یان بە پێچەوانەوە یارمەتی یاریکەر دەات کە بتوانێت شوێنێکی باش لەناو یاریگا بگرێت و خۆی ڕزگار بکات لە بەرگری کردن.

جۆرەکانی تەپ تەپە

١_ تەپتەپەی بەرز و خێرا.
٢_ تەپتەپەی نزم.
٣_ تەپتەپە بە گۆڕینی ئاڕاستە.
٤_ تەپتەپە بە گۆڕینی خێرایی.
٥_ تەپتەپە بە خولانەوە.

ئەو خاڵانەی پێویستە ڕەچاوبکرێت لەکاتی تەپتەپەکردندا

١_ تەپتەپە یەكێکە لە چالاکیانەی کاتێک هیچ بوارێکی تر نەبێت بۆ چالاکیە هێرش بردنەکانی تر.
٢_ دەبێت یاریکەر چاوی لە پێش و ئاڕاستە جیاوازەکان بێت لەکاتی تەپتەپەدا بۆ ئەوەی یاریکەرەکانی هاوڕێی ببینێ و یاریکەرەکانی بەرامبەریشی ببینی.
٣_ دەبێت یاریکەر بە هەردوو دەست واتە (چەپ و ڕاست) تەپتەپە بزانێت بە هەمان توانا.
٤_ دەبێت یاریکەر تەپتەپە زۆر نەکات چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرگریکاران بە ئاسانی بچنە شوێنی باشەوە بۆ بەرگریکردن، ئەمەش بۆ گەیشتن بە گۆڵی بەرامبەر قورس دەبێت.
٥_ لەکاتی هێرشبردنی خێرادا پێویستە جەخت بکرێتە سەر پاسدان لەپێش ئەوەی جەخت بکرێتە سەر تەپتەپە، جگە لەو کاتانەی یاریکەر ناچار دەبێت تەپتەپە بکات.
٦_ دەبێت تۆپ پاڵ پێوەبنێن بۆ شوێنی گونجاو لەکاتی تەپتەپەدا و کەس ڕێگر نەبێت لەبەردەم تەپتەپەکردن لەکاتی هێرشبردنی خێرا.
٧_ کاتێک یاریکەری بەرگریکار نزیک بێت ئەبێت تەپتەپە بە لاکاندا بکرێت.

هەڵە بەرچاوەکانی تەپتەپە

١_ لێدانی تۆپ نەک پاڵنانی.
٢_ بڵاونەکردنەوەی پەنجەکان بەسەر تۆپەکەدا بۆ دەست بەسەراگرتن و ئاڕاستەکردنی تۆپ بە شێوەیەکی باش.
٣_ سەیرکردنی تۆپ و سەیرنەکردنی ئاڕاستە جیاوازەکان.
٤_ ئەگەر نوشتانەوەیەکی کەم نەبێت لە ئەژنۆکاندا و نوشتانەوە بەرەو پێش نەبێت.
٥_ بەکارنەهێنانی جۆرەکانی تەپ تەپە لەکاتی پێویستدا.

گۆڵکردن بە بازدانەوە

بۆ مسۆگەرکردنی گۆڵ بە بازدانەوە پێویستە زۆر بە هێمنی و ووردی ڕووە و گۆڵ بڕوانم و ئاگاداری نزیکترین یاریکەری تیپی بەرامبەربم تا بتوانم بە فێڵ لێی دووربکەومەوە و گۆڵی خۆم بە ئەنجام بگەیەنم، پێویستە بڕوایەکی تەواوم بەخۆم هەبێت لەکاتی گۆڵکردن بە بازدان و لەکاتی وەرگرتنی تۆپەکە بەرەو گۆڵەکە بە تەپتەپە دەڕۆن پاشان لەگەڵ بەرزبوونەوە هەردوو دەستم لەسەر تۆپەکە بەرز دەکەمەوە سەیری گۆڵەکە دەکەم بەشێوەی کەوانەیی شووت دەکەم بۆ نێو بازنەی گۆڵەکە.


سەرچاوەکان



15879 بینین