دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-22:45:00 - کۆدی بابەت: 3913
دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە

ناوه‌ڕۆك

ئەندامەکانی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە

  1. بەرزی موسلدان (Mons pubis) بەرزییەکە دەکەوێتە سەر ئێسکی موسلدان، لە شانەیی چەوری بە موو داپۆشراو پێکهاتووە.
  2. دوو لۆچی گەورە (Labia Majora) دوو لۆچی پیستەیی درێژن، لەبەرزە موسلدانەوە بۆ خوارەوە درێژ دەبنەوە، شانەی چەوری تێدایە، تەنها لەڕووی دەرەوەی بە موو داپۆشراوە، ئەو ئەندامەش بەرامبەر تورەکەی گونە لە ڕەگەزی نێرینەدا و ڕژێنی زۆری تێدایە لە جۆری ڕژێنی (Sebaceous Glands).
  3. دوو لۆچی بچوک(Labia Minora) بریتییە لە دوو لۆچی بچوکی داپۆشراو بە لینجە پەردە، دەکەوێتە ڕووی ناوەوەی لۆچە گەورەکان، ژمارەیەک ڕژێنەی ئارەقە و زەهمی تیایە، بەڵام مووی پێوەنییە و شانەی چەوریشی تێدانییە.
  4. قیتکە(Clitoris) دەکەوێتە نێوان خاڵی یەکگرتنی هەردوو لۆچی بچوک لەلای سەرەوە، شێوەی لە ئەندامی زاوزێی نێرینە دەچێت بەڵام زۆر بچوکە و بۆری میزیشی پیادا ناڕوات، لە بارستەیەکی لوولەیی لە شانەی ڕەپ بوو پێکهاتووە و ژمارەیەکی زۆریش دەماری هەستیاری تێدایە، قیتکە بە پێستێک داپۆشراوە پێی دەڵێن خرۆسڵ (Prepuce)، بەشە دیارەکەی قیتکەش پێی دەڵێن کڵاوە (Glans).
  5. زێ(Vestibule) بریتییە لەو ڕێڕەوەی نێوان هەردوو لۆچی بچووک،

ئەندامەکانی زێ

  • دەرچەی زێ بە پەردەی کچێنی داپۆشراوە و لە بەشی خوارەوەی ئەم ڕێڕەوەیە.
  • دەرچەی میزەڕۆ کۆتایی ڕێڕەوی میزەڕۆیە لە مێینە و دەکەوێتە نێوان قیتکە و دەرچەی زێ.
  • دەرچەی ڕژێنە گراندەکانی لۆچی گەورە کە بەرامبەر گلاندی کۆپەرە لە نێرینەدا، کاری ئەم گلاندانەش ڕژاندنی ماددەی لینجە بۆ ئاسانکردنی کرداری جووتبوون.
  • دەرچەی (para urethral glands) کە دەکەوێتە هەردوو لا تەنیشتی دەرچەی میزەڕۆ، کە بەرامبەر ڕژێنی پڕۆستاتە لە نێرینەدا و ماددەی لینج دەڕژێنێت.
  • دەرچەی ڕژێنی لۆچی بچووک کە زۆر بچووکن و بەچاو نابینرێن و لەناو ئەم ڕێڕەوەدا بڵاوبوونەتەوە.


سەرچاوەکان

375 بینین