جەنگی کەنداو

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-21-14:43:00 - کۆدی بابەت: 3916
جەنگی کەنداو

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی جەنگی کەنداو

جەنگی کەنداو جەنگێک بوو کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەنجامدرا دژی عێراق و دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس کە سەرۆکەکەی سەدام حسێن بوو، لەم جەنگەدا ٣٥ وڵاتی هاوپەیمان یەکیانگرت و دژی داگیرکردنی کوەیت و زیادەڕەوییەکانی عێراق وەستانەوە کە لە ٢/٨/١٩٩٠ دا هێرشیکردبووە سەر کوەیت و بە ماوەیەکی کەم هەموو وڵاتەکەی داگیرکردبوو و شەڕەکەش سەرئەنجامی داگیرکردنی کوەیت بوو لەلایەن عێراقەوە، وڵاتی کوەیت بەهۆی بچووکییەوە لەلایەن عێراقەوە بە پارێزگای نۆزدەیەم ناسێندرا.

ئەم پڕۆسەیەی هاوپەیمانان بە دوو قۆناغ ئەنجامدرا، یەکەمیان کۆکردنەوەی هێزەکان لە سعودیەی عەرەبی کە نزیکترین خاڵ بوو بۆ هێرشەکە، پڕۆسەکە بەناوی “ئۆپراسیۆنی قەڵغانی بیابان”ـەوە ناونرا، ئەم قۆناغە لە ماوەی داگیرکردنی کوەیتەوە لە ٢ـی ئابی ١٩٩٠ وە دەستپێدەکات تاکو ١٧ کانوونی دووەمی ١٩٩١ کە زیاتر لە ٥ مانگی خایاندووە و لەم کاتەدا هێزەکان لە وڵاتی سعودیە کۆکراونەتەوە و ڕێکخراون هەم بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ کوەیت و هەم بۆ پاراستنی وڵاتەکە لە هێرشەکانی عێراق.

قۆناغی دووەم کە ناوبانگێکی گەورەی هەیە و چەندین یاری ڤیدیۆیی و فیلمی سینەمایی لێ درووستکراوە ناوی ئۆپراسیۆنی “گەردەلوولی بیابان” بوو، ئەم پڕۆسەیە ماوەی ١٧/١/١٩٩١ دەگرێتەوە تا کۆتایی جەنگەکە لە ٢٨/٢ـی هەمان ساڵدا، قۆناغی دووەم بریتی بوو لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی عێراق لەلایەن وڵاتە هاوپەیمانەکانەوە کە زۆربەیان وڵاتانی ناو ڕێکخراوی ناتۆ بوون.

ناوەکانی جەنگ

ئەم جەنگە لەژێر چەندین ناودا باسکراوە، لەوانە جەنگی کەنداو، جەنگی کەنداوی فارس، جەنگی دووەمی کەنداو، جەنگی یەکەمی عێراق، جەنگی کوەیت، جەنگی عێراق (ئەم ناوە لە ماوەی نێوان ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ بەکارهات پێش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق) لەبەر ئەوەی یەکەم جەنگی هاوپەیمانان بوو لە عێراقدا هەر بە جەنگی عێراق ناوبرابوو تا ٢٠٠٣.

هۆکارەکانی داگیرکردنی کوەیت

هۆکارەکانی داگیکردن خۆی لە چەندین خاڵدا دەبینێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو عێراق و خودی سەدام ماوەیەکی زۆر دژایەتی کوەیتیان دەکرد و بەوە تۆمەتبار دەکرا کە نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕوومەیلە دەبات (کە گەورەترین کێڵگە نەوتی عێراق و یەکێک لە گەورەترین ناوچە نەوتییەکانی جیهانە، دەکەوێتە شاری بەسڕەوە و تەنها ٣٢ کیلۆمەتر لە وڵاتی کوەیتەوە دوورە) و عێراق کوەیتی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە بەهای نزیکەی ٢.٤ میلیار دۆلار نەوتی لە خاکەکەی دزیوە، بۆ دانووستان هەردوو وڵات نوێنەرەکانیان نارد و لە وڵاتی سعودیە و شاری جەددە کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە لە ٣١ ی تەمووزی ١٩٩٠ دا کرا دوو ڕۆژ پێش داگیرکردنی کوەیت، گفتوگۆکان لەسەر نەوت و خاک و پارە بوو و نزیکەی ٢ کاتژمێری خایاند، عێراق داوای ١٠ میلیار دۆلاری وەک قەرەبوو دەکرد، نوێنەرانی کوەیتیش پێشنیاری ٥٠٠ میلیۆن دۆلاریان کرد واتا ١/٢٠ داواکارییەکەی عێراق، ئەوەبوو ڕێکنەکەوتن و دوو ڕۆژ دواتر کوەیت شکستیهێنا لە جەنگی دژی عێراق، هۆکاری دووەم دەکرێت بەوە باسبکرێت کە وڵاتی کوەیت خاکێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و عێراق ئەو هۆکارەی یەکەمی وەک بیانوویەک بەکارهێنابێت بۆ هێرشکردن و داگیرکردنی وڵاتەکە و بیرە نەوتەکانی، بەمەش عێراق دەبووە خاوەنی لە ٪٢٠ـی نەوتی هەموو جیهان، وە دەسەڵاتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەیشتە لووتکە.

هۆکارێکی تر لەسەر ئەو قەرزانە بوو کە عێراق لایبوو بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە، سەرۆکی عێراق سەدام حسێن لە مانگی حوزەیرانی ١٩٩٠ دا رایگەیاند، جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران، جەنگی بەرگریکردن بووە لە دەروازەی خۆرھەلاتی نیشتمانی عەرەبی و لەسەر کوەیت و عەرەبستانی سعودیە پێویستە لە سەرجەم قەرزەکانیان خۆشبن یان لانی کەم دانوستانمان لەگەڵ بکەن، (سندوقی دراوی نێودەولەتی بری قەرزەکانی کوێتی بە ٦٠ ملیار دۆلار خەملاند بوو) بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا لەسەر ئەم خاڵەش ڕێکنەکەوتن و عێراق ئامادەنەبوو قەرزەکان بگێڕێتەوە.

درێژەی ڕووداوەکە

دوای ڕێک نەکەوتنی هەردوو وڵات لە کۆنگرەی شاری جەددە دا، لە بەرەبەیانی ٢ ی ئابی ١٩٩٠ دا هێزەکانی عێراق هێرشەکەیان دەستپێکرد و چوونە ناو وڵاتی کوەیتەوە، کە ئەم هێرشە بووە هۆی شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەر زوو وڵاتانی ڕۆژئاوا هاتنە سەر خەت و دژی ئەم لەشکرکێشییە وەستانەوە و هەوڵیاندا بەزوویی بەهای دراوی عێراقی دابەزێنن بۆ سفر وەک کارتێکی هەڕەشە، هەر هەمان ڕۆژ هەردوو دەوڵەتی بەڕیتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزەکانیان جوڵاند بۆ جێگیرکردن لە خاڵێک لەناو وڵاتی سعودیەدا، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەڕیتانیا (مارگرێت تاچر) و سەرۆکی ئەمریکا (جۆرج دەبلیو بۆش) بوون، دوای جێگیرکردنی هێزەکانیان داوایان لە وڵاتانی تر کرد بێن و هێزەکانیان لە هەمان شوێن جێگیربکەن، یەکەمین وڵاتان کە هاتن بەدەم داواکەوە وڵاتانی میسڕ و فەڕەنسا بوون، ئەمریکا زۆرترین هێزی هەبوو لەو هاوپەیمانیەتییە سەربازییەدا، ئەو هێزەی لە سعوودیە جێگیرکرا گەورەترین هێزی هاوپەیمان بوو کە کۆکرابێتەوە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە.

پێش جەنگەکە سووپای وڵاتی کوەیت پێکهاتبوو لە ١٦ هەزار سەرباز و نزیکەی ٢٢٠٠ چەکی بچووک و سووکی وەک هێلیکۆپتەر و دەبابەی هەبوو کە بە شێوەیەکی گشتی هێزێکی سەربازی بچووک بوو، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی تەنها دوو ساڵ بوو لە جەنگی گەورەی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران تەواوبووبوو، بەڵام سووپاکەی بە نزیکەیی ١ میلیۆن سەرباز دەخەمڵێندرا لەگەڵیدا ٤٥٠٠ دەبابە و ٧٠٠ فڕۆکەی شەڕکەر و هێلیکۆپتەر بەمەش دەبووە چوارەم بەهێزترین هێزی سەربازی لە هەموو جیهاندا، هێزە بەرگریی و سەربازییەکانی کوەیت نزیکەی ١٢ کاتژمێر توانیان خۆیان بگرن لەبەرامبەر هێرشی عێراقییەکاندا و لەدوای ئەو کاتەوە بنەماڵەی شاهانەی کوەیت وڵاتیان بەجێهێشت و چوونە سعودیە، هێزەکانی تر بۆ ماوە دوو ڕۆژ بەرگریان کرد و لەدوای دوو ڕۆژ و خایاندنی ٤٨ کاتژمێر پایتەختی وڵات و شاری کوەیت کە پایتەختی وڵاتی کوەیتە داگیرکرا و کەوتە دەست هێزەکانی عێراقەوە، لە ٤ـی هەمان مانگدا کۆتایی بە پرۆسە سەربازییەکەی عێراق هێنرا و حکومەتێکی بە سەرکردایەتی عەقید عەلا حوسێن بەناوی کۆماری کوەیت ڕاگەیاند، دواتر لە ٩ـی هەمان مانگدا عێراق کوەیتی وەک بەشێک لە خاکی خۆی و پارێزگای ژمارە ١٩ ناونا و هەموو باڵیۆزخانەکانی کوەیتی لە وڵاتان داخست و ٣٠٠ هەزار سەربازی لەو وڵاتە جێگیرکرد، لە بەرامبەردا لە ناوچەی تائیفی سعودی، حکومەتی کوەیت لە دەرەوە دروستکرایەوە کە میری کوەیت شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح و جێنشین شێخ سەعد عەبدوڵا سەباح، لێی نیشتەجێبوون.

لە هەموو جەنگێکدا و بەتایبەت داگیرکردنی وڵاتێک، هەمووکات کرداری تاڵانی و بردنی پارە و داهات و زێڕی ئەو وڵاتە ڕوویداوە، ئەم جەنگەش لەوە بێبەش نەبوو و لە بەدواداچوونەکانی دواتردا دەرکەوت عێراق نزیکەی ١ میلیار دۆلاری لە بانکی ناوەندی کوەیت و نزیکەی ٤٠٠ میلیۆن دۆلار ئاڵتوونی لەناو کوەیتدا بردووە جگە لەو داتا نادیارانەی کە هەیە و ئەو تاڵانییەی لە ماڵ و حاڵی خەڵکیدا کراوە یاخود کەرەستەی دەستبەسەرداگیراوی جەنگن کە عێراق خۆی دوای ١٣ ساڵ و لە پرۆسەی ئازادی عێراقدا هەمان شتی بەسەرهات و زۆرینەی پارە و زێڕ و شوێنەوارە دێرینەکانی تاڵانکرا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە.

دەستپێکی جەنگ بۆ سەر هێزەکان

دوای چەند کاتژمێر بەسەر پەلامارەکەی سوپای عێراقدا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و کوەیت داوای دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد، کە تێیدا بڕیاری ٦٦٠ ی ئەنجوومەنی ئاسایش دەرکرا کە جگە لە سەرکۆنەکردنی پەلامارەکە داوا لە عێراق کرا بێ ھیچ بەند و مەرجێک لە کوەیت پاشەکشە بکات، لە رۆژی ٣ ئابیشدا ئەمیندارییەتی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا و ھەمان داواکاریان دوپات کردەوە، ھەروەھا لە ڕۆژی ٦/٨ دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری گەمارۆی ئابووری بەسەر عێراقدا سەپاند.

دوای داگیر کردنی کوەیت، مەترسی پەلاماردانی سعودیەش هاتبووە ئاراوە کە ئەگەر عێراق سعوودیە داگیر بکات، دەتوانێت شادەماری ئابووری دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ببڕێت کە داهاتێکی باشیان لەو وڵاتەوە دەست دەکەوت، ھەربۆیە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمریکا کەوتنە خۆو و بەپەلە ھاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیان پێکھێنا لە دژی عێراق، ھاوپەیمانێتییەکە پێکھاتبوو لە ئەمریکا، سعودیە، بەریتانیا، میسڕ، فەڕەنسا، سوریا، مەغریب، کوەیت، عومان، پاکستان، کەنەدا، ئیمارات، قەتەر، بەنگلادیش، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، ھۆڵەندا، نەیجەر، سوید، سەنیگال، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، بەحرەین، بەلجیکا، پۆڵەندا، کۆریای باشوور، نەرویج، چیکوسلۆڤاکیا، یۆنان، فلیپین، هندۆراس، دانیمارک، نیوزلەندا، ئەفغانستان، هەنگاریا) بەپێی هێزی سەربازییان لە شەڕەکەدا لە گەورەوە بۆ بچووک ڕیزکراون، بەشێک لەم ھێزانە کاروباری پشتەوەی بەرەکانی جەنگیان دابین دەکرد، وەک چارەسەری پزیشکی و دابینکردنی دەرمان، لە بەرەکانی جەنگدا ٣٥ دەوڵەت بەشداریان کرد، کە کەرەستە جەنگیەکانیان پێکھاتبوو لە نزیکەی ٩٥٦ ھەزار سەرباز، ٣٦٠٠ تانک، ١٣٠٠ فرۆکەی پێشکەوتووی جەنگی و ١٥٠ کەشتی جەنگی.

لە سەرەتادا ڕایانگەیاند کە ئامانج لە کۆکردنەوەی ئەو ھێزە زۆرە کە تا ٧ ی مانگی ئەیلوول گەیشتبووە زیاتر لە نیو ملیۆن سەرباز، بەرگریکردنە لە کێڵگە نەوتییەکانی سعوودیە، چالاکیە سەربازیەکەشیان ناونا " قەلغانی بیابان" کە قۆناغی یەکەم بوو، ھەر لە کاتی کۆکردنەوەی ھێزەکاندا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی زنجیرەیەک بریاری لەدژی عێراق دەرکرد، کە گرنگترینیان بڕیاری ٦٧٨ بوو لە رۆژی ٢٩ مانگی ١١ ی ١٩٩٠ دا، کە تێیدا داوا لە عێراق کرابوو ئەگەر تا ١٥/١/١٩٩١ نەکشێتەوە ئەوا ڕووبەڕووی ھێرشی سەربازی دەبێتەوە، پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر وادەی دیاریکراودا و لە بەرەبەیانی ١٧ ی مانگی هەمان ساڵدا، ھێرشی ئاسمانی ھێزە ھاوپەیمانەکان دەستی پێکرد بە چڕی سەراپای عێراقیان بۆردوومان کرد، ئەم ھێرشانە لە مێژووی جەنگەکاندا بە یەکێک لە گەورەترین بۆمبارانکردنە سەربازییەکان لە مێژوودا دێتە هەژمار، لە ماوەی ٤٣ ڕۆژی جەنگەکەدا ١٠٠ هەزار ھێرشی ئاسمانیان ئەنجام دا، واتە نزیکەی ٢٣٢٥ ھێرشی ئاسمانی لە ڕۆژێکدا و ٨٨ تەن بۆمبیان بەسەر عێراقدا باراند، کە بوویە ھۆی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق، ھێرشە ئاسمانیەکان تەنیا دامەزراوە سەربازییەکانی عێراقیان نەکردبوویە ئامانج، بەڵکو سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی وڵاتیان وێرانکرد ھەرە کارگە پیشەسازییەکانەوە تا پرد و جادەکان، لە تۆڕی پەیوەندی و تەلەفۆنەوە تا وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا و کارگەکانی ئاو، لەو ھێرشانەدا جۆرەھا چەکی کوشندە و بۆمبی بەهێز و لەگەڵیدا فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و کەشتی جەنگی لە کەنداوی فارسدا بەکارهێنران، هەروەها ڕۆکێتی زیرەک کە لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاڕاستە دەکران، لەم ھێرشانەدا سەدان ھەزارتەن بۆمبی جۆراو جۆریان بەکارھێنا کە بەشی زۆریان یۆرانیۆمی پینتێنراو لە پێکھاتە سەرەکیەکانیاندا بوو کە مادەی خاوە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەی جەنگێکی مانگ و نیو بوو، بەڵام لەم جەنگەدا عێراق زۆرترین سەربازی لە کاتی گەڕانەوە لە دەستدا ئەویش لە شوێنێک کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێی دەوترێتڕێگای مەرگ” ئەویش شەقامێکە کەوتووەتە نێوان ھەردوو شاری کوەیت لە وڵاتی کوەیت بۆ شارۆچکەی سەفوان لە شاری بەسڕادا لە باشووری عێراق، شەقامەکە لە ساڵی ١٩٩٠ دا لەلایەن ھێزەکانی پێشووی عێراقەوە بەکارھێندرا بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتی کوەیت، لە ڕێکەوتی (٢٦ بۆ ٢٧ی ٢ی ١٩٩١) زیاد لە ١٠ ھەزار سەربازی گەڕاوەی سووپای عێراق کە لە ڕێگادابوون بۆ گەڕانەوە بۆ ناو خاکی عێراق و کشابوونەوە، کرانە ئامانجی ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و کەنەدا، بەهێزترین بۆمب لە دژی دەبابە و ئۆتۆمبێلەکان بەکارهێندرا و زۆربەی زۆریان لەگەڵ زەویدا تەختکران.

هۆکارەکانی جەنگ

هۆکارەکانی جەنگەکە و بەرپەچدانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان دەکرێت چەندین هۆکار بێت، لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر و لە سەردەمی شەڕی ساردەوە کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دەستی پێکردبوو دژایەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیلی دەکرد و پشتگیری ڕاستەوخۆی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوو، هەربۆیە ئەمریکا ناکۆکی زۆری هەبوو لەگەڵ عێراق و خودی سەدام حسێندا و دەکرێت ئەم هێرشکردنەی کردبێتە دەرفەتێک بۆ بچووککردنەوەی هێز و دەسەڵاتی سەدام لە ناوچەکەدا، هۆکاری دووەمیش پێشێلکردنی خاکێکی سەربەخۆیە لەلایەن وڵاتێکی ترەوە کە ئەم کارە لەژێر هەر بیانوویەک و هۆیەکدا بێت لە جیهاندا قەدەغەیە، هۆکاری سێیەمیش دەکرێت بەوە باسبکرێت کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا دۆستێکی نزیکی وڵاتی سعودیە بوون و بە داگیرکردنی کوەیتی هاوسنووری سعوودیە ترسیان هەبوو عێراق پەل بکێشێتە ناو سعودیە و سەروەریەکانیان لەو وڵاتە بکەوێتە مەترسییەوە. 

سەرەنجام

عێراق لە ٢٨ـی مانگی ٢ـی ساڵی ١٩٩١ دا خۆی دا بەدەستەوە و شکستیهێنا و جۆرج بۆشی باوک ئاگربەستی ڕاگەیاند، داگیرکردنی کوەیت ڕووداوی دراماتیکی و کارەساتی مرۆیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئازارێکی زۆری کوەیتییەکانیدا، عێراقی نوقمی نەهامەتی و چەرمەسەرییەکی بێوێنە کرد کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی هەر ماوە و جیلی نوێی وڵات باجەکەی دەدەن، هەر ئەو ڕووداوەش سەرەتای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییانەی سەدام حسێن بوو، پاش ١٣ ساڵ لە داگیرکردنی کوەیت، ئەوانەی شوێنی سەدام حسێنیان لە دەسەڵاتی عێراقدا گرتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوەیتدا ئاسایی کردەوە، بەڵام برینی جەنگی دووەمی کەنداو، تائێستا لە نێو یادەوەری عێراقییەکان و کوێتییەکانیشدا ماوەتەوە، برینێک کە تا ئێستاکەش ساڕێژ نەبووە.

ئەنجامەکانی شەڕ

ئەنجامی شەڕی کەنداو لە بەرژەوەندی دەستەڵاتدارانی عێراق و بەتایبەت سەدام حسێن بەکۆتا نەھات، کە بەشێوەیەک زۆرینەی ھێزە زەبەلاحەکەی و ھێزە سیاسییەکەی لەدەستدا و زیانێکی زۆری بەرکەوت، قووربانییەکان بەپێی داتا:

- سوپای عێراق زۆرینەی سەربازەکانی لەدەستدا کە بە ٥٠ هەزار کوژراو و نزیکەی ١٠٠ هەزار بریندار و ٨٠ هەزار دیل خەمڵێندراوە، لەگەڵیدا لەدەستدانی ٣٣٠ دەبابە و ١١٠ فڕۆکەی جەنگی و نقوومبوونی ١٩ کەشتی جەنگی و ٢٠٠٠ هەزار کەرەستەی سەربازی تر، لەپاڵیدا ٣٦٦٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژران.

- وڵاتی کوەیتیش قووربانییەکانی زۆربەی لە کاتی داگیرکردنەکەدا بوو کە بە ٤٢٢ کوژراو، ١٢ هەزار دیل و زیان لێکەوتنی نزیکەی ١٠٠٠ دەبابە و فڕۆکە خەمڵێندراوە لەپاڵیدا ١٧ کەشتی جەنگی، جگە لەمانە نزیکەی ١٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوەیتی کوژران و ٦٠٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

- لەگەڵ ئەوەدا هاوپەیمانان بە کەمترین زەرەر لێی دەرچوون کەبریتی بوو لە ٢٩٢ کووژراو و ٤٦٧ بریندار، لەگەڵیدا لەدەستدانی ٢٨ دەبابە و ٧٥ فڕۆکەی جەنگی و چەند کەلوپەلێکی سەربازی تر.

- ڕووداوە دراماتیکییەکان، یان ئەوەی بۆ عێراقییەکان بووە نەهامەتی و نەگبەتی و دەردەسەرییەکی زۆر، لە دوای چوار رۆژ لە سنوور بەزاندنی سووپای عێراق بۆ کوەیت دەستیانپێکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان ئابڵووقەی ئابووری خستە سەر عێراق و تا هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ و کۆتاییهێنان بە حوکمی سەدام حوسێن، ئەو ئابڵوقەیە بەردەوام بوو و نرخی دیناری عێراقی کە پێش ١٩٩٠ بەرامبەر ٣ دۆلار بوو، دابەزی و گەیشتە ئەوەی ٩ هەزار دیناری عێراقی تەنیا بەرامبەر دۆلارێک بێت.

- کوەیت هەموو زیان و پرۆسەکانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و بەندکردنی تۆمارکرد و بڕی زیانەکانی خۆی دایە دەست نەتەوەیەکگرتووەکان کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بەسەر عێراقدا سەپاند، لە ماوەی ٣٠ ساڵی پاش داگیرکارییەکەدا، عێراق تا ئێستا ٥١ میلیار دۆلاری داوەتەوە کوەیت، لە کاتێکدا خۆی بەخراپترین دۆخی ئابووریدا گوزەر دەکات و هێشتا ٤ میلیار دۆلاری دیکە قەرزی کوەیتی لەسەر ماوە.

کورد و شیعە

ڕاگرتنی هێرشەکانی عێراق بۆ سەر کوردەکان لەبەشی باکووری وڵات و شیعەکان لەبەشی باشوور، ناوچەی دژە فڕین کە دوو ناوچەی سەربازی بوون لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا دروستکرا، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە کوردەکان لە باکووری عێراق و شیعە موسڵمانەکان لە باشووری عێراق، دوای جەنگی کوەیت و هێرشەکان بۆ سەر عێراق هەردوو گرووپی کورد و شیعەکان دژی دەسەڵات ڕاپەڕینیان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا کوردەکان بوونە خاوەنە مافی ئۆتۆنۆمی خۆ-بەڕێوەبەری و شیعەکانیش پشکیان لە فەرمانڕەوایی وڵاتدا بەرفراوانتر بوو.


سەرچاوەکان



4364 بینین