سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-29-23:20:00 - کۆدی بابەت: 3918
سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا

ناوه‌ڕۆك

سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا

بارودۆخی شکستی شۆرشی ئەیلوول زەمینەیەکی باشی بۆ رژێمی بەعس خۆشکرد تا ڕەفتاری فاشیانەی خۆی بە شێوەیەکی دڕندانە لە کوردستان ئەنجام بدات. بە هۆی دەیان هەزار پیاوی ڕژێم و بە پارە و پولێکی زۆر و بەنەخشەی ورد و لێبڕوانە کەوتە هەوڵدان بە قەڵاچۆکردنی میللەتی کورد بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: بە عەرەب کردن (تەعریب)

ئەویش بە چەند ڕێگایەک:-
١. دەربەدەرکردن و دەرکردنی هاوڵاتیان لە شوێنەکانیان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە شوێنیان دا وەکو ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک و شەنگال و زۆر شوێنی تر.
٢.گۆڕینی ناسنامەی نەتەوایەتی، لە ژێر فشاری هەڕەشە و دەربەدەرکردندا زۆریان بۆ خەڵکی دەهێنا خۆیان ناونووس بکەن، پێناسەی کوردیان لێ بستێننەوە، وەکو ئێزیدییەکان و شەبەک و گەلێک لە خێزانەکانی خانەقین و گەرمیان.
٣. لابردنی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکان دا و هاندانی دەست و پێوەندەکانیان تا منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندنی عەرەبی.
٤. داخستن و لابردنی دەزگای زانستی و ڕۆشنبیرییەکان و سڕینەوەی کەسایەتی سەربەخۆی هەندێکی تریان وەکو زانکۆی سلێمانی، کۆڕی زانیاری کورد، یەکێتی نووسەرانی کورد.
٥. لکاندنی رێکخراوە پیشەییەکان بە ڕێکخراوە عەرەبییەکانەوە، وەکو یەکێتی مامۆستایان و قوتابیان و ئافرەتان و کرێکاران و ...هتد. 
٦. هاندانی ژن و ژنخوازی لە نێوان کورد و عەرەب دا وە تەرخانکردنی پارەیەکی باش بۆ ئەو مەبەستە کە بێگومان ئەنجامەکەی بە عەرەبکردن دەشکایەوە، چونکە عەرەب ڕەگەزی گەورە و سەرکووتوو بە دەسەڵات بوو، کوردیش ڕەگەزی بچووک و بێ دەرەتان.

دووەم: بە بەعسکردن (تەبعیس)

ئامانجی بەعس لە بەرنامەکەیدا، ڕوون و ئاشکرایە ئەویش تێکۆشانە بۆ ‌هێنانە دی ئاواتی نەتەوەی عەرەب لە یەکێتی و سەربەستی و سۆشیالیستیدا کە دروشمی ناوەندنی حیزبی بەعسە، هەروەها ئەو کەمینەی نەتەوایەتیانەی لەپاڵ عەرەب دا دەژین  بیانەوێ و نەیانەوێ لە ڕەگەزدا عەرەبن یان پێویستە بکرێن بە عەرەب. بۆ ئەم مەبەستەش ڕژێمی بەعس گەلێک ڕێگای دۆزیەوە تا ئامانجەکانی بێتە دی:
١. خەڵکی نەفام و ساویلکە و ڕوخسار بەپارە و پاداشت بێ یان بە هەرەشە دەکران بە بەعسی بە پێی بەرنامە، فەلسەفە و ڕێبازی بەعسیان فێردەکردن،
٢. وەرگێڕانی هەموو ئەو نووسینانەی نووسەرانی شۆڤێنی عەرەب و بەعس دەریان کرد بە خۆرایی یان بەهەرزان بەناو خەڵکیدا بڵاودەکردەوە.
٣. لە بواری پەروەردە و فێرکردندا سەرانسەری بەرنامەکانی خوێندیان گۆڕی و بەڕاوبۆچوونی بەعسیانەی خۆیان پڕیان کردەوە و نوسینەوەی مێژوویان سەر لە نوێ ڕاگەیاند، ناوی کوردستانیان لە هەموو شوێنێکدا کوێر کردەوە  و هەموو سەروەرییەکانیان بە عەرەب بەخشی.

سێیەم: وێرانکردنی شاروشارۆچکە و دێهات

سیاسەتی  (زەوی سوتاو) لە کوردستانەوە لەلایەن فاشیەکانەوە پیادە کرا نزیکەی (٥) هەزار گوندیان کاول کرد و باخ و کێڵگە و دارستانەکانیان سووتاند و سەرچاوەکانی ئاویان کوێر کرد و لەگەڵ زەویدا تەختیان کرد بە زیاتر لە (٢٠) ملیۆن مین کوردستانیان چنی.

چوارەم: ڕاگوێزان (تەرحیل و تەهجیر و تەفسیر)

١. بە هەزاران مووچەخۆر لە مامۆستا و کارگێر و ئەفسەر و پۆلیس ئەوانەی بۆنی کوردایەتیان لێ دەهات گوێزرانەوە بۆ ناوچە عەرەب نشینەکان و دەربەدەرکردنیان و خرانە ژێر چاودێری دام و دەزگاکانی بەعسەوە لە شوێنەکانیان دا عەرەب و بەعسیان دانا.
٢. بەسەدان هەزار لە گوندنشینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاگوێزران و لەسەر کاروپیشەی خۆیان لەسەر خاک و وڵاتی خۆیان هەڵکەندەران و بەرەو خوارووی وڵات و کۆمەڵگا زۆرەملێیەکان گوێزرانەوە.
٣. زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی فەیلییان لەسەر زێدی بابوباپیرنیان گواستەوە بۆ سەر سنوورەکانی ئێران بە بیانووی (التبعیة الایرانیة) و ڕەگەزنامەی عێراقیان لێسەندنەوە و دەستیان گرت بەسەر هەموو ماڵوموڵکیان، ئەمەش لە مێژوودا بە (تەفسیرکردنی کوردانی فەیلی) ناسراوە.

پێنجەم: کۆمەڵگەی زۆرەملێ

لەو شوێنانە دا کە دەتوانرێت بە ئاسانی چاودێری بکرێن و دەستی بەسەردا بگیرێ رژێم چەند کۆمەڵگایەکی دروست کرد گوندنشینەکانی تیا کۆکردەوە، ئەم کۆمەڵگایانە ناویان لێ ناوبوون (شاری هاوچەرخ) کە لە ڕاستیدا لەو سەربازگایانەی کە هیتلەر دروستی کردبوون گەلێک خراپتر بوون خەڵکی ناو ئەم کۆمەڵگایانە بێ ئیش و کار مابوونەوە، ڕژێم بەمەبەست برسی و ڕیسوای دەکردن، تا خۆیان هانای بۆ ببەن و بۆ کوێ بیەوێ بیان گوێزێتەوە.

مەترسی ئەم کۆمەڵگایانە لەم رووەوە بووە

١. سەربازی: هیچ کەسێک دەرفەتی دەرچوون یان ڕاکردنی نەبوو.
٢. ڕامیاری (سیاسی): بەعسیەکان بەزۆرتییان کەوتبوون دەیانکردن بە بەعسی بەتایبەتی منداڵەکان.
٣. کۆمەڵایەتی: کورد هەرگیز بەتایبەتی گوندنشین ڕانەهاتبوو لە شوێنی وادابژی بۆیە هەرزوو کێشەی کۆمەڵایەتی ترسناک لە ناویاندا بڵاوبوەوە.
٤، تەندروستی: ئەم کۆمەڵگایانە نە ئاوی هەبوو نە ئاوەڕۆ سەرەرای نەبوونی خەستاخانە و پزیشک و دەرمان و کوتانی منداڵان لەبەرئەوە نەخۆشی ترسناک وەکو ئاگر و پوش لەناویاندا بڵاودەبۆوە.


سەرچاوەکان

32 بینین