بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-10-14:14:00 - کۆدی بابەت: 4354
بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

ناوه‌ڕۆك

بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان لەنێوان گەورەکان

ئەوەی شایەنی باسە هەندێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی پەیوەندیەکان هەمان هۆکارن بۆ بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان، لەم بوارە چەندین بۆچوون سەبارەت بە بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان دەخەینەڕوو لەوانە:

تیۆری مورستین (قۆناغەکانی پەیوەندی)

مورستین وای بۆ دەچێت پەیوەندیە سۆزیەکان بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕن، لە لێک نزیکبوونەوە لەسەر بنەمای ڕواڵەتی دەرەکی دەستپێدەکات (جوانی ڕوخسار) پاشان دەچێتە قۆناغی (بەهاکان) واتە لێکچوونی بەهاکان و بیروباوەڕ لەنێوان دوو کەسەکە گرنگی زیاتری دەبێت لە ڕوخسار، پاشان دەچێتە قۆناغی ڕۆڵ ئەویش قۆناغێکە هەردوو لا ئەرکەکانی خۆیان دەزانن، ئەو ڕۆڵە کە پێی دەدرێت لە کاتی بوونی پەیوەندیەکە لەگەڵ ئەوەی هەرسێ هۆکاری گرنگی خۆیان هەیە لە دروستبوونی پەیوەندیەکە، بەڵام لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی پەیوەندی هۆکارێک لە هۆکارەکان گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت.

بیردۆزی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی

زانا (هۆماز) دامەزرێنەری ئەم بیردۆزە وای بۆ دەچێت ئێمە سەیری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان دەکەین لەسەر بنەمای (ڕادەی قازانجمان) لەم پەیوەندیە، پاش ئەوەی تێچووەکەکمان لێ دەرکرد چەند تێچووی کەم بێت و قازانجی زۆر بێت پەیوەندیەکەمان بەهێزتر دەبێت، بە بۆچونی ئەم بیردۆزە مرۆڤ بوونەوەرێکی خۆویستە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی دەبێت.

بیردۆزی دادپەروەری

ئەم بیردۆزە گرنگی بەو بارودۆخە نادات کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکە لەسەری دروستبووە، بەڵکو گرنگی بەو بارودۆخە دەدات کە پاش ئەنجامدانی پەیوەندیەکە ڕوودەدات، دەرئەنجامەکان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە دەرئەنجامەکان لە پەیوەندیەکانمان لە دواڕۆژدا کاریگەری لەسەر هەست و سۆزماندا دەبێت، بۆ نمونە (ئێمە هەست بە ناڕەحەتی ناکەین ئەگەر هات و بەخشینمان لە وەرگرتنمان زیاتربوو، بەڵام ئەگەر ئێمە بەردەوام بەخشینمان زیادکرد و بەرامبەر وەرگرتنمان کەمتربوو لەو کاتەدا پەیوەندیەکەمان هەست بە ناڕەزایی دەکەین).

بیردۆزی بایۆلۆژی کۆمەڵایەتی

لە لێکۆڵینەوەیەک لە (١٩٨٩) ئەنجامی دابوو لەسەر ٣٧ کلتووری جیاجیا کە نمونەی (سامپڵی) لێکۆڵینەوەکە (١٠٠٠٠) کەس بوو، لە دەرئەنجام بۆی دەرکەوت بۆچوونی نێرەکان لە بوونی منداڵ، مانەوەی ڕەچەڵەکیان پەیوەستە بە هەڵبژاردنی ئافرەتی تەمەن بچووک و خاوەن تەندروستیەکی تەواو، بۆیە پێوەری هەڵبژاردنی هاوسەر پەیوەستە بە تەمەن و تەندروستی جەستەیی، لە بەرامبەر ئەوەش بۆچوونی ئافرەتەکان هەڵبژاردنی پیاو پەیوەستە بە توانینی کردنەوەی ماڵ و توانای بەخێوکردنی خێزان، واتە ئەو پیاوەی لە ڕووی ئابووری بەتواناتر بێت، سەرنج ڕاکێشتر دەبێت بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری و بەردەوامی ژیان لەگەڵیدا زیاترە، بەڵام ئەو بۆچوونە ڕەخنەی لێگیراوە چونکە ئەگەر ئافرەت هەلی کارکردنی هەبێت ئەوا بابەتە ئابووریەکە نابێتە ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر، لە هەندێک کلتوریش وەک وڵاتی (سنیغال) ئافرەت بە موڵکی پیاو دەژمێردرێت، بۆیە جوانی ئافرەت وەک کلتوور سەیردەکرێت واتە هەڵبژاردنی ئافرەت لەسەر بنەمای کلتووریە نەک بایۆلۆژی.

ڕۆڵی لێکچوویی لە بەردەوام بوونی پەیوەندیەکان

لە دەرئەنجامی هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەرچووە ئەو هاوسەرانەی لێکچوونیان هەیە لە بیر و بۆچوونەکان و حەز و ئارەزووەکان و ئەو شتانەی ڕقیان لێدەبێتەوە، هەلی بەردەوامی پەیوەندیەکانیان زیاترە لەو کەسانەی لێک ناچن، لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر (٢٣١) هاوسەر کرابوو، لەوانەی پاش ٢ ساڵ لە ژیانی هاوسەریان جیابوونەتەوە (٤٥٪) هاوسەرە جیابووەکان ئاماژەیان بەوە کرد هۆکاری جیابوونەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی جیاوازی لە حەز و ئارەزوو و ئاڕاستە و بیروباوەڕیان، لەم بوارەشدا (لویس و سبانیر) دەڵێن سێ بنەمای سەرەکی هەیە بۆ بەردەوامی پەیوەندیەکان لەنێوان هاوسەران ئەوانیش:

أ- ئەو پاداشتەی لە کارلێکردنی هاوسەرگیری دەستدەکەوێت.

ب- ڕازیبوون لەسەر شێوازی ژیان (اسلوب الحیاة).

ت- تەواوی سەرچاوەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتی.

بە بۆچوونی ئەم دوو زانایە، دەستەبەرکردنی ئەم بنەمایانە لەنێوان هاوسەران هەلی بەردەوامی ژیاناین زیاتردەکات.


سەرچاوەکان

282 بینین